03/05/2024
DidiMn Logo
Top

نەخۆشێک لەنێو گیرفانمە…

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

نووسینی: ڕێزان فەتاح

لە پاسەکە دابەزیم، لەگەڵ دابەزینی من سەرنشینەکان پێکڕا ئاوڕیان دایەوە! وەک ئەوەی دەمێک بێ سەیری من بکەن و منیش ئاگادار نەبووبم، گوێم پێ نەدا. ڕۆیشتم و خۆم گەیاندە بەردەم دوکانەکە، تا ئەوەی بۆی ڕاسپێردرابووم، بیزانم. پرسیارم کرد، گوتیان: ناونیشانەکەت هەڵەیە، گوتم ئاخر…؟ دووبارە گوتیان: ناونیشانەکەت هەڵەیە. قسەیەک لە من و یەکێک لەوان، بووە دەمەقاڵێ و شەڕ و هەڵڵا…

ئەوێم جێهێشت و گەڕامەوە سەر جادەکە، دەڕۆم و ناشزانم بەرەو کوێ! ئەگەرچی ناونیشانێکم لە گیرفانە… جارجارەیش لۆمەی خۆم دەکەم و دەڵێم: بەدبەخت، ئەو هەموو قیڕەقیرەت لەچییە؟ ئەگەر بەم شێوەیە بیت خۆت لەدەست دەدەیت، دەبیتە کەسێکی ڕقاوی! لەبەر خۆمەوە دەڵێم:پێدەچێ هی ئەو عیلاجانە بێ کە دکتۆر بۆی داناوم،بەڵام ئەوەی گوتم تەنها بۆ دڵدانەوەی خۆم بوو، دەنا لەوەتەی فامم کردووەتەوە ئاشنای ئەو جۆرە دەرمانانەم.

هەموو شتێک لەوەوە دەستی پێ کرد، بەڵێ ئەو هەموو ڕووداوانە لەوەوە دەستی پێ کرد، کاتێک ئەو پارچە کاغەزەیان پێ دام، پێشتر قەت پێم وا نەبووە پارچە کاغەزێکی بچووک بتوانێت ژیانی کەسێک سەراوژێر بکات. بۆ ئەوەی بگەمە ئەم ناونیشانە، لە هەموو شوێنێک بە دوای سەرەداوێک دەگەڕێم، هەر ئەمەیشە وای کردووە سەر بە هەندێک شوێندا بکەم کە هەرگیز بە خەیاڵمدا نەهاتووە ڕۆژێک بڕۆم بۆ ئەم شوێنە. بەردەوام دەگەڕێم، دەگەڕێم و دەگەڕێم… چونکە هیچ سەرەنجامێک نییە، بۆیە هەمیشە یەک جۆر وەڵامم چنگ دەکەوێت. نازانم و بۆشم لێک نادرێتەوە هەڵەکە لە کوێدایە، لە گەڕانی بێکۆتام، یان لەو شوێنانەی بۆی دەڕۆم، یانیش لەو دەستوخەتەی کاغەزەکەی پێ نووسراوە؟ تا دێ من توڕە و دڕدۆنگتر دەبم، گەڕان و دۆزینەوەش سەخت تر، وەک شێت بە ڕێدا دەڕۆم و دادەنیشم و دەکەوم! هەموو زەین و بیرکردنەوەم بووەتە ئەم پارچە کاغەزە. کوچە بە کوچە دەگەڕێم، ئەم گەڕانە بە ڕادەیەک کپی کردووم، تەواوی قسەکانم ئەم چەند وشەیەیە: ئەرێ بێ زەحمەت…؟ هەموو وەڵامەکانیش یەک جۆرە: ناونیشانەکەت هەڵەیە.

لەسەر شۆستەیەک دادەنیشم، پەنجەی دۆشاومژەم دەخەمە ناو کونەگوێم، نامەوێ گوێم لە هیچ دەنگێک بێ، چونکە نزمترین دەنگ پەست و بێزارم دەکا. خۆم بە ژماردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بە بەردەممدا تێدەپەڕن سەرقاڵ دەکەم، بیر لەوەیش دەکەمەوە، ئۆتۆمبێلەکان بە سەرنشین و شۆفێرەکانەوە لە مەکینە بدەم، تێکەڵەی ئامێر و مرۆڤ، ئەوکات بوونەوەرێکی لێ ساز بکەم بە دڵی خۆم، بزە دەکەم و دەڵێم: خۆ ئێستاش مرۆڤ هەر ئامێرە، ئامێرێکی قسەکەر و گوکەر.

ئەو کاتەی خۆم بە ژماردنی ئۆتۆمبێلەکان سەرقاڵ کردبوو، یەکێک بە نووکی پێڵاوەکانی ئاگاداری کردمەوە، هێی تۆ ئەوە چی دەکەی لێرە! لەگەڵ منتە؟ ئا، تۆ، نازانی دانیشتن لەسەر ئەم شۆستەیە قەدەغەیە؟ مەگەر کوێری ئەم هێمایە نابینی! خۆشم نازانم چۆن بوو بێ ئەوەی بە ڕوویدا هاوار بکەم، پێکەنیم و ئەوێم جێهێشت. دەمێک بوو هێندە پێنەکەنیبووم، قاقام لێدا… لەبەر خۆمەوە دەڵێم: قەدەغە! قەدەغە، قـ ە د ە غغغغە، چەند ترسناکە!

ئارەقە لە ڕووم دەتکێ، بەر لەوەی بپەڕمەوە ئەوبەر، لە سۆندەی باخچەی سەر شۆستەکە دەموچاوم دەشۆم. دەڕۆمە دوکانێک چەند جامێکی پەنجەرەی پێشەوەی شکاوە، هەرچەند پێشم وایە دوورە لەو ناونیشانەی لە گیرفانمە، بەڵام سوورم لەسەر ئەوەی بپرسم. پرسیم و هەمان وەڵامیان دامەوە:”ناونیشانەکەت هەڵەیە”ئێ ئاخر بۆ دەبێ هەڵە بێ؟ دیاربوو کڕیارێک منی بەو حاڵە بینی بەزەیی پێمدا هاتەوە، بە نیگەرانیی و کەمێک ترسەوە لێم نزیک بووەوە، پرسی: بە دوای چیدا دەگەڕێی؟ گوتم: ئائەمە، کە کاغەزەکەم نیشاندا دەمی داچەقی، دەتگوت ئاوی ساردی پێدا کراوە، بۆ دواوە کشایەوە، بێ ئەوەی هیچ وشەیەکی تر بڵێت دوور کەوتەوە! بەدەست خۆم نەبوو ئەم جارە وەکو کوورە دەسوتام، بە ڕووی دوکاندارەکەدا هەڵشاخام، خەڵک کەوتە نێوانمان، ئەوجاریش بەحاڵ بۆی دەرچووم و نەمدۆزییەوە.

گەڕامەوە گۆڕەپانی پاسەکان… پاسێکی ژەنگاویی پڕ نەفەر تێپەڕی، هیچ کوشنێکی بەتاڵ نییە، لە دواوەی نوسراوە ”…………….” لەبەر خۆمەوە دەڵیم: بڕۆن بۆ دۆزەخ، ئەوەی تەنیشتم دەڵێت لەگەڵ منت بوو؟ نا کاکە تۆی چی، تۆ چ سەروبچمێکی تا لەگەڵ تۆم بێ؟ بۆکسێک لە حەواوە بۆ ناودەمم، دیسان شەڕ و دەمەقاڵێ! من ئاگر لە چاوم دەبارێ و بێئۆقرەم، لەسەر کورسیی چاوەڕوانی هەڵدەستم، گورج دێم و دەچم، پاسێکی تر دێت و ئەویش پڕ نەفەر، پاسێکی تر و یەکێکی تر و یەکێکی تریش، دەڵێم بڕۆن بۆ دۆزەخ. دواجار پاسێک دێت زۆرینەی سەرنشینەکانی ژنن، منگەمنگم دێ و دەڵێم: ئەگەر یەکی فیشەکێک بنێی بە ناوچەوانی ئەم ژنانەوە، ڕەنگە دونیا ئیسراحەت بکات! ئەوێم جێهێشت و ڕۆیشتمە بەردەم دوکانێکی تر و هەمان وەڵام… شوێنێکی تریش، هەمان وەڵام… یەکێکی تر و یەکێکی تر و یەکێکی تریش… هەمان وەڵام.

دەڵێم نازانم بۆ هەر لە خۆمەوە ڕقم لە هەموو شتێک دەبێتەوە؟ نا، هیچ لە خۆوە نییە، هەر کەس لە جێی من بێ ئێستا ئێسکوپروسکیشی نەمابوو، هەر دەڵێی شتێکم بزر کردووە، ڕاستیی مرۆڤەکان یان شتێکیان ون کردووە یان خۆیان! ئەگەر وا نەبێت بۆ من ئەوهام؟ هەمووی بە هۆی ئەو پارچە کاغەزە نەفرەتییەوەیە، خەڵکی بۆ لەم دێڕەی سەر ئەم کاغەزە ڕادەکەن، بۆ تۆقیون! تەنانەت بە تەواویش نایخوێننەوە!

یازدە ساڵان بووم، کاتێک دکتۆر بە باوکمی گوت، حەب و دەرمان دەرەقەتی دەردی ئەو منداڵە نایەت، ئەم منداڵە…!

هەست دەکەم لەناو چاڵێک گیرم خواردووە، ڕزگاربوونیش تەنیا دۆزینەوەی ناونیشانەکەی سەر ئەم کاغەزەیە، بۆ هیچ کەس ئەو ناونیشانە نازانێ؟ هەڵەیە، سوێند دەخۆم ئەو خۆی بە دەستی خۆی ئەم کاغەزەی پێ دام. چۆن دەکرێ هەڵە بێ، کەس هەیە ناونیشانی خۆی بە هەڵە بنوسێ!

هاوبەشی بکە

DidiMnStory,