23/11/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی کیشلۆڤسکی: ڕێكەوت و چارەنووس له سينەماى كريستـۆڤ كيشلۆڤسكيدا

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

ديدى من – پەروێز جاهيد
له فارسييەوە: سەليم جەمال
سەرپەرستیاری پەڕاو: ساڤان عەبدولڕەحمان

تێڕوانينى فەلسەفى كريستـۆڤ كيشلۆڤسكى، تێڕوانينێكى مێتافيزيكى و ناماترياڵيستييه.  دونيابينیی ئەو دونيا بينييەكى ناعەقڵانى و هەستپێكراو و شاراوەيه، بەڵام ڕێكوپێك و  دەقاودەقه. وزەيەكى مێتافيزيكى له ڕادەبەدەر لە ناو فيلمەكانى كيشلۆڤسكيدا بوونى  هەيە، كە بەرفراوانتر له خواست و ئيڕادەى كارەكتەرەكانى ئەو كارلێك دەكات. له هەمان كاتدا لە ناو فيلمەكانى ئەودا، چاودێر و شايەتحاڵێك بە دواى ئاكار و كردارى  كەسەكانەوەيە. 

فيلمى سينەمايى سوور، لە نێوان سێينە ڕەنگى كيشلۆڤسكيدا بەرهەمێكى كامڵ و  تێروپڕترە، چ لە ڕووى فۆڕم و چ لە ڕووى ناوەڕۆكيشەوە. لەڕاستيدا فيلمى سوور پوختەى ئەندێشەكانى كيشلۆڤسكين، كە بە شێوازێكى ڕوونتر خۆيان بەدەر خستووە.  هەموو ئەو بيرۆكانەى كە ئەو فيلمسازە مەزنه له فيلمى شين و سپيدا هێناويەتە گـۆ،  يان لەو هەوڵەدا بووە كە بيانهێنێتە گۆ، لە فيلمى سووردا بە شێوەيەكى كامڵتر خۆيان  پەلكێش كردووە. تێمى سەرەكى فيلمى سوور، بە هەمان شێوەى فيلمى شين و سپى  ئيلهامى له ئاڵاى وڵاتى فەڕەنسا وەرگرتووە، كە واتاى برايەتى و پێكەوەبوون  دەگەيەنێت. بەڵام لەڕاستيدا ئەمە بە شێويەكى ئاڵۆزتر دەردەكەوێت لە ناو فيلمەكەدا،  ياخود هەر ديار نييه. 

كيشلۆڤسكى ئەوەمان نيشان دەدات كە ئێمە لەم جيهانەدا، بە پێچەوانەى بۆچوونمان  تەنيا نين و كەسێك له پشت پەردەوە بە بەردەوامى چاودێريمان دەكات و ژيانى  مرۆڤەكانيش تا ڕادەيەك له گرەوى قەدەر،  ڕێكەوت و شانسدايه. ئەمانەى كە گوتمان  له سێينە ڕەنگى ئەودا كەشف دەبن، بەڵام له ڕەنگى سوور زياتر خۆيان دەنوێنن. 

ئەکتەری سەرەکی فیکمی سوور لەگەڵ کیشلۆڤسکیدا

ڤاڵنتین، ئەكتەرى فيلمى ڕەنگى سوور هەموو ڕۆژێك بەختى خۆى به هەڵدانى  سكەيەك بۆ ناو مەكينەى شانسى كافێيەك تاقى دەكاتەوە. هەروەها له ديمەنى كۆتايى  فيلمەكەشدا ئەو سێ ئەكتەرە سەرەكييە دەبينين كە گەشتيارى هەمان كەشتى بوون، لە دواى نغرۆبوونى كەشتيیەكە، هەرسێكيان بەيەكەوە ڕزگاريان بووە له مەرگ.  هەروەها شێوازى وێنەگرتنی ئەو فيلمە قسەوباسى خۆى هەيه. دەتوانين بڵێين كە ڕەنگى سوور، بە شێوەيەك لە شێوەكان فيلمەكەى تێروپڕتر كردووە؛ واتا له ڕەنگى  جلەكانى ڤاڵنتینەوە بگرە تاوەكو ڕەنگى پۆستەرى سەر شەقام، چراى ڕێنوێنى  ئۆتۆمبێلەكان، كورسى و گۆڕەپانى يارى بۆڵينگيش بە هەمان شێوە. سەربارى ئەوەش  كيشلۆڤسكى لەگەڵ دووبارە نماييشكردنەوەى شوێن و كەلوپەلەكان [بەزۆرى له يەك ڕەهەندەوە] جەختكردن لەسەريان، بە بير بينەرى خۆى دەخاتەوە كە پێشتر ئەوانى   بينيوە و ئێستا پێويسته پەيوەندييەكانى نێوانيان كەشف بكات. 

لەوانەيه بينەر له يەكەم لێكەوتەيدا پەى بەو پەيوەندييانە نەبات، بەڵام كيشلۆڤسكى  ئەوەندە ديمەنەكان دووبارە دەكاتەوە تاوەكو له ناخودئاگايى بينەردا بچەسپێت. له  هەمان كاتدا وێنە، فۆرم و مۆتيف يانيش نۆتى میوزيكى دووپاتكراو، لە گرنگترين  سروشته فۆرماليستییەكانى كريستۆڤ كيشلۆڤسكين. هەموو ئەوانەش بەڵگە و نيشانەن  بۆ ئەوەى دەلالەت له ڕێكەوت و قەدەر بكات. واتا ئەو پۆستەرە سوورەى ڤاڵنتینى تێدا  دەردەكەوێت كە بەسەر ديوارەكانى شاردا هەڵواسراوە هەمان ئەو وێنە و ژێستە  خەمگينەى ڤاڵنتین لە ديمەنى كۆتايى فيلمەكەدا دەبينرێت و بينەر شۆك دەکات.  

لە گۆشەنيگايەكى قوڵترەوە، فيلمى سوور لە بارەى ئەو پەيوەندیيانەوە دەدوێت كە  ژيانى ئێمەى بەيەكەوە گرێ داوە، ئەمەش لە ديمەنى دەستپێكى فيلمەكە بە باشى ديار دەكەوێت، ئەو كاتەى كە چاوى كامێراكە بە دواى وايەر و تەلى تەلەفۆنەكاندا وێڵه كە  له نێرەرەوە بە وەرگرەكان دەگات. ڤاڵنتین وەڵامى تەلەفۆنەكە دەداتەوە، لە لايەكى ديكەش پەيوەندى بە ميشێلى خۆشەويستى دەكات و بەو شێوەيه كامێراكە ڕێڕەوى  تەلەفۆنێك تەى دەكات كە له تونێل و قووڵايى دەريادا دەگاتە بەريتانيا و ژورى ميشێل. 

دیمەنێک لە فیلمی سووردا

هەر بۆيە پەنجەرە و تەلەفۆن دوو هێماى سەرەكين كە كيشلۆڤسكى زۆر دووپاتيان  دەكاتەوە. بە بڕواى كيشلۆڤسكى ئەو هاموشۆيەى كە لە ڕێگەى پەيوەنديیه وەهمى و  دەستكردەكان بونياد دەنرێن، ئەنجامەكەى شكستە. تەنيا ئەو پەيوەنديیانە نەبن كە  ڕووبەڕوو و فيزيكين ياخود بە شێوەى میتافيزيكين. واتا ئەوان زياتر بە زيندوويى  دەمێننەوە.

لە ڕووى ميوزيكيشەوە، دەتوانين بڵێين موزيكى ئەو فيلمە هاوشێوەى ڕەنگەكەى گەرم  و پڕخرۆشە، كە لە لايەن پرايزنەر گەورە میوزيسيانى پۆڵەندى بەرهەم هێنراوە، كە  بە پێى تێماى سەرەكى فيلمەكە دروست كراوە كە عەشق و ڤاڵنتینن. شێواز و ژانرى  میوزيكەكان بە شێوەيەكى گشتى ئۆركێسترا و كلاسيكين، بەڵام خۆى له ژانرى  میوزيسيانى سەدەى هەژدە و نۆزدەيەم بە دوور دەگرێت. واتا نۆتەكان زۆر سادە و  له هەمان كاتيشدا زۆر قووڵ و كاريگەرن بەسەر فيلمەكەدا. 

پەروێز جاهيد فیلمساز، مامۆستای زانکۆ و ڕەخنەگری سینەمایی ئێرانە. دەرچووی بەشی پێداچوونەوەی فیلمە لە زانکۆی وێست مینستری لەندەن، زانکۆی سێنت ئەندرۆزی سکۆتلەندا و کۆلێژی سینەما و شانۆی تاران.   

هاوبەشی بکە

Cinema, krystof kishlovsky,