26/04/2024
DidiMn Logo
Top

بینەر و فیلم: ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان و ساتێکیش بۆ بەهای ژیانی مرۆڤەکان

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
فیلم: تەختە ڕەش – ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان
بینەر: داریان جەمال

ئەم نووسینە زادەی بینینی دوو فیلمی بەهمەنی قوبادییە، کە یەکێکیان خۆی دەرهێنەریەتی و ئەوی دیکەشیان یەکێکە لە کاراکتەرە سەرەکیەکانی فیلمەکە. فیلمی یەکەم ”تەختەڕەش” و فیلمی دووەم ”ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان”ە. ئەم دوو فیلمە لە چەند شتێکدا کۆکن و لە چەند شتێکی کەمی تر ناکۆکن. هۆکاری باسکردنی فیلمەکان پێکەوە بریتییە لە نزیکی هۆکار و ئامانجەکانی فیلمەکان لە یەکترەوە. یەکێک لە پرسیارەکانی هەردوو فیلمەکە، بریتییە لە پرسی گەڕان بە دوای قووتی ژیاندا لەگەڵ جێگا و بەهای زانست لەم نێوانەدا، لە کاتێکدا کە مرۆڤەکانی ئەو جێگایە پێیان وایە زانست و خوێندن وەڵامی پرسیارەکانی ئەوان نییە، بەڵکو ئەوە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانە کە لە پێش هەموو شتێکیانەوەیە.

سەمیرە مەخمەڵباف کچی گەورە دەرهێنەر موحسین مەخمەڵبافە، ئەو لە ژێر دەستی باوکیدا سینەمای ناسی و فێری دروستکردنی فیلم بوو. ئەو لە تەمەنی بیست ساڵی دووەم فیلمی بە ناوی ”تەختەڕەش” دروست کرد و توانی خەڵاتی چڵە خورمای ئاڵتونی کان ـی پێ بەدەست بهێنێت! سەمیرە لە دوای یەکەم فیلمی بە ناوی ”سێو” لەسەر سەختی ژیان لە وڵاتێکی پیاوسالاردا دەڵێت: لە دوای فیلمی یەکەمم؛ سێو، خەڵکانێکی زۆر پرسیاریان لێ کردم دەربارەی ئێران. دەیانویست بزانن کە ئایا بەڕاست ئێران وڵاتێکە کە کچانی تەمەن سیازدە ساڵی تێدا کۆتوبەند بکرێت بۆ ماوەی یازدە ساڵ! لە کاتێکدا کچێکی هەژدە ساڵ یەکەم فیلمی لە ڤیستیڤاڵی کاندا نمایش دەکرێت؟ من پێم وایە کە ئافرەتی ئێران وەکو کانیاوی سازگاری بەهاران وایە؛ تا زیاتر پەستانی بخەیتە سەر، هێز و توانایەکی زیاتر نمایش دەکەن کاتێک کە ئازاد دەبن.

چیرۆکی فیلمی یەکەم ئەوەیە کە بەهمەنی قوبادی، بە کاراکتەری ڕێبوار لەگەڵ چەند هاوپیشەیەکیدا کە کۆمەڵێک فێرکەری گەڕۆکن، بە تەختەڕەشەوە بە ناوچەکاندا دەگەڕێن بۆ ئەوەی فێرخواز بدۆزنەوە و خوێندەوارییان فێر بکەن، ئەوان هەوڵ دەدەن لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی و خوێندەواریی، شتێکی کەم پارە بۆ ژیان و زیندەگییان بەدەست بهێنن و لەگەڵ ئەوەیشیدا فێرخوازەکان فێر بکەن. قورسی ژیانی کۆڵبەرەکان و کاریگەرییە کەمەرشکێنەکانی ئابڵۆقە ئابوورییەکان، تەواو تەنگی بە خەڵکی ئێران هەڵچنیوە. لەم فیلمەدا سەمیرە هەوڵ دەدات، شوێنی خوێندن و مەعریفەت لە کۆمەڵگە دواکەوتوو و هەژارنشینەکان دیاری بکات. ئەو لە ڕێگەی وێنەگرتنێکی سادە و کاریگەرەوە، دەچێتە نێو ژیانی کۆمەڵە کەسێکی کۆڵبەر لەگەڵ کۆمەڵە خەڵکێکی ون بوو. هەرچەن زۆرێک پێیان وایە کە سینەماتۆگرافی فیلمەکە لایەنێکی فەرامۆشکراوی فیلمەکەیە، بەڵام کەسانێکی تر هەن کە ئەوە بەرز هەڵدەسەنگێنن کە لەوێ چیاکان نە سپیپۆشن نە سەوزپۆشن. بەڵکو چیاکان ڕەنگێکی خاکی و سەختیان گرتووە، بە درێژایی فیلمەکە بینەر ئەمە دەبینێت وەکو بڵێی دەرهێنەر دەیەوێت لۆکەیشن و دەروونی ماندووی کارەکتەرەکان بە یەک بچوێنێت. دونیای کۆڵبەرەکان بریتییە لە باری گران و زەحمەت. لێرە چێژبەخشترین شت بۆ ئەم دونیایە کەمێک پشوودان و چەند تمەنێکی کەمە وەکو کرێی بارکردنی بارەکانیان. هەرچەندە حکومەت ئاگاداری سەمیرە مەخمڵبافی کردەوە کە فیلمەکەی زۆر سیاسی نەبێت، بەڵام بمانەوێت و نەمانەوێت فیلمەکە بەشی زۆری هیومانیزم و فۆڕماڵیزمە، کەمێک سیاسەتیشی تێدایە. لێرە گرنگی زۆر دراوە بە مرۆڤبوون و فۆڕمی فیلمەکە. شانبەشانی ئەم بەشەی فیلمەکە گروپێک لە خەڵکی بۆ ناوچەکەی خۆیان دەگەڕێن و شوناسیان دیار نییە. ئەوان کەمینەیەکی ون بوون کە پێدەچێت گروپێکی ئاوارە بن و مەبەست و پەیامێکی سیاسی لە پشت ئەمەوە بێت، بە تایبەت کە نیزاعی دەوڵەت لەگەڵ کورددا نیزاعێکی مەزهەبی- ئاینییە، بە پێچەوانەی دەوڵەتی تورکیاوە کە نیزاعی لەگەڵ کورددا نیزاعێکی نەتەوەییە. پەیامی ئەم سایدستۆرییە هەرچی بێت کۆتاییەکەی بۆسە و کەمینەی دەوڵەتە بۆی؛ ڕوونە کە سیاسەتی ئاگر و ئاسنە دژ بە نەتەوە و ئاین و کلتورەکانی تر. دواتر ئەوە ئاشکرا دەبێت کە ئەمانە خەڵکی هەڵەبجەن، لە کاتی کیمیاباران ئاوارە بوون و دەیانەوێت بچنەوە زێدی خۆیان. کۆتایی فیلمەکە شتێکی تایبەتە کە باس ناکرێت و بینەر پێویستە خۆی بیبینێت.

کاراکتەری ڕێبوار و هاوپیشەکانی پێی بزانن یاخود پێی نەزانن، خەریکی بڵاوکردنەوەی هۆشیارییەکی سنوردارن، کە لەوانەیە ببێتە مەترسی بۆ سەر دەوڵەت. تەختەڕەشەکان مێشک ڕەشەکانی دەوڵەتن و خوێندەواریی و هۆشیارییش تەباشیرن بۆ سپیکردنەوەی ئەم تەختە ڕەشانە!

بەڵام لە فیلمی دووەم، ”ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان” بەهمەنی قوبادی زیرەکانە هۆکاری دەرئەنجامی فیلمی یەکەم دەخاتە ڕوو. لێرەدا بەهمەنی قوبادی دەچێتە پێشەوە لە بابەتەکە، بە تەواوی تێکەڵ بە ژیانی سەخت و دژواری کۆڵبەرەکان دەبێت. ئەو هەوڵ بۆ کردنەوەی ئەو گرێیە دەدات کە بۆچی خوێندن وا بێزراوە لە فیلمی ”تەختەڕەش” وەڵامەکە تا ڕادەیەکی زۆر بەوە خۆی نمایش دەکات کە پێویستیەکان پێش هەموو شتێکی ترن. لێرە بە نزیکەیی خوێندن بەهای نییە، چونکە سەختی دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی مرۆڤەکان لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە. بە پێچەوانەوەی ئەوەی کە دیدی ڕۆژئاواییەکان بۆ خوێندن؛ ئەوەیە کە دێن لە دوای کاولبوونی شارەکان یەکەم کاریان دروستکردنەوەی قوتابخانەکانە بۆ ئەوەی خوێندن ڕانەوەستێت. بەڵام لێرە خوێندن هیچ مانایەکی ئەوتۆی نییە ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خۆراک و ئاسایشی خۆراک لە مەترسیدایە. هەژاری و نەبوونی گەشتۆتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار. مەرگ و تفەنگ و کەمینـەکان لە هەموو جێگایەکن!

پرسیارێک دێتە پێشەوە کە ئایا خوێندنیش پێویستیەکی ژیانی مرۆڤ نییە؟ لێرەدا بەربەستەکانی ژیانی مرۆڤە کۆڵبەرییەکان دێنە گۆ و دەڵێن: ”مین و کەمین و قورسی ژیان بەربەستن لە بەردەم خودی ژیان، نەک تەنها خوێندن. بەڵێ، لەسەر کاغەز، خوێندن و مەعریفەت لەو دیو سنورە ماددی و مەعنەوییەکانەوەن، بەڵام بە هۆی سەختی ژیان و مانەوەی کەمی مرۆڤەکان لە ژیان، هەر بە ئەندازەی ئەو چایەی کە ئەیوب خواردییەوە لەو دیو سنورەکانەوە، مرۆڤەکان دێن و دەڕۆن و بە خوێندن ڕا ناگەن. هەندێک جار مین و کەمینەکانیش وایان لێ دەکەن کە بە ژیانیش ڕا نەگەن”

لە درێژەی فیلمەکاندا ئەوە دەبینین کە هۆکاری بێزراوبوونی خوێندن، بەشێکی بۆ پێویست نەبوونەکەی دەگەڕێتەوە، بەشێکیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە منداڵەکان گەورە بوون و ئەو توانا و وزەیەی منداڵییان لە کاری کۆڵبەریدا بەگەڕ خستووە، شتێک نەماوە بۆ خوێندن. سەختی ژیان نەک نرخ و بەهای خوێندنی هێناوەتە خوارەوە، بەڵکو نرخی ژیانی مرۆڤەکانیشی هێناوەتە خوارەوە. ڕۆژین کاراکتەرێکە لە فیلمی ”ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان” ئەو بۆ درێژکردنەوەی ژیانی برا خاوەن پێداویستییە تایبەتەکەی بۆ ماوەی چەند مانگێک، ئامادەیە خۆی بکات بە قۆچی قوربانی و شوو بە کەسێک بکات. تاوەکو لە بەرامبەر ئەم هاوسەرگیرییەدا، شیربایی وەربگرێت و بەوە خەرجی نەشتەرگەریی براکەی دابین بکات.

لە فیلمی یەکەم ڕێبوار پارچە نانێکی دەست دەکەوێت، لە بەرامبەر فێرکردنی شێوازی نووسینی ناوی کۆڵبەرەکە کە هەر ناوی ڕێبواری هەیە، ڕێبوارێک هەم لە ژیان و هەم لە کاروانی کۆڵبەران! سەعیدی هاوڕێشی نەک هەر فێرخوازی دەست ناکەوێت تا دەرسییان دا بدات، بەڵکو تەختە ڕەشەکەشی دەخاتە خزمەتی نەخۆشێکەوە بۆ پەنجا دانە گوێزێک! کاتێک کە بەردەوام ئەبیت لە سەیرکردنی فیلمەکە، دەبینیت ژیانی ئەوان کورتترە لەوەی تۆ پێشبینی دەکەیت و چاوی پێشبینی ئەوان، دووربینترە لەوەی تۆ پێشبینی دەکەیت. ڕێبواری فێرخواز ناوی خۆی فێر دەبێت بەڵام ژیان مەودا نادات، کەمینێک دەبێتە هۆی کۆتایی پێ هاتنی خۆی و مەعریفەتە کەم و کورتمەوداکەی. بۆ ئەمەش لە فیلمی دووەم ئەسپەکان بۆ نەچەشتنی تاڵی ژیانی خۆیان و ئەم ژیانە بە بادە خۆیان مەست دەکەن.

فیلمی تەختەڕەش

پیاوسالاری و زاڵبوونی نێر واقعێکی تاڵی فیلمەکانن، هاوسەرگیری بەزۆر و ئامانجدار بە شیربایی و قووتی ژیان، خاڵێکی ڕەشتری ئەم تەختە ڕەشەن. کڕین و فرۆشتن و گۆڕینەوەی مرۆڤ بە ئاژەڵ، سەودایەکی تری ئەم ئەتمۆسفیرەن. بازرگانی لەو دیو خاڵە سنوورییەکانەوە زستانێکی بێڕەحم و دڵرەقە لەوانەیە تەنها ئەسپەکان بە مەستی توانای ئەزموونکردن و دەرچوونیان هەبێت پێیدا!

هاوبەشی بکە

BahmanQobadi, Cinema, Film,