20/04/2024
DidiMn Logo
Top

جۆن دۆن و شیعری “بەیانی[ت] باش”

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
وەرگێڕان و شیکاری: زامۆ عەلی عومەر

لە ناودارترین و ڕەوانبێژترین شاعیرە ئینگلیزەکانە. لە سەردەمی ڕێنیسانسدا ژیاوە، زۆر جار بە “مەزنترین شاعیری خۆشەویستی” ناوزەند دەکرێت. لە شیعرەکانیدا جۆرەها سیمبۆلیزم بەکاردەهێنێت بۆ گەیاندنی پەیامەکانی. لە زۆرێک لە شیعرە ڕۆمانسییەکانیدا وێناکاری و ئاماژەی جیاواز لە شاعیرەکانی تر بەکاردەهێنێت، و زمانی نووسینەکانی بەشێکی زۆر بەندە لەسەر خەیاڵێکی فراوان، کە چەندین ئاماژە و بابەتی جیاواز پێکەوە دەبەستێتەوە بۆ پێکهێنانی وێنەیەک کە مەبەستە بنەڕەتییەکەی دەردەخات. لەم شیعرەیدا، دەبینین کە چۆن هەر یەک لەو تایبەتمەندییانەی خۆی خستووەتە بەرچاو بۆ ئەوەی خۆشەویستییەکەی خۆی بۆ هاوسەر و خۆشەویستەکەی دەرببڕێت، و پەیامێکیش لەسەر خۆشەویستی نەمر بگەیەنێتە خوێنەر. دۆن، ئەم شیعرەی لە نەوەدەکانی سەدەی شازدەدا نووسیوە و بە شێوەیەکی فەرمی لە ساڵی ١٦٣٣دا بڵاوکراوەتەوە.

بەیانی[ت] باش

سەیرم لێدێت، من و تۆ چیمان دەکرد پێش ئەوەی بەیەک بگەین؟
ئایا دوای لە شیر بڕانەوەمان تا ئەم تەمەنە هیچ ژیابووین؟
وەک دوو منداڵ نغرۆی مژینی لەزەتە کاتییەکانی ژیان بووین؟
یان وەک خەوتووانی ئەشکەوتەکە لە خەوێکی قووڵدا بووین؟
وابوو؛ گەرچی هەموویان ساختەخۆشی بوون
هەموو جوانییەک من بینیبێتم، حەزم پێکردبێت و هاتبێتە دەستم
تەنها خەونێک بەرەو جوانییەکەی تۆ بوون

ئێستاش، بەیانی ڕۆحە بەخەبەرهاتووەکانمان باش
کە چیتر لە ترسدا ناڕواننە یەکدی
خۆشەویستی، خۆشویستنی هەموو دیمەنێکی تر قەدەغە دەکات
و ژوورێکی بچووکمان بۆ بەجیهان دەکات
با دەریادۆزەکان بڕۆن بەرەو جیهانە نوێیەکانیان
با نەخشەکان جیهان لە دوای جیهان بنەخشێنن
من و تۆش با یەک جیهانمان هەبێت، یەکێکمان ئەوی دی هەبێت،
و هەردووکمان یەکێک بین

ڕووخساری من لە چاوی تۆدا، و ڕووخساری تۆ لە چاوی مندا ڕەنگدەداتەوە
و پاکترین دڵ لە ڕووخساردا دەردەکەوێت.
لەکوێی جیهاندا لە ئێمە جوانتر دوو نیوە گۆ هەیە
کە باکوورەکەی نەیبەستبێت و ڕۆژئاواکەی هەرگیز ئاوا نەبێت؟
ئەو خۆشەویستییەی دەمرێت ئەوەیە کە یەکسان ئامێزان نەکراوە
گەر خۆشەویستیمان یەک بێت،
یان من و تۆ بۆ خۆشەویستییەکەمان یەک بین؛
کەسمان دانامرکێین، خۆشەویستیشمان نامرێت.

ستانزای یەکەم:

جۆن دۆن بە چەند پرسیارێک دەستپێدەکات کە ڕادەی عاشقبوون و بەرز نرخاندنی خۆشەویستەکەی دەردەخات لە ژیانیدا. دەپرسێت؛ من و تۆ کە تەمەنێک بەبێ یەکتر بووین، چۆن ژیانمان کردووە و چۆن خۆمان بە دوو کەسی کامڵ و ژیر داناوە؟ لە کاتێکدا من و تۆ تەنها پێکەوە پڕ و گونجاوین. ئەم ئاماژەیە بۆ پێکەوە کامڵ بوون و گونجانە لە ستانزاکانی دواتریشدا دووبارە دەبێتەوە، وەک جەخت کردنەوەیەک لەوەی کە دۆن و هاوسەرەکەی کەسیان بە بێ یەکتر ناتوانن هەبن. دەپرسێت؛ دەبێت وەک دوو منداڵ ژیانمان کردبێت، و بەدوای کۆمەڵێک “لەزەت”ی کاتی و ساختەوە بووبین؟ دوو منداڵ کە تەنانەت دوای تەمەنی منداڵیش—”دوای ئەوەی لە شیر بڕاینەوە”—  هێشتا هەر منداڵ و کاڵفام بووین تا گەیشتین بە یەک. دواتر دۆن ئاماژە بە “خەوتووانی ناو ئەوشکەوت” دەدات، کە چیرۆکێکی مەسیحییە بە ناونیشانی “کوڕانی ئێفەسوس،” کە بۆ پاراستنی ئایینەکەیان و هەڵهاتن لەدەست ئیمپڕاتۆری ڕۆم، دەچنە ئەشکەوتێکەوە و بۆ ماوەی سەدان ساڵ خەویان لێدەکەوێت. دۆن چیرۆکەکە بە ڕوویەکی تردا وەردەگێڕێت و دەیبەستێتەوە بە خۆشەویستییەکەیەوە. دەپرسێت؛ ئایا وەک ئەو خەوتووانەی ناو ئەشکەوتەکە خەوتبووین، وا بێئاگا بووین لە بوونی یەکتر؟

دۆن، هەر خۆی وەڵامی خۆی دەداتەوە و دەڵێت هەموو ئەوانە ڕاستن، چ ئەوەی منداڵ و کاڵفام بووبێت، چ ئەوەی خەوتوو و بێئاگا بووبێت. دەڵێت “وابوو”، بەڵام ئەمانە هیچیان ژیان و “لەزەت”ی ڕاستەقینە نەبوون. لە کۆتا دوو نیوە دێڕدا دۆن مانای ژیانی ڕاستیمان پێدەڵێت، کە گەیشتنە بەو کەسەی خۆشی ویستووە. هەموو ئەو جوانی و خۆشی و ئارەزووانەی کە پێشتر بینیونی و حەزی پێکردوون، بەراورد بە عەشقەکەی، تەنها خەونێک و خەیاڵێک بوون. خەون و خەیاڵی کەسێکی منداڵ بوون، کەسێکی بێئاگا لە عەشق و مەعشووقەکەی. لە ستانزای یەکەمی شیعرەکەدا، جۆن دۆن لایەنی ڕۆحی دەخاتە ڕوو.

ستانزای دووهەم:

ستانزای دووهەم لایەنی جەستەیی و واقیعی دەخاتە ڕوو. جۆن دۆن بەخەبەر دێت لە خەوەکەی و لا دەکاتەوە، هاوسەرەکەی لە تەنیشتیدایە، و بە پێچەوانەی خەون و خەیاڵەکانی ڕابردووی، بوونی هاوسەرەکەی واقیع و ڕاستییەکی جوانە. “ئێستاش، بەیانی ڕۆحە بەخەبەرهاتووەکانمان باش”: ئەم نیوە دێڕە دوو مانا لەخۆ دەگرێت، کە یەکەمیان سڵاوکردنی جۆن دۆنە لە هاوسەرەکەی لەدوای خەوێکی خۆش و قوڵ، دووهەمیان پەیوەندی هەیە بەو خەوتن و بێئاگاییە مەعنەوییەی کە لە ستانزای یەکەمدا ئاماژەی پێدەدات. ئەم بەخەبەر هاتنەوەیە تەنها لەم بەیانییەدا نییە، بەڵکو بەخەبەر هاتنەوەشە لەو بێئاگاییەی کە لە دووری و نەبوونی یەکتردا پیایدا تێپەڕیون پێش بەیەک گەیشتنیان. “ڕۆحە بەخەبەرهاتووەکانمان” ئاماژەیەکە بەوەی کە چیتر ڕۆحیان بێئاگا و ون نییە و لەیەکتر ڕوانینیان لە ئێستادا لە خۆشەویستی و ئارامییاندایە، لە ترس و خەمی تەنها بوونیاندا نییە. دۆن ئاماژە بەوە دەدات کە دەکرێت دوو کەس لە کاتێکدا بڕواننە یەکتری بە قووڵی کە ترسی ئەوەیان هەبێت داببڕێن لەیەکتری و کۆتا لەیەک ڕوانینیان بێت، بەڵام لە حاڵەتەکەی ئەمدا، لە خۆشەویستی و پێکەوەبوون و ئارامیدایە: ” کە چیتر لە ترسدا ناڕواننە یەکدی.” خۆشەویستی ڕاستەقینەش، تەنها ڕووخساری خۆشەویستەکەتت لا دەردەخات، و ڕوانینە هەر شتێکی تر و حاڵەتێکی تر قەدەغە دەکات.

“دەریادۆزەکان” و دۆزینەوەی جیهانی نوێ، ئاماژەیەکە بەو بەرەوپێشچوونە بەرچاوەی کە لە سەردەمی ڕێنیسانسدا سەریهەڵدابوو لە بواری دەریاوانی و دەریادۆزی و دۆزینەوەی خاک و کیشوەری نوێدا. دۆن بەئاگایە لە بەرەوپێشچوونەکانی سەردەمەکەی، بەڵام لەجیاتی گەڕان بە جیهاندا، داوا لە خۆشەویستەکەی دەکات کە یەک جیهانی بچووک و تایبەتی خۆیانیان هەبێت، کە ئەو ژوورەی تیایدا دەخەون و بەخەبەردێن ببێتە جیهانەکەیان. چونکە خۆشەویستییان لەنێواندایە، و خۆشەویستیەکەی دۆن بۆ هاوسەرەکەی ژوورێکی بچووکیان “بۆ بەجیهان دەکات.” لەو جیهانە تایبەتەی خۆیاندا، هەردووکیان وەک یەک کەسن، جیاوازی و ناکۆکی لەنێوانیاندا نییە و نابێت: ” یەکێکمان ئەوی دی هەبێت، و هەردووکمان یەکێک بین.”

ستانزای سێهەم:

لە سەیرکردنی چاوی خۆشەویستەکەیدا، ڕووخساری خۆی دەبینێتەوە، و لە چاوی خۆشیدا ڕووخساری خۆشەویستەکەی دیارە، ئەمەش وێناکردنی ئەو حاڵەتە جەستەییەیە کە تیایدان و نزیک لەیەک و ڕووبەڕوو دەڕواننە چاوی یەکتر: ” ڕووخساری من لە چاوی تۆدا، و ڕووخساری تۆ لە چاوی مندا ڕەنگدەداتەوە.” دواتر دۆن دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ لێکچواندنی خۆی و هاوسەرەکەی بە گۆی زەوی، کە لێرەدا زەوییەکی تایبەتە و تەنها لە خۆی و هاوسەرەکەی پێک هاتووە و هەر یەکەیان نیوە گۆیەکن. دەپرسێت؛ لەکوێی جیهاندا هەیە کە دوو نیوە گۆی وەک من و تۆ تەواو گونجاو و پڕاوپڕ هەبن، کە جیهانێک پێک بهێنن بە بێ کەم و کورتی و کێشە و جەنگ و لەناوچوون؟ جیهانێک کە “باکوورەکەی نەیبەستبێت و ڕۆژئاواکەی هەرگیز ئاوا نەبێت؟”

لە کۆتاییدا، هۆکاری نەمری خۆشەویستیمان بۆ دەردەکەوێت لە ڕوانگەی دۆنەوە، کە ئەویش هاوسەنگڕاگرتنی خۆشەویستییە لە هەردوو لاوە. لە هەر سێ ستانزاکەدا دۆن ئاماژە بەوە دەدات کە ئەم دوو کەسە تەنها پێکەوە کامڵ و پڕاوپڕ دەبن، دوو نیوە گۆی یەکسان، دوو توخمی ئامێزانکراوی یەکسان، دوو کەس کە یەک جیهانی هاوتا پێک دەهێنن؛ ئەمە هۆکاری نەمری خۆشەویستییە، چونکە وەک دۆن دەڵێت، ئەو خۆشەویستییەی کە دەمرێت هۆکاری مردنەکەی نایەکسانی دوو نیوەکەیەتی. کەواتە، ئەگەر دوو کەس وەک دۆن و خۆشەویستەکەی بە هەمان سەنگ خۆشەویستی بکەن، و هەردووکیان لەپێناو خۆشەویستییەکەیاندا یەک “جیهان” پێک بهێنن، ئەوا نە خۆیان “دادەمرکێن” و نە خۆشەویستییەکەشیان دەمرێت. ئەمەش تەواو پێچەوانەی بنەمای لووتبەرزی و ڕەتکردنەوەی یەکترە. ئەو دوو کەسەی ئامادە بن لەپێناو یەکتردا دەستبەرداری جیهان بن، و ڕێگە نەدەن حەز و ئارەزووەکانیان درز بخاتە نێوانیانەوە و “یەک”بوونیان نەهێڵیت، ئەو دوو کەسە خۆشەویستییەک بەرهەم دەهێنن کە تەنانەت دوای نەمانی خۆشیان لە ژیاندا دەمێنێت.

ئان دۆن، هاوسەری جۆن دۆن، لە ساڵی ١٦١٧دا مرد. تەمەنی تەنها ٣٣ ساڵ بوو. جۆن دۆن لەدوای مردنی ئانەوە بە هیچ شێوەیەک خۆشەویستی نەکردووەتەوە، و هەتا مردنی لە خەمۆکی و تاسانی مردنی هاوسەرەکەی دەربازی نەبووە. لەدوای مردنی هاوسەرەکەیەوە شیعرەکانی ڕەوتیکی تاریک و مردنئامێزیان لەخۆگرتووە، و ئەوەی زانراوە لەسەر دوایین ساڵەکانی تەمەنی ئەوەیە کە هەرگیز خۆشبەختی بەخۆیەوە نەبینیوەتەوە. بەڵام، هەر وەک خۆی بەڵێنی نەمری بە خۆشەویستی و خۆشەویستەکەی دابوو، خۆشەویستییەکەی بە نەمری (و بە جوانی) مایەوە. بەو پێیەی کە دوای زیاتر لە ٥٠٠ ساڵ، ئێمە لەبارەی جوانی و ڕاستگۆیی خۆشەویستییەکەیەوە دەدوێین و دەنووسین و دەخوێنینەوە.

هاوبەشی بکە

DidiMn, didimnarticle, DidiMnPoetry,