دیدی من
د. فازیل جاف
نووسەری شانۆییی بەناوبانگی پۆڵۆنیا، سلاڤومێر لە پازدەی مانگی ئابـی ساڵی ٢٠١٣ کۆچی دواییی کرد. مرۆژێک لە تەمەنی هەشتاوسێ ساڵیدا لە شاری نیسـی وڵاتی فەڕەنسا بۆ یەكجاری ماڵئاوایی لە جیهان ولە شانۆی هاوچەرخ كرد.
مرۆژێک هێشتا لە هەڕەتی لاوییدا بوو، كە لە ساڵی 1963 پۆڵۆنیای بە نابەدڵ بەجێ هێشت و ڕووی لە هەندەران كرد.
بۆ كوێ؟ سەرەتا خۆشی وەكو زۆربەی هەرە زۆری پەنابەران نەیدەزانی بۆ كوێ سەرهەڵدەگرێت، لە كوێ دەگیرسێتەوە، ئەوەندەی دەزانی دەبێت پۆڵۆنیای بندەسەڵاتی سۆڤیەت و ژێر چەپۆكی ستالینیزم بەجێ بهێڵێت. ئەی هەر خۆی نەبوو كە دەیگوت: “پەنابەران نازانن بەرەو كوێ هەڵدەێن، ئەوان تەنیا ئەوەندە دەزانن لە كوێ هەڵدێن.”
لە بیستوپێنج ساڵی تەمەنی تاراوگەش هەر خەمی پۆڵۆنیاـی هەڵگرتبوو، خەمێک ڕۆح و زەینی بێ ئۆقرە كردبوو، لە تارواگەدا دەستبەجێ ئەم خەمەی خۆی لە شانۆنامەی “تانگۆـدا بەرجەستە كرد.
ڕەنگە هیچ نووسەرێک بە ئەندازەی مرۆژێک وڵاتی خۆی مروڤی پۆڵۆنی لە پای داگیركردنی ستالینـدا بە ئەتككراو وەسف نەكردبێت.
لە شانۆنامەی تانگۆـدا، کە لە ساڵی ١٩٦٥ نووسراوە، پۆڵۆنیا ئافرەتە و دایكی خێزانێكی ڕۆشنبیرە، ستالینزیمیش، ئێدی، كرێكارێكی چڵیت و پڕۆلیتارییەكی دەرەكیی دڵڕەق و جڵفە، هەڵدەكووتێتە سەر ئەم خێزانە ڕۆشنبیرە و بە ئاشكرا و بە بەر چاوی هەموانەوە، سواری دایكیان دەبێت؛ هەموو بەرانبەر بەم زەوتكردن و دەستدرێژییە بێدەنگن.
ڕەخنەگران تانگۆـیان بە شانۆنامەی هاملێت دەچواند، كەسایەتیی ئارسەر تاكە كوڕی ڕۆشنبیری ئەم خێزانە، هاملێتـمان بیر دەخاتەوە، كەس سۆز و ناسۆر هەستی ناسكی ئازاری دەدات، لە كۆتاییدا بە زەبری كووشندەی پڕۆلیتارەكە گیان لە دەست دەدات، ئەویش لە سەر تەرمەكەی سەمایەكی تانگۆ نماییش دەكات.
ڕەخنەگرەكان و رێپێرتواری شانۆكانی جیهان، گەواهی ئەوە دەدەن كە شانۆنامەی تانگۆ 1965، شوناسنامەی مروژێکـە وهاملێتـی ئەم سەردەمەیە. تانگۆ بۆ مرۆژێک وەكو مردنی دێوەرەـی ئارسەر میللەر و كێ لە ڤێرجینا وۆڵفـی ئێدوارد ئۆلبی و گالێسەكەیەک ناوی ئارەزووـی تنیسی ویلیامز وایە.
مرۆژێک كە پۆڵۆنیاـی بەجێ هێشت، ئیتاڵیاـی كرد بە وێستگەی یەكەمی گەشتی ئاوارەییی تاراوگەی خۆی. ئەوەندەی نەبرد وڵاتی مەكسیکـی كرد بە پەناگەی خۆی، لە كۆتاییدا بۆ هەموو تەمەنی لە فەڕەنسا جێگیربوو. خۆ ئەگەر بتەوێت ئاشنای خەمی پەنابەران و بێهودەییی ژیانیان بیت، شانۆنامەی كۆچبەران بخوێنەوە.
شانۆنامەكە باس لە دوو پەنابەری پۆڵۆنی دەكات لە فەڕەنسا، بێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک هەبێت بۆ رەگەزنامەی هەردوو كەسایەتییەكە، رۆشنبیرێک و كرێكارێک، شانۆنامەكە بەگشتی دەمانباتەوە ناو جیهانی ساموێل بێكێت، بۆ خۆیشی یەكێكە لە باشترین ئەو شانۆنامانەی كە دەربارەی خەم وبێهودەیی وبێشوناسیی ژیانی پەنابەران نووسرابێت. كەسایەتییەكان دوو پانەبەرن لە چاوەڕوانیدا، بەڵام دیسانەوە هەمان پرسیاری ئەبزیردسیتەکان دێتە گۆڕێ: چاوەڕوانی چی؟ لە چاوەڕوانی كێدا؟ ڕەنگە كەم لە نووسەران بە ئەندازەی مرۆژێک جوان و پوخت، ئەوەندە قووڵ كێشەی مرۆی پەنابەر و ژیانی سەختی مەنفای بەرجەستە كردبێت.
پاش بیستوپێنج ساڵ لە دوورەوڵاتی و ژیانی تاراوگە، مرۆژێک لە ساڵی 2008 گەڕایەوە بۆ پۆڵۆنیا و لە زێدی خۆی، شاری كراكۆڤ نیشتەجێ بوو.
بیستوپێنج ساڵی ڕەبەق مرۆژێک تاسەی پۆڵۆنیاـی دەكرد، پۆڵۆنیا هەمیشە لە بەرهەمكانیدا دەنگی دەدایەوە. بەڵام پاش گەڕانەوەی لە مەنفا، بۆی دەركەوت كە پۆڵۆنیاـی ئێستا پۆڵۆنیاـكەی جاران نییە، پۆلۆنیاـكەی جاران تەنیا لە زەین و خولیای ئەودا بوونی ماوە.
مرۆژێک لە دیمانەیەكی رۆژنامەی سڤێنسكە داگبولادیتـی سویدیدا دەڵێت: “هەست دەكەم دیسانەوە تاسەی تاراوگە دەكەم. “
شانۆنامەی پۆلیس، ئەو كلیلەبوو كە دەرگەی شانۆی هاوچەرخی پێك ردەوە، مرۆژێک هەر لەگەڵ نماییشكردنی پۆلیس لە ساڵی ١٩٥٦، سەلماندی درامانووسێكی بەتوانایە و لە جیهانی بەرینی شانۆی مۆدێرندا خاوەن دەنگێكی ناوازە و تایبەتە. ڕەنگە زێدەڕۆیی نەبێت گەر بە نازناوی بێكێتـی پۆڵۆنیا وەسف بكرێت. خۆشی لە زۆر بۆنەدا هەواداریی خۆی بۆ شێوازی نووسینی بێكێت نەشاردووەتەوە.
شانۆنامەی پۆلیس باس لە دوا شۆڕشگێڕی وڵاتێک دەكات، كە تەنانەت پۆلیسیش حەز دەكەن وەكو تاكە شورشگێڕ بمێنێتەوە و خۆی بە دەستەوە نەدات، بەڵام ئەم بۆ گەیشتن بە ئامانج ومەبەستەكانی خۆی، فۆڕمی خۆبەدەستەوەدان مۆر دەكات، ئیتر وڵات بێ شورشگێر دەمێنێتەوە.
كێ دەتوانێت خۆی لە تەوژم وتینی قوتابخانەی نماییشی شانۆی پۆلۆنی، لە ڕووی هونەری نواندن و دەرهێنان وسینۆگرافیاوە نەبان بكات؟ كێ دەتوانێت كاریگەریی دەرهێنەرانی وەكو گرۆتۆڤسكی، كانتۆر، شاینە و ڤایدە لە سەر ڕەوتی شانۆی مۆدێرن فەرامۆش بكات؟ ئەم چەند ناوە مشتێكە لە خەرمانێک، چەندین ناوی دیكەیش هەن، بەڵام ئەم چوار ریژیسۆرە ئەوانەن كە بە ئێمە ئاشن.
سەبارەت بە ئەدەبی شانۆییی پۆڵۆنیش، دەكرێت هەمان بۆچوون دووپات بكەینەوە، ڕەنگە ئەو تەوژمە ئەدەبییە بە بەراورد لە گەڵ هونەرەكانی نماییش، هەندێک كەمتر لە لای ئێمە تەشەنەی كردبێت. ئەدەبی شانۆیی پۆلۆنی، بە ئەندازەی قوتابخانەی نماییش، خاوەنی مۆرک و ستیل و تایبەتمەندیی خۆیەتی، بۆیە ڕەخنەگران دوودڵ نین لەوەی كە بە رێبازێكی تایبەتی، لە چەشنی شانۆی ڕوسی شرۆڤەی بكەن.
نووسەرانی وەكو ستانیسلاڤ ڤیتكێڤیچ 1885-1939، و ڤیتۆلدگۆمبرۆفیچ 1905-1969، و دواتریش سلاڤومیر مرۆژێک 1930-20013، بونیادنەری ئەدەبی شانۆی مۆدیرنن لە پۆڵونیا، ئەدەبێک كە لە ڕەهەندی جیهانی سوریالیستیی ستانیسلاڤ ڤیتكێڤیچـەوە كەوتووەتەوە. بە دید و ڕوانگەی گۆمبرۆڤیچ بۆ تاک لە سەنتەردا، “تەنیا من چەقی گەردوونم، هەروەها تۆش” شقڵی جیهانی وەرگرتبێت، ئەمجا جیهانی ئەبسیۆرد، نا مەعقوولـی ساتیرانە وكاریكاتێریستانەی مرۆژێک كە هاوشانی شاكارەكانی بێكێت ویۆنسكۆ و ژینێەـیە. هەر بۆیە بەرهەمەكانی ئەمانیش و كاریگەرییان سنووری شانۆی پۆڵۆنیاـیان بۆ پانتاییی بەرینی سەرتاپای شانۆی جیهان بەزاند.
ڕەخنەگران لە پۆلێنكردنی ئەم نووسەرانە لەوە سڵ ناكەنەوە، كە ستانیسلاڤ ڤیتكێڤچ بە دامەزرێنەری ڕاستەقینەی دەقی شانۆیی سوریالی هەژمار بكەن، ڤیتۆڵد گۆمبرۆڤیچ بە ڕێبەرێكی شێوازی گرۆتێسكی شاعیرانە”، مرۆژێکـیش لە پێشەنگی خانەی نووسەرانی ئەبسیۆرددا دابنێین. هەرچەندە مرۆژێک و پێشتریش گۆمبرۆڤیچ، بە هیچ جۆرێک لەگەڵ ئەو پۆلێنكردنە نین. مرۆژێک و بەر لەویش گۆمبرۆڤیتچ چەندین جار بۆچوونی ڕەخنەگرانیان رەت دەكەنەوە كە گوایە ئەوان لە ژێر چەتری شانۆی ئەبسیورددا بن.
مارتین ئەسلن لە كتێبەكەیدا، شانۆی ئەبسیورد، مرۆژێک لە تەك ڤاسلاڤ هاڤلـی نووسەری چیكی، كە بۆ ماوەی چوار ساڵ سەرۆكی وڵاتی چیكوسلۆڤاكیا بوو، هەروەها نووسەری هەنگاری یۆلیۆس هاس، بە سێ شانۆنووسی شانۆی ئەبسیورد ئەژمار دەكات.
بنەماكانی رەخنەو ئێستاتیكا لە لای نووسەرانی ئەبسیورد لە فەڕەنسا و لە پۆڵۆنیا گەلێک لە یەكەوە نزیكن، بەڵام دید و بۆچوون و چەمكناسی نووسەرانی وڵاتانی سۆسیالیزمی ئەو سەردەمەی سۆڤیەتـی جاران جیاوازن وناكرێت بە یەک چاو تەماشایان بكەین. ئادەمی لە لای بێكیت ویۆنسكۆ وپاشتریش لە لای ژان ژینێە وئادامۆڤ، سەرمەستی پرسیارگەلێكی وجودین سەبارەت بە پرسیارەكانی ژیان ومردن وبێهودەیی وچاوەڕوانیی بێ كۆتایی؛ مەحاڵە لەم جیهانە تێبگەین كە تێیدا دەژین، سەیرە ئێمە لە جیهانێكدا دەژین كە بە عەقل و بە لۆژیک تێی ناگەین، شتێكە ناچێتە عەقڵەوە و بە عەقڵ لێك نادرێتەوە، هەر بۆیە نامەعقولە. ڕەنگە ئەم بۆچوونە لە دوو شانۆنامەدا ڕوونتر وئاشكراتر خۆ بدەنە دەستەوە، ئەویش لە چاوەرڕوانی گۆدۆـی بێكێت و كورسییەكانـی یۆنسكۆـیە. بەڵام لە لای مرۆژک كێشە كێشەی دەسەڵاتە.
دەسەڵات بە گشتی و دەسەڵاتی سیاسی تۆتالیتاریانە و ڕەوتی میژوو لە دیدێكی نامەعقولەوە شرۆڤە دەكرێن، ئەوەی بۆ مرۆژێک مەعقول نییە باری ناهەمواری سیاسییە، كێشەی مرۆڤە لەگەڵ دەسەڵات، وەڵامی ئەم پرسیارە دەكاتە ناوەڕۆكی شانۆنامەكانی: چۆن گەیشتینە بنبەستی ئەم زەلكاوە؟ مرۆژێک مێژوویەكی گرتووەتە كۆڵەوە كە ناتوانێت لێی رزگار بێت، مێژوویەک كە بڕیار لە سەر ژیانی ئێستا وئاییندەی دەدات… ئێستا كە مرد، ئەو بارەی لە كۆڵا بووە! خۆی دەیگوت: چاوەڕوانی یەک گۆڕانكاریم، ئەویش ئەوەیە لە دەست ئەم میژووە ڕزگارم ببێت.
كەسایەتییەكانی مرۆژێک بێ چەک ڕووبەرووی دەسەڵاتی ستالینزم و فاشیزم دەبنەوە، بۆیە هیچیان لە دەست نایەت. لە زۆربەی شانۆنامەكاندا، دوانەی ڕوشنبیری و بكوژەكەی، دووبارە دەبنەوە، هەر رووناكبیرێک چەقۆكێشێكی زەبر بە دەست بەرانبەری لێ گرتووە، لە كۆتاییشدا ڕووناكبیرەكە هەرەس دێنێت.
لە شانۆنامەی رووتبوونەوەـدا، دووكەس دەخزێنرێنە ناو پانتایییەكی داخراوەوە، چۆن هاتن؟ چۆن گەیشتنە ئەم جێگەیە؟ ئێرە كوێیە؟ شانۆنامەكە گەلێک نزیكە لە جیهانی بێكێت وهارۆڵد پینتەرـەوە، ئەم دوانە ناچارن پەیتاپەیتا وهەنگاو دوای هەنگا خۆ بە دەستەوە بدەن، ناچارن فەرمانی دەسەڵاتی دەستێک ئەنجام بدەن، كە هێمای دەسەڵاتێكی نادیارە و هەموو شتێكیان پی ئەنجام دەدات، تەنانەت لە كۆتاییدا دەبێت دەرپێیەكانیشیان دابكەنن، ئەوانیش پاش بەرەنگارییەكی لاواز تەواو ملكەچی دەسەڵاتی تۆتالیتارییانە دەبن.
باشە رووناكبیر بۆ دەبێت ئەوەندە بێدەسەڵات بێت؟
وەڵام: چونكە بکوژەكەی هیچ زمانێكی تر نازانێت.
شانۆنامەكە دەكرێت لە شێواز و ستیل و زمان و فۆڕمی هونەریدا شان بە شان شاكارەكانی یۆنسكۆ و بێكێت شرۆڤە بكرێت، ئەم بۆچوونە زۆربەی شانۆنامەكانی مرۆژێک دگرێتەوە، لەوانە لە چەقی دەریادا، دوو پێغەمبەر، ڤاتسلاڤ، قەلەموون، كارۆل، باڵوێز.
هەر بۆیە مارتین ئەسلین لە كتێبەكەیدا، شانۆی ئەبسیورد، مرۆژێک بە نووسەرێكی شانۆی ئەبسیۆرد لە قەڵەم دەدات، بەڵام مرۆژێک خۆی دژ بە هەموو جۆرە پۆلێنكردنێكە. ئەو تاكو سەری نایەوە، دژ بەوە بوو لە ناو هەر چوارچێوەیەكی تیۆریدا حەشار بدرێت، چوارچێوەیەک كە پێداوستیی ڕەخنە بیچەسپێنێت بە سەریدا.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسی سوێدی شێل ئەلبین ئەبراهامسۆن، سەبارەت بەوەی كە دەكرێت وەكو نووسەرێكی شانۆی ئەبسیۆرد شرۆڤە بكرێت، مرۆژک دەڵێت: “ئالوودەی تیۆرەکان نیم، ئەوەندە دەزانم كە دەست بە نووسینی شانۆنامەیەكی نۆی دەكەم.”
بەڵام ڕەخنە لۆژیكی خۆی هەیە و وامان پێ ناڵێت، باشە ئەگەر لە چەقی دەریا و دوو پیغەمبەر و ڕووتبوونەوە وەكو نموونەی بەرزی شانۆی ئەبسیورد تەماشا نەكرێت، دەبێت لە چ خانەیەكی ڕەخنەدا دابنرێن؟ ئەمە بێگومان ئەركی ڕەخنە و ڕەخنەگرانە، كە مرۆژێک خۆی لێ دوور ڕادەگرت.
لە شانۆنامەی خوشەویستی لە قرم، كە یەكێكە لە بەرهەمەكانی قوناغی كۆتاییی ژیانی، مرۆژێک دیسانەوە دەگەڕێتەوە سەر پرسی داگیركردنی پۆڵۆنیا لە لایەن ستالینـەوە. ڕووداوەكان لە دوورگەی قرمی ڕوسیاـدا ڕوو دەدات. باشە مرۆژێک بۆچی دوورگەی قرمـی هەڵبژراد؟ چونكە لە قرمـدا ئەورپا وئەمەریكا لە ساڵی 1945 بە پێی رێكکەوتننامەی قرم پۆڵۆنیاـیان فرۆشت بە ستالین.
زۆربە شانۆنامەكانی مرۆژێک ئاوێنەی پۆڵۆنیاـیە، بەڵام بێ ئەوەی چ لە ڕووی كات وچ لە ڕووی شوێن و چ لە ڕووی كەسایەتییەكانەوە، ئاماژەی بە پۆڵۆنیا كردبێت.
شانۆی كوردی بۆ یەكەم جار لە ڕێگەی بەرهەمەكانی تیپی شانۆی ئاراراتـەوە لە وڵاتی سوید، ئاشنای شانۆیییەكانی مرۆژێک بوو. ئارارات لەسەریەک سێ بەرهەمی مرۆژیک، گێژەن، لە چەقی دەریادا، ڕووتبوونەوە، دوو پێغەمبەر و ئەمساڵیش شانۆنامەی كۆچبەران لە وەرگێڕان و دەرهێنانی نووسەری ئەم گوتارە.
ئەوەندەی من ئاگەدار بم، شانۆنامەی گێژەن پتر ناسراوە و تاكو ئێستا چەندین جار نماییش كراوە. دیسانەوە ئەوەندەی من ئاگەدار بم چەند شانۆنامەیەكی مرۆژیک وهەندێک لە ساتیرە كورتەكانی وەرگێڕدراون بۆ سەر زمانی كوردی، بەڵام بە داخەوە هیچ یەكێكیان ڕاستەوخۆ لە زمانی پۆڵۆنییەوە نەكراون بە كوردی.
تێبینی: بۆ زانیاریی زیاتردەربارەی مرۆژێک بە زمانی كوردی، بگەڕێنەوە سەر كتێبی شانۆی سوێدی هاوچەرخ، چەند بیروبۆچوونێكی ڕەخنەئامێز، نووسینی د. فازیل جاف، وەرگێڕانی: دلێر میزرا.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.