25/01/2021
DidiMn Logo
Top

ساختەزانستەکەی کتێبی «نهێنییەکە»

لە لایەن دیدی من 1 مانگ پێش ئێستا

سه‌رچاوه‌: لایڤ سین
نووسینی: بێنجامین ڕادفۆرد
له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: زامۆ عومەر

پێشەکیی وەرگێڕ

کتێبی خودکۆمەک یان پەرەپێدانی خۆیی، یەکێکە لە پڕفرۆشترین و پڕخوێنەرترین جۆرەکانی کتێب لە جیهاندا. ئەم کتێبانە بە پشت بەستن بە چەند تەکنیکێکی هەڵخەڵەتێنەر لە نووسینیاندا هەستێک لە خوێنەرەکانیاندا دەبزوێنن کە ڕووکەشانە وا دەردەکەون تەواوی ئەو قسانەی تێیاندا کراون ڕاستی و جوانییەکی ڕۆحیی لەپشتییانەوە هەیە. زۆربەیان کار لەسەر ئەوە دەکەن کە هەستی سەرکەوتن و باوەڕبەخۆبوون و دڵخۆشی بدەن بە خوێنەرەکان. ئەوەش لەڕێگەی گێڕانەوەی چیرۆکی کەسێکەوە کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا نووسەرەکە خۆیەتی، یان دانانی چەند بنەمایەک کە گوایە کلیلی سەرکەوتن و دڵخۆشی لەم بنەمایانەدا دەدۆزرێتەوە.

 بەڵام چەند لایەنێکی ئەم کتێبانە لە ڕووی لۆجیکی و زانستی و تەنانەت ژیانی واقیعی خۆشمانەوە هیچ ڕاستییەکییان تێدا بەدی ناکرێت و زۆربەیان لەوپەڕی بێ ماناییدان. بۆ نموونە لە کتێبی “نهێنییەکە”دا کە یەکێکە لە ناودارترین کتێبی خودکۆمەک، دێڕێکی تێدایە دەڵێت “ئەگەر وا بیربکەیتەوە کە باشیت، ئەوا باش دەبیت،” یان “هەموو ئەو شتانەی کە لە ژیانماندا ڕوودەدەن ئێمە خۆمان بەرەو لای خۆمان ڕایاندەکێشین.” مەحاڵە لە واقیعدا ئەمە ڕاست بێت. ئێمە لە ژیانماندا چەندەها شتی ناخۆش و نەویستراو ڕوودەدەن، وەک مردنی ئازیزێکمان یاخود نەخۆشکەوتنمان. ئایا ئێمە ئەوەمان بەلای خۆماندا ڕاکێشاوە؟ ئەگەر وا بیربکەینەوە کە باشین، مانای ئەوە ناگەیەنێت کە باشین، چونکە هەندێک شت هەیە تەنها بەوە باش نابن کە بیرییان لێبکەینەوە وەک ئەوەی ئەم جۆرە کتێبانە فێرمان دەکەن.  ئەگەریش ئەم جۆرە قسانە بۆ هەموو کاتێک و حاڵەتێک ڕاست نین، کەواتە ئەم کتێبانە بۆ وەک یاسایەک بە ئێمەی دەفرۆشنەوە؟

یەکێکی تر لە هۆکارەکانی بێ بنەمایی ئەم کتێبانە ئەوەیە کە زۆربەیان هەمان شریتی سواو لێدەدەنەوە بە دەربڕینی جیاواز. کڕۆکی بیرۆکەکەیان “بیرکردنەوەی پۆزەتیڤانەیە،” بە مانای ئەوەی کە ئەگەر ئێمە هەموو کاتێک پۆزەتیڤانە بیربکەینەوە ئیتر ژیانیشمان هەمیشە باش و خۆش دەبێت لە گشت ڕوویەکەوە. هەر لە کتێبی “نهێنییەکەدا” لەسەر دەوڵەمەندی و پارە دەڵێت: “هۆکاری سەرەکی ئەو کەسانەی پارەیان نییە ئەوەیە کە بە بیرکردنەوەکانیان ڕێگەیان لە پارە گرتووە بێتە ژیانیانەوە.” واتە ئەگەر پۆزەتیڤانە بیربکەینەوە و بڵێین پارە دێت و دەوڵەمەند دەبین، پارەکە دێت و دەوڵەمەندیش دەبین. ئایا ئەمە هیچ بنەمایەکی لۆجیکی و واقیعی هەیە لە ژیانی ڕۆژانەماندا؟ ئەگەریش مەبەست لەوەیە کە پۆزەتیڤانە بیربکەینەوە و کاربکەین بۆ بەدەستهێنانی پارە، ئەمە نهێنییەکەی لەکوێدایە؟ ئایا هیچ کاریگەرییەکی دەرەکی ڕێگە لە هاتنەناوەوەی پارە ناکات جگە لە بیرکردنەوەکانمان؟ ئایا بۆ هەموو سیستەمێکی ئابووری لە هەموو وڵاتێکدا ئەم قسەیە ڕاستە (ئەگەر ڕاست بوو)؟ ئەم یاسایە ئەگەر لە وڵاتێکدا ئەکرێت ڕاست بێت کە سیستەمی ئابووری و حوکمڕانی یارمەتیدەربێت بۆی، بەهەمان شێوە لە وڵاتێکی وەک کوردستانیش ڕاستە کە تەنانەت مافی سەرەتایی هاوڵاتییەکە خۆی بە نیوەناچڵی دەدرێت (یان هەر نادرێت)؟

ئەم جۆرە قسانەن کە لەم کتێبانەدا خەیاڵێکی پڵاو لای خوێنەر دروست دەکەن. بێگومان کە سەرەتا دەیانخوێنیتەوە بەهادار و بەجێ دەردەکەون. بەڵام کەمێک تێفکران لەسەریان دەریدەخات کە چەندە خاڵیین لە لۆجیک و بنەمای زانستی و واقیعی. تەنها کۆمەڵێک قسەی گەرم و گوڕ و چەند وەڵامێکی خێرا و ئیجابین بۆ ئەو کەسانەی کە نایانەوێت وەڵامی ئاڵۆز و نێگەتیڤ وەربرگرن. کۆمەڵێک قسەی جوانکراون بۆ ئەو کەسانەی کە بەردەوام دەیانەوێت کتێبێک بێت پێان بڵێت “بڵێ من باشم، و باش دەبیت.” لەڕووی لۆجیکی و زانستییەوە قسەی زۆر هەن دژی ئەم جۆرە کتێبانە. بۆ نموونە، بیرکردنەوەی پۆزەتیڤانەی زۆر دەکرێت ببێتە هۆکاری بەلاوەنانی واقیع و ژیانی ڕاستی و هەمیشە گەڕان بەدوای ڕێگەیەکی ئاسان بۆ دەرچوون لە هەموو کێشەکان. دەکرێت ئەم جۆرە کتێبانە هێندە دوورتبخەنەوە لە ڕاستی کە بێ ئاگا بیت لە لایەنێکی ژیانت کە بەردەوام لە خراپبووندایە و تۆش وا هەست دەکەیت هەموو شتێک باشە. هەموو ڕووداو و بەسەرهاتێکی ژیانت پەیوەندی نییە بە بیرکردنەوەکانتەوە. چەندین هێز و هۆکاری دەرەکی هەن کە ئاڕاستەی ڕووداوەکان دەگۆڕن.

ئەم وتارەی وێبسایتی لایڤ سایەنس – Livescience، تیشک دەخاتە سەر “یاسای ڕاکێشان” لە کتێبی “نهێنییەکە”وە و قسە لەسەر بێ بنەمایی ئەم جۆرە کتێب و یاسایانە دەکات لەڕووی لۆجیکی و زانستییەوە. وتارەکە لەژێر ناونیشانی “ساختەزانستەکەی کتێبی نهێنییەکە”یە، و لەلایەن بێنجامین ڕادفۆردەوە نوسراوە کە سەرنووسەر و بەڕێوەبەرە لە گۆڤاری زانستی Skeptical Inquirer. کتێب و فیلم و پڕۆژەکانی تری لە وێبسایتەکەی خۆی دەتوانرێت ببینرێن. ستوونەکەی بە ناوی “زانستی خراپ” (Bad Science) بەردەوام لە وێبسایتی LiveScience خوێنەری هەیە.

لە ساڵی ٢٠٠٩دا، لاری کینگی پێشکەشکاری تەلەفزیۆنی ئەمریکی پرۆگرامێکی لەژێر ناونیشانی “ڕووداوێکی تایبەت”دا بەخش کرد لە سەرتاسەری شانۆکانی ئەمریکادا. پرۆگرامەکە بە ناونیشانی “لەودیو نهێنییەکەوە: هێزی ڕۆحانی و یاسای ڕاکێشان” بوو، کە لەسەر کتێبی “نهێنییەکە” بەرهەمهێنرابوو، کتێبە پڕفرۆشەکەی ڕۆندا بێرن لە بواری یارمەتیدانی خوددا. کتێبەکە بەڵێنی ئەوە دەدات کە خەونەکانمان بەوە دێنە دی کە پۆزەتیڤانە بیربکەینەوە. بەلایەنی کەم بۆ بێرن و بڵاوکەرەوەکانی، خەونەکانی هێناونەتە دی. زنجیرەی “نهێنیەکە” (کە کتێب و فیلم و دیڤیدی و شتی تریش لەخۆ دەگرێت) بڕێکی زۆری پارەی هەڵچنی بۆ ئەوان، بەڵام ڕاست و دروستی بابەتەکەی گومانی لەسەرە.

“نهێنییەکە” گوایە لەسەر زانست نووسراوە، و لە هەندێک شوێندا هەندێک دەستەواژەی فیزیای بڕیی بەکارهێناوە. بەڵام بیرۆکەکەی کە لەپشت ئەم کتێبەوەیە زانستییانە سەلمێندراوە کە هەڵەیە. بە قسەی بێرن بێت، ئەم نهێنییە لەسەر بیرۆکەیەکی سەردەمی نوێ بەرهەم هاتووە کە پێی دەوترێت “یاسای ڕاکێشان.” ئەم بیرۆکەیە دەڵێت بەپێی ئەم یاسایە شتە لێکچووەکان یەکتری ڕادەکێشن، کەواتە بیرکردنەوەی پۆزەتیڤانە شتی پۆزەتیڤ بۆلای خۆی دەهێنێت، و بیرکردنەوەی نێگەتیڤانە شتی نێگەتیڤ ڕادەکێشێت. کەواتە، زۆر بە سادەیی، ئەگەر بیر لەو شتانە بکەینەوە کە دەمانەوێت، بەدەستییان دەهێنین. کە ڕووکەشانە لێی دەڕوانیت، وا دەردەکەوێت لۆجیکێکی تێدا بێت. بەڵام لە فیزیادا شتە پێچەوانەکان یەکتر ڕادەکێشن، نەک لێکچووەکان. بەڵام بەدەر لەمەش، یاسای ڕاکێشانەکەی ئەم کتێبە هیچ پەیوەندییەکی بە زانستەوە نییە. هیچ کەسێک ناتوانێت شتێک بهێنێتە بوون تەنها بەوەی پۆزەتیڤانە بیری لێبکاتەوە یان ئاواتی بۆ بخوازێت یان هەستی بۆی بجووڵێت.

١) لۆجیکێکی خراپ

کاتێک زانایان پێشنیاری بیردۆزێکی نوێ دەکەن، دەبێت ڕوونی بکەنەوە ئەو بیردۆزە چۆن کاردەکات. لە بەرامبەر ئەمەدا، کتێبی “نهێنییەکە” کێشەی زۆرە لەگەڵ ئەو ڕوونکردنەوەیەدا، و شکست دەهێنێت لە ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە یاسای ڕاکێشان چۆن کاردەکات و لەسەر چ میکانیزمێک کاردەکات. بەپێی بیرۆکەکە بێت، بیرکردنەوەکانمان بەشێوەیەک لە شێوەکان لەرەلەرێک دەنێرنە گەردوونەوە و شتێک لە گەردووندا بەشێوەیەک لە شێوەکان ئەو لەرەلەرە شی دەکاتەوە و وەڵامی دەداتەوە. بۆ نموونە ئەگەر بمانەوێت جەستەمان باریکتر بێت، یان ئۆتۆمبیلێکی نوێمان هەبێت، گەردوون بەشێوەیەک بۆمان جێبەجێ ئەکات ئەگەر ئێمە بیری لێبکەینەوە. بیرکردنەوەی پۆزەتیڤانە زۆر ئاسانترە لەوەی ڕێجیم بکەیت، یان پارە پەیدا بکەیت بۆ ئۆتۆمبیلەکە، بەڵام تەنانەت ئەگەر یاسای ڕاکێشانیش ڕاست بێت، ئەو کیلۆ زیادانە بەچی لە لەش دەردەچن و ئەو ئۆتۆمبیلە نوێیە چۆن پەیدا دەبێت؟

کێشەی زۆر گەورەتر هەیە لەگەڵ بنەما بەناو زانستییەکەی “نهێنییەکە”دا. بەپێی کتێبەکە بێت، “هەموو ئەو شتانەی دێنە ژیانتەوە بە بیرکردنەوەکانی خۆت ڕایاندەکێشیتە ژیانتەوە.” ئەمە ڕاستە؟ هەموو ئەوانەی یاری بەخت و قومار دەکەن بیر لە بردنەوە و دەوڵەمەند بوون دەکەنەوە (ئەگەر وا نەبێت یاری ناکەن)، کەچی زۆر کەمیش براوە دەبن. ئەگەر یاسای ڕاکێشان کاربکات، بۆچی بەو شێوەیەیە؟ نابێت هەموو ئەوانەی یارییەکە دەکەن براوە بن ئەگەر شتەکە تەنها بەند بێت لەسەر ویست و بیرکردنەوە؟

بەپێی یاسای ڕاکێشان، ئەگەر تووشی ڕووداویک ببیت یان نەخۆش بکەویت، ئەوە هەڵەی خۆتە، چونکە بیرکردنەوە نێگتیڤەکانت ئەوەیان بەسەر خۆتدا هێناوە. ئەگەر فڕۆکەیەک بکەوێتە خوارەوە، ئایا مانای ئەوەیە کە خەتای گەشتیارەکانی ناویەتی؟ بیرکردنەوەی نێگەتیڤی یەکێکییان بوو بە هۆکار؟ ئەی بیرکردنەوەی گەشتیارەکانی تر چی؟ بیرکردنەوەی تەنها یەک کەس بەشێوەیەک بەسەر بیرکردنەوە پۆزەتیڤەکانی هەموو ئەوانی تردا زاڵ بوو و هەموویانی بە کوشتدا؟

چەند پەیامێکی پۆزەتیڤ هەیە لەنێو ئەم چەلەحانێیەدا؛ بە دڵنیاییەوە دەرکەوتەیەکی پۆزەتیڤانە باشترە وەک لە نێگەتیڤانە، و بەڵی، بیرکردنەوە و هەستەکانمان کاریگەرییان هەیە لەسەر چۆنییەتی ئەزموونکردنی ژیانمان. بەڵام ئەمە هیچ نهێنییەکی تێدا نییە، و هیچ پەیوەدنییەکی نییە بەم شتەی پێی دەڵێن یاسای ڕاکێشان.

٢) سەرچاوەی بیرۆکەی ئەم کتێبە

نیشانەیەکی دیاری بیرۆکەیەکی خراپ کە وا دەردەکەوێت زۆر جێگیر و ڕاست، داهێنەرەکەیەتی کە کەسێکە کە خۆی ناوناوە پسپۆڕ و سەرچاوەی سەرەکی بیرۆکەکانی ئەزموون و ئیلهامی تایبەتی خۆیەتی. ئەگەر کتێبەکە هیچ بنەمایەکی زانستی نییە، کەواتە بێرن لەکوێوە ئەمەی بۆ دەرکەوتووە؟

بێرن خۆی دانی بەوەدا نا کە لەخۆیەوە ئەم بیرۆکەیەی داهێناوە. کۆمەڵێک بنەمای فیزیای بڕیی و سۆفیگەریی سەردەمی نوێ و هەندێک بنەمای تێگەیشتنی گشتی بۆ شتەکانی پێکەوەناوە، لەگەڵ بیرۆکەی کتێبێکی ساڵی ١٩١٠ کە ناوی “زانستی دەوڵەمەند بوونە.” بێرن لەپڕ و لەخۆیەوە بڕیاری دا کە گوایە کلیلی دەرگای گەردوونی دۆزیوەتەوە و کتێبێکی لەسەر نووسی دەستبەجێ، بێ ئەوەی بڕوانێتە واقیعی زانستی و هەڵە لۆجیکییەکانی ناو کتێبەکەی.

نهێنی سەرکەوتنی کتێبێک ئەوەیە بەبازاڕکردنێک (مارکێتین)ی زیرەکانەی بۆ بکرێت، و کۆمەڵێک بیرۆکەی بێ بنەما و ناڕوون تێکەڵ بکات لەگەڵ بیرکردنەوەی ئەفسووناویانەی سەردەمی نوێ و دواتر وەک مەعریفەیەکی شاردراوە پێشکەشی خەڵکی بکات. کتێبی “نهێنییەکە” نە شتێکی نوێیە و نە نهێنیشە. بۆ چەندین دەیەیە، کتێبی پەرەپێدانی خۆیی وەک ئەمە وەڵامی ئاسانییان بۆ کێشەکانی ژیان خستووەتە بەردەست. ئەگەر هەر یەکێک لەو کتێبانە ڕاست بوونایە و کاریان  بکردایە، ئەوە پێویستی نەدەکرد دووبارە بڵاوبکرێنەوە، و هیچ پێویست نەدەبوو لەدوای ئەم کتێبەوە کتێبی “لەودیو نهێنییەکەوە” و “گەڕانەوەی نهێنییەوە” و “نەوەی نهێنییەکە” بەرهەمبهێندرێن.

ئه‌م بابه‌ته‌ شه‌یر بكه‌

The Secret, Wtari Kteb,