19/04/2024
DidiMn Logo
Top

بینەر و فیلم: بێچیرۆکیی فیلمی چوارسەد لێدان

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – بینەر و فیلم

فیلم: چوارسەد لێدان (400 Blows – 1959)

دەرهێنەر: فرانچیۆس ترۆفۆ

بینەر: ژیر دانا

دروستکردنی فیلمێکی درێژ و بڵاوکردنەوەی، بۆ ترۆفۆ بڕیارێکی ئاسان نەبووە، لەوانەیە ئەو بڕیارە لە دروستکردنی فیلمەکە زۆر قورستر بووبێت، چونکە ئەو پێش ئەوەی ببێتە فیلمساز، ڕەخنەگر بووە، کە ڕەخنەکانی تابڵێیت توند و ڕاستەوخۆ بوون، بە جۆرێک توند کە ساڵێک بەرپرسانی فێستیڤاڵی کان نەیانهێشت بەشداریی فێستیڤاڵەکە بکات، لەبەر توندیی ڕەخنەکانی بەرامبەر بە دەرهێنەرەکان. شایەنی باسە ساڵی دواتر ترۆفۆ بە یەکەم فیلمی درێژی نەک هەر بەشداریی کان دەکات، بەڵکو ڕاستەوخۆیش خەڵاتی باشترین دەرهێنەری فێستیڤاڵەکە دەباتەوە!

چوارسەد لێدان یەکەم فیلمی درێژی ترۆفۆیە کە لە ساڵی ١٩٥٩دا بڵاو بووەتەوە، ئەم فیلمە بە دەستپێکی شەپۆلی نوێی فەڕەنسی دادەنرێت کە لە سەرەتای شەستەکانەوە لە لایەن چەند دەرهێنەرێکی دیاری فەڕەنساوە دروست دەبێت. شەپۆلی نوێی فەڕەنسی بزووتنەوەیەکە کە نەک تەنها  بۆ سەردەمەکەی خۆی، بەڵکو بۆ پێش خۆی و دوای خۆیشی گرنگییەکی ئێجگار زۆری هەبووە، هەم لە ڕووی تێگەیشتن لە سینەمای پێش خۆی و هەمیش لە ڕووی دروستکردنی کاریگەری لە دوای خۆی. فیلمەکەی ترۆفۆیش بە یەکەم فیلمی ئەم بزووتنەوەیە دادەنرێت.

ترۆفۆ لە پێش دروستکردنی ئەم فیلمە یەکێک بووە لە چالاکترین ڕەخنەگرەکانی فەڕەنسا، لە چەندین گۆڤاری بەناوبانگی ئەو کاتەدا وتاری نووسیوە، کە لە دیارترینیشیان گۆڤاری کایە دو سینەمایە و ڕەخنەگری گەورە و هاوڕێی ترۆفۆ، ئاندرێ بازین سەرنووسەری بووە. هەر ئەم ئەزموونەیشە وا دەکات لە کاتی دروستکردنی فیلمدا، چاوەڕوانییەکی ئێجگار زۆر بۆی دروست ببێت؛ کەسێک کە بەو شێوەیە لە خوێندنەوە و نووسین لەسەر سینەما چالاک بووبێت و بەردەوام ڕەخنەی لە دیارترین ناوەکانی سینەمای وڵاتەکەی گرتبێت، دەبێت ئامادەییەکی زۆر باشی هەبێت بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی کە دەڵێت: فیلم دەبێت چۆن بێت؟ چوارسەد لێدان نەک تەنها وەڵامێکی باش بوو بۆ ئەو پرسیارە، بەڵکو فیلمێک بوو کە ڕەوتێکی نوێی لە سینەمای فەڕەنسادا دروست کرد، کە دواتر کاریگەرییەکەی بەسەر سینەمای وڵاتانی تریشدا دیار بوو.

فیلم لای ترۆفۆ پێویستی بە شتێک نییە لە دەرەوەی واقیعدا، واقیعیش هەموو ئەو شتانەیە کە لە ژیانی مرۆڤێکدا هەیە، ئەگەر ئەو مرۆڤە منداڵێکی بێچیرۆکیش بێت!

فیلمەکە لەسەر چەند ڕووداوێکە لە ژیانی کوڕێکی دوازدە ساڵ بە ناوی ئەنتوان دوانێل. ئەگەر بتەوێت کورتەیەک لەسەر فیلمەکە بڵێیت، ناتوانیت زیاتر لەمە بنووسیت، چونکە فیلمەکە لەم دێڕە زیاتر نییە، ئەم وەسفەیش تەنها وەسفی فیلمەکە نییە، بەڵکو وەسفی تێڕوانینی ترۆفۆیە بۆ فیلم و دواتریش هەر ئەمەیە کە دەبێت بە وەسفی شەپۆلی نوێی فەڕەنسی. فیلم لای ترۆفۆ پێویستی بە شتێک نییە لە دەرەوەی واقیعدا، واقیعیش هەموو ئەو شتانەیە کە لە ژیانی مرۆڤێکدا هەیە، ئەگەر ئەو مرۆڤە منداڵێکی بێچیرۆکیش بێت!

هەستکردن بە نەبوونی چیرۆکێک، یەکەم هەست بوو لە کاتی بینینی فیلمەکە بۆم دروست بوو، بە جۆرێک کە تەواوی ڕووداوەکان لە ژیانی ئەنتواندا تەنها ڕووداوی سادەن، لە چەند شوێنێکدا دەرفەتی گەورەبوونیان هەیە بەو ڕادەیەی کە چیرۆکێک دروست بکەن، بەڵام پێش ئەوەی شتێکی وا ڕوو بدات، یەکسەر ڕووداوێکی تر دروست دەبێت، کە پەیوەندیی بەوەی پێش خۆیەوە نەبوو، بە درێژایی فیلمەکەیش هەمان شت دووبارە دەبێتەوە و سەرەنجام ئەنتوان هەر وەک منداڵێک دەمێنێتەوە، کە ناچارە ڕووبەڕووی چەندین شتی جیاواز ببێتەوە، بەبێ ئەوەی ئەم شتانە چیرۆکێکی گەورەیان لە پشت بێت.

ئەم شێوازە لە دروستکردنی فیلم، ئەو شێوازە باوە نییە کە بینەر پێی ڕاهاتووە، نە لە سەردەمی دروستبوونی فیلمەکەدا، نە شەست ساڵ دوای دروستبوونی، کە ئێستا دەکات. فیلمە باوەکان ئەوانەن کە پرسیارێک دەکەن و هەوڵی وەڵامدانەوەی دەدەن، هەروەهها دەکرێت باشی و خراپیی فیلمەکە پەیوەست بێت بە باشی و خراپیی پرسیار و وەڵامەکەیەوە، هەر بۆیە تەواوی دیمەنەکان لە فیلمێکی لەو جۆرەدا دەخرێنە خزمەتی ئەو پرسیار و وەڵامە. بەڵام ئەوەی ترۆفۆ کردوویەتی؛ زۆر جیاوازە، فیلمەکەی ئەو لەپێناو هیچ پرسیار و وەڵامێکی دیاریکراودا دروست نەکراوە، هەر بۆیە دیمەنەکان بە تەواوەتی سەربەخۆیی خۆیان وەردەگرن و هیچ دیمەنێک لەپێناو دیمەنەکەی دوای خۆی دروست نەکراوە، هەر یەکەیان دەکرێت ئەو پرسیار و وەڵامە لە ناو خۆیاندا دروست بکەن و بە چەند خولەکێکی کەم بینەر تێبگەیەنن، کە ژیان زۆر لەوە ئاڵۆزتر کە هەموو شتەکان لە خزمەتی تەنها یەک پرسیار و وەڵامدا بن. ژیانی ئەنتوان ژیانێکە کە هەر ساتێک ئەگەری گۆڕانی ڕیشەیی هەیە.

هەر ئەمەشیە وا دەکات کە هەموو ڕووداوەکانی ژیانی ئەنتوان ڕووداوی گشتی بن و کورت نەبنەوە بۆ ژیانی تەنها کەسێکی تایبەت کە لە دەرەوەی کەسەکە مانای خۆیان لە دەست بدەن. بیرمەندێکی ئێرانی بە ناوی فەرەیدوون هوڤەیداوە، وتارێکی لەسەر فیلمەکە نووسیوە بە ناوی ”کەسی یەکەم وەکو گشتێک”. مەبەستی فەرەیدوون لەو ناونیشانە ئەو پێگە گشتگیرەیە کە ئەنتوان هەیەتی لە ناو کۆمەڵگەدا، کە پێگەیەکی گشتگیری کۆمەڵایەتییە و هەموو کەسێک دەتوانێت لێی تێبگات و وەکو قۆناغێکی ژیانی خۆی و کەسەکانی دەوروبەریشی سەیری بکات، ئەمەیش یەکێکی ترە لە سیفەتەکانی شەپۆلی نوێی فەڕەنسی کە بەردەوام هەوڵیان داوە فیلمەکانیان بابەتی بکەنەوە و لە ئاستی شەخسیبوون دەری بکەن، جا شەخسیبوونەکە لە خۆیانەوە بێت یان لەو کارەکتەرانەی کە دروستی دەکەن، ئەوان خۆیان بە بەرپرسیار زانیوە بەرامبەر بە دۆخی کۆمەڵگەکەیان و پێیشیان وابووە کە لە ڕێگەی سینەماوە پێویستە ئەو دۆخە دووبارە پیشانی خەڵک بدرێتەوە، بە جۆرێک کە بە ئاسانی لێی تێبگەن و دواتریش بتوانن گۆڕانکاریی تێدا بکەن. کارەکتەری ئەنتوان دوانێل و بێچیرۆکییەکەی لە فیلمی چوارسەد لێداندا، یەکەمین و دەکرێت باشترین نموونە بێت بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە.

کێشەکانی ئەنتوان کێشەی سادە و دووبارەن، بەڵام ڕیشەی قووڵ و بەهێزیان هەیە، هەروەها کاریگەریی گەورەیان هەیە لەسەر ئەنتوان کە ژیانی بەرەو شوێنێکی تەواو نادیار ئاڕاستەی دەکەن. ئەنتوان خۆی لەم بارودۆخەی ژیانی خۆی تێناگات، ئەمەیش چاوەڕێکراوە، بەڵام کێشە گەورەکە ئەوەیە کە کەسوکار و مامۆستاکانیشی لێی تێناگەن، دواجار ئەنتوان تەنها دەمێنێتەوە و هەموو شتەکانی تریش لە جێی خۆیانن.

تێنەگەیشتن تێمایەکی دیاری فیلمەکەیە، کە ترۆفۆ لە فیلمەکانی داهاتوویشیدا کاری بەردەوامی لەسەر دەکات. لە چوارسەد لێداندا تێنەگیشتنە زۆر دیارەکە لە نێوان مرۆڤەکانە لە قۆناغی پێگەیشتنیان لەگەڵ کەسوکار و مامۆستاکانیاندا، هەر بەمەوە ناوەستێت و دواتر تێنەگەیشتنی کۆمەڵگە وەک گشتێک لە تاکەکان پیشان دەدرێت، بە جۆرێک کە هەر ئاستێکی کۆمەڵگە لە دنیای خۆیدا دەژیی و هیچ ئاگاییەکی لە دنیای ئاستەکانی تر نییە، هەروەها ئامادەی تێگەیشتنیش نییە لێیان، ئەمەیش ئەو بارودۆخە ترسناکە دروست دەکات کە مرۆڤەکان تێیدا ناچاری ژیانی ڕۆتین و دووبارە دەبن، پەیوەندییەکانیان لە ئاستێکی ڕووکەشیدا دەبێت و لە ئاستە قووڵەکاندا ساختە و بێمانا دەبنەوە، ئەمە لەوانەیە هەمان بارودۆخی فەڕەنسا بووبێت لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە.

ئەوەی دەمێنێتەوە، تەکنیکی کامێرا و زمانی مۆنتاژە، کە زۆر لە سیناریۆکە باشتر کاری خۆی دەکات و مەبەستەکەی ترۆفۆی زۆر بە باشتر گەیاندووە، بێگومان تێگەیشتنی شەپۆلی نوێی فەڕەنسی بۆ کامێرا و مۆنتاژ تێگەیشتنێکی سادە نییە و باسکردنیشی پێویستی بە خوێندنەوەیەکی زۆر هەیە، کە هێشتا من نەمتوانیوە پێی بگەم، بەڵام بینینی چوارسەد لێدان دەتوانێت ئاماژە سەرەتاییەکانت پیشان بدات لەسەر ئەوەی کە کامێرا و لای فەڕەنسییەکان مۆنتاژ چۆن بوون و ویستوویانە بە چ شێوەیەک بە کاری بهێنن. ڕەوتی ڕووداوەکان لە فیلەکەدا ڕەوتێکی پێکەوەبەستراو نین، کە لە ڕێگای دیمەنێکەوە بتوانن هەستێکی دیاریکراو لە دیمەنێکی تر دروست بکەن، هەر بۆیە ئەم ئەرکە دراوە بە کامێرا و مۆنتاژ کە بۆ هەر دیمەنێک هەستێک دروست بکەن، سەرەڕای واقیعیبوون و سادەبوونی دیمەنەکە، بە جۆرێک کە واقیعێکی ڕووت و سادە بە یارمەتی و شێوازی وێنە و مۆسیقا کراون بەوەی کە هەستێکی جیاواز بۆ بینەرەکە دروست بکەن، ئەمەیش وا دەکات تۆ بە دوای شتێکی گەورەدا نەگەڕێیت، تا هەستەکانی خۆتی لە ڕێگاوە دروست بکەیت. ژیانە سادەکەی ئەنتوان بە یارمەتیی دەنگ و ڕەنگی زیادکراو، هەموو شتێکت پێ دەبەخشن.

هاوبەشی بکە

Art, Cinema, Film,