دیدی من
سازدانی: ڕێبوار هەورامی
فەرید ئیلهامی، لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٠ی شاری سەحنەی سەر بە پارێزگای کرماشانە، نەوەی سوڵتان ئیسحاق بەرزنجەییە کە لە دامەزرێنەرانی ئاینی یارسانە، بە وتەی خۆیان لە هەشتسەد ساڵ پێش ئێستاوە میراتگری سازی تەنبوورن تا ئێستا، لە سەید سوڵتان ئیسحاقەوە لە هەورامان و پردیوەرەوە تا سەید فەرزی له شاری سەحنە و گوندی قەزوینەوە تا دەگاتەوە لای سەید ئەزیار قەزوینەیی باوەگەورەی ئەم میراتەیان پاراستووە.
بەڕێز مامۆستا ئیلهامی بۆچوون و تێڕوانینی ئێوە لە بارەی مێژووی تەنبوورەوە چییە؟
ئیلهامی: دەتوانین لە سێ ڕووەوە لە مێژووی تەنبوور بکۆڵینەوە:
بۆچوونی پەیڕەوانی یارسان: بە بۆچوونی پەیڕەوانی یارسان (کاکەیی) تەنبوور هەر لە سەرەتای دروستبوونی ئادەم و حەواوە بوونی هەیە، ئەو کاتەی خودا بۆ ئارامیی حەوت تەن کە لە قاڵبی ئادەمدا خۆی پیشان دەدات، مێژووی تەنبووریش دەست پێ دەکات.
بەڵام بۆچوونی دووەمی مێژوویی پەیڕەوانی یارسان بە بەڵگەی کەلام: کە وتەی سەرئەنجامە (کتێبی پەیڕەوانی یارسان کە بە ”گۆران” زمانی ئەدەبیاتی هەورامیی نووسراوەتەوە) تەنبوور لە سەردەمی تەریقەت و مەعریفەتی یاریی له سەردەمی موبارەک شاە ناسراو بە ”شا خۆشین لۆڕستانی” لە سەدەی چوارەم سەری هەڵداوە. کەواتە سەرەتای سەرهەڵدانی تەنبوور بۆ سەردەمی شا خۆشین لە لۆڕستان دەگەڕێتەوە، مێژووی فەرمی سەرهەڵدانی لە لای پەیڕەوانی یارسان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەرکەوتنی سوڵتان ئیسحاق لە ناوچەی هەورامان.
بۆچوونی مێژووی تەنبوور: تەنبوور لەو سازە کۆنانەیە کە مێژووەکەی بۆ زیاد لە پێنج هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە .تەنبوور لە دڵی مێژووەوە دێتە دەرەوە و سەری هەڵداوە، لە سەرچاوە مێژووییەکانەوە و مێژووناسانیش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکەنەوە کە ئەم سازە وا دەردەکەوێت هەزار و پێنجسەد ساڵ تا دوو هەزار ساڵ پێش زایین سەری هەڵداوە، لە چەند ناوچەیەک بۆ چەندین ئاواز لەوانە ڕەزمی، بەزمی و ئایینی بەکار هێنراوە.
سەبارەت بە تەنبوور و شێوازی بەکارهێنانی ئەم سازە، ئەگەر بکرێت باسێکمان بۆ بکەیت چۆنە و چۆن بەکار دێت؟
ئیلهامی: ڕپرتواری مۆسیقی تەنبوور پێی دەڵێن مەقام. مەقام پێک دێت لە کۆمەڵێک نۆتە کە پێشتر ئامادە کراوە و پێشکەش دەکرێت، مەقام بە هاوواتای ڕاگا لە مۆسیقای هیندی و مەد له مۆسیقای کڵێسا دادەنرێت، بەڵام پێناسەی مەقام لە ناو پەیڕەوان و شارەزایانی یارساندا کەمێک جیاوازە لەو مەقامەی لای عەرەب، تورک، ئاسیایی، باشور و خورهەڵات هەیە. ئاواز و گۆرانی وامان هەیە کە لە لایەن کەسانی خاوەن فەڕی خودایی یان ئەوەی پێی دەگوترێت زات، لە خەڵوەتی خۆیاندا ژەنیویانە. وەک مەقامێک کە بە مەقامی شێخ ئەمیری موسڵی کە کەسایەتییەکی عارف و ناسراوی کوردە، هەروەها بابا فەقیە لە مەقامەکانی تەنبووری سەردەمی شا خۆشین و…
مەقام چۆن باس کراوە و چ کەسانێک دەتوانن مەقام دانێن؟
ئیلهامی: هەر مەقامێک لە دەورە و کاتێکی تایبەت و دیاریکراودا باس کراوە، زۆربەی مەقامەکان گێڕانەوەیەکی تایبەت لە پشتیانەوە هەیە. لە کۆندا کەسانێک مەقامی تەنبووریان ژەندووە کە خۆیان سەرچاوەی داهێنانی مەقامەکە بوون و پێیان دەوتن گێڕەرەوە. لە کۆتا گێڕەرەوەکان مامۆستا شا ئیبراهیم لە شاری سەحنە، مامۆستا تاهیر یاروەیسی لە ناوچەی گۆران و سەید حەسەنخان بەیگی لە لەکستان بوون. گێڕەرەوە بە واتای ئەوەیە کە کەسێک مەقامەکان نزیک لە ڕاستییەوە پێشکەش دەکات و دەیژەنێت. ئەو بەبێ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا، بەڵکو سینە بە سینە ئەم مۆسیقایەی وەرگرتووە بەبێ بەکارهێنانی نۆتە و تەکنیک و تۆمارکردنی دەنگ. لێرەدا بە وتەی لێکۆڵەرانی مۆسیقا یەکێک لە هۆکارەکانی ناونانی ڕمز و سر بۆ مۆسیقاکانی عیرفانی، هەر ئەم گواستەنەوەی سینە بە سینەیه بووە .فێربوونی ئەم مەقاماتانە و ئەم تایبەتمەندییانە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری جۆراوجۆر لە گۆرانیدا، چونکە هەر کەسێک لەگەڵ هەست و سۆزی خۆی و لە دۆخێکی هاوشێوەدا پێشکەشی دەکات و دەیژەنێت.
لەڕاستیدا ئەمڕۆ گێڕەرەوەی مەقاممان نییە، تەنیا گوێزەرەوە و مەقامزان و بێژەری مەقاممان هەیە.
دەتوانن بۆمان ڕوون بکەنەوە کە مەقام چۆن و بۆ چەند بەش دابەش دەکرێت؟
ئیلهامی: دەتوانین مەقام دابەش بکەین بۆ چەند بەشێک وەک حەقانی، کۆن، مەجازین و هەندێک لە بەشەکانی زکری بە ناوی کەسانی دروستەکەری سەردەم، کە هەندێک جار بە هەڵە لەگەڵ مەقاماتی حەقانی تێکەڵ دەکرێ. مەقامی حەقانی: ئەو مەقامانەن کە لە جەمخانەکانی پەیڕەوانی یارسان بۆ زیکر و عیبادەت و مراقەبە و میدیتەیشن دەژەنرێت. ئەم مەقامانە زیاتر ڕەگوڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی هەورامان بەتایبەتی ناوچەی پردیوەر.
لەڕاستیدا مەقاماتی حەقانی لەسەر ئەساسی پردیوەر دابەش دەکرێت مەقامەکانی پردیوەر (پێش-پردیوەر و دوای-پردیوەر) هەمان سەردەمی دەرکەوتنی سوڵتان ئیسحاق، یانی سەدەی حەوتەمی هیجرییە، مقامەکانی وەک: ڕژیان داڵاهو، سەرخێوی عابدینی …
مەقاماتی پێش-پردیوەریش وەک: بابا جەلیلی، بابا سەرهەنگی و شا خوشینی…
مەقاماتی دوای-پردیوەریش وەک: شێخ ئەمیری، ئاتەشبەگی و مەقامی تەنبوور…
هەروەها مەقاماتی کۆن و مەجلیسی، مەقاماتێک کە ڕەگوڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئێرانی کۆن، لەوانە مەقاماتی شێوازی ڕۆستەم، بارییه، نکیسا و سەرتەرز. هەروەها مەقاماتی مەجازیش کە مەقامگەلێکن تەرجومەی رپرتواری کوردی یان دەتوانین بڵێین تەفسیری سڕنا و شمشاڵ لەسەر تەنبوورە، لەوانە خان ئەمیری یان سوارسوار کە بەشێکن لە رپرتوار موسیقای کوردی و فۆلکلۆر، بەڵام دروستکراوانی سەردەمی نوێی مەقامات، مەقامگەلێکن کە لە ١٥٠ ساڵی ئەم دواییانە بۆ پاڕانەوە و زیکر دروست کراون وەک زمزمە، زینت و هی یارانی شکر، یارسان و شامان و…
سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی جوگرافیایی تەنبوورەوە ڕوونکردنەوە بفەرموون.
ئیلهامی: هەر وەک دەزانن تەنبوور لە لۆڕستانەوە سەرهەڵدەدات و لە پردیوەر دەگاتە لوتکەی خۆی، بەڵام لە هەورامانەوە بۆ شارەکانی سەحنە و ناوچەی گۆراننشین و لەک-زمانەکان و تورکمانستان لە لایەن شوێنکەوتوانی سوڵتان ئیسحاقەوە، وەک باوا یادگار بۆ داڵاهۆ و پیر فەتح علی سحنەیی بۆ سەحنە بڵاو دەبێتەوە.
سەبارەت بەو ناوچەیەی کە زمانیان لەکییە، لە ناو خەڵکانی ئاتیشبەیگی لە دولفان و دروستکەرانی، لە لایەن کەسایەتییە کۆنەکانی ئەم بنەماڵانەوە مەقامەکانی لەکستان پارێزراون و هەڵگیراون. لە ناوچەی تورک-زمانەکانیش، لەوانە هەمەدان و تەبرێز، لە لایەن گەورەکانیانەوە وەک قوچی ئوغلی لە تەبریز و قەلەندەر لە هەمەدانەوە پارێزراون.
دەتوانن باسێکی بەرهەمەکانتان بکەن، مامۆستا خاوەنی چەند بەرهەمە؟
ئیلهامی: ئەلبوومی (دەرفش کاویانی) بە دەنگی مامۆستا شەهرامی نازری کە لە ساڵی ٢٠١٥دا بڵاو بووەوە، هەروەها شاهنامەی کوردی کە لە ساڵی ٢٠٠٩دا لەگەڵ مامۆستا شەهرامی نازری تۆمارم کردووە بەڵام تا ئێستە بڵاوم نەکردووەتەوە، هیوادارم بەرهەمهێنەرێک کە لە بیری کەلتوور و فەرهەنگی کورد و شاهنامەی کوردیدا بێت، بدۆزمەوە تا بتوانم ئەم بەرهەمەش بڵاو بکەمەوە. ئەم بەرهەمە ٩٠ خولەکە و پێک دێت لە ٢٤ مەقام لە مەقاماتی تەنبوور، کە مامۆستا شەهرامی نازری بە ئاوازی حماسی تایبەت بە خۆی ئەم بەرهەمەی بە شێوازی گۆرانی گوتووە.
ئەلبوومی (ئینسانم ئەرزوست) کە لە وڵاتی ئەمریکا بڵاو کراوەتەوە و خاتوو غەزالە فەیلینەژاد گۆرانییەکەی وتووە کە سەرجەم هۆنراوەکانی ئەم بەرهەمە هۆنراوەی مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی لە خۆ دەگرێت.
هەزار تەنبور کە لە ساڵی ٢٠١٨ بڵاو کراوەتەوە بەرهەمی پانزە ساڵ لێکۆڵینەوەی بەندەیە لەسەر مەقاماتی چوار بەش تەنبور پێک دێت.
ئەلبوومی (عیشقنامە) کە جێبەجێکردنی مەقاماتی تەنبوورە و پێویستی بە ئۆرکێسترای گەورەیە کە بە هۆی هەندێک کێشەوە لە ئێستادا بڵاو نەبووەتەوە.
هەروەها (ئای عیشق) لە هۆنراوەکانی ئەحمەد شاملوە، ئەویش بە هۆی هاتنی ڤایرۆسی کرۆناوە بڵاوبوونەوەی دواکەوت.
دیکۆمێنتاری تەنبوور کە پێک دێت لە مێژووچکەی تەنبوور تا سەردەمی نوێ، هەروەها کتێبەکانی تەنبووری سەرەتایی، ناوەندی، کتێبی تەنبووری یارسان کە لە ئێستادا لە ژێر وردبینی و نووسین و دیزاینکردندایه.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.