18/04/2024
DidiMn Logo
Top

گەوجە

لە لایەن دیدی من 5 ساڵ پێش ئێستا

ئەنتۆن چیخۆف
وەرگێڕانی: چێنەر

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بانگی یولا ڤاسیلیڤنای پەروەردەکاری منداڵەکانم کرد بۆ ئەوەی حیسابی پارەکەی پێبدەم.

پێم گوت: یولیا وەرە دانیشە… با حەق و حساب بکەین، تۆ پێویستی زۆرت بە پارەیە، بەڵام بە شێوەیەک شەرمنیت کە بە خۆت داوای ناکەیت.

زۆر باشە، ڕێک کەوتین لەسەر ئەوەی کە مانگانە سی ڕۆبڵت پێ بدەم.

گوتی: چل

گوتم: نا، سی، ئاوا نووسراوە لای من، هەمیشە ئەوەنەم داوە بە پەروەردەکارەکان: سی ڕۆبڵ.

  • باشە

ماوەی دوو مانگ کارت لا کردووین.

  • دوو مانگ و پێنج ڕۆژ.
  • دوو مانگی تەواو.
  • بەم شێوەیە لام نووسراوە… کەواتە شایستەی شەست ڕۆبڵیت، هەشت ڕۆژی پشووەکانی لێ دەرەکەین، تۆ ڕۆژانی پشوو کولیات فێر نەدەکرد، بەڵکو تەنها لەگەڵیان بوویت، پاشان ٣ ڕۆژی جەژن.

یولیا ڤاسیلیڤنا ڕووخساری سوور هەڵگەڕا

و بە پەنجەکانی یاری بە عەزییەکەی دەکرد، بەڵام تەنها وشەیەکیشی نەگوت.

***

بەردەوام بووم:

سی ڕۆژی جەژنی لێ دەردەکەین

دەکاتە ١٢ ڕۆبڵ،

هەروەها کولیا ٤ ڕۆژ نەخۆش بوو، بۆیە وانەکانی نەخوێند، تەنها وانەت بە ڤاریا دەگوت،

هەروەها سێ ڕۆژ ددانەکانت ئازاری هەبوو، بۆیە ژنەکەم ڕێگەی دایت کە پاشنانی ئێوارە وانەکان نەڵێیتەوە…  کەواتە دوازدە + حەوت= نۆزدە، لە باقییەکەی دەردەکەین، دەکاتە چلویەک ڕۆبڵ، تەواوە؟

یولیا ڤاسیلیڤنا چاوی چەپی سوور بووەوە و پڕ فرمێسک بوو، جەناگەی کەوتە لەرزین، لە تووڕەییدا گرژ و گەرم داهات، بەڵام تەنها وشەیەکیشی نەگوت.

گوتم: لە سەروبەندی سەری ساڵدا کوپێک و قاپێکت شکاند دوو ڕۆبڵی ئەوەش دەردەکەین، کوپەکە لەوە گرانترە چونکە بۆماوەیە، بەڵام خودا عەفوت بکات و لە ملی خۆمان، هەروەها بە هۆی ئیهمالیی کولیا لەسەر درەختەکە ترازا و عەزییەکەی دڕا، دەی ئەوەش دەرەکەین، هەروەها هەر بە هۆی ئیهمالیتەوە خزمەتکارەکە پێڵاوەکانی ڤاریای دزی، لە کاتێکدا ئەوە ئەرکی تۆیە ئاگادار و پارێزەری ئەو شتانە، بیت چونکە پارە وەردەگریت، پێنجی ئەوەش دەرەکەین، لە دەی یانیوەری دە ڕۆبڵت لێ ستاندم.

یولیا ڤاسیلیڤنا بە چرپەوە گوتی: لێم نەسەندوویت.

گوتم: با ئاوا نووسراوە لام.

گوتی: باشە با وا بێت.

بەردەوام بووم: بیست و حەوت لە جڵ و یەک دەربکەین . ماوە چواردە ڕۆبڵ دەکات.

چاوەکانی پڕ بوون لە فرمێسک، دەنکە عارەق لەسەر لوتە درێژە جوانەکانیەوە دەرکەوتن، چەند کچێکی بەستەزمانە. بە دەنگێی لەرزۆکەوە گوتی: “تەنها یەک جار پارەم لێتان سەندووە، ئەویش لە خاتوون کە سێ ڕۆبڵ بوو.

گوتم: بەڕاست؟ سەیر بکە، من ئەمەم نەنووسیبوو.

سێ لە چواردە دەردەکەین دەکاتە یازدە.

ها ئەوە پارەکەتە ئازیزم.

سێ … سێ … سێ … یەک … یەک … فەرموو.

یازدە ڕۆبڵم بۆ درێژ کرد،

لولم کرد و بە دەستێکی لەرزۆکەوە خستمە گیرفانی،

بە چرپەوە گوتی: سوپاس.

بە پێوە ڕاپەڕیم و بە ژوورەکەدا هاتم و چووم بۆ ئەوەی تووڕەییەکەم ڕابگرم؛ لێم پرسی: سوپاس بۆچی؟

گوتی: بۆ پارەکە.

گوتم: ئایی شەیتان، من قۆڵم بڕیت، هەڵم خەڵەتاندیت، دزیم لێ کردیت،

بۆچی هێشتا سوپاسم ئەکەیت؟

گوتی: لە شوێنەکانی تر ئەوەشیان پێ نەئەدام.

گوتم: هیچیان پێ نەدەدایت؟! ئایا ئەمە شتێکی نامۆ نییە؟! گاڵتەم لەگەڵ کردیت، ویستم وانەیەکت فێر بکەم، پارەکەتت ئەدەمێ، هەموو شەست ڕۆبڵەکە، ها ئەوەتا لەم زەرفەدا، بۆم ئامادە کردبوویت،

بەڵام ئایا بەو ڕادەیەش بێدەسەڵاتیت؟ بۆ ڕووبەڕوو نابیتەوە؟ بۆ بێدەنگ دەبیت؟ ئایا دەکرێت لەم دنیایەدا توند نەبیت؟ ئایا دەکرێت بەم ڕادەیە گەوج بیت؟

بە بێدەسەڵاتی پێکەنیی، لە ڕووخساریدا ئەوەم خوێنەوە: “دەکرێت“.

داوای لێبووردنم لێ کرد و ئەم وانەیە  و شەست ڕۆبڵەکەیم پێ دا، بە شەرمەوە سوپاسی کردم و چووە دەرەوە، لەپاشڕا لێم ڕوانی و بیرم کردەوە چەند قێزەونە لەم دنیایەدا لاواز بیت…!

هاوبەشی بکە

Chekhov, DidiMnStory,