24/03/2024
DidiMn Logo
Top

عەتا نەهايى بووە براوەى خەڵاتى مێهرگانى ئەدەبى له ئێران

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

عەتا نەهایی، چرکاندنی وێنە: ئیدریس موحەمەدیان

ديدى من – خەبەرگۆزاريێ ئيبنا
له فارسييەوە: سەليم جەمال

نووسينگەى خەڵاتەكانى مێهرگانى ئەدەبى له ئێران، ڕۆژى يەكشەممه، ٣١/٥/٢٠٢٠، ناوى براوەكانى بيستەمين خولى خەڵاتەكانى ناوبراوى بە شێوەى ئۆنلاين ڕاگەياند. ليستى براوەكان ٢١ ناونيشان لە خۆ دەگرێت، له هەر يەك له بەشەكانى ڕۆمان و كۆمەڵهچيرۆك، كە لە نێوان ١٩٥٨ بەرهەمى ئەدەبیدا هەڵبژێراون و له چەند هەنگاوێكى هەڵسەنگاندندا تێپەڕيون و دواتر لە لايەن ليژنەى داوەرانەوە دەستنیشان کراون.

له ناو ئەو بەرهەمە ئەدەبیيانەى ناسێنراون، ليژنەى داوەران بە كۆى دەنگ ڕۆمانى ”گرەوى بەختى هەڵاڵە”ى ڕۆماننووسى كورد، عەتا نەهايیان بە باشترين ڕۆمان دەستنيشان كرد. ئەو ڕۆمانه لە لايەن ڕەزا كەريم موجاور، له كوردييەوە كراوە بە فارسى و ناوەندى ئەفراز ئەركى بڵاوكردنەوەى له ئەستۆدا بووە. ليژنەى داوەران و شارەزايانى بوارى ئەدەب هۆكارى هەڵبژاردنى ئەو ڕۆمانه، بۆ ”بوونى يەكپارچەيى له واتا، ڕەنگ و تێماى ڕەسەنايەتى، بەرگریكردن له مافى ژنان، فرەدەنگى و  وەستانەوە له دژى توندوتيژى”، دەگەڕێننەوە.

لە دواى ئەم خەڵاتەیش، نەهایی خۆی له پەيامێكى ڤيديۆييدا دەڵێت:

”نووسین، بە تایبەت نووسینی ڕۆمان، بەرهەمی ئارەقڕشتنی ڕۆحی نووسەرەکەیەتی. ئەمە وتەی یەکێک لە مامۆستاکانی ئەم بوارەیە. بەڵام گرەوی بەختی هەڵاڵە، بەرلەوەی بەرهەمی ئارەقڕشتنی ڕۆحی من بێت، بەرهەمی ژیانی ئێوەیە. من ژیانی ئێوەم نووسیوەتەوە؛ هەم لە گرەوی بەختی هەڵاڵەدا، هەم لە کۆی کارەکانمدا، من ژیانی ئێوە و خەم و ئازار و کێشە و مەینەتییەکانی ئێوەم گێڕاوەتەوە. من قوربانیدانی ئێوەم لەپێناو ئازادی و دادپەروەریدا گێڕاوەتەوە. بۆیە ئێوە هەمیشە ئیلاهمبەخشی من و کارەکانی من بوون. بۆیە هەموو گرنگیدانێک بە گرەوی بەختی هەڵاڵە و بەرهەمەکانی ترم، هەموو چەپڵە و ئافەرموتنێک، هەموو خەڵاتێک، پێشکەش بە ئێوە دەکەم. هەر بژین.”  

عەتا نەهایی، ساڵی ١٩٦٠ لە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. هەر لە گەنجییەوە دەستی بە نووسین کردووە و لە پاڵ هەشت کتێبەکەی خۆیدا، بەرهەمی گەورە نووسەرانی بیانییشی کردووەتە کوردی، لە وێنەی فرانز کافکا، کورت ڤونێ گات و میلان کۆندێرا. جگە لەم خەڵاتەی کۆتایی، ساڵی ٢٠٠٥ خەڵاتی دەزگای ئاراس و ساڵی ٢٠٠٨ خەڵاتی زێڕینی هەردی بۆ داهێنانی لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ پێ بەخشراوە.

ڕۆمانی گرەوی بەختی هەڵاڵە، چاپی فارسی
هاوبەشی بکە

Ata Nahayi, Awards, Book,