دلۆڤان عەلی
ئێوارەکە کە لەوێ گەڕاینەوە
هێشتا لە لاپاڵی دەشتەکە ڕۆژ ئاوا نەببوو، دەستەکانم بۆنی دوورترین خۆڵیان لێدەهات
کە ماریا جێی هێشتم، لە ناوەڕستی گۆڕەپانی “ئالبێرت”
سەیری تابلۆکانی لیۆناردۆ داڤنچیم دەکرد
بایەکی قوورس هەڵی کرد و ڕەوە باڵندەی خوێناوی
بەسەر تەواوی وێستگەی شەمەندەفەرەکان دابارین
ماریا لەوێ لەنێو هەورەکاندا سەیری دەکردم و پێدەکەنی
چاوە هەنگوینییەکانی هێشتا وەکوو خەنجەرێکی خوێناوی، لەنێو ڕۆحمدا بریقەیان دەهات
شۆفێرەکان بەزەییان بە خەڵک و باڵندە و شەقامەکاندا نەدەهاتەوە
باران دەباری، باران وەکوو فرمێسکی فلامینگۆیەک کە لە ڕەوە جێماوە، دەباری
کە ماریا جێی هێشتم، دایکم هێشتا خەبەری نەبووبۆوە
بەتەنیا، وەکوو غەریبەیەکی دەرکراو بە دێوانەکانم دەگوت: منیش لەگەڵتان دێم، ئەوسەرم لێ دیارنییە.
لە پیکادێلی گاردنس لەبەردەمی پەیکەرەکەی (Watt)
خەڵکەکە شەقامەکە تەی دەکەن، چاوەڕوانی هەمووانی لەقەنارە داوە
بە درێژایی ڕێڕەوەکە چاوەڕێی ماریام، بەڵام ئاخ ماریا
ماریا نایەت، ماریا نییە و، ماریا تەواو
خۆم بەتەنیا بەڕێ دەکەوم، قەرەباڵغیی شەقامەکە مێشکم دەکات بە کەلاوە
لە دینسگەیت دەچمە بەردەمی کتێبخانەی واتەرستۆنس
بەدیار وێنەکەی “ئەلبێر کامۆ”وە بەبێ هیچ قوورساییەک، دەگریم
خەڵکی پێیان وایە لە جەنگ گەڕاومەتەوە و بۆ هاوڕێ شەهیدەکانم دەلاوێمەوە
هێشتا چاوەڕێم ماریا بێت، وەکوو یەعقووب وشکەساڵی چواردەوری دڵمی داوە و چاوەڕوانیی بینایی کوێرکردووم
سەبری ئەیووبم تاقیکردەوە، بەخوام گوت: زیاتر لە ئەیوب سەبرم دەوێ
لێرە لە پەنای ئەو کوورسییە شکاوانە چاوەڕێ دەکەم
گەر ماریا نەیەت، وەکوو سەگێکی پیتبۆڵ ڕەقدەبمەوە.
من ئێستا کە لە دەرەوە کەسێک دەبینم،
ڕووخسار و ڕەنگی تۆی هەیە.
چاوەکانی وەکوو ئەوانەی تۆ هەنگوینین و لە ئاسماندا وەکوو نەیزەک دەکشێن و بریقەیان دێت.
وەکوو کرێکارێکم لێدێ کە تەرمێکی بە کۆڵەوەیە. جەستەی خۆم ڕادەکێشم و، بەنێو خوێن و ئاگردا دەڕۆم بەرەو نازانم کوێ. سەرملێدەشێوێ.
وەکوو سەگێکی بریندار، لورەی دڵم هەتا ئەوسەری گۆڕەپانی “شامبڵس” دەڕوات.
چاوەکانم پڕدەبن لە خوێن.
کە دێمەوە بۆ ماڵەوە، دەرگا لەسەر خۆم دادەخەم و هەر بەشێکی جەستەم، دەبێت بە پارچەیەک لە پشکۆی گەشاوەی ئاگردانی یادەوەریی تۆ.
ماریا کە ڕۆیشت
شەقام و گۆڕەپان و ڕێگاکانی لەگەڵ خۆی برد
هەموو شتەکانی پێچایەوە و یادەوەرییەکانی پێدامەوە
ئای ماریا، تۆ لە کوێی پەراسووەکانم سەرمایانە؟
تۆ لە کوێی کە مەوداکان هێندە تاریکن؟
تۆ لە کوێی ماریا، کە بەبێ تۆ نازانم خۆم کێم؟
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.