26/04/2024
DidiMn Logo
Top

کەسایەتیی درامی و پەیوەندیی بە سایکۆلۆژیاوە

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

نووسینی: فه‌ڕه‌ح ته‌ها ده‌روێش
لە عەربییەوە: گۆران محمد فەقێ

 

سەرەتا دەمەوێت بڵێم پەیوەندیی نێوان ئاکتەرو کەسایەتیی درامی پڕۆسەیەک، یاخود کردارێکە لە ئەنجامی گونجاندنێک دێتە ئاراوە  کە لە نێوان  کەسایەتییە درامییەکانی ناو هەر شانۆنامەیەکی بیانی یان لۆکاڵی، لەگەڵ خودی ئاکتەردا لەسەر ستەیج و لەکاتی ڕۆڵبینیندا دروست دەبێت. کەواتە دەکرێت ئەم دوو پەیوەندییە دابەش بکەین بەسەر دوو ڕەهەندی تەکنیکیدا کە ئەوانیش بریتین لە؛ یەکەم خودی ئاکتەر وەک  وزەیەکی کاراو ڕەهەندێکی تەکنیکی لەم پرۆسەیەدا، دووەمیش ئەو کەسایەتییەی کە هەمان وزە، واتە ئاکتەر بەرجەستەی دەکات و ڕۆڵی تیادا دەبینیت.

لێرەدا دەکرێت بپرسین کە ئایا مەبەستمان چییە لە ئاکتەر وەک وزەیەکی کارا؟

ڕەنگە باشترین گوزارشت، یاخود نزیکترین دەربڕین بۆ ئاکتەر وەک وزەیەکی کارا، بریتی بێت لە بوونی جۆرێک لە ئاکتەر کە هەڵگری جۆرێک لە هۆشیاری بێت لە بەرامبەر چۆنێتی سوود وەرگرتن و بەکارهێنانی، یان گرنگیدانی بە کەرەستە و ئامرازە جسمانییەکانی، مەبەستم لە سوودوەرگرتنی ئاکتەره‌ لە هەرسێ کەرەستەکانی “دەنگ، جەستە، خەیاڵ.” لە کاتی نواندن و ڕۆڵبینیندا، هەڵبەت دەبێت ئەم سوودبینینە لای ئاکتەر لە ئاگاییەوە سەرچاوە بگرێت و ئامانج لێی پیشاندانی سیفات و ڕەهەندی  کاراکتەر بێت نەک خۆدەرخستن و پیشاندان و نماییشکردنی توانا فیزیکییەکانی ئاکتەر  لەسەر ستەیج و لەکاتی ئەنجامدانی جوڵە و ئاماژە دەنگی و جەستەییەکانی. واتە ئامانج لە پەنابردن بۆ ئەم وزە و کەرەستە پڕ لە ئینێرژیانە لە لای ئاکتەر دەبێت بۆ نەهێشتن و تێکشکاندنی ئەو بەربەست و ئاستەنگیانە بێت کە ڕەنگە لە ئەنجامی هەست نەکردن بە گرنگی هەر یەکێك لەو وزانە  بێنە ئاراوە و ببنە لەمپەر لەبەردەم گوزارشتی پڕمانا و سەرکەوتوو لە لای ئاکتەر لە کاتی ڕۆڵبینیندا.

هەرچی دەربارەی کەسایەتیی درامیشە لەوانەیە دوو جۆر لێكدانەوە، یاخود دوو مانا لەخۆ بگرێت کە یەکەمیان شیکرنەوەی ڕەهەندە دەروونی و سروشتی و کۆمەڵایەتیەکانی هەر کەسایەتیی درامییە لە نێو شانۆنامە و پاشانیش لەسەر ستەیج، دووەمیشیان شێوازی بەرجەستەکردنی ئەم ڕەهەند و سیفاتانەیە کە پێشتر باسمان کرد.

لەبەر ئەوە کاتێک ئاکتەر لە ماوەی مەشقکردن و ڕاهێناندا لە بیری وازیکردن و بەرجەستەکردنی کەسایەتییە درامیەکاندا تێڕا دەمێنێت، بێگومان دەبێت تێڕامان، یان تێفکرینەکانی لە چوارچێوەی شیکردنەوە و ڕاڤەکردنی سیفاتەکانی کەسایەتییە درامییەکاندا گیر نەخوات، زیاد لە پێویست نەمێنێتەوە، بەڵکو پێویستە بچێتە قۆناغی جێبەجێکردن و بەرجەستەکردن. بەڵام سەرەتا بۆ ئەوەی بەشیوەیەکی دروست دەست پێ بکات و پێشینەیەکی سەرەتای لا گەڵاڵە بێت دەربارەی فۆڕم و سیفاتەکانی کەسایەتییە درامییەکە،  پێویستە چەند پرسیارێکی سانا و هاوکات سەرەکیی لە خۆی بکات، بۆ نموونە؛ ئەو کەسایەتییە کێیە کە وا بڕیارە ڕۆڵی تێدا ببینم؟  خەڵکی کوێیە؟ کێشە و ململانێی لەگەڵ کێ و لەگەڵ چیدا هەیە؟ ئایا ئاکار و ڕەفتارەکانی چۆنە لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی؟

بۆیە لێرەدا و بۆ شیکردنەوە تێگەیشتن لە کەسایەتییه‌ درامییەکان بەگشتی دەکرێت سوود لە دەروونزانی کەسایەتی و بەشێک لە تێڕوانینە سایکۆلۆژییەکان  وەربگرین.

چونکە بەشێک لە دەر‌هێنەرە شانۆیی و هەروەها تیۆریستە بەناوبانگەکانی وەکو کۆنستانتین ستانسلاڤسکی، مایرهۆڵد و تەنانەت یۆجینۆ باربا لەمیانی کار و تێڕوانینە هونەرییەکانیان بۆ شانۆ و بە تایبەتییش هونەری نواندن لە لای ئاکتەر لە تێڕوانینێکی دەروونزانییەوە سەرچاوەی گرتووە و، سایکۆلۆژیا و بەشێك لە زانستە مرۆڤایەتییەکان بە گشتی بەشێك لە ناوەڕۆک و هەوێنی کار و بەرهەمە هونەرەییه‌کانیان پێک دەهێنێت. هەربۆیە لێرەدا نمونەی کاراکتەری، یاخود گرێی کەسایەتی “ئۆدیب پاشای”  نوسەری گریکی سۆفۆکلس وەردەگرین و هەوڵدەدەین بە پێی تیۆری سایکۆلۆژستی نەمساوی سیگموند فرۆید  بۆ شیکردنەوەی کەسایەتی، خویندەوە بۆ کەسایەتی  گرێی ئۆدیب بکەین.  لێرەدا و لە ڕێی ئەم هیڵکاریەوە سەرنجاتان ڕادەکێشم بەلای هۆکارەکانی  دروستبوونی، یان دەرکەوتنی گرێی دەروونی کەسایەتی ئۆدیب لەشانۆنامەکەدا .

گرێی ئۆدیب

  • ئەفسانە + نیزامی کۆمەڵایەتی
  • دەسەڵات + سەپاندن
  • قەدەر+ خواوەند+مرۆڤ

بەپێی تیۆری فرۆید بۆ شیکردنەوەی کەسایەتی هەر گرێیەکی دەروونی لای تاک کە دروست دەبێت بێگومان هۆکارگەلێک لە پشت دروستبوونی گرێ دەروونیەکەوە خۆیان مەلازداوە، هەروەک چۆن گرێی دەروونی کەسایەتی ئۆدیب چەندین هۆکاری جۆراجۆری  وەکو قەدەر و خواوەند، دەسەڵات و سەپاندن، ئەفسانەوە بێبەریکردن، یان حەرامبوونی لە پشتەوەیە. ئەمە جگە لەوەی بەشێک لە گرێی ئۆدیب دەکرێت به‌ جۆرێک لە تێگەیشتن و تێڕوانینەوە سەرچاوە بگرێت کە ئایا مرۆڤ بوونەوەرێکە خاوەنی بیرکردنەوە و بڕیاردانە، یاخود هەموو شتێکی بەسەردا دەسەپێ و چارەنووسی بەستراوە بە قەدەرێکەوە، یاخود بە‌ هێزێکەوە کە ئەم وەکو مرۆڤ هیچ دەسەڵاتێکی بەسەردا نییە و ناشکێ.

چونکە مرۆڤ ئەگەر خۆی بڕیاردەر بێت بڕیارەکانی لە سنورێکدا دیاری دەکرێن و دەسەڵاتی بەسەریاندا دەبێت ، هەروەک چۆن کەسایەتی ئۆدیب ئەگەرچی سەرەتا  جۆرێك لە بەرچاوڕوونی پێ دەدرێت لەسەر بڕیار گەلێک کە نابێت بیاندات، یان لێیان نزیک ببێتەوە، بەڵام دواجار بەهۆی توڕەیی و نەفرەتی پەرستگاوە ناچار دەبێت کە ڕازی بێت بە قەدەرێک  کە بە تیاچوونی خۆی و لەدەستدانی ژیانی کۆمەڵایەتی و تایبەتی  کۆتایی دێت.

هەربۆیە ئەم دەرئەنجامە لەلای فرۆید و بەپێی تێڕوانییە زانستییەکانی بە جۆرێک لە تۆڵەسەندوەی ناخودئاگایی ئۆدیب دادەنێت لە خودی ژیان. هەروەک چۆن فرۆید بە کاریگەرییە خودئاگا و ناخودئاگاییەکانی تاک لە هەلبژارن و بڕیارداندا ناوی دەبات.

مەبەست لە ژیانی خودئاگایی ئۆدیب بریتییە لە هەبوونی زانیاری و به‌ئاگابوونی ئۆدیب لە تەواوی ئەو چیرۆکەی کە بەشێك لە ژیانی تیادا دەسنیشانکراوە، بۆ نموونە وەک ئەوەی کە نابێت خێزانداری لەگەڵ ئافرەتێک بکات کە به‌ تەمەن لە خۆی گەورەترە، نابێت بچێتە ناو شارە دێرینەکە. ئەمجۆرە لە ئاگایی له‌ لای فرۆید بە ژیانی دەروونی و خودئاگا ناوزەند دەکرێت، مەبەستی ئەوەیە کە دەبێت مرۆڤی ئاسایی هۆشیارانە و بەئاگاییەوە گوێ لە یاسا بنچینەییەکانی ژیان و دابونەرتی خەڵکانی دەوروبەر بگرێت و بەئاگاییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، یان بڕیاریان لەسەر بدات. هەرچی لایەنی دەروونی و ناخودئاگاییشە له‌ لای ئۆدیب برییتیە لەو ئەزمە دەروونییەی کە دواجار دەیخاتە ناو (تەهلوکەیەک – هەلاکەت و زەحمەتێک) کە ناچاری دەکات ژیانی دەروونی و خودئاگایی، واتە لایەنی هۆشیاری و زانیارییەکانی دەربارەی ژیان و چارەنووسی خۆی سەرئەنجام دەبێت ببنە قوربانی سزا دەروونییە ناخودئاگاییەکانی و بە جۆرێک هەموو هەوڵەکانی ئۆدیب سەبارەت بە ژیانی خودئاگایی خۆی، واتە سەبارەت بە تێڕوانینه‌کانی دەربارەی ژیان و ململانێ کۆمەڵایەتییەکانی تەواو پێچەوانە دەبنەوە و بە دۆڕاندن و لەدەستدانی دەسکەوتنەکانی لە ژیان کۆتایی دێت.

هەربۆیە سیگمۆند فرۆید لە تاقیگە ئیشگرە تایبەتەکەی خۆیدا بەشێک لە نەخۆشە دەرونییەکانی لە ڕێگەی تێگەیشتن و شیکردنەوەی  ئەو تەنگەژە و ئەزمە دەروونیانەوە چارەسەر دەکرد کە بووبووونە مایەی دروسکردنی گرێی دەروونی لای کەسەکە، یاخود  لای نەخۆشەکە.

هەربۆیە بەشێك لە کار و ئەرکی ئاکتەر، یاخود ئاکتەری داهێنەر دەبێت بەهەمان شێوەی دەروونناوسێک، یاخود بە وێنەی سایکۆلۆژستێک لە کاتی شیکردنەوەی گرێ دەروونییەکانی هەر کاراکتەر و کەسایەتیەک پشت بەو زانیاریانە ببەستێت کە لە خودئاگایی کاراکتەرەکەوە سەرچاوەیان گرتووە و پاشان بیانکاتە هەوێنێک بۆ دۆزینەوە و درککردن بە زانیارییە ناخودئاگاییەکانی کەسایەتییەکە لە کاتی ڕۆڵبینیندا. واتە دەبێت لە میانی ئەم پڕۆسە دوولایەنەوە ئاکتەر هۆشیاری خودی خۆی وەکو (بەرجەستەکارێک- ئاکتەر)  تێکەڵ بە زانیاری و خودئاگایی ئەو کەسایەتییە  درامییە بکات کە بەنیازە ڕۆڵی تیادا ببینێت. لەبەر ئەوە مەرج نییە هەمیشە خویندنەوە و ڕۆچوونە ناو دێڕ و دیالۆگەکانی شانۆنامەیەک بەس بێت بۆ گەیشتن له‌ گرێی دەروونی کاراکتەر و کەسایەتییەکان، بەڵکو لەپاڵ ئەمەدا دەبێت ئاکتەر پرسیارگەلێک بوروژینێت دەربارەی ئەوەی کە؛ ئەم کەسایەتییە کێیە، لە چ ژینگەیەک و لە کوێوە هاتووە، جۆری ململانێ و گڕی دەروونی چییە؟

چونکە لەم کەناڵەوە ئاکتەر دەتوانێت جۆرێک لە خوگونجاندن و هاوکات پردی پەیوەندی لە نێوان سیفاتە سروستی و دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان،  واتە ڕەهەندەکانی کەسایەتی دروست بکات لەگەڵ  توانستە فیزیکییەکانی خۆی وەکو ئاکتەر لەسەر ستەیج و لە کاتی بەرجەستەکردن، یاخود نواندندا.

کەواتە دەتوانین بڵێین پەنابردن بۆ شیکردنەوەی لایەنی دەروونی کەسایەتییه‌ درامییەکانی ناو هەرشانۆنامه‌یەک لە ڕێی بەکارهێنانی زانستی دەروونناسییەوە، بێگومان دەبێتە کلیلێک بۆ کردنەوەی دەرگای داهێنان بە ڕووی ئاکتەر لە کاتی ئەنجامدانی پرۆسەی نواندن و ڕۆڵبینیندا. هەربۆیە دەبێت تۆی ئاکتەر بزانیت کە کار و پیشەت لە شانۆدا بە تەنها بریتی نییە لە بەرجەستەکردنێکی سەرپێیی کەسایەتییەک، یان پیشاندانی  هەندێک سیفاتی دیاری کاراکتەرێک لە ڕیی گۆڕینی چینی دەنگ و ئەنجامدانی هەندێک جوڵەی دیار و زیادەڕۆ و  باو لەسەر تەختەی شانۆ، تەنانەت نابێت لە هەوڵی  پیشاندان و نمایشکردنی توانستە (ڤۆكاڵی – دەنگی)  و (جەستەیی – فیزیکیەکانت) بیت لەسەر ستەیج  وەکو ئامانج لەبری نواندن، بەڵکو دەبێت بە هاوئاهەنگیی کار لەسەر کەشفکردن و پاشان پیشاندانی گرێ و باری دەروونی و سایکۆلۆژی ئەو کاراکتەرە بکەیت کە بەنیازیت بەرجەستەی بکەیت، هەڵبەت بە سود وەرگرتن و پەنابردنت بۆ هەندێک ئامراز و کەرەستەی  یارمەتیدەری  وەکو؛ ئاماژەی دەنگی و فیزیکی.  لەپاڵ ئەمانەشدا دەکرێت زانستی دەروونزانی زۆر هاوکار بێت لە شیکردنەوە و بەرجەستەکردنی، یان دەربڕین و نواندن لەو شانۆنامانەدا کە زیاتر ڕیالیستی و سایکۆلۆژی و وەهمخولقێنن، واتە ئاکتەر زیاتر پێویستی بە ڕۆچوونە ناو کاراکتەر و “ژیان لەگەڵ دەرووندا” هەیە.

هاوبەشی بکە

Farah Taha, Goran Mhamad, Kesayetîy Dramî, Shano,