20/04/2024
DidiMn Logo
Top

بنووسە، پیری دڵم

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – باوان خۆشناو

دولبەرم، دوای ڕۆژێکی دوورودرێژ وا دانیشتووم وشەکانم بژار دەکەم، کامیان ناسکە و کامیان لەسەر زووبان شیرینە، کامیان زیاتر دڵی گەرم کردومەتەوە، ئەمشەو بژاریان دەکەم و داڵغەی تۆمە. کامیان شایەنی بوون، ئەویان هەڵدەبژێرم و وەک وردە سەربازی گوێڕایەڵ مەدالیایەکی مۆر دەخەمە سەر سنگیان و دەینێرمە خزمەتت، دەینێرمە خزمەتت تا چیت بوێت ببن بەوە، ببنە شنەی فێنکی دەروون یان باوەشی گەرم، ببنە ملوانکە، ماچ، تەوقەی پرچت، یان بریسکەی چاوەکانت… ئەمشەو وشەکانم دەنێرم وەک گەردی ئەستێرە لەسەر جوانیت پەرش بدەن، دولبەرم ئەمشەو یەک یەکی پیتەکان شەیداتن، هێزێك تەنیوەتە دەست و پەنجەم، نازانم گوڵت بۆ بێنم یان بۆت بنووسم؟

زوو ڕۆیشتیت و دەرفەتی ئەوەت نەدام یادەوەرییەکانی خۆمت بۆ باس بکەم، بۆت باس بکەم کە ڕۆژگارێکە خۆم لە بەردەم ماڵێکی کۆندا دەبینمەوە، بێ ئەوەی ئاگادار بم پێیەکانم بەرەو ”ئیسکان”م دەبەن، لە بەردەم دار هەنارێکدا ڕادەوەستم هەستەکانی منداڵیم بە جارێك تەووژم دەهێنن. یادەوەریی هەڵماتێنی کۆڵان و تۆپتۆپێنی نێو قوڕاوی حاوییەکە… هەر ئەو کات بوو یەکەم وانەی خۆشەویستیم لە ژیاندا وەرگرت، بۆ یەکەم جار کە زانیم نەبوونی خۆشەویستی مرۆڤ دەخاتە چ دۆزەخێکەوە. ئەو چەند ڕۆژە دایکم لە باوکم تۆرابوو و ماڵەکەی بەجێ هێشت.. دولبەرم، هەتیویم بە چاوەکانی خۆم بینی و زانیم بێدایکی چ ئازارێکە، لەو منداڵییەدا من زوو گەورە بووم، زۆر زوو ئازارم چەشت. باوکم دڵی دایەی ئێشاند و دایە ماڵەوەی بەجێ هێشت، بڕوا بکە هەرچەند باوکم خۆی توند و پیاوانە دەردەخست بەس هەستم پێ دەکرد چەند پەشیمانە، چۆن شەوان بەدەم گریانەوە خەوی لێ ناکەوێت و تا بەیانی لە جێگەکەیدا دەخولێتەوە… بەیانیان جلی بۆ جیا دەکردینەوە و بیجامەی زناری دەدایە من و بلوزی منی لەبەری نەی دەکرد، دەمبینی چۆن دەناڵێنێ و لە ڕووی نایەت هاوار بکات، دەمبینی باوکە چۆن ئازارەکانی خۆی دڵۆپ-دڵۆپ وەك پەرداخە بیرەکەی هەڵدەدات و دەیخواتەوە.

دایکی ڕامەی برادەرم دەهات و دەیگوت ”بۆ وا بێتاقەتی؟ چ بووە باوانم؟ دایکت نابینم؟” دەمزانی دایکی ڕامە هەست بەو بێتاقەتییە منداڵانەیەم دەکات و منیش هەوڵم دەدا وەك باوکم پیاوانە بم و نیشانی نەدەم هیچ بووە، دەمگوت ”نەنکم نەخۆشە، ماوەیەکە دایکم ئاگای لێ دەبێت و یەك-دوو ڕۆژی دیکە دەگەڕێتەوە” دولبەرم پیاوەتی ئێمە بە بەرگەگرتنی دڵشکانەوە وابەستەیە، چەند دڵمان بشکێ و هیچ نەڵێین پیاوترین، چەند ئازار لوولمان بدات و فززە نەکەین ئازاترین… چەند پێوەرێکی دڵرەقانەیە.

دایکی من گەڕایەوە ماڵەوە و هەموو برینەکانی ساڕێژ کرد و تەنها یادەوەرییەکی تاڵ مایەوە لە دەروونمدا، بەداخەوە ڕامەی برادەرم هێندەی من خۆشبەخت نەبوو، دایکی زۆر زوو ماڵئاوایی لە دونیا کرد، ڕامەی بەستەزمانیش لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی وادا ژیری بەرگەی نەگرت و هۆشی لەدەست دا و لەو ساڵەوە شێت بوو… ئەوکات پێش ئەوەی بتناسم و کاتێک لەگەڵ وەستا کارم دەکرد ئێواران سەردانیم دەکرد و ساردی فانتام بۆ دەکڕی.

هەرچیم پەیدا کرد تا بیدەم بە ماڵە سادەکەمان لە سایەی کارکردنەوە بوو لەگەڵ وەستادا. وەستا، پیاوێکی تەمەن کەمێک هەڵکەوتووی ڕۆژهەڵاتی بوو، هەرگیز بێ جگەرە نەمدیبوو. تەنانەت لە کاتی چاخواردنەوەشدا لێوەکانی دەرنەدەکەوتن لەبەر سمێڵە زلەکەی. هەر کە پێکەوە کارمان دەکرد گۆرانیی دەگوت و بلۆکی لە تەنیشت بلۆک دادەنا، هەر کە دادەنیشت، نتقی لە خۆی دەبڕی و جگەرەی دەکێشا.

وەستا تاکە کەس بوو لە دڵپڕیمدا گوێی بۆ ڕادەدێرام، کە بێزار بوومایە جگەرەی دەدامێ. دەیگوت ”گوێی مەدەرێ کاکە، هەرچی بێ ژیان هەر کۆتایی دێ” دڵنەواییەکەی وەستا هیچ نەبوون جگە لەوەی کە ناڕاستەوخۆ پێی دەگوتم لالۆ دەبێت ئەو سەگوسەگبابییە ڕاکێشی تا دەتۆپیت. تێیدەگەیشتم، بەیانی تا ئێوارە کارمان دەکرد، شەممە تا پێنجشەممە بلۆکمان دادەنا. هەینی دەچووینە چاخانەی مەستان و گوێمان لە ماملێ دەگرت، هەموویان بە برا بانگیان دەکردم و چام دەخواردەوە و جگەرەم دەکێشا. تەمەنم بیستوچوار ساڵان  بوو، ئەوکات هێشتا شەوان نەدەهاتمە دیدەنیت و هێشتا نەتدەناسیم تا بمکەیتە ئەستێرەی خۆت و گوێ بۆ چیرۆکەکانم ڕادێری.

نازانم بۆ تۆ، بەڵام من هەرگیز لە هەژاری تێنەگەیشتم، وەستا ڕۆشتەوە بۆ ئێران و منیش هەموو عەسرانی هاوینی ٢٠١٤ لە خەبات لە ژێر دار سنەوبەرێکی حیزدا چاوەڕێ بووم یەکێ بێت و بڵێ دە هەزار دینارت پێ دەدەم بلۆکم بۆ بگوازەرەوە، کرێکاریم بۆ بکە یان دیوارێکم بۆ بڕووخێنە… سەیرم لێ دەهات لەو کاتانەدا من دەبوایە جوڵەی خۆم لەگەڵ جوڵەی خۆر و زەوی ڕێک بخەم و کەم کەم بە دوای سێبەری دارە وشکهەڵاتووەکان بڕۆم تا گەرما هێزم لێ زەوت نەکات، هێندەی دەروێشێك لەگەڵ جوڵەی فەلەکدا هەماهەنگ بووم، بڕوام پێ بکە بێزار بووم لەوەی هێندە کات لە تەماشاکردنی ئۆتۆمبێلی خەڵکیدا بەسەر بەرم و سەرم ڕاست و چەپ بکات و چاوەکانم لەگەڵ هەموو تایەیەکدا بخولێنەوە و لەبەر خۆوە ئایەتی ( ئیننەڵاهە هوەلرەزاق زولقوەتی ئلمەتین) بڵێمەوە.. دەمتوانی هەموو ئەو کاتانە لەگەڵ تۆ بەسەر بەرم و لە دەستم چوون.

دڵنیام لەو دنیاش بیرت ماوە و پێدەکەنیت کاتێك بیر لەو ڕۆژە دەکەیتەوە کە هەردووکمان قۆڵمان لە قۆڵی یەک بوو، پێمان نایە مۆڵێکی گەورەی فێنکەوە، کام عەرەبانەیەی لە گشتی گەورەتر بوو نامە ژێر دەستەکانم و تۆش بە دەم پێکەنینە گەورەکانتەوە قۆڵت تووند گرتبووم (چەندت بیر دەکەم) پاڵم دەنایە عەرەبانەی دەستم و دەمهاژوو بە نێو ڕەفە هەزار ڕەنگییەکان. نازانم بیرم نایە ئەو بازاڕە کەسی تری تێدا بووبێت، هەر من و تۆ بووین.. قاقا پێدەکەنین و گاڵتەمان بە خۆمان دەکرد، هەرچی ڕەنگەکەی زەق و سەرنجڕاکێش بوایە فڕێمان دەدایە عەرەبانەکەوە، چوار قووتو دۆشاو هەریەک لە جۆرێ، شامپۆی بانیۆ و نەعلی نێوماڵ، بۆنی نێو چا و (هەموو نەهامەتییەکانی خۆمان) هەرچی دڵمان بیبردایە فڕێمان دەدایە نێوی، جارجار دەوەستام و سەیری کاتی بەسەرچوونی شەربەتێکم دەکرد، لەپڕ وەک مناڵ ڕات دەکێشام و چیرۆکی ئەو کاتەت بۆ دەگێڕامەوە کە جارێکیان شەش پارچە نەستەلەی بە فستقت خواردبوو، دواتر خەوت لێکەوتبوو، ناچار بوون کاتژمێر دووی بەیانی بتبەن بۆ نەخۆشخانە بۆ ئەوەی گەدەت بۆ بشۆن.

بانگت دەکردم ”پیاوەکە، وەرە سەیری ئەو پەنیرە کە ناشرینە، لە سابوونەکەی ماڵی خونچە ئەچێت، ئەها ئەوەی کە هەموو جارێک تووکەکانی دەستی حاجی پێوە بەجێ دەمێنێ.”

هێندە کاڵای نابەجێ و زیادەمان هەڵگرتبوو کە وات هەست دەکرد پاڵ بە بەردێکەوە دەنێیت نەك عەرەبانە، بەڵام دڵمان خۆش بوو، دڵخۆش پێدەکەنین و لە نێو زیندە خەونەکانی خۆمان ون بووبووین، گوێمان لێ نەبوو ژیان چۆنە، ڕاستیی شتێکی جیاوازترە یان نا، ئێمە پاڵمان بە عەرەبانەکەی خۆمانەوە دەنا و گاڵتەمان بە پەنیرەکان دەکرد، لای ڕەفەیەک دەبوومە شارەزای هەنگووین و دەمگووت

 ”ئەزانی ئەم قوتووە هەنگوینانە هیچی ئەسڵی نین، زۆربەیان لە مەنتیقە سەناعییەکە دروست ئەکرێن، واکسی تیایە!”

لای دانەیەکی دیکە دەمگووت ”باشە سەد جۆری چا بە چی دەفرۆشرێت، ئاخر کێ ئەوەنە تاقەتی هەیە ئەم هەمووە تاقی بکاتەوە؟”

دەزانم، دەزانم ڕۆژەکەی ئەو هاوینەمان هێند ڕەنگاوڕەنگ نەبوو، دواجار دەبوو کۆتایی بێت. هەردووکمان باش دەمانزانی کە ئەمە یارییەکی منداڵانەیە، دڵخۆشییەکی بەریئانەیە و خەونێکە بەو ژیانەی کە هێشتا ناتوانین بژین. عەرەبانەکەی دەستم قورس قورس و هەستم پێ دەکرد ئارەقی ساردی بێئومێدی بە پشتمدا دێتە خوارەوە، گومانم لە پیاوەتی خۆم بەخەبەری هێنامەوە لەو خەونە منداڵانەیەم، دەنگی ناخۆشی هەژاری پێی دەگووتم ”پارەی ئەم هەموو شتەت لەکوێ بوو؟”

زللەیەکی قایمی سەرمایەداری دای لە پەنا گوێم و کاسی کردم، دولبەرم پێکەنینەکانت ڕایانگرتم دەنا من ئەژنۆم شکابوو، گیانێکمان بەوە بوو کە ئێمە دوو گیانین بەڵام دەڵێیت بۆ یەك کراس دووراوین، لێم تێگەیشتیت و زانیت کە تەواو، کاتی یارییەکەمان کۆتایی هات و دەبێت بچینە شوێنێکی تر پێکەنینەکانمان تەواو بکەین. 

”پیاوەکە، عەرەبانەکە لە شوێنی دائەنێین و خۆمان کەمێک مەشغوڵ ئەکەین و یەینە دەرەوە.”

دەستت دابووە بسکیتێکی مۆر (تۆ هەمیشە حەزت لە ڕەنگی مۆر بووە) ”هەر ئەم بسکیتە ئەبەین!”

”ئەیبەین” نازانم ئەو ساتەی ئەو وشەیە لە گەرووم هاتە دەر هەستم بە چی دەکرد. بەڵام دەزانم خۆشترین بسکیت بوو لە ژیانمدا خواردبێتم.

هاوینان بیرخەرەوەیەکی گەلێک بەئازارە بۆ من، زۆرینەی نەهامەتی و ناخۆشییەکانم لە هاویندا بوون، تەنانەت ڕۆیشتنی تۆش دولبەرم لە تەموزدا بوو، هەموو ئەو شتانەی لە هاویندا فێریان بووم یان حەزم لێیان کردووە هەمیشە چیرۆکێکی ناخۆش و بەئازارییان لە پشتەوە بوون.

 ژیان هەرگیز ئاسان نەبووە، هەمیشە دڵشکانێکی لە هەگبەدا بووە بۆ مە. بۆ نموونە دەزانیت من کەی شەیدای گۆرانییەکانی عەدنان کەریم بووم؟ ئەوکات تەمەنم هەر حەڤدە ساڵان دەبوو، لە نانەوایەك کارم دەکرد و هەموو ڕۆژێک لە چواری بەیانی هەڵدەستام و کوورەم گەرم دەکرد، ئاگرم تاو دەدا و جەهەنەمم خۆش دەکرد. ڕێبین بەدیار چرایەکی کزەوە هەویری دەشێلا و هەندێک جار سوێن دەخۆم لە داخاندا بۆکسی لە هەویرەکە دەچەقاند و لەبەر خۆیەوە دەیگووت ”سەگباب، بۆچی ژنم بۆناهێنی خۆ خۆم پارەکەی ئەدەم و تۆ نایدەیت. سەگباب” هەویری دەدایە بەر بۆکس و لە دوای تەواوبوون بۆی دەنووست تا خۆر هەڵدەهات. کوورە گەرم دەبوو وەستا دەکەوتە چەپڵەلێدان و هەویری دەدایە بەر زلە و کوتە، دەنگی ئاگر و چەپڵەکانی وەستام هەزار ئاوازی دەهاوییە مێشکمەوە، شەپۆلەکانی ئێستایش بە گوێمدا دێنەوە. ڕێبێن ڕادیۆیەکی هەبوو هەمیشە لە بنباخەڵی بوو، نیوەڕوان دەیکردە سەر گۆرانی و دڵی هەموو موشتەرییەکانیشی خۆش دەکرد، ئایی ڕێبین! دولبەر دەزانیت ڕێبین دواتر خۆی و کچ و ژنەکەی ویستیان کۆچ بکەن بۆ هەندەران و لە ئیجەدا کچ و ژنەکەی خنکان.

دوای شەش ساڵ شەوێك لە بەردەم باخی گشتیدا ڕێبینم بینییەوە، چای دەخواردەوە و گوێی بۆ گۆرانییەکی عەدنان کەریم گرتبوو. جگەرەی دەکێشا و باسی مردنی کچەکەی بۆ دەکردم.

”سەرەتا سییەکانی پڕ بوون لە ئاو، قورس، هیلاک، تەڕ، مردوو. ئاو لە هەناویدا، لە خوێنیدا، لە دەمارەکانیدا ئەهاتن و ئەچوون، دەمارەکانی لیزای کچم ئاوساون، ئاو لە ژێر پێستیدا، لە ناو گۆشت و ئێسکیشی خووساو، دوو چاوی دەرپەریوو و تۆقیو، پڕن لە ئاو، دەمێک کراوە و هاوارێکی قەتیس، ئەو ڕوومەتەی هەزاران جار پێکەنیوە و چەندین جاریش بە فرمێسک تەڕ بووە، ئەوەتا وا ماسی گازی لێ دەگرێت، ئەو پێستە نەرمە ورد ورد ئەڕزێتە دەریاکەوە و پڕچی بە نەخشێكی زۆر جوان بە هەموو لایەکی دەریاکەدا بڵاو بووەتەوە، ئاو لە لووت و گوێ و دەمەوە دەخزانە کاسەی سەرییەوە، مێشکی دەخوسێنن، هەزاران یادەوەری دڵۆپ دڵۆپ تێکەڵی دەریا دەبێت، هەزاران بۆن، دەنگ، وێنە، گۆرانی، ماچ و باوەش تێکەڵ بە ئاو دەبن. ئەوەتا یەکەم ماچ بە دەم ماسییەکەوە، ئەوەتا یەکەم یادەوەری لێخوڕینی پاسکیل سەر ئاو کەوتووە، بوو بە ئاو، بوو بە دەریا، چ بە ئازارە ببیت بە ئاو.”

فرمێسك لە چاوەکانیدا دەبریسکانەوە و لەبەر خۆوە گۆرانییەکەی دەگووتەوە. ”دەرگەکەتم لێ بکەوە، ئەم شەو هاتووم بۆ چنینی چەپکە نێرگزێکی چاوت” و ڕێبین دەگریا. لەو ساتەوە من عەدنان کەریمم خۆش دەوێت.

دولبەرم تۆش دوو ساڵ دەبێت ڕۆیشتوویت کەچی هێشتا عەسران دەچمە سەر ئەو دیوارەی قەڵا کە نزیکی گۆڕستانەکەیە، ئەم عەسرەش لەوێ دانیشتم و سەیری دونیام دەکرد، ئەو هەموو جوڵانەوەیە، ئەو هەموو جەنجاڵییە بە شەوارەت دەخەن. بیرم لەوە دەکردەوە گەر بمایتایە ئێستا چیت دەکرد؟ گوێت لە مەهەستی دەگرت؟ داوای چیرۆکت لێ دەکردم؟ کتێبێکت دەخوێندەوە؟ لەبەر ئاوێنە سەیری خۆت دەکرد؟ دەزانی ڕەنگی وەنەوشەیت زۆر لێ دەهات ئەو ساتانەی دڵت خۆش بوو.

وەک بایەکی پاییزە دەنگت دەزرنگایەوە لە گوێمدا و لێم توڕە دەبوویت.

”کورە! بەم سەرمایە تۆ شێتی؟ لەم وێرانە قەڵایە چی ئەکەیت؟”

دواتر، تاریک داهات من وڕێنەکانم کۆ کردەوە و هەر بە پێکەنینەوە وەک بڵێن سەرم لێ تێکچووە، بە کۆڵانە کۆنەکاندا هاتمەوە، ملپێچەکەم توند کردەوە و کەوتمەوە ڕێ بۆ ماڵەکەمان. هێدفۆنەکەم کردە گوێم و گۆرانییەکی عەدنان کەریمم خستە سەر، دنیا تاریک بووبوو، ڕەشابەکەش تووندتر، کەمێک لەسەر کورسییەکی سەر جادەکە دانیشتم و هەمدیس بە چرپەوە پێت گووتم.   

”کورە! بەم تاریکاییە چی ئەکەیت لێرە، ئاخر خوا سەری لێ تێکداوی؟ تۆ تەواونیت، وەرەوە ماڵەوە خواردنم بۆ کردوویت.” هەستم دەکرد لە تەنیشتمەوە بیت.

هاتمەوە بۆ ماڵەوە، چۆڵ و بێدەنگ، سارد و بێناز. تۆی لێ نیت و وەك هەموو ڕۆژەکانی دیکە خۆم و قەڵەم و کاغەزەکان. دەنووسم ”بیرت دەکەم، دەزانیت؟ دەزانی چەند بیرت دەکەم؟”

هاوبەشی بکە

DidiMnStory, Kurdish Story, Story,