دیدی من
شاخه‌وان سدیق
”ده‌قی خۆماڵی هه‌میشه ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی له دروستكردن و بونیادنانی شانۆدا گێڕاوه.“
شانۆ یه‌کێکه له هه‌ره زیندووترین هونه‌ره‌کانى دونیا و ڕۆژانه له شاره گه‌وره‌کانى دونیادا چه‌ندین نماییشى جیدى به چه‌ندین شێواز و ڕێبازى جیاجیاوه پێشکه‌ش ده‌کرێت. له باشووری کوردستانیش تا ڕاده‌یه‌کى باش گرنگى به‌م بواره دراوه، هه‌ر بۆیه به پێویستمان زانى له‌گه‌ڵ شانۆکار دانا ڕئووف، ده‌رباره‌ى گرنگیی شانۆ، ئه‌م دیداره ساز بدەین.
ساڵانی ڕابردوو کۆمه‌ڵێک نماییش کران، که زیاتر نماییشی شانۆی کلاسیکی بوون و ده‌قه‌کانیان زیاتر ده‌قی وه‌رگێڕاو بوون، ئه‌م کارانه له سه‌ره‌تادا بینه‌رێکی زۆریان هه‌بوو، به‌ڵام ورده‌ورده ئه‌م بینه‌ره نه‌ما تا ئه‌وکاته‌ی کۆڕی شانۆی با ده‌قی خۆماڵییان دروست کرد، ده‌قێک که پێشتر نه‌بووه و خۆیان دروستیان کرد، به‌ستیانه‌وه به بابه‌ته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه و ده‌قه‌کانیان باسکردن بوو له ئه‌مڕۆ و ئێستای ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆمان. ئه‌م کارانه بینه‌رێکی زۆریان هه‌بوووه و بۆ چه‌ند ڕۆژێکی زۆر نماییش کران، هه‌ست ناکه‌ی تۆرانی بینه‌ری ئێمه پێوه‌ندیی هه‌بووه به‌وه‌ی که ئه‌و ده‌قه وه‌رگێڕاوانه پێوه‌ندییان نه‌بووه به ئێستای کۆمه‌ڵگەی ئێمه‌وه؟ هه‌ست ناکه‌ن بینه‌ری ئێمه شانۆیه‌کی ده‌وێت بیبه‌ستێته‌وه به واقیعی ژیانی خۆیانه‌وه؟
پێش هه‌موو شتێک، ده‌قی وه‌رگێڕاو و شانۆی کلاسیکی، سه‌رچاوه‌یه‌کی گرینگ و پێویستی هه‌موو شانۆ و بزووتنه‌وه‌یه‌کی شانۆییه، به‌بێ شانۆی کلاسیکی یان هه‌ر ده‌قێکی تری وه‌رگێڕاو شانۆ که‌لێنێکی گه‌وره‌ی تێدایه، ئه‌و که‌لێنه‌یش هه‌رگیز به ده‌قی خۆماڵی پڕ ناکرێته‌وه. له هه‌موو دونیادا شانۆ ته‌نها شانۆی خۆماڵی نییه و شانۆ پرۆسه‌یه‌کی پێکه‌وه‌به‌ستراوه و شتێکه هه‌موو مرۆڤایه‌تی پێکه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، ئه‌مه‌یش هۆکارێکی زۆر ساکاری هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شانۆ هه‌میشه په‌یوه‌سته به مرۆڤ و خه‌ون و هیوا و ئازاره‌کانی مرۆڤ و پێوه‌ندییه‌کانی مرۆڤ به یه‌کترییه‌وه. ئه‌گه‌ر نماییشکردنی ده‌قی وه‌رگێڕاو و کلاسیکی بینه‌ری له شانۆ تهکاندبێتهوه، ئه‌وه به‌بێ هیچ گومانێک هه‌ڵه‌ی ئه‌و ده‌قه وه‌رگێڕاوه یان کلاسیکییه نه‌بووه و نییه، به‌ڵکو هه‌ڵه‌ی ئه‌و که‌سانه‌یه، که نماییشی ده‌که‌ن. شانۆنامه تازه و مۆدێرنه‌کان، له پاڵ ده‌قه‌کانی شانۆی کۆنی گرێکی، شه‌کسپیر، مۆلییر، ستریندبێرگ، چێخه‌ف، برێشت، پینته‌ر… و هه‌زاره‌های تریش، که به‌رده‌وام له‌سه‌ر شانۆکانی دونیا نماییش ده‌کرێن، نه‌ک هه‌ر بینه‌ریان له شانۆکان نهتهکاندووەتهوه، به‌ڵکو وزه‌یه‌کی گه‌وره‌بوون بۆ شانۆ، شانۆکاره‌کان و بینه‌ریان بێشوومار له ده‌وری خۆیان کۆ کردووەته‌وه. ده‌بێ ئێمه ئه‌و پرسیاره له خۆمان بکه‌ین، چۆن و بۆچی ئه‌و هه‌موو ده‌قه کلاسیکییه تا ئێستا به به‌رده‌وامی پێشکه‌ش ده‌کرێن. گرفته‌که ئه‌وه نییه، که ئێمه ده‌قی وه‌رگێڕاو یان شانۆی کلاسیکی پێشکه‌ش ده‌که‌ین، گرینگ ئه‌وه‌یه چی هه‌ڵده‌بژێریت و چۆنی پێشکه‌ش ده‌که‌یت. هه‌ر ئێستا، که من وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی تۆ ده‌ده‌مه‌وه، هه‌ر کۆڕی شانۆی بایش نماییشێکی گه‌لێک سه‌رکه‌وتوویان له شانۆی جیهانی و ده‌قێکی وه‌رگێراوه‌وه پێشکه‌ش کردووه، که ئه‌ویش مارا/سادە. له ماوه‌ی ئه‌م سی چل ساڵه‌ی ڕه‌وت و بزووتنه‌وه‌ی شانۆی کوردی‌دا، له چه‌ند هه‌لومه‌رجی جیاوازی وڵات و شاره‌که‌ماندا نماییش کراوه، بۆ نموونه، که ئێمه له هه‌شتاکاندا و له کاتی جه‌نگی عێراق و ئێران و له تیپی شانۆی ئه‌زموونگه‌ری مارا/سادمان نماییش کرد، هه‌مان ئه‌م نماییشه‌ی ئێستا نه‌بوو، هه‌روه‌ها که کۆمه‌ڵێک براده‌ری تر و له که‌لاوه‌کانی ئه‌وسای ئوتێل حسیب ساڵح، دوای شه‌ڕی عێراق و ئێران مارا/سادیان نماییش کرد، هه‌مان نماییشه‌که‌ی ئێمه نه‌بوو. که‌واته گرفته‌که ده‌قی وه‌رگێراو یان شانۆی کلاسیکی نه‌بووه و نییه، به‌ڵکو هه‌ڵبژاردن و چۆنیه‌تیی نماییشکردن و چاره‌سه‌ره هزری، هونه‌ری و ئێستاتیکییهکانه. که له دونیایشدا به به‌رده‌وامی ده‌قی کلاسیکی نماییش ده‌کرێت، له فۆرم و شێواز و ستایله کلاسیکییه‌که‌یدا نماییش ناکرێت، گه‌ر وا بوایه شانۆ ده‌مێ بوو مردبوو. کاری شانۆکار و شانۆ ئه‌وه‌یه پرسیاره‌کانی ئه‌مڕۆ و هه‌ناسه‌یه‌کی نوێ له‌و ده‌قانه‌دا بدۆزێته‌وه. گرینگ نییه چی نماییش ده‌که‌یت، کلاسیک، مۆدێرن یان ده‌قێک خۆتان له کاتی پرۆڤه و به‌کاری ڕاگوزاری و هاوبه‌ش ده‌ینووسن، گرینگ ئه‌وه‌یه به هه‌وای ئه‌مڕۆ و ئه‌م ساته هه‌ناسه بدات و بژی. کاری شانۆ و شانۆکار ڕازاندنه‌وه و دروستکردنی مۆزه‌خانه نییه له‌سه‌ر شانۆکان، هاوکات وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاریش نییه، به‌ڵکو ورووژاندنی پرسیاره‌کانه، ده‌رخستنی ڕاستییه‌کانه و بێزارکردنی بینه‌رانه.
من له‌و بڕوایه‌دا نیم کۆڕی شانۆی با یان هه‌ر شانۆیه‌کی تر چ له کوردستان یان له هه‌ر سووچێکی تری ئه‌م دونیایه‌دا بتوانێت پشت بکاته ئه‌و کلتووره دێرین و گه‌وره‌یه‌ی شانۆی جیهانی و ته‌نها خۆی ده‌قی خۆی به‌رهه‌م بهێنێت. له‌و کاته‌دا زۆر که‌موکوڕیی تێدا ده‌بێت، نه شانۆ گه‌شه ده‌کات، نه تواناکانی ئه‌کته‌ر و نه دیدی ڕیژیسۆر. نووسینی ده‌قی خۆت و به کاری هه‌ره‌وه‌زی و پرۆسه‌یه‌کی ڕاگوزاری، له قۆناغ و ڕه‌وشێکی دیاریکراودا ئه‌زموونێکی باش و ده‌وڵه‌مه‌نده و زۆربه‌ی شانۆکاره‌کانی دونیایش، بۆ نموونه ئاریان موشکین و پیته‌ر برووک، کاری وایان کردووه، به‌ڵام پشتکردنه شانۆی جیهانی و ده‌قی وه‌رگێڕاو و کلاسیکی و ته‌نهاوته‌نها خۆت به کاری هه‌ره‌وزی ده‌قی تایبه‌ت به خۆت به‌رهه‌م بهێنیت، ئه‌وا بێگومان تێنه‌گه‌یشتنێک هه‌یه. ده‌کرێت شانۆنامه‌نووسێک به به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ گرووپێک کار بکات و ئه‌و گرووپه ته‌نها ده‌قه‌کانی ئه‌و شانۆنامه‌نووسه به‌کار بهێنن و نووسه‌ره‌که‌یش له پرۆسه‌یه‌کی گه‌شه‌کردوودا، له دیدی ڕیژیسۆرهوه ده‌قه‌کانی نووسێت. ئه‌م جۆره کارانه‌یش نموونه‌یان له شانۆی جیهانیدا زۆره و ئه‌زموونێکی گه‌لێک ده‌وڵه‌مه‌نده. مولیر بۆ ئه‌و شانۆیه‌ی ده‌نووسی، که خۆی کاره‌کانی تێدا پێشکه‌ش ده‌کرد، چێخه‌ف به ته‌واوی خۆی ته‌رخان کردبوو بۆ شانۆی هونه‌ری مۆسکۆ، داریۆ فۆ نموونه‌یه‌کی تری دانسقه‌یه، که خۆی نووسه‌ر، ئه‌کته‌ر و ڕیژیسۆر بوو. ئێستایش زۆر شانۆنامونووس هه‌ن، که پێوه‌ندییان به شانۆیه‌که‌وه یان ڕیژیسۆرێکهوه هه‌یه و پێکه‌وه کار ده‌که‌ن، ئه‌و ده‌ینووسێت، ڕیژیسۆرهکهیش له‌گه‌ڵ ئه‌کته‌ره‌کانی تاقی ده‌که‌نه‌وه و له گه‌شه‌یه‌کی دراماتۆرگیی گرینگدا چ ده‌قه‌که به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌چێت و چ دیدی ڕیژیسۆر و هه‌روه‌ها ئه‌کته‌ره‌کانیش.
نه‌بوونی ده‌قی کوردییه وای کردووه شانۆکاره‌کان ده‌قی وه‌رگێڕاوی ئه‌ورووپی به‌کار بهێنن بۆ به‌رهه‌مهێنانی کارێکی شانۆیی یان چی؟ هه‌ست ناکه‌ی بینه‌ری ده‌قی شانۆیی کوردی زیاتر بێت؟
ئه‌ده‌بی کوردی بنه‌ماکانی له‌سه‌ر شیعر ڕۆناوه، شیعری کلاسیکی کوردی له مه‌وله‌وییه‌وه بۆ شێرکۆ بێکه‌س، سامانێکی گه‌وره و ده‌وڵه‌مه‌نده و ڕۆڵێکی گه‌وره‌یشی له پارێزگاریکردن و گه‌شه‌ی زمانی کوردی‌دا گێڕاوه. به پێچه‌وانه‌وه ژانره‌کانی تری ئه‌ده‌ب، ڕۆمان و ته‌نانه‌ت کورته‌چیرۆک و ده‌قی شانۆیی ئه‌و مێژووه درێژه‌یان نییه و تا ڕاده‌یه‌ک به ئه‌ده‌بی کوردی نامۆن. خۆ ئه‌گه‌ر کورته‌چیرۆک له حه‌فتاکانه‌وه هه‌ندێک هه‌نگاوی جیدیی نابێت، ئه‌وه ڕۆمان له کۆتایی هه‌شتا و سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کانه‌وه زیاتر ده‌رکه‌وتوه و بره‌وی به ئه‌ده‌بی کوردی داوه. نووسینی ده‌قی شانۆیی تا ئێستا نه‌بووه به کلتوور و نه‌یتوانیوه وه‌ک ژانرێکی سه‌ربه‌خۆ ده‌ربکه‌وێت و خۆی بسه‌پێنێت، هه‌رچه‌نده چه‌ندین هه‌وڵی زۆر جیدی هه‌ن و به‌ر له ڕۆمانیش چه‌ندان قه‌ڵه‌می به‌پێز و به‌توانا ده‌قی شانۆییان نووسیوه، بۆ نموونه عه‌بدلڕه‌حیم ڕه‌حیمی هه‌کاری، پیره‌مێرد، ئهلف با هه‌وری و تا ده‌گاته ئه‌نوه‌ر قادر ڕه‌شید، فه‌تاح خه‌تاب، ئه‌حمه‌د سالار، دڵشاد مسته‌فا و تا دوایی، که جێگەپهنجهیان دیاره و هه‌نگاوی گرینگ و پێویستیان ناوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا نووسینی ده‌قی شانۆیی نه‌بووه به کلتوور و نه‌یتوانیوه جێگەی خۆی بگرێت. هیچ که‌سێکیش تا ئێستا سه‌د له سه‌د خۆی بۆ ئه‌م ژانره ته‌رخان نه‌کردووه. به ڕای منیش یه‌کێک له هۆکاره‌کان گه‌شه‌نه‌کردن و بێهێزیی شانۆی کوردییه، که نه‌یتوانیوه چ له ڕووی ڕیژی و چ له ڕووی دراماتۆرگییه‌وه بره‌و به توانای ئه‌و شانۆنووسانه‌ی خۆمان بدات، ئه‌وه‌ی ئه‌وان نووسیویانه له‌سه‌ر شانۆکان به‌رجه‌سته‌ی بکات. کاری شانۆنووسه‌کانی ئێمه به‌و پرۆسه هاوبه‌ش و هاوکارییه گرینگه‌ی نێوان ڕیژیسۆر/شانۆنامه‌نووس، شانۆنامه‌نووس/ئه‌کته‌ردا نه‌ڕۆیشتوه و سوودیان له ئه‌زموونی یه‌کتری وه‌رنه‌گرتووه و به‌رکه‌وتنێکی قووڵ و تێگه‌یشتنێکی دوولایه‌نه بۆ پرۆسه‌که نه‌بووه. بێگومان له‌م بارودۆخه‌یشدا شانۆکاره‌کان به ده‌قی وه‌رگێڕدراو هه‌وڵی پرکردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌یان داوه.
له لایه‌کی تریشه‌وه، ده‌قی خۆماڵی هه‌میشه ڕۆڵێکی گه‌وره‌ی گێڕاوه له دروستکردن و بونیادنانی شانۆدا، ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت ده‌قی سه‌رکه‌وتوو، هاریکاریی نێوان شانۆ، ڕیژیسۆر و شانۆنامه‌نووسه‌کان دروست ده‌کات، نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه. چێخه‌ف ڕۆڵێکی بێهاوتا و گرینگی له دروستکردنی شانۆی هونه‌ریی مۆسکۆدا بینیوه، ستانیسلاڤسکی هه‌رگیز به‌بێ چێخه‌ف نه‌یده‌توانی ئه‌و شانۆیه دروست بکات، که ڕۆڵێکی گرینگی له مێژووی شانۆی جیهانیدا بینیوه. شانۆی هونه‌ریی مۆسکۆ چێخه‌ف ده‌کات به شانۆنامه‌نووسێکی پله یه‌ک، به هه‌مان شێوه چێخه‌فیش شانۆی هونه‌ر ده‌کات به شانۆیه‌کی هونه‌ری، که ناوبانگه‌که‌ی سنووره‌کانی هه‌موو دونیا ده‌به‌زێنێت.
بێگومان له‌م باره‌یشدا بینه‌ر زیاتر له شانۆکان کۆ ده‌بنه‌وه، به شێوه‌یه‌کی ئاسانتر خۆیان له‌سه‌ر شانۆکان و له نێو ئه‌کته‌ره‌کاندا ده‌دۆزنه‌وه، ئه‌وه‌ی ده‌یبینن ڕاسته‌وخۆتر په‌یوه‌سته پێیانه‌وه، ڕیژیسۆریش به شیوه و فۆڕم و ڕێگەیه‌کی تر هه‌وڵی چاره‌سه‌رکردنی دیمه‌نه‌کان ده‌دات و ئه‌و ته‌کنیکه‌ی به‌کاری ده‌هێنێت زیاتر له واقیعی ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆمانه‌وه سه‌رچاوه وه‌رده‌گرێت. ده‌مه‌وێت سه‌رله‌نوێ ئه‌وه‌یش دووپات بکه‌مه‌وه، که ئه‌وه‌ی پێشکه‌ش ده‌کرێت، بۆ ئه‌وه‌ی شتێکی زیندوو و نزیک له واقیعی مرۆڤی هاوچه‌رخ و مۆدێرنی خۆمانه‌وه بێت، ده‌بێت به هه‌وای ئه‌مڕۆ بژی و هه‌ناسه بدات. ده‌بێت شانۆی کلاسیکی، مۆدێرنی وه‌رگێراو و ده‌قی خۆماڵی له جووڵه‌یه‌کی دیالێکتیکیدا یه‌کتر ته‌واو بکه‌ن و سوود له ئه‌زموونی یه‌کتر وه‌ربگرن.
”نووسینی ده‌قی شانۆیی نه‌بووه به کلتوور و نه‌یتوانیوه جێگەی خۆی بگرێت.“
ئه‌مڕۆ ساردوسڕییه‌کی زۆر له ناو دونیای هونه‌ریی ئێمه‌دا له ڕووی نه‌بوونی ڕه‌خنه‌وه هه‌یه، به‌تایبه‌ت ڕه‌خنه‌ی هونه‌ری و شانۆیی. به جۆرێ ئه‌و هه‌موو کار و نماییشه تێده‌په‌ڕێت که‌س ته‌نها دوو دێڕی له‌سه‌ر ناڵێت، تۆ ئه‌مه بۆ که‌مته‌رخه‌میی هونه‌رمه‌ندان ده‌گێڕیته‌وه، که گرینگی به بواری نووسین ناده‌ن یان ئه‌مه‌یش وه‌ک هه‌موو کێشه‌کانی تر په‌تای نه‌بوونی نووسه‌ری ڕه‌خنه‌ی هونه‌رییه؟
ده‌بێت ئێمه ئه‌وه باش بزانین، ڕه‌خنه‌ی شانۆیی یان ئه‌ده‌بی له خۆوه دروست نابێت، هه‌ر بۆ نموونه، گه‌ر تۆ ڕۆمانی کوردیت نه‌بێت و هیچ ڕۆمانێک نه‌که‌وێته بازاڕه‌وه، ڕه‌خنه‌ی ئهدهبییشت نابێت و که‌س قسه له‌سه‌ر ڕۆمان ناکات. شانۆیش هه‌مان هاوکێشه‌یه، ئه‌گه‌ر نماییشی باش پێشکه‌ش نه‌کرێت و شانۆ نه‌بێت و هیچ ڕێپرتوارێکی شانۆیی له‌ئارادا نه‌بێت، بێگومان ڕه‌خنه‌ی شانۆیشمان نابێت. بزووتنه‌وه‌ی شانۆی کوردی سسته و ڕێپۆرتوارمان نییه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ڕێزیشت له پرسیاره‌که‌تدا ئاماژه‌ت پێ کردووه، ڕاست نییه. له‌م یه‌ک دوو ساڵه‌دا، چ له هه‌ولێر و چ له سلیمانی کۆمه‌ڵێک کاری باش پێشکه‌ش کراون و له‌سه‌ریشیان نووسراوه و ته‌نانه‌ت له شوێنه گشتیه‌کاندا دانیشتن و گفتوگۆیشیان له‌سه‌ر کراوه. هه‌ندێک قه‌ڵه‌می باشیشمان هه‌یه، که له شانۆ ده‌گه‌ن و ئه‌وه‌ی ده‌ینووسن، له خودی پرۆسه شانۆییه‌که‌وه سه‌رچاوه‌ی وه‌رگرتووه. من بۆ نموونه چه‌ند ناوێک ده‌ڵێم، که به‌ڕاستی هه‌وڵی جیدییان له‌م بواره‌دا هه‌یه: حه‌مه‌سوار عه‌زیز، حەیده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان و هه‌ندێک ته‌قه‌لای ڕه‌خنه‌یی نیهاد جامییش.
له‌م ڕۆژانه‌دا، که له سلێمانی مارا/ساد نماییش کرا، چه‌ندین گوتاری ڕه‌خنه‌یی جیدییشی به‌دوای خۆیدا هێنا، هه‌روه‌ها ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر، که شوان عه‌توف کارێکی مۆنوداراما، هاوکات شانۆنامه‌ی سێ خوشکی چێخه‌ف هه‌ر له سلێمانی نماییش کران، به هه‌مان شێوه کۆمه‌ڵێک گوتاری ڕه‌خنه‌ییان بەدوای خۆیاندا هێنا. کاری جیدی هه‌میشه، کاردانه‌وه‌ی جیدییشی لێ ده‌که‌وێته‌وه.
ڕه‌خنه‌گری شانۆیی به‌هایه‌کی گرینگی هه‌یه و ڕۆڵی ئه‌و ته‌نها ئه‌وه نییه، وه‌ک ڕاوێژکارێکی به‌سه‌لیقه، ڕێنمایی بینه‌ر بکات، تا کارێکی باش ببینن و کارێکی خراپ نه‌بینن. هه‌روه‌ها کاری ڕه‌خنه‌گریش ئه‌وه نییه، دوای بینینی نماییشێک خاڵه باش و خراپه‌کان ده‌ستنیشان بکات. ڕه‌خنه‌ی شانۆیی زۆر له‌وه گرینگتر و پرۆسه‌یه‌کی ئاڵۆزتریشه. هه‌موو فۆرمه‌کانی هونه‌ر، شانۆ، مۆسیقا، وێنه‌کێشان و تا دوایی، به‌بێ ڕه‌خنه و ڕۆڵی ڕه‌خنه، به ڕای من له‌ژێر هه‌ره‌شه‌دایه. هونه‌ری مۆسیقا و وێنه‌کێشان به ته‌واوی له‌م بواره‌دا فه‌رامۆش کراون و هیچ شتێک له‌سه‌ر پێشانگا و کۆنسێرته مۆسیقییه‌کان ناوترێت و نانووسێت، به‌ڕاستی ئه‌مه کاره‌ساته.
شانۆ هونه‌رێکی گرانه، هونه‌رێکه به ئاسانی ناگه‌یته دوا ئه‌نجامه‌کان، ڕه‌خنه‌گری شانۆیش ده‌بێت ئه‌م ڕاستییه بزانێت، ئه‌و توانا و جورئه‌ته‌ی هه‌بێت، په‌رده له‌سه‌ر نه‌ک ته‌نها هه‌ڵه‌کان، به‌ڵکو له‌سه‌ر توانای هونه‌رمه‌نده‌کانیش هه‌ڵماڵێت. باشترین ڕه‌خنه‌گره‌کانی شانۆیش ئه‌وانه‌ن، که ڕۆژانه له هۆڵی پرۆڤه‌کاندا داده‌نیشن و چاودێریی پرۆسه‌ی داهێنان و هه‌نگاو به هه‌نگاوی کاری ئه‌کته‌ر و ڕیژیسۆر ده‌کات. ڕه‌خنه‌گر چاوی سێیه‌م و خوێنه‌ری سێیه‌می نماییشهکهیه، دوای ئه‌کته‌ر و ڕیژیسۆر، ئه‌و نماییشەکه ده‌گه‌یه‌نێته ئاستی گه‌شه و ته‌واوی پرۆسه پراکتیکی و کرده‌ییه‌که شی ده‌کاته‌وه و توانای کردنه‌وه‌ی کۆده‌کانی هه‌یه. من له‌و بڕوایه‌دام، هه‌ندێک یان چه‌ند ڕه‌خنه‌گرێکی دیاریکراو تا ئاستێکی باش ئه‌و توانایه‌یان هه‌یه. بێگومان بینه‌ر یاخود ڕیژیسۆر و ئه‌کته‌ره‌کان چه‌ند هاوڕان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گر ده‌ینووسێت، ئه‌وه شتێکی تره و گرینگیش نییه.
ڕه‌خنه‌گری شانۆیی تا چه‌ند پێویستی به تیۆری شانۆ هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرێکی باش بێت؟ ئایا بنه‌مایه‌کی تیۆری بۆ ڕه‌خنه‌گر پێویسته؟
ڕه‌خنه‌گرێکی باشی شانۆیی ده‌بێت له شانۆ بزانێت و له هونه‌ری شانۆ بگات، شانۆ ئه‌ده‌ب نییه و ئه‌و که‌سه‌ی ڕه‌خنه‌ی شانۆیی ده‌نووسێت به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان پێوه‌ندی به شانۆوه هه‌بێت. کاتی خۆی ئه‌و که‌سانه‌ی ڕه‌خنه‌ی شانۆییان ده‌نووسی که‌سانی پسپۆر نه‌بوون، به‌ڵکو زیاتر ئه‌و که‌سانه بوون، که سه‌رقاڵی ئه‌ده‌ب و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی بوون، وه‌ک کارێکی ئه‌ده‌بی باسی ناوه‌ڕۆک و بنه‌ما هزرییه‌کان و ده‌قه شانۆییه‌که‌یان ده‌کرد، نه‌ک لایه‌نه کرده‌ییه‌که و ئێستاتیکای شانۆ. له هه‌شتاکانه‌وه ئه‌م ڕێچکه‌یه گۆڕاوه و ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه ده‌نووسن، به‌شێکن له شانۆ و کاره شانۆییه‌کان. من خۆم، به‌رله‌وه‌ی بنووسم، چ وه‌ک ئه‌کته‌ر و چ وه‌ک ڕیژیسۆر کارم کردووه، ئه‌زموونی شانۆ و لایه‌نه کرده‌یی و پراکتیکییهکهم گواستووەته‌وه بۆ نێو گوتاره ڕه‌خنه‌یی و شانۆییه‌کان.
تیۆری شانۆیی و شیکردنه‌وه‌ی ده‌ق و تێگه‌یشتن له پێکهێنه‌ره‌کانی تری نماییشی شانۆیی، ڕه‌خنه‌گر له نماییش و سروشتی کاره‌که زیاتر نزیک ده‌کاته‌وه و دیده ئێستاتیکییه‌که‌ی له ڕاڤه‌ی ریژیسۆر و خوێندنه‌وه‌ی نماییشه‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێت. ئێمه نامانه‌وێت ڕه‌خنه‌گر ڕیژیسۆ و ئه‌کته‌ر بێت، به‌ڵام پێویسته له کاری ڕیژیسۆر و ئه‌کته‌ر بگات، زانیاری له مێژووی شانۆدا هه‌بێت و له بنه‌ما دراماتۆرگییه‌کانی ده‌ق/نماییش بگات.
ڕه‌خنه‌یش چه‌ندین ڕێباز و ته‌وژمی تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه و ده‌بێت ڕه‌خنه‌گر بزانێت له چ بنه‌مایه‌کی فه‌لسه‌فی، ده‌روونی، جوانکاری یان هه‌ر ڕیبازێکی تره‌وه، نماییشه‌کان ده‌خوێنێته‌وه. ئه‌مه‌یش پێویستی به ڕۆشنبیرییه‌کی قووڵ و گشتگیر و هه‌مه‌لایه‌ن هه‌یه. له‌به‌ر ئه‌وه ڕه‌خنه‌گرێکی باش به‌بێ بنه‌مایه‌کی تیۆری نابێت به ره‌خنه‌گرێکی باش و هه‌رگیز ناتوانێت کۆد و سیمبۆله‌کانی نماییش بدۆزێته‌وه و نووسینه‌کانیشی بریتی ده‌بێت له داڕشتن و وشه‌ڕیزکردن.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.