27/04/2024
DidiMn Logo
Top

گفتوگۆ لەگەڵ هارۆلد پینتەر، بەشی یەکەم

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: د.فازیل جاف

ئەم دیمانەیە  لە لایەن (لۆرانس م)ەوە ساز دراوە، بۆ یەكەم جار لە ساڵی ١٩٦٦ لە پاریس بڵاوکراوەتەوە.

كەی دەستت بە درامانووسین كرد و بۆچی؟

یەكەم شانۆنامەم شانۆنامەی  “ژوور” بوو، ئەو دەم تەمەنم حەڤدە ساڵ بوو. دۆستێكم هەبوو بەناوی هینری وولف، لە بەشی درامای زانكۆی بریستل قوتابی بوو ( ئەم كۆلیژە، ئەو دەم لە سەرانسەری وڵاتدا تاكە كۆلیژی دراما بوو) بواری ئەوەی بۆ رەخسا شانۆنامەیك دەربهێنێ. جا لە بەر ئەوەی ئەو هاوەڵێكی دێرینی خۆم  بوو، دەیشیزانی كە من خەریكی شانۆنامەنووسینم، هەروەها ئاگاداری ئەوەش بوو كە من نیازی نووسینی شانۆنامەیەكم هەبوو، بەڵام هێشتا دەستم بە نووسینی نەكردبوو. ئەو سەردەمە من لە رێپ پرۆڤەم دەكرد، پێشی گووتم كە دەبێ هەفتەی داهاتوو شانۆنامەكەی بدەمێ. پێم گووت قسەی پووچ، لەوانەیە بە شەش مانگ ئەمجا تەواو ببێت. ئەوەبوو پاشان بە چوار رۆژ تەواوم كرد.

نووسین بۆ تۆ هەردەم ئاوا ئاسان بووە ؟

دەی من بەر لەوە، چەند ساڵێك بوو خەریكی نووسین بووم. سەتان هەڵبەست و پارچە پەخشانی كورت كورتم نووسیبوو، دە دوانزەیەكیانم لە چەند گۆڤارێكی بچووكدا بڵاوكردبووەوە. هەروەها رۆمانێكم نووسیوە كە بۆ بڵاوكردنەوە ئەوەند دەست نادات، هەربۆیە هەرگیز بڵاونەكرایەوە. پاش نووسینی (ژوور) بە چەند هەفتەیەك  لە نماییشدا بینیم،  ئەمجا یەكسەر دەستم كرد بە نووسینی  “جەژنی لە دایكبوون”.

چی وای لێكردی ئاوا بەپەلە ئەو شانۆنامەیە بنووسیت؟

پرۆسەی  نووسینی شانۆنامەیەكم دەست پێكردبوو، ئەمە وای لێكردم لە سەری بڕۆم. پاشان رۆیشتم بۆ بینینی  “ژوور” كە بۆ من، ئەزموونێكی نایاب بوو. لە بەر ئەوەی پێشتر  شانۆنامەم نەنووسیبوو، جا بێگومان قەتیش نمایشی  هیچ شانۆنامەیەكی خۆم نەبینیبوو، پێشتر بینەرانم نەبینیبوو تەماشای شانۆنامەیەك بكەن خۆم نووسیبێتم. تاكە خەڵكێك كە شانۆنامەكانی منیان بینیبوو چەند برادەرێكی خۆم لەگەڵ ژنەكەم بوو. بەو شێوەیە لە ناو بینەران دانیشتم، راستییەكەی خەریك بوو میز بكەم بە خۆمدا، رام كردە دەرێ بۆ پشت كۆمەڵە پاسكیلێك.

شانۆیی ژوور

شانۆیی ژوور

پێت وایە ئەگەر ئەو هاندانەی هاورێیەكەت لە بریستول نەبایە، شانۆنامەت هەر دەنووسی؟

بەڵێ، پێم وایە شانۆنامەی  “ژوور”م هەر دەنووسی. ئەوندەیە لەو بارودۆخەدا هەندێ خێرا تر نووسیم.. بیرۆكەی شانۆنامەی “جەژنی لە دایكبوون” یشم دەمێك بوو هەر لە یاد بوو.

بۆچی هیچ كەسایەتییەك لە شانۆنامەكەدا نەبوو، كە گوزارە لە خۆت بكات؟

هیچم نەبوو_ هیچم نییە دەربارەی خۆم راستەوخۆ باسی بكەم. نەم دەزانی لە كوێوە دەست پێبكەم. بە تایبەتی كە گەلێك جار تەماشای ئاوێنەم دەكرد و بەخۆم دەمگووت: ئەم دەعبایە كێیە؟

ئەی پێتوانییە  ئەگەر لەمیانەی یەكێك لە كەرەكتەرەكانتدا لە سەر شانۆ گوزارە لە خۆت بكەیت، ئەمە  یارمەتیت بدات كە خۆت بناسیت؟

نەخێر.

تۆ بڵێیت شانۆنامەكانت بە گشتی لەو بارودۆخانەوە وەرگیرابن كە خۆتی تێدا بووبیت؟ شانۆنامەی “پاسەوان”، بۆ نموونە؟

ژمارەیەكی كەم، زۆر كەمم لە خەڵكی بێكار و ئاوارە بینیووە، هەر لە ژیانی ئاسایی رۆژانەدا، وابزانم یەكێكیان.. یەكێكیان تایبەت بوو…زۆر باش نەم دەناسی، كە ناسیم بەزۆری هەر ئەو قسەی دەكرد. چەند جارێك بە رێككەوت چاوم پێكەوت، پاش نزیكەی ساڵێك وای لێ كردم لە سەر ی بنووسم…

tumblr_n2zwvyOBBQ1qzz5ieo1_1280

 قەت بە خەیالتدا هاتووە لە “ژوور”دا نمایش بكەی؟

نە،نە_ نواندن بۆ من چالاكییەكی جیایە. كاتێ كە خەریكی نووسینی “ژوور”، “جەژنی لە دایكبوون” و”كارەكەری بێ دەنگ بووم” لە ساڵی ١٩٥٧دا بەردەوام لە شانۆی “رێپێرتواردا”  رۆڵم دەبینی، هەموو جۆرە كارێكم دەكرد، سەفەرم دەكرد بۆ بۆرنێماوس و توركوەی و بێرمنگهام. كە لە نووسینی شانۆنامەی “جەژنی لە دایكبوون” بوومەوە، ئەو دەم لە گەشتی پێشكەشكردنی شانۆنامەیەكی فارس” مەهزەلە”دا بووم، ناویم لە بیرنییە.

وەكو ئەكتەر هەستێكی وا داینەگرتی،  كە پێتوابێت  كەسانی ناو شانۆنامەكانت پێویستە چۆن نماییش بكرێن؟

زۆر جار هەست دەكەم كە رۆڵەكە نابێت بەو شێوەیە نماییش بكرێت. پاشان، بە گشتی دەردەكەوێ كە هەڵە بووم.

كە دەنووسیت خۆت لەهەموو رۆڵەكاندا دەبینیتەوە؟ وەكو درامانووس  ئەزموونت لە نواندندا یارمەتیت دەدا؟

هەموو رۆڵەكان بە دەنگی بەرز بۆخۆم دەخوێنمەوە. بەڵام خۆم لە  هەموو رۆڵێكدا نابینمەوە. زۆربەی زۆری رۆڵەكانم  نماییش نەكردوە. كاری نواندن نەبووە بە كۆسپی سەر رێگای كاری شانۆیی و نووسینم. بۆ نموونە، دەمەوێ شانۆنامەیەك بنووسم_ چەندین جار بیرم لێ كردوتەوە_ هەر تەواو دەربارەی ئافرەت.

هاوسەرەكەت ڤیڤیان مێرچنت، بەردەوام لە شانۆنامەكانتدا دەردەكەوێ. هیچ رۆڵێكت بەتایبەتی بۆ ئەو دەنووسی؟

رۆڵم بۆ هیچ ئەكتەرێك نەنووسیوە، ئەمە ژنەكەیشم دەگرێتەوە. تەنیا ئەوەندەیە كە پێم وایە ئەكتریسێكی زۆر باشە و كاركردن لە گەڵیدا گەلێ خۆشە، لە بەر ئەوە حەز دەكەم لە نماییشەكانمدا بێت.

كە دەستت بە شانۆنامەنووسین كرد نواندن پیشەی یەكەمت بوو  ؟

ئا، بەڵێ، تاكە شت بوو كە دەمكرد. من لە زانكۆ نەمخوێندووە، لە تەمەنی شازدە ساڵیدا وازم لە قوتابخانە هێنا، بێزاربووم و هەستم دەكرد ئۆقرەم لێ بڕاوە. تاكە شت كە لە قوتابخانەدا حەزم لێ دەكرد زمانی ئینگلیزی و ئەدەب بوو، بەڵام لە بەر ئەوەی لاتینیم نەخوێندبوو، نەم تۆانی لە زانكۆدا بخوێنم. بەو شێوەیە لە چەند قوتابخانەیەكی درامادا خوێندم، بە جدی نەمدەخوێند، بە گشتی ئەو سەردەمە عاشق بووم و سەرگەرمی دڵداری بووم.

ئاهەنگی جەژنی لەدایکبوون

ئاهەنگی جەژنی لەدایکبوون

قوتاتابخانەكانی دراما هێچ سوودێكیان وەكو درامانووس پێ گەیاندیت؟

بە هیچ جۆرێك. تەنیا بۆ ژیان بوو.

كە گەنج بوویت زۆر دەڕۆیشتیت بۆ شانۆ ؟

نەخێر، زۆر بە دەگمەن. تاكە كەس لەو سەردەمەدا كە بەڕاستی حەزم دەكرد  لەسەر شانۆ بیبینم، دۆناڵد وولفیت بوو لە رۆیال شەكسپیر كۆمپانی. بێ ئەندازە سەرسامی بووم، شالیرەكەی تاكو ئێستاش باشترین شالیرە كە بینیبێتم. ئەمجا  دەیشمخوێندەوە، چەند ساڵێك بەشێكی زۆری ئەدەبی مۆدێرنم دەخوێندەوە، پتر رۆمانم دەخوێندەوە.

ئەی بەرهەمی درامانووسانت نەدەخوێندەوە_ برێخت، پێراندیللۆ…؟

ئۆە، بێگومان نە، تا چەند ساڵێكیش. هێمێنگوای، دۆستۆیڤسكی، جۆیس و هینری میللەرم لە تەمەنێكی گەلێ زوودا خوێندەوە، كافكایشم خوێندەوە. هەروەها رۆمانەكانی بێكێتیشم خوێندەوە. بەڵام تەنانەت تاكو چەند شانۆنامەیەكیشم نووسیبوو، ناوی یونسكۆم هەرگیز نەبیستبوو.

پێت وایە ئەم نووسەرانە كاریگەرییان هەبووبێت لە سەر نووسینەكانت؟

هەر نووسەرێكم خوێندبێتەوە كاری كردۆتە سەرخۆم _  زۆربەی كاتیش دەمخوێندەوە_ بەڵام هیچ كام لەو نووسەرانە بە تایبەتی كاریگەریان لە سەر نووسینەكانم نییە. بێكێت و كافكا زیاتر لێمەوە نزیكن_ پێم وایە بێكێت باشترین پەخشاننووسی زیندووە. جیهانی من پێوەستە بە نووسەری دیكەیشەوە_ ئەمەیش یەكێكە لە شتە هەرە باشەكانی ناو ئەو جیهانە.

پێتوایە موزیك  كاری كردبێتە سەر نووسینەكانت؟

نازانم موزیك چۆن كار دەكاتە سەر نووسین، بەڵام موزیك، جاز و كلاسیك، هەردووكیان بۆ من گەلێ گرینگ بوون. لە نووسیندا هەمیشە هەست بە روحی موزیك دەكەم، ئەمەش بۆخۆی مەسەلەیەكی جیاوازە لەگەڵ ئەوەی موزیك كاریگەری لەسەرت هەبێت. بۆلێز ووێبێرن، دوو موزیكدانەرن كەمن ئێستا گوێیان لێ دەگرم.

هیچ بێ ئارام بووی بە هۆی ئەو سنوورانەی كە لەنووسینی شانۆدا هەن؟

نە، نووسین بۆ شانۆ گەلێ جودایە، شانۆنامە نووسین لای من لە هەموو  تەرزەكانی نووسین سەختترە، رووتووقووتترین جۆری نووسینە، تەواو سنووردارە. من چەند كارێكم بۆ فیلم نووسیوە، جا لە بەر هەر هۆیەك بێت، سەبارەت بەو فیكرە جودایەی كە دەربارەی فیلم هەمبوو، ئەوە نەبوو كە پێی رازی بم. ئاهەنگی چاخواردنەوە، كە بۆ تەلەڤزیۆنم نووسی، لە راستیدا فیلمێكی سینەمایییە، وەكو فیلمی سینەما نووسیم. تەلەڤیزیۆن و سینەما لە شانۆ ئاسانترن_ ئەگەر دیمەنێك ماندووت بكا دەتوانی بە ئاسانی لایبەی و یەكسەر بڕۆی بۆ دیمەنێكی دیكە.( هەڵبەتە زۆری پێوە دەنێم)، جیاوازی گەورەی شانۆ لەوەدایە، كە تۆ لەوێدای. گیرت خواردووە_ كەرەكتەرەكانت لە سەر شانۆدا چەقیان بەستووە، دەبێت لەگەڵیاندا بژیت و رەفتاریان لەگەڵدا بكەیت. من لە بەكارهێنانی كەرەسەی تەكنیكیی شانۆدا، ئەوانەی كە درامانووسانی دیكە بەكاری دێنن، نووسەرێكی ئەوەندە داهێنەر نیم _ بڕوانە برێخت! من ناتوانم تەختەی شانۆ بەو شێوەیەی ئەو بەكار بێنم. كورت و ئاسان من ئەو فانتازیایەی ئەوم نییە، ئیدی خۆم لەگەڵ ئەو كەراكتەراندا بینییەوە كە یان  ئەوەتا دانیشتوون یانیش بەپێوە وەستاون، یان لە دەرگایەكەوە دەردەچن و یانیش لە دەرگایەكەوە دێنە ژوورێ، ئەمە هەموو ئەوەندەیە كە پێیان دەكرێ. لە گەڵ قسەكردن یان بێدەنگی.

 

هاوبەشی بکە

Fazil Jaff, Harold Pinter, Shano,