دیدی من
شاڵاو حهبیبه
ئەوەی دەیخوێننەوە، نموونەیەکە لە غەزەل و شەرحی مەولانای ڕومی لە کتێبی سوڵتانی منـدا کە شاڵاو حەبیبە کردوویە بە کوردی. ئەم کتێبە ئێستا لە کتێبفرۆشییەکاندایە.
ئەڤینم ڕوبابییە
شەرحی غەزەلێکی ڕومی
| بابەتی غەزەلەکە: لە بەیانی فیراق لە مەعشووقی ڕۆحانی (شەمسی تەبریزی) گوتراوە، کە جیلوەیەکە لە مەعبوود (خواوەند) و پشتکردن لە دنیا و دنیایییەکان.
هەروەتر: سەعدی شیرازی غەزەلێکی هەیە زۆرێک پێیان وایە لە وەڵامی ئەم غەزەلەی ڕومیدا نووسرابێت. لەبەر دنیابینیی توندی غەزەلەکە دژ بە ڕومی، بۆچوونێکی دیکە دەبێژێت تەنیا لەبەر ئەوەی دوو غەزەلەکە لە ڕووی تەکنیک و بابەتییەوە لە یەکەوە نزیکن، ناکرێت وەک وەڵام بیبینین. چیرۆکێکی دیکەیش باس لە یەکەمین دیداری نێوان سەعدی و مەولانای ڕومی دەکات و دەگوترێت سەعدی دنیابینیی ڕومیی بە دڵ نەبووە و ئەم غەزەلەی نووسیوە، کە لێرەدا چەند بەشێکی لێ وەردەگێڕم:
لە گیان وەدەرنەهاتوو گیانانت دەوێ…/ مێروویەک نیت و موڵکی سولەیمانت دەوێ…/ فیرعەونئاسا لافی انا الحق لێ دەدەی، ئەوکات نزیکیی موسای عومرانت دەوێ…/ بە دەرد نەگەیشتوویت و دەرمانت دەوێ…/ گشت ڕۆژێ بۆ سەگی نەفسی بووسەعید/ کاسەیەک شۆربا و دوو نانت دەوێ/ سەعدی، لەم جیهانەدا کە هەیت، زەڕڕەئاسا بە/ گەر دڵێکی نزیک لە حەزرەتی سولەیمانت دەوێ
ڕووی خۆت وەدەرخە، کە باخ و گوڵستانم دەوێ
لێو ببزوێ، کە شەکری فەراوانم دەوێ
وەدەرخستن: بنوێنە، نیشان بدە. لەم بەیتەدا ڕوو بە باخ و گوڵستان و/ پەیڤ بە شیرینی چوێنراوە.
واتا: ڕووخساری خۆشەویستی خۆتم نیشان بدە، ئارەزووی دیداری سیمای وەک باخ و بێستانی تۆم هەیە، لێو بکەرەوە و قسە بکە، بیستنی قسەکانت ئاواتی منە.
ئەی هەتاوی حوسن، دەرکەوە ساتێ لەنێو هەور
ڕووخساری درەخشان و ئەز تابانم دەوێ
هەتاوی حوسن: هەتاوی جوانی. ئاماژەیشە بۆ شەمسی تەبریزی. || تابان: ئاماژەیە بۆ ڕووخساری شەمسی تەبریزی، کە سوور و نوورانییە.
واتا: ئەی هەتاوی جوانی و باشی، ساتێک لەنێو هەور وەرە دەرەوە، کە بینینی جوانیت ئارەزووی منە و مەبەستی لە شەمسی تەبریزییە.
بیستم لە هەوای تۆ، ئاوازی تەپڵی باز
باز هاتمەوە وا، باسکی سوڵتانم دەوێ
تەپڵی باز: ئەو تەپڵەی بۆ باز لێ دەدرێت، کە بفڕێت و پاشان دیسان لێ دەدرێت، کە بگەڕێتەوە بۆ سەر باسکی سوڵتان. لێرەدا ڕۆح بە باز چوێنراوە. || باسکی سوڵتان: بازی ڕاو، لەسەر باسکی سوڵتان دەنیشتەوە. ڕومی لە دەفتەری یەکەمی مەسنەویدا دەبێژێت:
باسکی شایە مەسکەنی ئەم بازە
تا ئەبەد بۆ خەڵقی، ئەم دەرە بازە
بەیتەکە واتا: لە ئەڤینی تۆ کاتێک دەنگی گەڕانەوە دەبیستم، وەکوو بازی ڕاو، کە دەنگی تەپڵی باز دەبیستێت و دەگەڕێتەوە، منیش بەرەو خاوەندی خۆم دەگەڕێمەوە، چونکە وەسڵی تۆ، ڕۆنیشتن لەسەر باسک و دەستی سوڵتان ئارەزووی منە. لە فارسییەکەدا و کە منیش هەوڵم داوە لە کوردییەکەیشدا ئەوە هەبێت؛ ڕومی ویستوویەتی لە گەڕانەوەکەدا بڵێت وەک باز گەڕاومەوتەوە. واتە هەم گەڕاومەتەوە، هەم وەک باز گەڕاومەتەوە. || بازآمدن: کە لای نالییش بەکار هاتووە، بە واتای هاتنەوە دێت.
ڕوخم ڕەنگینی ڕەنگی ڕوومەتی ڕەنگینتە، بازا
قەدی سەروم کەمانینی قەدی شیرینتە، بازا
گوتت بەناز، پتر لەوە مەمڕەنجێنە بڕۆ
ئەو پەیڤەی پترمەڕەنجانم دەوێ
واتا: تۆ بە نازەوە گوتت لەوە زیاتر نەتڕەنجێنم و وازت لێ بهێنم، من لەو پەیڤە و قسەکردنەی پتر مەتڕەنجێنمم، ئارەزووە، لەو ناز و مەکرەم داخوازە.
لەو بڕۆ بڕۆیەت، کە بڕۆ شا نییە لە ماڵ
ئەو ناز و مەکرە و توندیی دەرکەوانم دەوێ
بڕۆبڕۆ: دوورخستنەوە، بیانووهێنانەوە، سەرپێچیکردن. لای ڕومی بەردەوام دەربارەی دەرکەوانەکان گوتراوە، کە هاناهێنەرەکان دوور دەخەنەوە:
هەر عیشوەیە دەرکەوان بۆتی بنوێنێ، دەفعە و بەهانەیە
دەبێژێ بڕۆ، تۆ هیچ مەڕۆ، چونکە شا وا لەنێو کاشانەیە
توندیی دەرکەوانم دەوێ: ئەو توندییەی کە دووری دەخستمەوە و دەیگوت بڕۆ بڕۆ.
لەبەر هەر دەستێ هەبێ چاکە، سەر بە خاشاکە
ئەو مەعدەنەی مەلاحەت و من کانم دەوێ
مەلاحەت: ئێسکسووکی، خوێنشیرینی، سوێری. || مەعدەنی مەلاحەت: مەعدەنی جوانی و باشی.
واتا: لە کن من، هەرکەسێک کە تۆ بە جوانی بزانیت، لە جوانییەکەی تەنیا خاشاکێکە، بەس وردە و تەڵاشەیە، ئاماژە بۆ ئەو وردەتەڵاشانەی زەڕ و سیم. لە کوردیدا ئانسجاو- کوخارمان هەیە. ڕومی بەڵام دەبێژێت: من بە دوای کەسێکەوەم کە مەعدەنی جوانییە، ئاماژە بۆ؛ خوداوەند-شەمس. هەر یەک لە جوانڕوویان بەشێکی کەم لە جوانییان هەیە، من سەرچاوەی جوانیم گەرەکە.
ئەم نان و ئاوی چەرخە، بێوەفایە وەک سەیلە
من ماسیم نەهەنگم، عوممانم دەوێ
سەیلی بێوەفا، لافاوی بێوەفا: بەو هۆیەوە بێوەفایە چونکە هەمیشەیی نییە و ڕەوتەکەی دەوەستێت. نان و ئاویش وەک سەیل ڕۆژێک دەبڕێن. || ماسی: لە سیمبولیزمی عیرفانیدا ئاماژەیە بۆ سۆفی. || دەریای عوممان: ئاماژەیە بۆ دەریای مەزن. دەریا لە سیمبولیزمی عیرفانیدا، ئاماژەیە بۆ بوونی هەوڵ و کۆششی ئیلاهی. من ماسیم و دەریام دەوێ: ئاماژەیە بۆ ئازادیخواستن و ڕووبەری فراوانی ئەندێشە.
یەعقووبئاسا هەموودەم هەر شین و ناڵینمە
دیداری جوانی، یووسفی کەنعانم دەوێ
یەعقووب: باوکی یووسف، کە لە فیراقی ئەودا کوێر بوو. لە قورئاندا هاتووە: «ڕووی وەرگێڕا، یەعقووب لە کوڕەکانی و گوتی ئەفسووس بۆ یووسف و سپی بوو چاوەکانی لە تاو خەفەت. کەواتە تووڕەییی خۆی خواردەوە.» || دیدار: ڕووخسار، دەموچاو. هەڵبەت دیداری لەدەستچووان؛ دیداری دووبارە.
بە ئەڵڵا کە شار بێ تۆ دەبێتە بەندیخانەم
ئاوارەیی و شاخ و بیابانم دەوێ
واتا: بێ تۆ لەم شوێنەی ژیانم، گەرچی بەرکراوەیە و ئازادم، بەڵام بووەتە بەندیخانەم، من بە دوای ئاوارەیییەوە شاخ و بیابانم دەوێت.
لەم هاوڕێ ئەندامسستانەم دڵم گیرا
شێری خودا و ڕۆستەمی دەستانم دەوێ
ئەندامسست: لاواز. بێخەیاڵ، بێهیممەت. || شێری خودا: هێز، قودرەت، نازناوی عەلی کوڕی ئەبووتالیب، کە بە ئازایی نێودار بوو. هەروەها: شێر ئاماژەیە بۆ شەمسی تەبریزی. || ڕۆستەمی دەستان: ڕۆستەم کوڕی دەستان، خودی دەستان نازناوی زاڵە.
گیانم جاڕز بوو لە فیرعەون و زوڵمی ئەو
نووری ڕووخساری، مووسای عومرانم دەوێ
فیرعەون: سیمبولی جەستە و نەفس و دنیا. || نووری ڕووی مووسا: ئەو کاتێک لە جێدیداری خودا، لە طووڕی سینا گەڕایەوە، ڕووخساری نوورانی بووبوو، بە جۆرێک کەس نەیدەتوانی تەماشای بکات. (بڕوانە: تەوڕات. سیفری دەرچوون، بابی سیوچوار، ئایاتی ٢٩ تا ٣٦.) ئەم ئاماژەیە لە ئەدەبیاتی فارسیدا دەگمەنە و بێ لە ڕومی، تەنیا ناسر خەسرەو و یەک-دوو کەسی دیکە لە بارەیەوە نووسیویانە. هەروەها: مەبەست لێی ڕووخساری سوور و درەوشانی شەمسە.
لەم خەڵقی پڕشکایەتی گریان، مەلوول کەوتم
من حەشروحەلا و نەعرەیی مەستانم دەوێ
واتا: لە کۆمەڵی پڕگلەیی بێتاقەت و خەمگین بووم و حەزم لە کۆڕی شادیی مەستان و ئەویندارانە.
خۆشبێژترم لە بولبول، بەڵام لە ئیرەیی عام
قفڵە لەسەر زارم و ئەز ئەفغانم دەوێ
ئەفغان: هاوار.
واتا: لە بولبول خۆشئاوازترم، بەڵام لەبەر حەسوودیی خەڵکی، بێدەنگیم هەڵبژاردووە، دەنا دەخوازم هاوار بکەم.
شێخ دوێنێ بە چرا، بە دەوری شاردا گەڕا
کە لە دێوودرنج مەلوولم و ئینسانم دەوێ
دێوودرنج: مەبەست لێی مرۆی خەراپ و بەدزاتە.
شێخ: دیۆجەنس- فەیلەسووفی یۆنانی لەم بەیتەدا ئاماژەی بۆ دەکرێت، کە بە چراوە بە ڕۆژی ڕووناک دەگەڕا، کاتێک لێیان دەپرسی، لە وەڵامدا دەیگوت بە دوای ئینساندا دەگەڕێم. لە دەفتەری پێنجەمی مەسنەویدا هاتووە:
ئەو یەکە بە مۆم، هەر دەگەڕا ڕۆژانە
بۆ نێو هەر بازاڕێ، بەو ئەڤین و سۆزانە
کونپشکنێ لێی پرسی، کە ئەی فڵان
لە دووی چی وێڵی، لای هەر دوکان؟
گوتی من بە دوای ئینساندا گەڕیانم
نایدۆزمەوە هیچ و گەلێ حەیرانم
ئەم بابەتە لە ئەدەبیاتی ڕۆژئاوایشدا ئاماژەی پێ کراوە. ماتورن ڕنێ (١٦١٣ مردووە) لە یەکێک لە هەجووەکانیدا دەڵێت: سەد جارم چرا دەستەوە گرت/ بە ڕۆژی ڕووناک گەڕانم کرد. (بڕوانە: مێژووی شێتی، میشێل فوکۆ.)
گوتیان نادۆزرێتەوە، بۆی گەڕاوین ئێمە
گوتی ئەوەی نادۆزرێتەوە، لەویانم دەوێ
واتا: دەیانەوێت ناهومێدی بکەن کە نادۆزرێتەوە، ئەو ئینسانە نادۆزرێتەوە، ئەویش دەڵێت من لەوەیانم دەوێت کە نادۆزرێتەوە.
هەرچەند نەدارم، نامهەوێ وردەعەقیق
کانی عەقیقی، نادری شایانم دەوێ
نەدار: بێشت، هەژار. || ورد: بچووک، کەمبەها. || نادر: دەگمەن.
واتا: سەرەڕای ئەوەی نەداریشم هێشتا وردەعەقیقی ناچیز و هەرزانم ناوێت، من ئەویانم دەوێت کە شایان و پڕبەهایە.
پەنهان لە دیدەکان و گشت دیتنێ لەوڕایە
ئەوی ئاشکرا سەنعەت پەنهانم دەوێ
پەنهان لە دیدەکان: ئەی کەسێک کە لە زۆریی نووری خۆت، پەنهانی. || هەروەها: دیدەکان ئەو نابینن و ئەو دیدەکان دەبینێت. || ئاشکرا سەنعەت پەنهان: کەسێک کە سەنعەتی ئەو ئاشکرایە و خۆی شاراوەیە. ئاماژەیە بۆ ئەو.
کاری من تێپەڕی لە هەر ئاوات و مەیلێ
لە کان و لە مەکان پایەی ئەرکانم دەوێ
واتا: کاری من لەوە تێپەڕیوە کە بەس مەیل و ئارەزوو بێت، من بە دوای ناسینی ئەسڵ و بنەڕەتی هەبوونەوەم.
گوێم بیستی چیرۆکی ئیمان و بوو مەست
کوا پشکی چاو؟ ڕووخساری ئیمانم دەوێ
واتا: گوێی من بە بیستنی چیرۆکی ئیمانی ئادەمییان مەست بووە، بەڵام ئەی بەشی چاو لەم نێوانەدا کوانێ؟ من بینینی ئەویارم دەوێت. || هەروەها: مەبەست لێی؛ گەیشتنە بە عینالیقین و حقالیقین و ویساڵی ئیلاهی.
لە دەستێکم جامی بادە و لە دەستێکم زوڵفی یار
سەمای ناو حەشامات و مەیدانم دەوێ
|| دەخوازم ئەوە وە بیر بهێنمەوە، کە دەڵێن ڕومی غەزەلی نەنووسیون، بەڵکوو بە دەم سەما و ڕوبابژەنیی ڕوبابییەکانەوە و لەناو کۆڕی مەولەوییەکاندا، گوتوونی.
دەبێژێ ئەو ڕوبابە، کە مردم لە ئینتیزار
دەست و ئامێز و زەخمەیی عوسمانم دەوێ
ئینتیزار: چاوەڕوانی
واتا: ئەو ڕوبابە- کە ئامێرێکی موسیقییە و ئەمڕۆیش لە ئەفغانستاندا باوە- دەڵێ گیانم دا لە چاوەڕوانی، من دەست و باوەش و زەخمە-ڕیشەکەی عوسمانی ڕوبابژەنم دەوێت، کە ڕوبابژەنێکی سۆفیخانەکەی ڕومی بوو: شرفالدین عثمان. بە کورتی: عوسمانم دەوێت بمگرێتە باوەش و بمژەنێت. شەرەفەددین عوسمان، وەک لە مناقبالعارفینی ئەفلاکیدا هاتووە، لە قەوواڵان و موتریبان و ڕوبابییەکانی مەجالیسی سەماعی ڕومی بووە.
منیش ڕوبابی عەشقم و ئەڤینم ڕوبابییە
لەو لوتفانەی زەخمەیی ڕەحمانم دەوێ
ڕوبابی: ژەنیاری ڕوباب.
ڕەحمان: خوا
باقیی ئەم غەزەلە، ئەی موتریبی زەریف
گەڕیانی کە لەم چەشنە، کە لەم چەشنانم دەوێ
واتا: باقیی ئەم غەزەلە ئەی موتریبی ڕوبابژەن، تۆ بە ژەنینی ڕوبابەکەت دەری ببڕە. دەمەوێت باقیی غەزەلەکە لە تۆ ببیستم. هەروەها: من ئیتر ماندوو بووم. باقیی ئەم غەزەلە، ئەی موتریب، هەر بەم کێش و سەروا و شێواز و ئاهەنگەوە درێژە پێ بدە. ڕومی کە بە گشتی غەزەلەکانی لە مەجالیسی سەماعدا ئیلهامئاسا گوتوون، پاشان موریدەکان نووسیویاننەتەوە.
بنوێنە شەمسی پڕشکۆی تەبریز، ڕوو لە ڕۆژهەڵات
من هودهودم، حزووری سولەیمانم دەوێ
بنوێنە: گەڕانەوەیە بۆ مانا و مەبەستی بەیتی هەووەڵ.
سولەیمان: هاوکات ئاماژەیشە بۆ شەمسی تەبریزی.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.