24/04/2024
DidiMn Logo
Top

کتێبەکانی پاولۆ کۆیلۆ لە لیبیا دەستیان بەسەردا گیرا و نووسەر ناڕەزایەتی دەردەبڕێت

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منسی ئێن ئێن عەرەبی
لە عەرەبییەوە: زرار حه‌مید

 

ڕۆماننووسی بەڕازیلیی پاولۆ کۆیلۆ، تووڕەیی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی ئەمنیی شاری ئەلمەرجی ڕۆژھەڵاتی لیبیا دەربڕی، بە ھۆی دەستبەسەرداگرتنی بارھەڵگرێک، کە کتێبی تێدا بووە، لە ڕێگەیدا لە توبرەقەوە بەرەو بنغازی، کە ژمارەیەکی زۆری کتێبەکانی پاولۆ کۆیلۆشی تێدا بووە.

 

پاولۆ کۆیلۆ ھەستا بە بڵاوکردنەوەی ئەم ھەواڵە و دەستبەسەرداگرتنی ئەو بڕە لە کتێبەی ئیدانە کرد، کە لە لایەن سەرۆکی دەستەی گشتیی راگەیاندن و ڕۆشنبیریی کۆمەڵی مەدەنی، دەستیان بەسەردا گیراوە لە لیبیا. ئاماژەی بەوەش کرد، کە ناوەڕۆکی کتێبەکان ئاسایی بوون، پێک ھاتبوون لە کۆمەڵێک ڕۆمان و چەند کتێبێکی تر، ناوەڕۆکی کتێبەکانیش بەو جۆرە نەبوون کە بەرپرسانی ئەو وڵاتە باسی دەکەن.

کۆیلۆ لە ھەژماری تایبەتیی خۆی لە تویتەر، نووسیویەتی:”پەیوەندیم بە باڵیۆزی بەڕازیلەوە کردووە لە لیبیا، ئەوان شتێکی کەمیان لەدەست دێت، بەڵام من ناتوانم ئاوھا دابنیشم و تەماشای کتێبەکانم بکەم کە دەسووتێن.“

پاولۆ کۆیلۆ لە بڵاوکراوەیەکی تردا نووسیویەتی:”ئیسلام ئایینێکە دەبێت ڕێزی بگرین، ئێمە ناتوانین بڕیار لەسەر موسڵمانان بدەین بەھۆی کاری ھەندێک کەسانی دەمارگیرەوە.“

 

ڕۆمانەکانی پاولۆ کۆیلۆ بەوە جیا دەکرێنەوە کە واتایەکی ڕۆحییان ھەیە و کەسانی ئاسایی دەتوانن بیخوێننەوە و تێیبگەن، ھەروەھا پشت بە ڕووداوە مێژوویی و واقیعییەکان دەبەستێت بۆ بەرجەستەکردنی ڕووداوی ناو چیرۆکەکانی.

 

ساڵی ٢٠٠٧ پاولۆ کۆیلۆ وەک نێردەی ئاشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان دەستنیشان کرا. ڕۆمانی کیمیاگەر بە ناودارترین کاری دادەنرێت، کە وەرگێردراوەتە سەر هەشتا زمانی دونیا و ڕێژەی فرۆشی گەیشتووەتە سەد و پەنجا ملیۆن دانە لە سەرانسەری دونیادا.

هاوبەشی بکە

Paulo Coelho, Zrar Hamid,