24/04/2024
DidiMn Logo
Top

حەمام

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – نارین ڕۆستەم

باوکم شاعیر بوو
ڕۆژێک گۆی زەوی کەوتە ژێر دەستی
لە چڵپاوی کۆڵانێک دەریھێناین
هەڵی داینە ناو تەشت و
لە بەردەم دەرگای حەمامی بازاڕ ڕژاین


ھەریەک لە ئێمە
کاغەزی زەرد بە ناوچەوانمانەوە:
“جوان بیانشۆن،
چڵک و برینەکانیان داماڵن
دەمەوێ بە پاکی بیانبەمە ناو شیعرێکمەوە”.

من لەوە بچکۆلەتر بووم کە دەبینرام
سابوون قاچی ھەڵخلیسکاندم و کەوتم
ھاوارم کرد…

برایەکەم منداڵ نەمابوو
عەبایەكی ڕەش بوو
بە بزماری ژەنگاویی دیواری حەمام هەڵواسرابوو

خوشكم…
بەدوای شانەی پرچیدا
ڕۆیشت
نەگەڕایەوە.

بۆ شەو
ئێمە کراین بە باشترین شیعر.
باوکم…
خەڵاتی بەرز کردەوە و
گۆی زەوی لە دەستیدا خزی.

دەرگای ئەم حەمامە دامەخەن،
من دەمەوێت لەم شیعرەدا
بێمە دەرەوە.

هاوبەشی بکە

DidiMn, DidiMnPoetry,