23/03/2024
DidiMn Logo
Top

ئەو نانی ڕووتەی فێری کردین و تێری نەکردین

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

موحه‌مه‌د شوكری

شوان ئەحمەد

 

بە یادی محەمەد شوکری

چواردە ساڵە بە جێی هێشتووین (1935-2003). خۆی مرد و تێكستەكانی زیندوون. ئەو خەڵكی شاری تەنجە بوو. لە پەراوێزی پەراوێزدا دەژیا. هەژار و بێدەرەتان بوو، وەلێ‌ وەك خۆی دەیگوت: ”ئەگەرچی هەژاری و نەبوونی سیمایان سڕیمەوە، بەڵام ئینسانیەتیان تێدا نەكوشتووم.

وێڵگەردێك لە وێڵگەردەكانی تەنجەبوو، بەر لەوەی لە مانای بوون و لە مەتەڵی ژیان حاڵی بێت و لەسەر ڕیحلەی قوتابخانە دابنیشێت و فێرە نووسین و خوێندنەوە بێت، برسێتی، تەنیایی، مەینۆشی و دڵڕەقیی چواردەوری ژیانیان برد.

لە بیست ساڵی بەرەو سەر، بە تۆبزی خۆی فێری خوێندەواری دەكات. كە بوو بە حیكایەتخوان و چیرۆكنووسیش، ژیانی پڕنەهامەتیی خۆی لە خوێنەرەكانی نەشاردەوە. كێشە و ململانێی ناو تێكستەكانی، بابەتی فیكری و كەلتووری و ژیاری نین، هێندەی كێشە و بابەتی وجودی و تایبەتین.

شوكری لەو نووسەرانە بووە هەر جارێك دەستی قەڵەمی گرتبێت، ئێش و ئازارە بێشومارەكانی سەردەمی منداڵیی هاتوونەتەوە بەرچاوی و زەق و زۆپ لە بەردەمیدا قووت بوونەتەوە.

ئەو لەگەڵ تاڵی و سوێرییەكانی ژیانیدا زۆر ڕاستگۆیانە دەینووسی. بەو ڕاستییانەش زۆرێكی زۆری تووڕە كرد، بەر لە هەموانیش خزم و كەسوكارەكانی خۆی.

سەرباری هەموو ئەو داخودەردانە، تا لە ژیاندا بوو ئاڵای سپیی هەڵنەكرد. ئاخر ئەو فەلسەفەیەكی هەبوو كە دەیگوت: ”ئەوەی كۆڵ بە مردن دەدات، خۆشویستنی ژیانە“.

ڕەنگ و ڕووخساری (بێڕتووش) ناخی بەیان دەكرد. لە كاتی لاپەڕەڕەشكردنەوەدا نەبێت، نە گریاوە و نە دەردەدڵی بۆ كەس كردووە. ”ئەوانەی دەردەدڵ ناكەن و بە ئاشكرا ناگرین، خەم بە قووڵی بە سیمایانەوە دیارە“. خۆی وای دەگوت.

ئەگەر دەتانەوێت موحەممەد شوكریی ڕاستەقینە بناسن، بڕۆن نانی ڕووت بخوێننەوە. ماجەرای بەشێكی گرنگ و زیندووی ژیانی لەوێدایە. لەوێدا مەرگی بەسوێی عەبدولقادری برای دەبینن كە ئەم زۆری خۆش دەوێت: ”براكەم هیچ تاوانێكی نەبوو، ئەو نەخۆش و دەردەدار بوو. لەتاو ئازار دەگریا و باوكم شەوێك بە سەرخۆشی هات بەسەریدا و كوشتی.

نانی ڕووت ناوێكی ترە بۆ موحەممەد شوكری. ئەو تێكستەی هەتا مردنیش وەك نەفرەت تێی ئاڵا و لێی نەبووەوە. كاتێک باس دێتە سەر موحەممەد شوكری هەموو ڕێگەكان دەچنەوە سەر نانی ڕووت.

ئەو نزیك بە 68 ساڵێك ژیا. ژیان لەگەڵ لەشفرۆش، هەتیوباز، قوندەر، دوودەگی، چەقۆكێش، موعتاد، دز و قاچاخچییان. بەڵام هیچ یەك لەوانە لە مرۆڤبوونیان نەخست. هەر بە جوانی مایەوە و هەر بۆ جوانكردنی ژیانیش دەینووسی. هەرچەندە دەیزانی ناشیرینییەكانی ئەم دنیایە هێندە زۆرن، ئەستەمە بە نووسین جوان بكرێن.

هاوبەشی بکە

Mohamed Choukri, Shwan Ahmad, Wtari Kteb,