26/04/2024
DidiMn Logo
Top

ئۆركێسترای ماڵی موزیك: په‌یوه‌ندی نێوان بتهۆڤن موزیكژه‌نه‌كانی هاوڕێی

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ئینته‌رلود
له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: چرۆ عیزه‌ت

لەگەڵ ھەژماركردنی ”لەدویگ ڤان بیتھۆڤن” بە یەكێك لە بونیادنەر و پایەكانی موزیك؛ ئەوەمان لەبیر كردووە كە ئەم موزیكژه‌نه‌، بە كۆمەڵێك ئاوازدانەر و موزیكژەنی شارەزا و لێھاتوو دەوره‌ دراوە، كە ھەریەكەیان لەپێناو گوێگرەكانیاندا لە كێبڕكێدان. وەك دەزانین؛ بتھۆڤن یەكێك بووە لەو ئاوازدانه‌ره‌ سەرسەختانەی كە لەگەڵ سەردەمەكەیشیدا ھەڵكردن لەگەڵیدا كارێكی سەخت بووە، پەیوەندییە پیشەگەرانەكانیشی لەگەڵ ئاوازدانەرەكانی دیكەدا، زیاتر پەیوەندییەكی سەخت و ناحەزانە بوون.

بەدڵنیاییەوە گرنگترین پەیوەندی لە ڕۆژە زووەكانی ژیانی بیتھۆڤندا، پەیوەندییەكەی بوو وەكو خوێندكار لەگەڵ ”جۆزێف ھایدن”ی مامۆستایدا. بیتھۆڤن لە تشرینی دووەمی ساڵی (١٧٩٢)ەوە دەست دەكات بە وەرگرتنی وانەكانی لە ”ھایدن” و ھەر زوو بێزاری دایدەگرێت.

ھایدن توانایەكی زۆری لە دانانی ئاواز و پێكھاتەكانیدا ھەبوو، تا ڕادەیەكیش ئاگاداری پێویستییەكانی خوێندكارە لاوەكەی نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا ھایدن لە ساڵی (١٧٩٤)دا ڤییەنا بەجێ دەھێڵێت لەپێناو دووەم گەشتیدا بەرەو لەندەن دەكەوێتە ڕێ. دوای نزیكەی ساڵ و نیوێك دەگەڕێتەوە. كاتێكیش لە ئابی ساڵی (١٧٩٥)دا، بتھۆڤن ئاوازە نوێیەكەی بەرگوێی بیسەران خست؛ كە (Piano Trios Opus 1) بوو. ھایدن یەكێك بوو لە میوانە بانگھێشكراو و جێ ڕێزەكانی ئەو پێرفۆڕمانسە.

ھایدن، تەنھا پێشنیاری ئەوەی نەكرد كە ئەم موزیكیە پێویستە كاری زیاتری لەسەر بكرێت، بەڵكو ڕەخنەی ئەوەیشی گرت كە دەبوو بتھۆڤن بڕگەی ”خوێندكاری ھایدن”ی بۆ زیاد بكات و لەژێر ناوی مامۆستاكەیدا پێشكەشی بكات، بیتھۆڤن تووشی شۆك و تۆقین بوو، ھەرگیز ئەو ڕەخنەیەی ھایدنی لەبیر نەكرد.

هایدن و بتهۆڤن

لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییەكەیان ھیچ دووبەرەكی و ناكۆكییەكی دیاری تێنەكەوت، كاتێك بیتھۆڤن لە ئاھەنگی حەفتاوشەشەمین ساڵیادی لەدایكبوونی ھایدندا، پارچە میوزیكی دواتری خۆی كە سۆناتای سێیەمی پیانۆ (Opus 1) بوو پێشكەشی مامۆستاكەی دەكات، (دەگووترێت بیتھۆڤن لە بەردەم مامۆستاكەیدا كەوتووەتە سەر ئەژنۆ، بە پەرۆشەوە دەست و نێوچەوانی مامۆستا بەتەمەنەكەی ماچ كردووە.)

ئەم چیرۆكە ڕاست بێت یاخوود نا، ئێمە ئێستا ئەوە دەزانین كە بیتھۆڤن ھەمیشە بە ڕێزەوە ئاماژەی بۆ مامۆستاكەی كردووە و باسی كردووە.

لە كاتێكدا كە دەكرێت پەیوەندی نێوان بیتھۆڤن و ھایدن بە پەیوەندییەكی پیشەگەرانە و گیانی بە گیانی ھەژمار بكرێت؛ پەیوەندیی لەگەڵ ”یۆھان نیپۆموك ھومێڵ”ی لێھاتوو، خوێندكارەكەی پێشووتری ”مۆزارت”دا پەیوەندییەكی كەمتر باش و كراوە بوو. لە لایەكەوە چونكە ”ھومێڵ”یش لەپاڵ بیھۆڤندا، بە یەكێك لە باشترین موزیكژەنەكانی كاتی خۆیان دادەنرا. ھەروەھا چونكە ھەردووكیان لە بابەتی ڕۆمانسییەتدا ھاوشان و ڕكابەری یەكدی بوون؛ ھەردووكیان عاشقی ھەمان ئافرەت بوون كە ”ئیلیزابێث ڕۆكێڵ”ی گۆرانیبێژ بوو. (ھەموشمان دەزانین كە ھومێڵ بەسەر بیتھۆڤندا سەركەوتوو بوو؛ لەبەر ئەوەی ھومێڵ ناوبانگ و كاری ھەبوو، ھەروەھا توانای بیستنیشی باش بوو.)

یۆھان نیپۆموك ھومێڵ

چیرۆكی یەكەم چاوپێكەوتنی كاری بیتھۆڤن و ھومێڵ لە (ژیاننامەی بیتھۆڤن)ی ”شیندڵەر”دا سەرنجڕاكێشانە باس كراوە. بەشێكی بۆ باسكردنی ناكۆكی و شكستی پەیوەندیی نێوان دوو موزیكژەنەكە، تەرخان كراوە.

ساڵی (١٨١٠) بیتھۆڤن بەرەو Eisenstadt گەشت دەكات، بۆ یەكەم پێشكەشكردنی (Mass in C, Op.86 كە لە لایەن میر ”نیكۆلاسی دووەمی ئیستەرھاز”ەوە بۆ ڕۆژی ناونانی شاژنە ”ماری ھێرمێنگلید”ی ھاوژینی داواكرابوو، پێشكەشكردنی پارچە موزیككە بە باشی بەڕێوە نەچوو، ھەربۆیەش میرەكە ڕقێك لە بیتھۆڤن ھەڵدەگرێت و بە سووكایەتیپێكردنی لە پێگەی موزیكژەنەكە كەم دەكاتەوە.

ھومێڵ بە ئاشكرا كە لە تەنیشتەوە ڕاوەستابوو؛ لە ناخی دڵییەوە بە قسە و گوفتارەكانی میرەكە پێدەكەنێت، ھەمیشە زۆر ھەستیار دەبوو كاتێك شتێكی لەو جۆرە سەبارەت بە میوزیكەكانی ڕووی دەدا؛ ھەربۆیە بیتھۆڤن دەستبەجێ Eisenstadt بەجێ دەھێڵێت و چەندین ساڵ بە سەختییەوە كار دەكات. بەردەوام دژایەتی و نەگونجانەكانیان زیادی دەكرد؛ كاتێك ھومێڵ سەمفۆنیاكانی بیتھۆڤنی بەڕێوە دەبرد، بیتھۆڤن ئامانجی سەرەكیی بوو. بەڵام لە كۆتاییدا ئەم دژایەتی و نەیارییەی لەگەڵ ھومێڵدا كەمێك كەم كردەوە.

ھومێڵ ھەتاكو ساڵی (١٨٢٧) جارێكی دیكە بیتھۆڤنی نەبینییەوە، لەو ساڵەدا لە ڤییەنا سەردانی ڕكابەرە نەخۆشەكەی كرد، بیتھۆڤن بە بینینی ھومێڵ بە شێوەیەكی بەرچاو زۆر دڵخۆش بوو، ھومێڵیش بە نەخۆشییەكەی بیتھۆڤن زۆر كاریگەر بوو، لە كاتێكدا لەسەر پێخەفی مەرگ بوو سێ جاری دیكەش سەردانی كرد.

پەیوەندیی نێوان ”جیۆكینۆ ڕۆسینی” و ”لەدویگ ڤان بیتھۆڤن” یەكێك بوو لەو پەیوەندییانەی لە سەرەتای سەدەی نۆزدەھەمدا، زۆرترین قسە و باسی لەسەر كراوە؛ كە ھەردوو موزیكژەنەكەش ھەمان ڕەوت و شێوازی موزیكیان گرتبووە بەر. لە تاكە چاوپێكەوتنی نێوانیاندا لە ساڵی (١٨٢٢) و لە ڤییەنادا، بیتھۆڤن پەیوەندییەكی گیانی بە گیانی بەرامبەر ”ڕۆسینی” پیشان دا.

ڕۆسینی لەو بارەیەوە گووتی؛ لە ڤییەنا بۆ یەكەمین جار ئامادە و گوێگری یەكێك لە سەمفۆنیاكانی بووم، سەمفۆنیای (Eroica) ئەو موزیكیە بەسەرمدا زاڵ بوو، تاكە بیرێك لە مێشكمدا بوو ئەوە بوو، كە بلیمەتێكی وەھا مەزن بناسم و جارێك بیبینم، سەبارەت بەم بابەتەش لەگەڵ ”سالێری”دا قسەم كرد، كە دەمزانی لەگەڵ بیتھۆڤندا دۆستایەتی و ھاوڕێیەتیی ھەیە.

بەسەر پلیكانەكاندا سەركەوتم كە بەرەو ژوورۆچكەیەك دەچوو، لەو ژوورۆچكەیەدا ئەم پیاوە مەزنە دانیشتبوو، بە دڵنیاییەوە كارێكی سەخت بوو ھەستەكییانە كۆنتڕۆڵ بكرێت، كاتێك دەرگاكە كرایەوە خۆمم لە ھەورەبانێكی پیس و ترسناك و پەرشوبڵاودا بینییەوە، لە سەرووی ھەموویانەوە بنمیچەكەم بیر دێتەوە، ڕاستەوخۆ لە ژێر سەربانەكەوە ھەموو درز و كەلێن بوون كە لە ڕێگەیانەوە باران دڵۆپە و دزەی دەكرد. خەمبارییەكی پێناسەنەكراو لە ڕووخسارییەوە بەدی دەكرا، لە كاتێكدا لە ژێر برۆ ئەستوور و پڕەكانییەوە؛ وەك ئەوەی ئەشكەوتێكی قووڵ بن، چاوەكانی ئەگەرچی بچووكیش بوون سەرسام و نیگاتیژ دەردەكەوتن، دەنگی خۆش و ئارام و بوو كەمێك بەرزونزمیشی تێدا بوو.

كاتێك چووینە ژوورەوە بەبێ ئەوەی بە خۆمان بزانین، بۆ چەند ساتێك بەسەر پەڕەیەكی موزیكدا چەماینەوە؛ لە كاتێكدا لە ڕاستكردنەوەی پێكھاتەكانی دەبووەوە، پاشان سەری ھەڵبڕی و بە ئیتاڵییەكی پچڕپچڕ كە دەكرا وشەكانی بگەیەنێت، كتوپڕ بە منی گووت: ”ئۆو، ڕۆسینی، تۆ نووسەری (The Barber Of Seville)یت؟ زۆر ستایشت دەكەم، ئۆپێرایەكی زۆر نایاب بوو، من خۆم بە خۆشحاڵییەوە خوێندمەوە و چێژم لێ بینی، لە كاتێكدا ئۆپێرایەكی ئیتاڵیی ھەیە دەبێت پێشكەش بكرێت، جگە لە ئۆپێرای جێكەنین ھیچ جۆرێكی دیكە تاقی مەكەرەوە. بۆ ئەوەی بتەوێت لە شێوازێكی دیكەدا سەركەوتوو بیت، پێویستە ڕووبەڕووی سرووشتت ببیتەوە.” ئەمە بە شێوەیەكی ئازاردەرانە لەوە وریای كردمەوە كە بیتھۆڤن چۆن لە كەڕییەكەی نزیك بووەتەوە.

بیتھۆڤن بە ڕێزەوە بە ھاوڕێكەی گووت ”ڕۆسینی” ئاوازدانەرێكی لێھاتوو و شارەزایە، موزیككانی لەگەڵ ڕۆحییەت و ھەستەكی سەردەمدا گونجاون، بەرھەمەكانیشی بە جۆرێكن چەند ھەفتەیەكیان بۆ نووسینی ئۆپێراكانی پێویستە، ھەر وەكو چۆن ئەڵمانییەكان چەندین ساڵیان پێویست بوو. سەرەڕای ھەموو ئەمانەش؛ بیتھۆڤن چاوچنۆكانە چاوی بڕیبووە ناو و ناوبانگی ڕۆسینی و ھەرگیز لەگەڵ ئەو ڕاستییەدا ھەڵی نەدەكرد كە گوێگرانی ڤییەنا بە ئاوازەكانی ڕۆسینی كارتێكراو و كاریگەر بوون.

ئێوارەیەكی ساڵی (١٨١٧) ئاوازدانەری ئینگلیزی ”كیپریانی پۆتەر” لەگەڵ بیتھۆڤندا بەنێو دارستاندا پیاسەیەك دەكەن، پۆتەر بە مەراقەوە لە بیتھۆڤن دەپرسێت: جگە لە خۆت كێ بە گەورەترین ئاوازدانەری زیندوو دادەنێیت؟ لە كاتێكدا بیتھۆڤن لە سەرەتادا بەم پرسیارە ڕاچڵەكی؛ لە دواییدا بە ”چیروبینی” وەڵامی ئەو ڕاچڵەكینەی دەداتەوە.

چیروبینی

بیتھۆڤن ھەمیشە ڕێزێكی زۆری لە ”چیروبینی” گرتووە، ساڵی (١٨٢٣) خودی خۆی لە نامەیەكدا بۆی دەنووسێت: ”ھەر كاتێك گوێبیستی كارێكی نوێت دەبم دڵخۆش دەبم، ھەستێكی ھێندە مەزنم ھەیە وەك ئەو ھەستەی بۆ كارەكانی خۆمم ھەیە، بە كورتی؛ خۆشمدەوێیت و جێی ڕێزیت لای من.” بیتھۆڤن بە ”پێشەنگی ئاوازدانەرە دراماتیكییەكانی ئەوروپا” ناوی دەبات. ھەروەھا داوای كرد  (Requiem in C minor)ەكەی چیروبینی لە پرسەكەیدا پێشكەش بكرێت.

لە لایەكی دیكەوە، چیروبینی ھێندە سەرسام نەبوو بە بیتھۆڤن، یەكەم جاریش كە ئامادەی پێرفۆڕمانسێكی بیتھۆڤن بووبێت لە ئۆپێرای (Fidelio) بوو، كە قایلیش بوو پێی، ھەروەھا شێوازی پیانۆكەی بیتھۆڤن بە سەخت و ناڕێك ناو دەبات و خودی موزیكژەنەكە بە كەسێكی قسەڕەق و نەویستراو ناو دەبات.

پەرۆشیی بیتھۆڤن بۆ چیروبینی، تەنھا بە ھۆی موزیكوە نەبوو، بەڵكو بە ئاشكرا ھۆكارێكی سیاسیشی لە پشتەوە بوو، بیتھۆڤنیش وەكو ھەر كەسێكی دیكەی خەڵكی ڤییەنا سەرسامی ڕەوانبێژیی مامۆستا و ڕابەری ئۆپێراكانی شۆڕشگێڕی فەڕەنسا بوو، بە ڕیالیزمی ھاوچەرخ و پلۆتە كارا و كاریگەرەكانیان دڵخۆش بوو، ھەروەھا بە سەمفۆنیای (Eroica) سەمفۆنیای ڕامیاری و سیاسیی خۆی ناساند.

هاوبەشی بکە

bethoven, Music, Musician, Orchestra,