ده‌زگای چاپ و په‌خشی “سه‌رده‌م” داوا له‌و نووسه‌رانه ده‌كات كه ده‌یانه‌وێت به‌رهه‌مه‌کانیان له ڕێگه‌ی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌مه‌وه، یان لە ماڵپەڕەکە بڵاو بکه‌نه‌وه، پێڕه‌وی له‌ڕێنووسی یه‌كگرتووی كوردی بكه‌ن كه ده‌زگاكه ئاماده‌ی كردووه. ڕێنووسه‌كه ڕێنووسی په‌سه‌ندکراوی ئه‌و سیمینار و کۆبوونه‌وانه‌یه که له کاتی خۆیدا له هه‌ولێر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بڕیاریان له‌سه‌ر درابوو (جگه له یه‌ک دوو ده‌سکاریی بچووک).
یه‌که‌م: گیروگرفتی پیتی (و).
نیشانه‌ی (و) له زمانی کوردی‌دا به‌م شێوانه‌ی خواره‌وه ده‌نووسرێت:
١- پیتی (و)ی کورت، واته (و)ی بزوێنی کورت (و: u)
بۆ نموونه: کورد. کورت. کوشت.
٢- پیتی (وو)ی درێژ، واته (وو)ی بزوێنی درێژ (وو: u)
بۆ نموونه: سوور. چوو. دوو.
٣- پیتی (و)ی کۆنسۆنانت (نه‌بزوێن)، واته (و: w)
بۆ نموونه: ئاوایی. وه‌ره. هاوار.
٤- پیتی (ۆ)ی کراوه، واته (ۆ: o)
بۆ نموونه: دۆڵ. گۆڕ، نۆ.
دووه‌م: گیروگرفتی پیتی (و)ی سه‌ره‌تای وشه.
هه‌ر وشه‌یه‌ک به پیتی (و) ده‌ست پێ بکات به یه‌ک (و) ده‌نووسرێت.
بۆ نموونه: وریا. وڵات. وشه. ورد.
سێیه‌م: گیروگرفتی پیتی (ی):
نیشانه‌ی (ی) له زمانی کوردی‌دا به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌یه:
پیتی (ی)ی بزوێن، واته (ی: i).
بۆ نموونه: زه‌وی- zewi، جوانی ، خۆشه‌ویستی ، کوردی، جیهانی
پیتی (ی)ی کۆنسۆنانت، واته (ی: y)
بۆ نموونه: یار- yar
* سهرنج١: پیتێکی (ی)ی بزوێنی فره کورت هه‌یه که له نووسینی کوردی له ئه‌لفوبێی لاتینیدا نیشانه‌ی (i)ی بۆ دانراوه وه‌ک له وشه‌کانی: من- min، کن- kin، ژن-jin. ئه‌م نیشانه‌یه له نووسینی کوردی‌دا به ئه‌لفوبێی عه‌ره‌بی نییه،
* سه‌رنج٢: نیشانه‌کانی (ی)ی بزوێن و (ی)ی کۆنسۆنانت، واته (i) و (y) له پیتی عه‌ره‌بیدا هه‌ردووکیان هه‌مان نیشانه‌ی (ی) یان هه‌یه، به‌ڵام له ڕاستیدا له یه‌کتر جیاوازن و له کاتی به‌دوای یه‌کترهاتنیاندا ده‌بێت هه‌ردووکیان بنووسرێن.
وه‌ک: نییه. چییه. دیارییه‌که. زه‌وییه‌که.
* سهرنج٣: له کاتی هاتنی سێ پیتی (ی) به‌دوای یه‌کتردا وه‌ک له وشه‌کانی (ئاواییه‌که‌مان..) (کۆتاییه‌کی…) (وه‌ستاییه‌کی..) (کۆتایی به کاره‌که هێنا..) هه‌ر به دوو (ی) ده‌نووسرێن.
چواره‌م: گیروگرفتی پیتی (ڕ)ی گران، واته (ڕ)ی نیشانه‌دار. ئه‌م پیته له هه‌ر کوێیه‌کی وشه‌دا هات ده‌بێت به نیشانه‌که‌یه‌وه بنووسرێت، واته له سه‌ره‌تا و ناوه‌ڕاست و کۆتایی وشه‌دا هه‌ر (ڕ)ی گرانی نیشانه‌داره.
وه‌ک: ڕۆژ. بڕیار. که‌ڕ.
پێنجه‌م: گیروگرفتی پیتی (و)ی به‌یه‌که‌وه‌به‌ستن (عطف):
پیتی (و)ی به‌یه‌که‌وه‌به‌ستن، به‌شێوه‌یه‌کی جیاواز له وشه‌ی خۆی و پاش خۆیه‌وه ده‌نووسرێت و مامه‌ڵه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت.
بۆ نموونه: من و تۆ. ئاره‌زوو و وریا.
* سه‌رنج: له هه‌ندێک وشه‌ی لێکدراودا پیتی (و)ی به‌یه‌که‌وه‌به‌ستن بووه به به‌شێک له هه‌ردوو وشه لێکدراوه‌که و به هه‌موویان وشه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆیان دروست کردووه.
وه‌ک: کاروبار. ده‌نگوباس. ئه‌لفوبێ. هاتوچۆ.
له‌م بارانه‌دا مامه‌ڵه‌ی سه‌ربه‌خۆ له‌گه‌ڵ پیتی (و)ی به‌یه‌که‌وه‌به‌ستندا ناکرێت و وشه‌که هه‌مووی به‌سه‌ریه‌که‌وه ده‌نووسرێت وه‌ک له نموونه‌کاندا پیشانمان دا.
شه‌شه‌م: وشه‌ی ناساده چ ناو بێت یان زاراوه، ده‌بێت به‌سه‌ریه‌که‌وه وه‌کو یه‌ک وشه بنووسرێن. وه‌ک:
ناو: چه‌مچه‌ماڵ. بێکه‌س. دڵشاد. زوورگه‌زراو. بێخاڵ. ناڵپارێز. میاندواو. کانیکه‌وه. سپیگره.
زاراوه: ڕێنووس. ڕێپێوان. ده‌سبه‌جێ. جێبه‌جێ. نیشتمانپه‌روه‌ر. ده‌ستنووس. ڕاسته‌وخۆ. یه‌کشه‌وه (مانگی یه‌کشه‌وه).
حه‌وته‌م: پیتی (ت) له کۆتایی کار (فرمان)دا ده‌شێ بنووسرێت و ده‌شێ نه‌نووسرێت.
وه‌ک: دێت و ده‌ڕوات (یان) دێ و ده‌ڕوا.
هه‌شته‌م: نیسبه‌ت له زمانی کوردی‌دا زۆربه‌ی جار به‌هۆی پیتی (ی) له کۆتایی ناودا ده‌کرێت.
وه‌ک: پێنجوێنی. هه‌ولێری. دهۆکی. شێخانی.
هه‌روه‌ها ئه‌م نموونانه‌ی خواره‌وه:
ئه‌حمه‌دئاوا: ئه‌حمه‌دئاوایی.
یارمجه: یارمجه‌یی.
تووزخورماتوو: تووزخورماتوویی.
شنۆ: شنۆیی.
ئاکرێ: ئاکرێیی (یان) ئاکره‌یی.
لادێ: لادێیی.
* سه‌ره‌نج: ئه‌و ناوانه‌ی خۆیان به پیتی (ی) ته‌واو ده‌بن، پێویست ناکات (ه)ی نیسبه‌تیان بخرێته پاڵ. وه‌ک:
سلێمانی: کامه‌ران سلێمانی
کانیماسی: حاجی حوسێن کانیماسی.
ئامێدی: ئازاد ئامێدی.
نۆیه‌م: هه‌ر وشه‌یه‌کی بیانی چ هاتبێته ناو زمانی کوردییه‌وه یان هه‌ر ناو و وشه‌یه‌کی تر که له نووسینی کوردی‌دا دێته پێشه‌وه به ڕێنووسی کوردی ده‌نووسرێت.
وه‌ک: قه‌ڵه‌م. ئه‌کبه‌ر. قاهیره. ئۆتۆمۆبێل. دۆستویڤسکی.
ده‌یه‌م: ئامرازی (تر، ترین) که بۆ به‌راورد به‌کاردێن ده‌بێت به وشه‌کانی پێش خۆیانه‌وه بلکێنرێن. وه‌ک:
جوان: جوانتر- جوانترین.
خاو: خاوتر- خاوترین.
* سه‌رنج: ئه‌م ئامرازه‌ی (تر) جیاوازه له وشه‌ی (تر) که به واته‌ی (دی، دیکه) دێت.
ئه‌مه‌ی دوایی ده‌بێت به جیاواز له وشه‌ی پێش خۆی بنوسرێت.
وه‌ک: ماڵێکی تر، چیی ترم ناوێ.
یازده‌یه‌م: جێناوی نیشانه‌ی وه‌ک: ئه‌م. ئه‌و. ئه‌ڤ.
ئه‌م جێناوانه ئه‌گه‌ر ئاوه‌ڵکاری (کات- یان- شوێن)یان به‌دوادا هات پێیانه‌وه ده‌لکێن و ده‌بن به یه‌ک وشه‌ی سه‌ربه‌خۆ.
وه‌ک؛ ئه‌مشه‌و. ئه‌مڕۆ. ئه‌ڤساڵ. ئه‌مجاره. ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ر. ئه‌ڤرۆ.
دوازده‌یه‌م: نیشانه‌کانی نه‌ناسراوی وه‌ک (..یه‌ک.. ێک.. هک) به‌م شێوه‌ی خواره‌وه ده‌چنه سه‌ر وشه‌کانی پێش خۆیان:
١- ئه‌گه‌ر وشه‌کان به پیته بزوێنه‌کانی (ا، ی، ه، ێ) ته‌واو بووبن، ئه‌وا نیشانه‌ی (..یه‌ک)یان ده‌خرێته پاڵ وه‌ک: چیا: چیایه‌ک.
زه‌وی: زه‌وییه‌ک.
دێ: دێیه‌ک.
٢- ئه‌گه‌ر وشه‌کان به پیته بزوێنی (وو)یان هه‌ر پیتێکی ده‌نگدار (نه‌بزوین: کۆنسۆنانت) ته‌واو بوون، ئه‌وا نیشانه‌ی (ێک- له کرمانجی خواروو) و نیشانه‌ی (هک- له کرمانجی سه‌روو)ی ده‌چێته سه‌ر. وه‌ک:
خانوو: خانووێک، خانووه‌ک.
گوند: گوندێک (کرمانجی خواروو)، گونده‌ک (کرمانجی سه‌روو).
ژن: ژنێک: (کرمانجی خواروو)، ژنه‌ک (کرمانجی سه‌روو).
سێزده‌یه‌م: گیروگرفتی پاشگره‌کانی (دا، ڕا، وهو، ه‌وه).
ئه‌م پاشگرانه به وشه‌کانی پێش خۆیانه‌وه ده‌لکێنرێن. وه‌ک:
دا: له دڵدا (هه‌ر برینێ له دڵدا هه‌یه ساڕێژی که‌ن). (خه‌مێکم له دڵدایه).
ڕا: له ئامێدیڕا (له وێڕا به‌پێ هاتووین). (له‌خۆڕا دڵی گۆڕاوه).
وه: له چوارچراوه (له‌وێوه هاتووین).
ه‌وه: به ماڵه‌وه (به ماڵه‌وه ڕۆیشتین).
* سه‌رنج: پاشگری (دا) جیایه له وشه‌ی (دا) که فرمانه و چاوگه‌که‌ی (دان)ه.
وه‌ک: تیرێکی له دڵی دا. تیرێکی له دڵی دام. ئه‌م (دا)یه‌ی فرمان به جیا ده‌نووسرێت.
چوارده‌یه‌م: گیروگرفتی پێشگره‌کانی (هه‌ڵ. دا. ڕا. وه‌ر. ده‌ر).
١- ئه‌م پێشگرانه کاتێک ده‌چنه سه‌ر چاوگ یان فرمان یان حاڵه‌تێکی تر پێیانه‌وه ده‌لکێن . وه‌ک:
* چاوگ:
هه‌ڵ: هه‌ڵکردن. هه‌ڵگرتن. هه‌ڵکورمان. هه‌ڵکێشان.
دا: دابڕان. داخستن. داڕمان. داکردن.
ڕا: ڕاگرتن. ڕاکێشان. ڕاپه‌ڕین.
وه‌ر: وه‌رگرتن. وه‌رسوڕان.
ده‌ر: ده‌رکردن. ده‌رهێنان.
* فرمان:
هه‌ڵ: هه‌ڵگره. هه‌ڵمه‌خه. هه‌ڵکشێ.
دا: دانێ. دامه‌بڕه.
ڕا: ڕاکێشه. ڕامه‌په‌ڕێنه.
وه‌ر: وه‌رگره. وه‌رسوڕێنه.
ده‌ر: ده‌ربێنه. ده‌رخه.
* حاڵه‌تی تر. وه‌ک:
هه‌ڵکشاو. هه‌ڵنه‌کشا. دانراو. ڕاپه‌ڕیو. ڕانه‌په‌ڕیو. وه‌رگرتوو. وه‌رگرته. ده‌رخراو. ده‌رکراو.
٢- ئه‌گه‌ر جێناوی لکاو که‌وته نێوان پێشگر و فرمانه‌که‌ی دوای خۆی ئه‌وا به‌یه‌که‌وه ده‌نووسرێن. وه‌ک:
هه‌ڵ: هه‌ڵمگرن. هه‌ڵیانکه‌ن. هه‌ڵمانکێشن. هه‌ڵمانمه‌واسن.
دا: داماننه‌نایه. دایانخه‌ن. دایبڕه.
ڕا: ڕایانده‌گرین. ڕامکێشه. ڕامپه‌ڕێنه. ڕاشیانپه‌ڕێنن.
وه‌ر؛ وه‌رمانگرتایه. وه‌رینه‌گریت. وه‌ریانسووڕێنه.
ده‌ر: ده‌ریانپه‌ڕاندین. ده‌ریخه.
پازده‌یه‌م: ئه‌گه‌ر وشه‌ی دووه‌م له دۆخی فرماندا بوو، به جیا ده‌نووسرێن:
ڕیک ده‌که‌وین. پێکیان هێناینه‌وه. پێک نه‌هاتین. یه‌کیان نه‌گرتووه. ده‌ستمان نه‌که‌وت.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر وشه‌ی دووه‌م له دۆخی چاوگ یان حاڵه‌تی تردا بوو، ئه‌وا هه‌ردوو وشه‌که به یه‌که‌وه ده‌لکێنرێن.
وه‌ک: ڕێککه‌وتن. پێکهاتن. یه‌کگرتن. ده‌سخستن. یه‌کگرتوو. ده‌سکه‌وتوو. پێکهاته.
شازده‌یه‌م: ئامرازی (ش)ی ته‌ئکید که‌وته هه‌ر شوێنێکی وشه‌وه ده‌بێت به به‌شێک له وشه‌که و نابێت به‌هۆی له‌تبوونی وشه‌که.
وه‌ک: بشته‌وێ ناتده‌مێ. نه‌شخۆیت. گوتی دێم… نه‌شهات. نه‌شمانگرتن. بشمانبه‌ن.
ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م
لەم لینکەوە دەچنە سەر پەڕەی تایبەت بە ڕێنووس، لە ماڵپەڕی فه‌رمی ده‌زگای سه‌رده‌م:
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.