19/04/2024
DidiMn Logo
Top

برێخت لە دەفتەری یاداشتەکانی بنیامیندا

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

بنیامین و برێخت

دیدی من
نووسینی: واڵتەر بنیامین
لە عەرەبییەوە: ئەرسەلان ئەفراسیاو

٢٧ی سێپتەمبەری ١٩٣٤

لە گفتوگۆیەکدا کە چەند ئێوارەیەک پێش ئێستا کردمان، برێخت باسی لەو ڕاڕاییە نامۆیە کرد کە لە ئێستادا وای لێ کردووە نەتوانێت پلانی ڕوونی هەبێت. سەرەتا ئاماژەی بەوە کرد هۆکاری سەرەکیی (ئەو ڕاڕاییە) پەیوەندیی بەو ئیمتیازە زۆرانەوە هەیە کە ئەو بەراورد بە پەنابەرەکانی تر هەیەتی. لەبەر ئەوەش کە بە کەمی دانی ناوە بە ئەگەری ئەوەی کۆچ بتوانێت ببێتە دەستپێکێکی دروست بۆ دانانی پلان و پڕۆژە، بۆیە بە شێوەیەکی ڕیشەیی نایەوێت دان بەوەدا بنێت، کاتێک مەسەلەکە پەیوەستە بە خۆیەوە، پلانی بۆ دوورتر لە ماوەی کۆچیش دانابوو. ئیدی دەبوو دەستکاریی دوو شت بکات، یەکەمیان پەیوەستە بە هەندێک بەرهەمی پەخشانەوە کە دەبێت تەواویان بکات: کورتترین ئەو بەرهەمانە داشۆرینێکی هیتلەرە کە بە شێوازی کتێبی سەرگوزەشتەیی سەردەمی ڕێنیسانس نووسراوە – درێژترینیشیان ڕۆمانێکە، کە دەشێت ڕووپێوییەکی ئینسکلۆپیدیانە بێت بۆ دەبەنگیی ڕۆشنبیرەکان؛ وا دیاریشە بەشێکی لە چاینا دەکات. توانیویەتی نموونەیەکی بچوکی ئەم بەرهەمە تەواو بکات.

بە تەنیشت پڕۆژەی پەخشانەکانییەوە، برێخت سەرقاڵی پرۆژەی دیکە بوو، کە دەگەڕێنەوە بۆ توێژینەوە و بیرکردنەوەی زۆر کۆنی ئەو، کە دەتوانێت – لە کاتی پێویستدا – بگەڕێتەوە سەر تێبینیی و سەرنجەکانی، واتە بۆ ئەو ”هەوڵ”و بیرکردنەوانەی کە لە میانی بیرکردنەوەی لە شانۆی داستانی گەڵاڵەی کردوون، ئەمە جگە لە چەندین بیرکردنەوەی تر، کە سەروکاریان لەگەڵ هەمان شت هەیە، کە لەگەڵ توێژینەوەکەی لەسەر ”لینینیزم” یەکیان گرتووەتەوە، جگە لە مەیلە زانستییەکانی ئەزموونگەرەکان، بەمەش تا ڕادەیەک چوارچێوەی دیاریکراوی [ئاڕاستەی] کارکردنی تێدەپەڕێنێت.

برێخت بۆ چەندین ساڵ کاری لەسەر پۆڵێنکردنی پرۆژەکانی کرد، کە لە ژێر ناوی چەندین چەمکی بنەڕەتیی هەمەجۆردا ڕیزی کردبوون، بۆیە لە بەرامبەردا، ئەم لۆژیکە نائەرستۆییە، تیۆری ڕەفتارگەرایی، فەرهەنگی نوێ و ڕەخنەکردنی بیرکردنەوەکان، بووبوونە کرۆکی سەرقاڵیی ئەو. لە ئێستادا هەموو ئەم هەوڵە جۆربەجۆرانەی لە بیرۆکەی چامەیەکی فەلسەفیی فێرکاریدا کۆ کردووەتەوە. بەڵام لەم بارەیەوە تووشی گومان بووە، چونکە بە پلەی یەک، بە گومانە لەوەی ئایا جەماوەر پێشوازی لە بەرهەمێکی وەها دەکات؟ بەرهەمێک بەم دەرئەنجامگیرییەی ئێستایەوە، بە تایبەت بەو ڕەگەزە تەوسئاسایانەیەوە کە بەرهەمەکانی دیکەی لەسەر دامەزراوە و لە ڕۆمانی ”سێ بنس”[1]دا بە تەواوی ڕەنگی داوەتەوە. ئەم گومانەش دوو جۆر بیرکردنەوەی جیاواز لە پشتییەوەن، ئەو ئێستا بە گومانێکی زیاترەوە لە کێشەکان و ڕێگەکانی خەباتی چینایەتیی پڕۆلیتاری دەڕوانێت، هەر لەم بارەیەشەوە گوتی گومانی زۆری لەسەر داشۆرین و دیوە تەوسئاساکەی بۆ دروست بووە. بەڵام تێکەڵکردنی ئەم گومانانە، کە زۆربەیان سروشتێکی زانستییانەیان هەیە، لەگەڵ ئەو گومانانەی کە قووڵاییەکی زیاتریان هەیە، دەبێتە جۆرێک لە بەدحاڵیبوون.

گومانە قووڵەکانی پەیوەندییان بە ڕەگەزە هونەرییەکان و ڕەگەزە تەمومژاوییەکانی هونەرەوە هەیە، لە سەروو ئەم ڕەگەزانەشەوە – ئەم ڕەگەزانە خۆیان- هەندێک جار وا لە هونەر دەکەن گەر بە شێوەیەکی بەشەکیش بێت لێکدژ بێت لەگەڵ فیکردا، هەوڵە قارەمانانەکانی برێختیش بۆ ڕەوایەتیدان بە هونەر و ئاڕاستەکردنی بەرەو فیکر، چەندین جار بردوویەتیەوە سەر ئەو پەندەی کە بە هۆیەوە سەلماندویەتی تەمومژی هونەری لەو ڕاستییەوە هاتووە کە هەموو ڕەگەزە هونەرییەکانی بەرهەمێک لە کۆتاییدا یەکتری هەڵدەوەشێننەوە. گومانیش لەوەدا نییە ئەم هەوڵانە، پەیوەستن بەم پەندەوە، کە لە ئێستادا لە ڕێی بیرۆکەی چامەی فیرکارییەوە بە شێوەیەکی ڕادیکاڵانەتر دایدەڕێژێت.

لە گفتوگۆکانماندا، هەوڵم دا بۆ برێختی ڕوون بکەمەوە کە شیعرێکی لەم جۆرە پێویستی بە بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی جەماوەری بۆرژوازی نییە، بگرە پێویستی بە ڕەزامەندیی پڕۆلیتاریا هەیە، کە وا گریمانە دەکرێت کەمتر پێوەرەکانی خۆی لە بەرهەمەکانی پێشووتری برێختدا بینیبێتەوە، بەرهەمگەلێک کە لە ڕووی ناوەڕۆکی ئایدۆلۆژی و تیۆریی خودی چامەی فێرکارییەوە تا ڕادەیەک ئاڕاستەی چینی بۆرژوازی کراوە. پێم وت: ”ئەگەر ئەم چامە فێرکارییە سەرکەوتوو بوو لە بەگەڕخستنی دەسەڵاتی مارکسیزم بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی، ئەوا ڕێی تێناچێت بەرهەمەکانی پێشووت ئەو دەسەڵاتە لاواز بکەن.”

بێرتۆڵد برێخت

٤ی ئۆکتۆبەر

دوێنێ برێخت چوو بۆ لەندەن. نازانم ئاخۆ بوونی من لەوێ سەرنجی ڕاکێشاوە، یان زیاتر سەرنجی بەلای ئەم شێوازەدا چووە، هەرچۆنێک بێت دوژمنکارییەکەی (کە خۆی ناوی دەنێت ”دان”[2]) زۆر لە جاران زیاتر لە هەموو مشتومڕەکانیدا دەردەکەوێت. هەر بەڕاست، سەرم سوڕما لە هەندێک لەو وشانەی کە بە هۆی ئەم دوژمنکارییەوە بەکاری دەهێنێت، بە تایبەت ئەو تامەزرۆییەی کە بۆ بەکارهێنانی وشەی چقڵ – Wen هەیەتی. لە دراگۆر، ڕۆمانی ”تاوان و سزا”ی دۆستۆڤسکیم دەخوێندەوە. لە سەرەتادا، برێخت هۆکاری نەخۆشکەوتنەکەمی گەڕاندەوە بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە. بۆ سەلماندنی ئەمەش ئەوەی بۆ باس کردم کە لە لاویدا نەخۆشییەکی درێژخایەنی لەگەڵدا بووە (بۆ ماوەیەکی زۆر لە جێگەدا کەوتووە) وەک خۆی دەیگوت ئەو کاتە تووشی بووە کە لە قوتابخانە گوێی لە یەکێک لە هاوپۆلەکانی بووە لەسەر پیانۆ پارچەیەکی مۆسیقیی شۆپانی ژەنیوە، ئیدی نەیتوانیوە بەرگری بکات. بە بڕوای برێخت، شۆپان و دۆستۆڤسکی کاریگەرییەکی زۆر خراپیان لەسەر تەندروستیی خەڵک هەیە. ئیتر ئەو ماوە بە هەموو شێوەیەک خوێندنەوەی ئەو کتێبە بێزاری دەکردم، لە کاتێکیشدا کە خۆی خەریکی خوێندنەوەی ”شۆڤاک[3]” بوو، بەردەوام بەراوردی نێوان هەردوو کتێبەکەی دەکرد و حوکمی دەدا. ئیدی [بە پێی قسەکانی بنیامین بێت] ڕوون بوو کە دۆستۆڤسکی ناگاتە ئاستی هاشیک، بۆیە برێخت خستییە ڕیزی ئەو شتانەی پێیان دەڵێت Wen؛ کەمێکی تری لەسەر بوایە دۆستۆڤسکیشی دەخستە ڕیزی ئەو وەسفەی کە ماوەیەکە دەیداتە پاڵ هەر بەرهەمێک کە سروشتی ڕۆشنگەرانەی نەبێت یان سروشتی ڕۆشنگەرانە ڕەت بکاتەوە، چونکە ئەو بە هەر بەرهەمێکی لەم جۆرە دەڵێت وەرەم klump.

٢٨ی حوزەیرانی ١٩٣٨

لە پلیکانەیەکی پێچاوپێچدا بووم، پێچاوپێچەکە بە تەواوی سەری نەگیرابوو. پیایدا سەرکەوتم؛ ئینجا پلیکانەیەکی دیکە بەرەو خوار دەچوو. کاتێک گیرسامەوە، بینیم گەشتوومەتە لووتکە. لە بەردەممدا دیمەنی زەوییەکی فراوانم بینی. پیاوی دیکەم بینی بەسەر لووتکەی دیکەوە بوون. یەکێک لەو پیاوانە تووشی سەرگێژە بوو، کەوتە خوارەوە. سەرگێژەکە هەموانی گرتەوە و ئەوانی دیکەش لە لووتکەوە بەرەو قووڵایی خواری خوارەوە بەربوونەوە. کاتێکیش کە من هەستم بە سەرگێژە کرد، خەبەرم بووەوە.

واڵتەر بێنیامین ١٨٩٢ بۆ ١٩٤٠

ڕۆژی ٢٢ی حوزەیرانی ١٩٣٨ گەیشتمە ماڵی برێخت.

برێخت قسە لەسەر باقوبریقی و بێدەربەستیی هەڵوێستە سەرەکییەکانی ڤیرژیڵ و دانتی دەکات، کە وەک ئەو دەڵێت باگراوەندیی گیستۆی شانۆی شاهانەیی ڤیرژیڵ پێکدێنێت. ڤیرژیڵ و دانتی ناو دەنێت ”پیاسە” بە پێداگریشەوە دەربارەی کلاسیکییەتی دۆزەخی دانتییش دەڵێت: ”دەتوانیت هەر لە دەرەوە بیخوێنیتەوە.”

باس لە ڕقی خۆی دەکات بەرامبەر بە پیاوانی ئایینی، ڕقێک کە لە داپیرەیەوە بۆی ماوەتەوە. ئاماژە بەوە دەدات کە ئەوانەی دەستیان بەسەر بنەما تیۆرییەکانی مارکسدا گرتووە و ئیدارەی دەدەن، بەردەوام توێژێکی ئایینی پێکدێنن. مارکسیزم ڕوونە و شاراوە نییە، ئەمڕۆ تەمەنی بووەتە سەد ساڵ و چی دەبینین؟ (لەم خاڵەدا قسەکان پچڕان) ”دەبێت حکومەت بتوێتەوە.” کێ وا دەڵێت؟ حکومەت؟ (لێرەشدا مەبەستی لە یەکێتیی سۆڤێت بوو.) پاشان بە پۆز و دەربڕینێکی فێڵبازانەوە، ڕووبەڕووی ئەو کورسییە وەستا کە من لە سەری دانیشتبووم (خۆی وەک حکومەت نیشان دەدا) و بە نیگایەکی ناشرینەوە ڕووی کردە لاشانی و قسەی بۆ کەسایەتییەکی وەهمی کرد و وتی: ”دەزانم دەبێت بتوێمەوە.”

ئینجا قسەمان لەسەر ڕۆمانە سۆڤێتییە نوێکان کرد، کە چیتر نایانخوێنینەوە. پاشان چووینە سەر باسی شیعر، چووینە سەر باسی وەرگێڕانی چامە لە چەندین زمانەوە لە سەردەمی سۆڤێتدا، لە سەردەمێکدا کە وشە لێزمەی دەهات. پاشان درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی [ئێستا] لەوێ شاعیران ڕووبەڕووی ساتەوەختێکی ناهەموار دەبنەوە. ”ئەگەر ناوی ستالین لە شیعرێکدا نەیەت، وەک بەڵگەیەک لەسەر نیازخراپیی شیعرەکە سەیر دەکرێت.”

٢٩ی حوزەیران

برێخت باسی شانۆی داستانی[4] دەکات، بە تایبەت ئەو شانۆگەریانەی منداڵ ڕۆڵی تێدا دەبینن و لە نواندندا هەڵە دەکەن، کە بە پشتبەستن بە نامۆکردن[5] دەرهێنانی بۆ دەکرێت و کەسایەتییە مەلحەمییەکان بەرهەم دێنێت. ڕەنگە لە شانۆی کانتۆنێکی پلە سێدا ئەمە ڕوو بدات. بەرهەمهێنانی شانۆگەریی ”ئاغا”م لە لایەن ژینفەوە بە بیر دێتەوە، ئەو دیمەنەی کە پاشا بە لاری تاجەکەی لەسەر کردبوو، کە کرۆکی ئەو بیرۆکانەی پێ بەخشیم کە دواتر پێشمخستن و لە کۆتاییدا و پاش نۆ ساڵ کتێبی ”تراژیدیا”ی لێ بەرهەم هات. برێختیش لەو ساتەوەی بیرۆکەی شانۆی داستانی بە مێشکیدا هاتووە، ئیشی لەسەر دەکات. ئەمەش کاتێک ڕووی دا کە خەریکی بەرهەمهێنانی شانۆگەریی ”ئێدواردی دووەم” بوون لە میونخ، کە دەبوو شەڕێک لەسەر تەختی شانۆکە ٤٥ خولەک بخایەنێت. نە برێخت و نە ئاسیا لاکسی هاوکاری نەیانتوانی بوونی سەرباز لەسەر تەختی شانۆکە ڕێک بخەن و کارەکە بەرهەم بهێنن. لە کۆتاییدا بە نائومێدییەوە ڕووی کردە کاڕڵ ڤالنتاین، کە ئەو کات یەکێک بوو لە هاوڕێ نزیکەکانی و ئامادەی پرۆڤەکانیان دەبوو، لێی پرسی: باشە، ئەمە چییە؟ ئەم سەربازانە بۆ وەهان؟ چییانە؟ ڤالنتاین وتی: ئەوان تۆقیون، دەترسن، مەسەلەکە ئەوەیە! ئەم تێبینییە کێشەکەی یەکلا کردەوە، برێخت وتی: ئەوان ماندوون. ڕوخساری سەربازەکان بە توێژێکی ئەستووری سپیاو داپۆشرابوو. ئیدی ئەو ڕۆژە شێوازی بەرهەمهێنانی ئەو کارەی دیاری کرد

ماوەیەک دواتر باسێکی کۆن دەربارەی ”پۆزەتیڤیزمی لۆژیکی” کەوتەوە بەر باس، کە من تا ڕادەیەک سوور بووم لەسەر هەڵوێستی خۆم، ئیتر گفتوگۆکە بە ئاڕاستەیەکی نەخوازراودا چوو. پاشان ئارام بوومەوە کاتێک برێخت بۆ یەکەمین جار دانی بەوەدا نا بەڵگەسازییەکانی ڕووکەش بوون. وەک خۆی وتی: بە تێگەیشتنێکی ڕووکەشانەوە قسەم کرد. دواتر، کاتێک بەرەو ماڵی ئەو دەچووین (گفتوکۆکە لە مێشکمدا بەردەوام بوو) شتێکی باشە کەسێکی خاوەن هەڵوێستی پەڕگیرانە نیانی بنوێنێت. گەشتبووینە نیوەی ڕێگە، کاتێک ڕوونی کردەوە چی بەسەر هاتووە: پیر و کۆن بووە.

١ی تەمموز

کاتێک باس لە دۆخی ڕووسیا دەکەم، قسەکانی برێخت لەو بارەیەوە زۆر گوماناوین. ئەو ڕۆژە پرسیم ئاخۆ ئۆتوڵد هێشتا لە دەسەڵاتدایە [لە زمانی ڕۆژانەی ئەڵمانیدا دەوترێت: ئاخۆ هێشتا دانیشتووە] لە وەڵامدا وتی: ئەگەر هێشتا لە توانایدا بێت دانیشێت، ئەوا هێشتا دانیشتووە. دوێنێ گریتڵ ستیڤن گریمانەی ئەوەی کرد تریتیاکۆڤ مردبێت.

٤ی تەمموز

دوێنێ شەو، برێخت لە میانی قسەکردنی دەربارەی بۆدلێر، وتی: من دژە کۆمەڵایەتی نیم، خۆت دەزانیت، من دژە ناکۆمەڵایەتیم.

برێخت و واڵتەر بنیامین لەکاتی یاری شەترەنجدا

٢١ی تەمموز

بەرهەمەکانی لۆکاچ و کۆریللا و هەندێکی تر، سەرئێشەیەکی زۆریان بۆ برێخت نایەوە. لەگەڵ ئەوەشدا پێی وایە مرۆ نابێ لە ئاستی تیۆریدا پەڵپ لەوە بگرێت. من لە ئاستێکی سیاسیدا پرسیارم لێ کرد، چونکە لە ئاستی سیاسیدا بە ڕوونی و بێ پێچوپەنا وەڵام دەداتەوە. ئابووریی سۆسیالیستی پێویستی بە جەنگ نییە، هەر بۆیە دژیەتی. ”سروشتی ئاشتیخوازانەی گەلی ڕووسی” ڕێک گوزارشتە لەمە و هیچی تر. ئابووریی سۆسیالیستی ناتوانێت بە تەنها لە یەک وڵاتدا سەرپێ بکەوێت. بێگومان ڕێگای بەکارهێنانی چەک هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی پڕۆلیتاریای ڕووسی چەندین هەنگاو بەرەو دواوە پاشەکشە بکات، هۆکار بوو بۆ گەڕانەوە بۆ قۆناغەکانی پێشکەوتنی مێژوویی، چونکە لە مێژە – لە نێو قۆناغەکانی دیکەدا- قۆناغی حوکمڕانیی پاشایەتیی تێپەڕاندووە. ئەمڕۆش ڕووسیا ملکەچی حوکمڕانییەکی تاکڕەوانەیە. تەنها دەبەنگەکان نکووڵی لەمە دەکەن، بێگومان. ئەمە وتوێژێکی بچووکی نێوانمان بوو کە هێندەی نەخایاند پچڕا. دەبێ ئەوەش بڵێم برێخت لەم سیاقەدا جەختی لەوە کردەوە کە دەرئەنجامی هەڵوەشانەوەی ئەنتەرناسیۆناڵی یەکەم، مارکس و ئەنگڵس پەیوەندییە گەرمەکانیان لەگەڵ بزوتنەوەی چینی کرێکاراندا پچڕا، تەنها بەوەوە وەستان ڕاوێژ و ئامۆژگاریی -تایبەت، کە بۆ بڵاوکردنەوە ئامادە نەکرابوون- بدەن بە سەرکردە [شۆڕشگێرەکان]. ئینجا ڕێکەوتیش نەبوو ئەنگڵس لە کۆتایی تەمەنیدا ڕووی کردە زانستە سروشتییەکان. بیللا کۆن وتی یەکێک بووە لە هەوادارە سەرسەختەکانی لە ڕووسیا، لە کاتێکدا برێخت و هاینە ئەو دوو شاعیرە ئەڵمانییە بوون کە ئەو خوێندونیەتیەوە. (هەندێک جار برێخت وا نیشان دەدات کەسێک هەیە لە کۆمیتەی ناوەندی پشتیوانی و لایەنگریی ئەم دەکات.)

٢٥ی تەمموز

دوێنێ بەیانی برێخت هات بۆ لام بۆ ئەوەی شیعرە ستالینییەکەیم بۆ بخوێنێتەوە، کە لە ژێر ئەم ناونیشانەدا بوو: (لە جوتیارەوە بۆ شۆڕش) سەرەتا بە تەواوی لە ماناکەی تێنەگەشتم، بەڵام پاش ساتێک، کاتێک بیرم لە ستالین کردەوە، بوێری ئەوەم نەبوو چێژی لێ ببینم. ئەمەش ڕێک ئەو کاریگەرییە بوو کە برێخت ئامانجی بوو شیعرەکەی بەجێی بهێڵێت. پاشان کە دواتر کەوتینە گفتوگۆ، مەبەستەکەی ڕوون کردەوە. لە ڕاستیدا شیعرەکە ستاییش و لاواندنەوەی ستالین بوو، کە ئەو بە خاوەنفەزڵێکی گەورەی دەزانێت. بەڵام ستالین هێشتا نەمردووە. جگە لەوەش، لاواندنەوەی ستالین بە ڕێگایەکی جیاواز و حەماسیتر ئەرکی برێخت نییە، ئەوێک کە لە تاراوگە دانیشتووە و چاوەڕوانی پێشڕەویی سوپای سوورە. ئەو بەردەوام بە وردی بەدواداچوون بۆ گۆڕانکاریی ڕووداوەکان دەکات لە ڕووسیا، کتێبەکانی ترۆتسکیش دەخوێنێتەوە. ئەمە نیشانەی ڕاڕاییەکە کە دەتوانرێت لە داخوازیی نرخاندنی گومانکردن لە کاروباری ڕووسیا پاساودار بکرێت. ئەم جۆرە گومانانە ڕێک کرۆکی نەریتی مارکسیزمە. دەبێت ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕاستی و دروستیی ئەم گومانە بسەلمێنرێت، ئەوکات ئەمە لە خۆیدا دەبێتە شتێکی زەروری بۆ بەگژداچوونەوەی سیستەم، بە ئاشکرا. بەڵام ”بەدبەختانە، یان خۆشبەختانە” لە ئێستادا گومانەکە نەگەشتووەتە ئاستی دڵنیایی. هیچ پاساوێک نییە بۆ بونیادنانی سیاسەتێک لەسەر بنەمای ئەم گومانە، وەک ئەوەی ترۆتسکی کردی. ”ئینجا گومان لەوەشدا نییە کە هەندێک گروپی تاوانکار هەن دروستکراوی خودی ڕووسیان. مرۆ دەتوانێت ناوبەناو ئەو ڕاستییە ببینێت، لە میانی ئەو زیانانەوە کە دەیگەیەنن.” لە کۆتاییشدا برێخت وتی ئێمەی ئەڵمان بە ڕادەیەکی زۆر کاریگەربووین بەو شکستانەی لە وڵاتەکەماندا بەسەرماندا هات. ”دەبوو باجی ئەو هەڵوێستە بدەین کە گرتمانە بەر. ئێمە کە برینەکانمان شاردەوە، ئاساییە بەم ڕادەیە هەستیار بین.” کە ئێوارە داهات برێخت هات بۆ لام، لە باخچەکە سەرمایەم دەخوێندەوە، وتی: پێم وایە لە ئێستادا زۆر باشە مارکس بخوێنیتەوە. لە کاتێکدا کە ئێستا خەڵک بە ڕادەیەکی کەمتر بەرهەمەکانی دەخوێننەوە، بە تایبەت گەلی ئێمە. لە وەڵامدا پێم وت من حەزدەکەم ئەو کاتانە گرنگترە بەرهەمی نووسەران بخوێنمەوە کە خەڵک زۆر نایانخوێنێتەوە. ئینجا قسەمان لەسەر سیاسەتی ئەدەبی ڕووسی کرد. دەربارەی لۆکاچ و گابور و کۆریللا وتم: ئەمانە زۆر دوورن لەوەی دەربارەی نیشتیمان بنووسن. [بەمانا دەقاودەقییەکەی: لەگەڵ ئەمانەدا ناتوانیت دەوڵەت بونیاد بنێیت.] برێخت وتی: یان لانیکەم، لەگەڵ ئەمانەدا تەنها شتێک کە دەتوانیت دروستی بکەیت دەوڵەتە، بەڵام ناتوانیت کۆمەڵگەیەک دروست بکەیت. چونکە ئەمانە، بە ڕاشکاوی پێت بڵێم، دوژمنی بەرهەمهێنانن. بەرهەمهێنان تووشی نائارامییان دەکات. لەگەڵ بەرهەمهێناندا تۆ هەرگیز نازانیت لە کوێیت؛ بەرهەمهێنان شتێکی چاوەڕواننەکراوە. تۆ هەرگیز نازانیت چی ڕوو دەدات. ئەوان بەرهەمهێنانیان ناوێت. دەیانەوێت ڕۆڵی ئەپارتچیک[6] ببینن و دەسەڵات بەسەر ئەوانی دیکەدا بسەپێنن. هەر ڕەخنەیەکیان هەڕەشەیەکە. دواتر هاتینە سەر ڕۆمانەکانی گۆتە، نازانم چۆن. برێخت تەنها ئاگای لە ڕۆمانی ”حەزلێکردنێکی ئارەزوومەندانە” (سێهەم ڕۆمانی گۆتە) بوو. وتی زیادترین شت کە لەو ڕۆمانەدا بە دڵی بووە ستایلی گەنجانەی نووسەر بووە. تووشی سەرسوڕمان بوو کاتێک پێم وت گۆتە ئەم ڕۆمانەی لە تەمەنی شەست ساڵیدا نووسیووە. وتی: کتێبەکە هیچ خۆدزینەوە و خۆپارێزییەکی تێدا نەبوو. ئەوە دەستکەوتێکی مەزن بوو. یەک دوو شتی دەربارەی خۆپارێزی دەزانی؛ هەموو درامای ئەڵمانیش، بە گرنگترین بەرهەمەکانیشەوە، بەوەوە بەسترابوو. وتم ڕۆمانی ”حەزلێکردنێکی ئارەزوومەندانە” کاتێک کە دەرچوو ڕووبەڕووی دەنگدانەوەیەکی زۆر خراپ بوویەوە. برێخت وتی: بە بیستنی ئەمە دڵخۆشم، ئەڵمانەکان میللەتێکی گواوین. ڕاست نییە کە دەوترێت نابێت خەڵک لە هیتلەرەوە بڕواننە ئەڵمانەکان. بە لای منیشەوە هەرچی ئەڵمانیی هەیە چرووکە. یەکێک لە شتە بێزراوەکانی ئێمەی ئەڵمان ئەوەیە زۆر سنووردارانە سەربەخۆین. لە هیچ شوێنێکی دونیا شتێکی هاوشێوەی شارە ئازادەکانی ڕایخی ئەڵمانی بوونی نەبووە، شتێکی وەک ئۆگسبۆرگی پڕوپووچ. لیۆنیش هەرگیز شارێکی ئازاد نەبووە. لە سەردەمی ڕێنیسانسدا شارە سەربەخۆکان شاری سەرەکی بوون. لۆکاچ بڕیاریدا ئەڵمانی بێت، بە تەواوی بەتاڵ بووەوە، هیچ شتێکی تێدا نەما.

لەسەر باسی ”جوانترین ئوستورەکانی چەتە وینۆک”ی ئانا سیگەرسی نووسەریش، برێخت ستایشی کتێبەکەی کرد چونکە بە قسەی ئەو، ئەم کتێبەی دەری خست کە سیگەرس چیتر وەک پێویست نانووسێت. سیگەرس چیدی ناتوانێت وەک پێویست بنووسێت، تەنها، بەبێ هیچ یاسایەک، نازانم چۆن دەست بە نووسین بکەم. لەو ڕووەشەوە ستایشی چیرۆکەکانی کرد کە کەسایەتییە سەرەکییەکانی ناویان ڕوویەکی یاخیگەرانە و دوورەپەرێزیان هەبوو.

ئەم جۆرە گومانانە ڕێک کرۆکی نەریتی مارکسیزمە. دەبێت ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕاستی و دروستیی ئەم گومانە بسەلمێنرێت، ئەوکات ئەمە لە خۆیدا دەبێتە شتێکی زەروری بۆ بەگژداچوونەوەی سیستەم، بە ئاشکرا. بەڵام ”بەدبەختانە، یان خۆشبەختانە” لە ئێستادا گومانەکە نەگەشتووەتە ئاستی دڵنیایی

٢٦ی تەمووز

دوێنێ شەو برێخت وتی: ئێستا ئیتر هیچ گومانی تێدا نییە کە ململانێ لە دژی ئایدۆلۆژیا، خۆی بۆتە ئایدۆلۆژیایەکی نوێ.

٢٩ی تەمموز

برێخت هەندێک لەو دەقە دیالەکتیکیانەیم بۆ دەخوێنێتەوە کە وەک بەشێک لە ناکۆکییەکانی لەگەڵ لۆکاچ نووسیویەتی، کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەی وتارێکیش کە لە Das Wort بڵاو دەبێتەوە. سەبارەت بە بڵاوکردنەوەیشی ڕاوێژی بە من کرد. هاوکات وتیشی پێگەی لۆکاچ –لەوێ- زۆر بەهێزە، منیش وتم ناتوانم هیچ ئامۆژگارییەکت بکەم. وتم: پرسیارەکان هی دەسەڵاتی پەیوەندیدارن. دەبێت بۆچوونی کەسێک لەوێ وەربگریت. لەوێ هاوڕێت هەیە، وانییە؟. برێخت وتی: لە ڕاستیدا نەخێر، هیچ هاوڕێیەکم نییە، دانیشتوانی مۆسکۆ خۆیشیان هیچ هاوڕێیەکیان نییە؛ ئەوان وەک مردوو وان.

٣ی ئاب

ئێوارەی بیستونۆی تەمموز، کاتێک کە لە باخچەکە بووین، کەوتینە سەر باسی ئەوەی ئاخۆ پێویستە بەشێک لە بڵاوکراوەی Children’s Songs بخەینە سەر گۆڤارە شیعرییە تازەکە. من لەگەڵ ئەوەدا نەبووم، چونکە پێم وایە لێکدژیی نێوان شیعرە سیاسییەکان و شیعرە تایبەتەکان ئەزموونی تاراوگەیان تەواو سادە کردۆتەوە، ئەم لێکدژییەش بە زیادکردنی زنجیرەیەکی جیاواز کەم دەبێتەوە. بەمەش ڕەنگە ئاماژە بەوە بدەم کە دووبارە پێشنیارکردنەوەی ئەم پرسە پێچەوانەیە لەگەڵ لایەنی زیانبەخشی کەسایەتی برێختدا، کە بە نزیکەیی هەموو شتێک بەر لە بەدیهێنانی دەخاتە خانەی مەترسییەوە. برێخت وتی: دەزانم، دواتر دەربارەم دەڵێن هەڵەشە بووە. ئەگەر مێژووی ئێستامان ببێتە میراتی بۆ ئایندە، ئەوا تێگەیشتن لەم هەڵەشەییەی منیش وەک میراتی دەمێنێتەوە. ئەم سەردەمەی تێیدا دەژین هۆکاری هەڵەشەییم ڕوون دەکاتەوە. بەڵام ئەوەی بەڕاست دەمەوێت خەڵک لە بارەمەوە بیڵێت ئەوەیە بڵێن هەڵەشەیەکی میانڕەوانە بووە. برێخت وتی دۆزینەوەی میانڕەوی لە لایەن ئەوەوە، دەبێت لە بەرگی شیعردا ڕوون بێت، داننان بەوەی ژیان بە بێ هیتلەر بەردەوام دەبێت، چونکە هەمیشە منداڵ هەیە. بیری لە چامەی ”سەردەمی بێ مێژوو” دەکردەوە کە تێیدا ڕووی دەمی لە هونەرمەندان بوو. دوای چەند ڕۆژێک وتی پێی وایە ئەگەری هاتنی سەردەمێکی لەو شێوە زیاترە لە ئەگەری سەرکەوتن بەسەر فاشیزمدا. بەڵام بە حەماسەتێکەوە کە بە دەگمەن لەودا بیبینم، پاساوێکی دیکەی هێنایەوە بۆ زیادکردنی Children’s Songs بۆ ”چامەگەلێک لە تاراوگەوە” و وتی: لەم خەباتەماندا لە دژی فاشیزم، نابێت هیچ شتێک پشتگوێ بخەین. ئەوەی ئەوان پلانی بۆ دادەنێن هەر وا کەم نییە، بۆیە ئێمەش نابێت بکەوینە هەڵەوە. ئەوان پلان بۆ سی هەزار ساڵی داهاتوو دادەنێن. کاروباری گەورە و تاوانی بێشوماریان بەدەستەوەیە. هیچ شتێکیش بەریان پێ ناگرێت. ئامانجیان تێکدانی هەموو شتێکە. هەرچی خانەی زیندوو هەیە گورزی ئەوانی بەردەکەوێت. بۆیە دەبێت هەموو شتێک لە پێشچاو بگرین. ئەوان منداڵ لە سکی دایکیدا دەکوژن. دەبێت هەرچۆنێک بێت منداڵ بخەینە دەرەوەی ئەمە. کاتێک کە بەم شێوازە قسەی دەکرد، هەستم کرد هێزێک کاریگەریم لەسەر دادەنێت لە هێزی فاشیزم کەمتر نییە. مەبەستم ئەوەیە ئەو هێزەی لە قووڵایی مێژووەوە دەرپەڕیووە قووڵاییەکەی لە قووڵایی هێزی فاشیزم کەمتر نییە. هەستێکی زۆر نامۆ بوو، نوێش بوو بۆ من. پاشان بیرکردنەوەکانی برێخت بە ئاقارێکی دیکەدا چوون، کە وای کرد ئەم هەستەم لا زیاتر ببێت. ئەوان بەوپەڕی خوێنساردییەوە پلان بۆ کاولکاری دادەڕێژن. لەبەر ئەمەیە نەیان توانیووە لەگەڵ کڵێسەدا ڕێک بکەون، کە ئەویش خۆی هەزاران ساڵە خەریکی ئەو کارەیە. ئەوان کردیشمیان بە پڕۆلیتار، نەک تەنها ماڵەکەم و حەوزی ماسییەکەم و ئۆتۆمبێلەکەمیان لێ سەندم، شانۆکەم و جەماوەریشیان لێ بێبەش کردم. هەرچەند ئەمڕۆ من، لە ڕووی پڕەنسیپەوە، ناتوانم بڵێم بەهرەی شکسپیر لە بەهرەی من زیاتر بووە، بەڵام شکسپیر نەیتوانیوە بۆ ئەوە بنووسێت نووسینەکانی لە چەکمەجی کتێبخانەکەیدا بشارێتەوە، بەو ئەندازەی کە من دەیکەم. جگە لەوەش ئەو کەسیایەتییەکانی لە بەردەمیدا بوون، ئەو کەسانەی وێنای کردوون ڕاستەقینە بوون و لەسەر شەقامەکان بوون. تەنها شتێک کە کردوویەتی ئەوەیە بە وردی سەرنجی ڕەفتاریانی داوە و هەندێک سیفەتی هەڵبژاردووە؛ خەڵکی دیکە هەبوون، هەمان بایەخیان هەبووە، بەڵام ئەو شوێنی بۆ ئەوان نەهێشتووەتەوە.

“پێم وایە لێکدژیی نێوان شیعرە سیاسییەکان و شیعرە تایبەتەکان ئەزموونی تاراوگەیان تەواو سادە کردۆتەوە”

سەرەتاکانی ئاب

“ئەوەی لە ڕووسیا هەیە، دیکتاتۆریەتێکە بەسەر پڕۆلیتاریادا سەپێنراوە. نابێت خۆمان لەم دیکتاتۆریەتە جیا بکەینەوە، مادام هێشتا لە بەرژەوەندیی پڕۆلیتاریا کار دەکات؛ واتە مادام بەشدارە لە گەیشتن بە ڕێکەوتنێک لە نێوان پڕۆلیتاریا و جوتیاران، لەگەڵ داننان بە بەرژەوەندیی پڕۆلیتارەکان. دوای چەند ڕۆژێک برێخت قسەی لەسەر خاوەندارێتیی کرێکاران کرد، منیش ئەو سیستەمەم لەگەڵ هەندێک وەرزشی گرۆتسکیی ئەو سروشتەی لە قووڵایی دەریاوە وەرگیراوە، لە نموونەی ماسیی شاخدار و هەندێکی جانەوەری تر، بەراورد کرد.

٢٥ی ئاب

وتەیەکی برێختی مەکسیمی: لە شتە کۆن و باشەکانەوە دەست پێ مەکە، لە شتە تازە و خراپەکانەوە دەست پێ بکە.

سەرچاوە:
أحاديث مع بريشت، والتر بنجامين، ترجمة: شذى يوسف
اوکسجین، نصف شهرية ثقافية، العدد 182، 8 تشرين الثاني 2015


[1] Threepenny.
[2]  دان Baiting: ئەو پارچە خۆراکەیە کە لە نێو داو و تەڵەدا دادەنرێت. و.ک
[3] Schweyk.
[4] Epic theater.
[5] Verfremdungseffekt.
[6]  کارمەندی دەستڕۆیشتوو لە ناو حیزبی کۆمۆنیستیدا.

هاوبەشی بکە

Brecht, Walter Benjamin,