30/04/2024
DidiMn Logo
Top

رەخنەگرانی سینەمای جیهان فیلمی تەپڵ‌یان لە فیستیڤاڵی ڤێنیس بە باشی پەسن کرد

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – بەڕێوەبەرایه‌تیی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی سینەمایی تەپڵ

فیلمی سینەمایی تەپڵ یەکەمین فیلمی بڵندی سینەمایی فیلمسازیی بانەیی کەیوان کەریمی لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی هەفتەی ڕەخنەگران لە حەفتاوسێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیس لە وڵاتی ئیتالیا چووە سەر پەردەی سینەماکان و لە لایەن پەیامنێران، رۆژنامەنووسان و رەخنەگرانی سینەمای جیهانەوە پێشوازیی باشی لێ کرا و رەخنەی ئەرێنی و جۆراوجۆری لە دەزگا راگەیاندنە نێودەوڵەتییەکان بە دواوە بوو، لەوانە ماڵپەڕی رۆژنامەی ئیتاڵی مانیفێست، گۆڤاریی ئەمەریکی هافینگتۆن پۆست، رۆژنامەی ئیتاڵی مانیفێستۆ، ماڵپەڕی یەکێتیی نەتەوەیی رەخنەگرانی سینەمای ئیتاڵیا، ژان میشێل فرۆدۆن ڕەخنەگری فەڕەنسی و سەرنووسەری پێشووی گۆڤاری ناوداری کایە دۆ سینەما، مارکۆ ڕامانگا لە ماڵپەڕی سینەمایی سینە لێپسۆس و هەروەها چەندین ڕەخنەگر و نووسەری سینەمایی دیکە.

گۆڤاریی ئەمەریکی هافینگتۆن پۆست لە گوتارێکی تێروتەسەلدا کە ئاماژەی بە ناوەڕۆک و ڕەخنەی فیلمەکانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیس کردووە و سەبارەت بە فیلمی تەپڵ نووسیویەتی: ”وێنەگرتنی فیلمی تەپڵ ڕەشوسپییە و بە وردەکاریی سەرووتر لە چیرۆکەکەیەوە، حاڵەتێکی شهوودی و ئیلاهییانەی هەیە. لە ناو دەنگە شاراوەکاندا هەموو شتێک لە دەنگی تەپڵەکان لە ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمەوە تاکو هێرشی هێرشبەران بۆ ماڵەکە، تەنانەت میاواندنی پشیلەکە، هاتنەدەرەوەی لە زبڵەکان لە لای چەپی فرەیمەکەوە، ئێگجار نایاب و سەریرە.”

raxnagrani-cinemay-jihan-filmi-taplyan-la-festivali-venice-ba-bashi-wasfkrd-2

لە گوتارێکی دیکەدا کە لە ماڵپەڕی یەکێتیی نەتەوەیی رەخنەگرانی سینەمای ئیتاڵیا بڵاو کراوەتەوە، دوای بەنایاب‌زانینی فیلمەکە دەنووسێت: ”تەپڵ فیلمێکی تێروتەسەل بە هێزێکی دەربڕینی باڵاوەیە کە واقعێکی سیاسی-کۆمەڵایەتی دەخاتە ڕوو کە رەنگە نموونەیمان لە ناو سینەمای درامای ئێراندا نەبینیبێت.”

ژان میشێل فرۆدۆن لە ڕەخنەگرە بەئەزموون و بەئاگا لە بواری سینەمادا سەبارەت بە تەپڵ، یەکەمین فیلمی بڵندی سینەمایی کەیوان کەریمی دەنووسێت: ”ئەم فیلمە تێکەڵاوێکە لە پلان سێکانسە ڕەشوسپییەکان و هیپنۆتیزم ئاسا کە وێنەیەکە بە شێوەی چیرۆکێکی پۆلیسی و غەریب و پڕنهێنی و درەوشاوە. ئەم فیلمە زۆر جیاوازە لەوانەی کە تا ئێستا لە سینەمای ئێران بینیومانە و ئەگەر بمانەوێت بە شوێن بەراوردکردندا بین زیاتر لە بەرهەمەکانی بێلا تارەوە نزیکە. فیلمەکەی کەیوان لە هەفتەی رەخنەگران لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیس نماییش کرا و ڕەنگە گرنگترین فیلمی ئەمساڵی فیستیڤاڵ بێت.”

مارکۆ ڕامانگا لە ماڵپەڕی سینەمایی سینە لێپسۆس سەبارەت بە فیلمی تەپڵ نووسیویەتی: ”تایبەتمەندیی سەرەکیی فیلمەکە، ئەو دینامیکەیت و ئەو دڵەیە کە لە هەناویدا لێ دەدات. تەعەدا و چاوپۆشییە لەو فۆڕمە باوەی بێلا تار کە بێگومان لاسایی ناکرێتەوە بەڵکو دەرهاویشتەی بەستێنێکی تایبەتی جوگرافی و واقعییە.”

ڕەخنەگری رۆژنامەی ئیتاڵی مانیفێستۆ فیلمی تەپڵ بە شاکاری پیاوی سێیەم  لە دەرهێنانی کارۆٍل رید هەڵسەنگاندووە و نووسیویەتی: ”فیلمەکە لە ڕەهەندە میتافیزیکییەکە و ڕەنگە ڕەشوسپییەکەیدا تەمومژاوییە، تەنیا کەسایەتیی سەرەکی نییە کە سەرلێشێواوە، بەڵکو کامێراکەش بە جووڵەی هێواش و دەستەمۆنەکراوەکەی گێژ بووە، وەکو ئەو کاتەی لە پەنجەرەی ماڵەکە دەچێتە دەرەوە و تەپڵژەنەکان دەدۆزێتەوە. لە سێکانسی دواتردا، دەنگەکان بە شێوەی بەردەوام بە بەکراوندا دووپات دەبنەوە، وەکو چپەیەک و سرتەیەک. رێکخستنی ناو فرەیمی فیلمەکە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەم فیلمە شیعرێکی مۆدێرنی سەرسووڕهێنەر و لە هەمان کاتیشدا بێ کۆتایی بێت؛ لە یەک وشەدا: سینەما.”

حەفتاوسێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ڤێنیس بە نماییشی بەرهەمی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی ٣١/٨ تا ١٠/٩/٢٠١٦ لە شاری ڤێنیس لە وڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوە چوو.

 

 

هاوبەشی بکە

Drum, Keiwan Kerimi, Venice Film Festival,