02/05/2024
DidiMn Logo
Top

بینه‌ر و فیلم: به‌ردبارانكردنی سوره‌ییای بێتاوان

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

نووسینی: ژاڵه‌ حه‌سه‌ن

فیلمی فارسیی دۆبلاژکراوی کوردی، ”بەردبارانکردنی سورەییای بێتاوان” یەکێکە لەو فیلمانەی کە بە ڕەوتێکی فێمینیزمی دەرهێنراوە، فیلمەکە لە لایەن ”ڕەهێڵ حەمەڕەشید”ەوە وەرگێڕراوەتە سەر زمانی کوردی. ”ڕاستی خورماڵی” سەرپەرشتی وەگێڕانی کردووە. ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکە ژنێکی گەنجی خێزاندارە بە ناوی ”سورەییا” ئەو خاوەنی دوو کچ و دوو کوڕە و لە لایەن هاوسەرەکەیەوە، کە ناوی ”عەلی”یە ناپاکی لەگەڵدا دەکرێت. تەواوی خەڵکی گوندەکەش بەشداری لەو ناپاکییەدا دەکەن، کە بە بەردبارانکردنی سورەییا بە بەرچاوی تەواوی خەڵکی گوندەکەوە ئەنجام دەدرێت.

هەر لە سەرەتای فیلمەکەوە بەر هەریەک لە کەسایەتییەکانی مەلا، مێرد و باوک دەکەوین و دەبینین چۆن لەپێناو مەرامی خۆیاندا، ژنەکان دەکەنە قوربانی. کەسایەتیی مێرد وەک پیاوسالارێک بە دەستگیرۆیی گوندنشینەکان، ژنەکەی خۆی دەچەوسێنێتەوە و لە ڕێگەی گرنگیدانی زیاتر بە کوڕەکانی بەراورد بە کچەکانی، دژەژنێتی زەقتر دەردەکەوێت. هەر لێرەشەوە تەواوی بەها و ئەخلاقی مرۆیی، کە دەچنە خزمەت حەزە سێکسییەکانەوە خۆیان بەیان دەکەن، ئەویش لە ڕێگەی ئەوەوە کە ”عەلی”ی مێردی سورەییا، دەیەوێت کچێکی تەمەن چواردە ساڵ ناچار بکات شووی پێ بکات و ژنەکەی خۆی وەلا بنێ. کە ئەمەی بۆ ناچێتە سەر، بە هەڵبەستنی بوختان و دۆزینەوەی بیانو، ژنەکەی دەخاتە تەڵەی ناپاکییەوە و بەوە تۆمەتباری دەکات، کە گوایە دەستی لەگەڵ پیاوێکی تردا تێکەڵ کردووە. ئەمە ئەوە دەخاتە ڕوو، کە کۆی ژنەکان لێرەدا قوربانین. ئەوەی لێرەدا پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت ئەوەیە کە کارەکتەری سورەییا دەیەوێت بڵێت من ”دوعا”م، من ئەو کچەم کە ساڵی (٢٠٠٧) لە گوندی ”بەحزان”ی سەر بە قەزای شێخان، لە لایەن خێزان و کەسوکارەکەیەوە بەردباران کرا. سورەییا دەیەوێت بڵێت من جەستە و ڕۆحی هەزاران ژنی دیکەم، کە بوونەتە قۆچی قوربانی دابونەریت و هەریەک بە کلۆجێ کوت کوت کراوە و لە توێی خاکدا نێژراون.

بە هەمان شێوە مەلاکە هێشتا وەک کەسایەتییەکی خاوەن دەسەڵات لە گوندەکەدا دەردەکەوێت، لەبری ئەوەی هانی بڵاوبوونەوەی چاکە و یەکسانی و دادپەروەریی بدات، ئەویش هەر لە سەرەتاوە بەشدار دەبێت لەو ناپاکییەدا. هەر لێرەشەوە ڕۆڵی پیاوانی ئایینی، لە بڵاوکردنەوەی چاکەخوازییەوە کە بنەمای پەیامی ئاسمانییە، دەگۆڕێت بۆ خراپەکاری و ئاژاوەنانەوە لەسەر زەوی. باوک ئەو کەسایەتییەیە کە لە کۆتایی فیلمەکەدا دەردەکەوێت، ئەویش دوور لە هەست و سۆزی باوکایەتی، پاڵپشتی ئەو تۆمەت و ناپاکییە دەکات کە دەخرێتە ئەستۆی کچەکەی، دواجار بە دەستەکانی خۆی بەرد لە سورەییای کچی دەگرێت. لێرەوە ئەو باسە دێتە ئاراوە کە ڕۆڵی خێزان لە دونیای ئێمەدا، لەنێو کولتوور و دابونەریتدا بە تەواوی ون بووە و زریزەی ئەڵقەداری کۆکردنەوەی ئەندامان بە خۆشەویستی، پساوە. ئەو خۆشەویستییەی ئەندامانی خێزان پەیوەست دەکات لێرەدا وجودی نییە، ئەوەی لە فیلمەکەدا خێزانی کۆکردووەتەوە تەنها ئەڵقەکانی دابونەریت و شەرەفە کە لە هەر بارودۆخێکی نالەباردا بۆی هەیە بپچڕێت و یەکاڵا ببێتەوە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، خاڵی وەرچەرخان و کرۆکی فیلمەکە لە ڕۆڵی کەسایەتیی ”زەهرا”دا بەرجەستە دەبێت، کە پوری سورەییایە و ئافرەتێکی تەنهایە، مێردەکەی بە هۆی ڕووداوێکەوە مردووە. زەهرا لە فیلمەکەدا ئەو کاراکتەر و ژنە بوێرەیە کە دەنگی هەڵدەبڕێت، بە هەموو هێز و توانایەوە گوڕ دەداتە بەر خۆی و بە گژ پیاوەکاندا دەچێتەوە، دەیەوێت بڵێت چیدی ژنەکان لە بەرانبەر نادادیدا بێدەنگ نابن. کاتی ئەوەیە ژنەکان لەسەر ئەو هەموو زوڵمەی کە بەرانبەریان دەکرێت بێنە دەنگ و خۆیان بە هێز و بازووی خۆیان داوای مافی خۆیان بکەن. زەهرا دەیەوێت بڵێت ئەوە خاوەن دەسەڵات و پیاوەکان نین کە بە ویستی خۆیان ماف دەبەخشن، بەڵکو ئەوە چەوساوەکان و ژنەکانن کە دەبێت بە زۆری زۆرداری، مافی خۆیان لە چنگی ئەوان دەربهێنن و چیدی ڕێ نەدەن وەک ڕەگەزی دووەم و وەک هۆیەک لە خزمەتی پیاودا تەماشا بکرێن. زەهرا لە ڕێگەی ڕۆژنامەنووسێکی فەڕەنسییەوە، کە بە هەڵکەوت ماشێنەکەی لە نزیک گوندەکە پەکی دەکەوێت و بۆ چاککردنەوەی ماشێنەکەی ڕوو دەکاتە گوندەکە، هەڵوێست وەردەگرێت. ئەو کاتێک چاوی بە ڕۆژنامەنووسەکە دەکەوێت، بانگی دەکاتە ماڵەکەی خۆی و پێی دەڵێت، دوێنێ خودی شەیتان خۆی سەردانی ئەم گوندەی کرد. لێرەوە تەواوی بەسەرهاتەکەی سورەییای

بۆ دەگێڕێتەوە و دەڵێت: ”ئیتر کاتی ئەوەیە دەنگمان بە هەموو دونیا بگات.”

هاوبەشی بکە

Binar u Film, Cinema,