ئامادەکردنی: شانۆ ئەبوبەکر
لە دەستکەوتێکی گرنگدا بۆ سینەمای کوردی، فیلمێکی نوێی دەرهێنەری کورد هەڵکەوت مستەفا بە ناوی “ناچیتە بەهەشتەوە ئەگەر بە دەستی ژنێک بکوژرێیت”، بە شێوەیەکی فەرمی هەڵبژێردرا بۆ نمایشکردن لە 83یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیزیا بۆ ساڵی 2026. ئەم بەرهەمە بڕیارە وەک یەکەم نمایشی جیهانیی لە یەکێک لە سێ گەورەترین فێستیڤاڵەکانی جیهاندا لە شاری ڤێنیزیا لە ئیتاڵیا پێشان بدرێت.
زانیارییە سەرەکییەکانی فیلمەکە:
چیرۆکی فیلمەکە درامایەکی مرۆیی و ئەکشنە کە تیشک دەخاتە سەر قارەمانێتیی ژنانی کورد لە سەردەمی شەڕی داعشدا. ڕووداوەکان دوای هێرشەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی 2014 دەست پێ دەکەن، کاتێک کارەکتەری سەرەکیی فیلمەکە کە کچە شەڕڤانێکی نیشانەشکێنە بە ناوی «ڤیان» (بە ڕۆڵی ئاڤان جەمال)، زانیاریی پێ دەگات کە لەوانەیە خوشکە بچووکەکەی هێشتا لە ژیاندا مابێت. ڤیان بڕیارێکی سەخت و مەترسیدار دەدات و ڕوو دەکاتە شاری مووسڵ، کە لەو کاتەدا لەژێر کۆنتڕۆڵی توندی داعشدا بوو، تاوەکو بۆ خوشکەکەی بگەڕێ و لە چنگی تیرۆریستان ڕزگاری بکات. ناونیشانی فیلمەکەش ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ ئەو بیروباوەڕەی چەکدارانی داعش کە گوایە ئەگەر بە دەستی ژنێک بکوژرێن ناچنە بەهەشتەوە، دەرهێنەر لەم ڕێیەوە هەوڵی داوە ئازایەتیی شەڕڤانانی ژن لە ڕووبەڕووبوونەوەی تاریکپەرستاندا بخاتە ڕوو.
ئەم بەرهەمە ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستییە زەقەیە کە لە کاتێکدا جیهان پێویستی بە قارەمانی خەیاڵی و سوپەرهیرۆی دروستکراوی ناو چیرۆکەکانە، سینەمای کوردی ئەوە پێشان دەدات کە ژنانی کورد ڕۆڵی سوپەرهیرۆی ڕاستەقینەی لە جیهانێکی ترسناکدا گێڕاوە، قارەمانێک بە چەک و ئیرادەی خۆیەوە ڕووبەڕووی تاریکترین هێزی جیهان بووەوە و هاوسەنگیی شەڕەکەی گۆڕی.
دیاریکردنی فیلمەکەی هەڵکەوت مستەفا لە لایەن لیژنەی فێستیڤاڵی ڤێنیزیاوە بۆ بەشی فەرمیی ‘کراوەی ڤێنیزیا – دەرەوەی پشبڕکێ، فیکشن (Venice Open — Out of Competition, Fiction) ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئاستی بەرز و گەورەیی ئەم بەرهەمە. لە فێستیڤاڵە جیهانییەکانی وەک ڤێنیزیادا، کاتێک فیلمێک لە بەشی ‘دەرەوەی پێشبڕکێ’ هەڵدەبژێردریت، مانای وایە لە ڕووی هونەری، دراماتیكی و بەرهەمهێنانەوە لە هەمان ئاستی بەرزی فیلمەکانی بەشی پێشبڕکێی سەرەکیدایە، بەڵام زیاتر وەک یەکەم پێشاندانی جیهانی و بەبێ گوشاری ڕکابەریی خەڵات و نمرەدان پێشکەش دەکرێت. تیشکخستنەسەر ئەم فیلمە لەم بەشەدا، دەرفەتێکی زێڕینە تا بینەرانی جیهان و ڕەخنەگرانی سینەما لە ڕێگەی کارێکی لەم شێوەیەوە ئاشنای قوربانیدان و ئازایەتیی ژنانی کورد ببن.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.