26/04/2024
DidiMn Logo
Top

گفتوگۆیەک لەگەڵ دەرهێنەری شانۆییی سێ خوشک

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منئاراس عەبدولڵا

شانۆییی سێ خوشک، یەکێکە لە شانۆنامەکانی نووسەری بەناوبانگی ڕوسیا و جیهان، ئانتوان چێخەفە و لە لایەن جەلال تەقی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراوە. ئەم شانۆنامەیە لە لایەن شانۆکار شەفیق محەمەدەوە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە و ژمارەیەک لە شانۆکارانی دیکەی کورد ڕۆڵی کەسایەتییەکانی نێو شانۆنامەکە بەرجەستە دەکەن. ئەم نماییشە لە بەرواری ١٤/٨ تا ٢١/٨/٢٠١٦ لە ناو هۆڵی کۆمەڵەی هونەرەجوانەکانی سلێمانی، کاتژمێر ٥:٣٠ـی ئێوارە نماییش دەکرێت و بلیتیش لە هەمان هۆڵ دەست بینەران دەکەوێت.

لە گفتوگۆیەکی کورتدا، دەرهێنەری ئەم نماییشە شانۆیییە، شانۆکار شەفیق محەمەد، بە کورتی دەربارەی چەند لایەنێکی ئەم کارە بۆ دیدی من دەدوێت.

cover copy

ئەنتوان چێخەف یەکێکە لە نووسەرە ڕیالیستەکانی نێو جیهانی شانۆ، دەمەوێ بزانم ئێوە لەم کارەتاندا تا چەند وابەستەی ئەو جیهانە ڕیالیستییەن کە چێخەف بۆ خۆی لە نووسینی شانۆنامەکەدا پەیڕەوی کردووە؟

 

دەتوانین بێ دوودڵی بڵێین شانۆنامەکانی چێخەف، قۆناغێکی نوێ بوون لە واقعییەت، سیما دیارەکانی سادەیی، هێمنی و قوڵییە، ئەو باسوخواسەکانی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان، شتە ساکار و وردەکانی ژیانیان، کە فەرامۆشکراو و نادیارن، دەخاتە ڕوو. چێخەف لەو ژیانە ڕۆژانە ساکارە و هێمنانەیەدا، بێ هیچ زۆرلەخۆکردنێک، دوور لە هەموو تووندوتیژی و هاتوهاوارێک، قووڵ بە ناخی کارەکتەرەکاندا ڕۆ دەچێت، هێمنانە ئەو ڕووکەشە ساکارە دەبڕێت و دەچێتە قووڵاییی بیرکردنەوە، ناخ و دەروونی کەسەکانەوە و یادەوەرییەکانیان. هیوا، خەون و ئازارەکانیان دەوروژێنێت و وا دەکات بڵێین ئەوە ئێمەین و بێ ئاگاین لەوەی وەهاین. هەموو ئەمانە و زۆریتریش بۆ من بەس بوون بۆ ئەوەی ڕوو بکەمە چێخەف و بەتایبەتیش تێکستی سێ خوشک. دیارە واقعیەت لە ناو تێکست و لە نماییشدا رەگەزە پێکهێنەرەکانی جیاوازن، بەڕەچاوکردنی ئەو جیاوازییە هەوڵم داوە جیهانێک بەرجەستە بکەم کە تایبەتمەندیی چێخەف و ئەزموونی ۳٥ ساڵەی خۆم لە بواری دەرهێنانی شانۆییدا، سیما دیارەکەی بێت.

7485_10200369031804214_1307668499_n

شەفیق محەمەد

 

فەزا و سینۆگرافیای کارەکە، هەر لە سەر پایەی ڕیالیستیی دەقەکە بونیاد نراوە، یاخود گۆرانکاریتان کردووە؟

 

ڕووداوی نماییشەکە لە ژینگەیەکی ڕووسیدا ڕوو دەدات، کاراکتەرەکان جلوبەرگی ڕووسییان پۆشیوە و لە ماڵێکی ڕووسیدا، باس لە خەون و هیوا و تەنیایییەکانیان دەکەن، ڕابردوویان تاریکە و ئێستایان پڕە لە دڵەڕاوکێ و داهاتوشیان لێڵ و نادیارە، بەڵام ئەم ئەتمۆسفێرە تەنها لە کاراکتەرێکی ڕوسیدا قەتیس نابێت و شوێن و کات دەبڕێت و دەبێتە ئەتمۆسفێرێکی گشتی و گەردوونی. لە داڕشتنی سینۆگرافیای کارەکە پشت بەو ڕاڤەیەی سەرەوە بەستراوە، دیکۆر، ڕووناکی، موزیک، جلوبەرگ، سەما، ئاماژە و ئەتەکێتەکان، ژینگەی تێکستەکە بەرجەستە دەکەن، بەڵام فەزای ڕوودانی ڕووداوەکان چڕ کراونەتەوە. سێ شوێن لە ناو فەزای ستەیجەکەدا کۆ کراوەتەوە کە ژووری میوان – نانخواردن، ژووری نوستن و باخچەکەن.

14022178_10153818599122338_1032941318644585573_n

کارەکتەر لەلای چیخەف، هەڵگری کۆمەڵێک گرێی مرۆییی سادە و لە هەمان کاتدا قووڵن، ئەمەش نەفەسێکی شیعریی بە بونیادی کارەکتەر دەبەخشێت لە لای ئەو نووسەرە، پرسیارەکەم ئەوەیە، تۆ وەکو دەرهێنەر چۆن هەوڵت داوە کارەکتەرەکانی چێخەف، لە ڕیگەی ئاکتەرەکانتەوە بە بینەر بگەێنیت؟

 

لە وەڵامەکانی پێشوومدا باسم لەوە کردووە کە کاراکتەرەکانی شانۆیییەکانی چێخەف، کە لە سەر شانۆ دەیانبینین ژیانێکی ئاساییی ڕۆژانە دەگوزەرێنن. بەڵام کاتێ دەئاخاڤن ئەوان لە وشەکانیاندا پشکۆ و لە خەندەیاندا خەمێکی قووڵ دەردەپەڕێنن. هیوا بڕاو و تەنیا و ناکامن. مەگەر نووسەرێکی گەورەی وەکو چێخەف بتوانێت لەو کاراکتەرانەی کە نەک توانای ئەوەیان نییە ڕووداو دروست بکەن و گەشەی پێبدەن، بەڵکو زۆر جار لە فەزایەکدان، کە ڕووداو تیایدا دەگمەنە، وەکو شانۆیی سێ خوشک، کارێکی ئەدەبی و هونەریی گەورە بخوڵقێنێت. ئەمە گواستنەوەی بۆ سەر شانۆ و بەر جەستە کردنی لە لایەن ئەکتەرەوە کارێکی ئاسان نییە، بۆیە پێویستمان بە توێژینەوە و کاری زیاتر هەبوو، پێویستمان بە نەفەسێکی درێژتر بوو، ڕۆژانە هەم گفتوگۆ بکەین و هەم پڕۆڤە، پێویستم بەوە بوو ئارام بن لەگەڵم، لە گۆڕینی جووڵە و ئاماژەکانیان بۆ چەندین جار، تا جێگیرم دەکرد. لە لایەکی ترەوە بیرم لە سینۆگرافیایەکی وا کردەوە کە یارمەتیدەرێکی باش بێت بۆ ئەکتەر تا لەگەڵ ئاماژە زیندووەکانیدا کاراکتەرەکە بە بینەر بگەیەنێت.

هاوبەشی بکە

ArasAbdulla, Chekhov, Shafiq Mohammad, Three Sisters,