13/11/2018
DidiMn Logo
Top

په‌ڕاوی وه‌رگێڕان: وەرگێڕان وەك تیۆر و پراكتیسی مۆدێرنە

لە لایەن دیدی من 2 هەفتە پێش ئێستا

واڵتەر بنیامین

ئه‌م په‌ڕاوه‌ به‌شێكه‌ له‌ پانێڵی وەرگێڕان کردەیەک زیاتر لە گۆڕینی وشە،كه‌ ماڵپه‌ڕی كلتووریی دیدی من لە بەرواری 6/10/2018 لە بنکەی ژین لە شاری سلێمانی ڕێکی خست.

 

دەربارەى ئەركی وەرگێڕی واڵتەر بنیامین
پێشڕەو موحەممەد

 

لە 1923دا واڵتەر بنیامین تابلۆ پاریسییەكانی شارڵ بۆدلێر بە وەرگێڕانی خۆى بڵاو دەكاتەوە، وەك پێشەكییەك بۆ وەرگێڕانەكەى وتارێك بە ناوی ئەركی وەرگێڕ یان پەیامی وەرگێڕ دەنووسێت كە لە خوارەوە دەیخوێننەوە، ڕوونكردنەوەكان و تەفسیرەكانی ناو ئەم دەقە بەتەواوی لەگەڵ ئایدیا ڕەمزی و میستیكییەكانی ناو نووسینە سەرەتاییەكانیدا دەگونجێت، بەڵام دواتر هەوڵ دەدات بە لێكدانەوەی پرەنسیپەكانی ماتریالیزمی مێژوویی دەست بكات بە خوێندنەوەى مێژووی ئەدەبیات، هەروەها بنیامین ئایدیای وەرگێڕانی وەفادارانە وەردەگرێت كە لە ڕۆمانسیزمدا باس كرا و پەرەى پێ درابوو، بۆ نموونە كاتێك داوای نووسینەوەیانی دەقی ئۆرجیناڵییان دەكرد لە ڕێگەی تێچوونی نامۆیی لە زمانی مەبەستداردا، بەڵام بنیامین چەمكی وەفاداری (fidelity) بە شێوازێكی تەواو تایبەت بە خۆى بەكار دەهێنێت؛ وەفاداربوون نابێت بەرانبەر بە ناوەڕۆك بێت، واتا لەپێناوی دەربڕینی مانا، یان پەیوەندی نێوان بەرهەمە تاكەكان، بەڵكو وەفاداربوون دەبێت بەرانبەر بە فۆڕم بێت، بەڵام فۆڕم چ مانایەكی هەیە؟ ڕێگە بدەن ئەم بۆچوونە لە گەڕانەوەدا بۆ ئایدیاكانی بنیامین لەسەر ئەم چەمكە شیبكەینەوە.

لە سەرەتادا بنیامین دەستی كرد بە ڕادیكاڵیزەكردنی ئایدیای سەربەخۆیی هونەر كە لە لایەن ڕۆمانسیزمەوە ناسێنرابوو و پەرەی پێدرابوو، لە سەرەتادا بەم جۆرە موخاتەبەى خوێنەری وتارەكەی دەكات: ”شیعر بۆ مەبەستی خوێنەر نەنووسراوە، هیچ تابلۆیەك بۆ بینەر نەكێشراوە، هیچ سەمفۆنییەك بۆ گوێگر دانەهێنراوە.“ ئەى باشە وەرگێڕان بۆ چ كەسێك ئەنجام دەدرێت؟ ئێمە لە نووسینەكەی بنیامیندا هیچ وەڵامێكی ڕاشكاومان بۆ ئەم پرسیارە دەست ناكەوێت، بەڵام لانیكەم لە درێژەى دەقەكەدا دەتوانین هەندێك دەرئەنجام دەربهێنین. مادام هونەر بریتی نییە لە پەیوەندی و گەیاندن، بنیامین هەموو بێمەیلییەكی خۆی بەرانبەر پەیام، پەیامەكانی هونەر و پەیامی گەیاندن پیشان دەدات. ئەو پێیوایە ئەوە تەنها وەرگێڕە هەژارەكانن بیر لە چەمكی گەیاندنی پەیام دەكەنەوە، بۆ بنیامین قابیلیەتی وەرگێڕانی دەقی ئۆرجیناڵ (سەرەكی)، شتێكی یەكاڵاكەرەوەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەو بەرهەمانەى وەردەگێڕدرێن، ئەمە بە  مانای ئاستی دەستپێگەیشتن نایەت، بەڵكو بە مانای ناوبانگی بەرهەمێك ماناكەى دێت، كە ڕێگەی پێدەدات لە مێژوودا بژیی، بمێنێتەوە و شایستەى ئەوە بێت وەربگێڕدرێت.

بنیامین دەگەڕێتەوە بۆ فۆڕم، بۆ نموونە چەمكەكە پەیوەندیی دەقی ئۆرجیناڵ بە هەلومەرجی مێژووییەوە شی دەكاتەوە، هەڵوێست و پێگەى دەقی سەرەكی لە مێژوودا و بەتایبەت شیكردنەوە بۆ دەقی سەرەكی لە مێژووی زماندا دەكات، وەك بەشێكی مانەوەی بەرهەمێك، وەرگێڕان گۆڕانكاری لەناو زماندا ئاشكرا دەكات، بۆیە وەرگێڕان تەقلیدكردنەوەیەكی وەفادارانەى دەقی سەرەكی و ئۆرجیناڵ نییە، بەڵكو دەربڕینی گۆڕانكارییە لە زماندا، بەكردەكیكردنی (actualization) وشەكانی دەقی سەرەكییە. بۆ بنیامین، وەرگێڕان دەگەڕێتەوە سەر مەبەستی (intention) زمانەكان، كە ئەمەش ڕاستەوخۆ واتای زمانی پەتی دەبەخشێت. زمانە تاك و فەردییەكان لە خۆیاندا ناتەواون (واتا تەواونەكراون)، ئەوان ئەو شتە دەردەبڕن كە مەبەستیان بووە بە هەمان شێوە، بەڵام لە ڕێگە جیاوازەكانی بیركردنەوەوە. لە شوێنێكی دیكەدا بنیامین قسە لەسەر ئەم ڕوونكردنەوەى سیاقی بەهێزكردن و توندبوونەوەى ناوەڕۆكی سۆزداریی قسە دەكات، لەسەر دەلالەتە ناوەكییەكان و شارەكان، وەك نموونەیەك لەم دەقەدا وشەى نان لە هەردوو زمانی فەڕەنسی و ئەڵمانیدا دەهێنێتەوە، بە ئەڵمانی Brot و بە فەڕەنسی pain، كە هەمان مانا دەبەخشن، بەڵام بە شێوازی جۆراوجۆر، ئەوە تەنها هاڕمۆنیی گشتێتیی هەموو زمانەكانە، بەڵێنی كردنەوەى مانای ئەو شتە دەدات كە دەقەكان مەبەستیانە. ”… هەروەها ئەو شتەى هەوڵ دەدات خۆی لە دەقی وەرچەرخانی زمانەكاندا بنوێنێتەوە، یان لەڕاستیدا خۆى بەرهەم بهێنێت، بریتییە لە هەمان ناوكی زمانی پەتی، سەرەڕای ئەوەى ئەگەرچی ئەم ناوكە لە بواری ژیاندا وەك ئەو شتە لە ئارادایە كە خۆی بە ڕەمزی بووە، بەڵام بە شێوەیەكی شاراوە و پارچەپارچە، لە نێو دڵی بەرهەمهێنراوە زمانییەكاندا تەنها لە فۆڕمی توانای بەڕەمزیكردنی خۆیدا دەمێنێتەوە.“ لەگەڵ ئەوەشدا: ”لەم چاوپۆشیكردنەى شتەكان كە كۆتوبەند كرابوون، پلانەكە بۆ بونیادنانی تاوەرێكە و زمان لەگەڵیدا سەر هەڵدەدات.“ بەپەیڕەویكردن لە فەلسەفەى مێژوو (یان باشترە بڵێین تیۆلۆژی) كە ئیلهامی لە كاباڵا وەرگرتبوو، بنیامین پێیوایە ئەوە تەنها كۆتایی مسیانیكییانەى مێژووە، لەم مانایەدا دەبێتە هۆى گەڕانەوە بۆ زمانی پەتی، لەگەڵ ئەوەش كە باس كرا، وەرگێڕان ئیشی بە گەیاندنی پەیامی بەرهەمێكی هونەرییەوە تا وەرگێڕی ڕاستەقینە جەختى لەسەر بكاتەوە، ئەمەش واتا ماناكانی بەرهەمێك بە ڕەچاوكردنی ئەم پڕۆسە مێژووییانەى زمانەوانی، بنیامین پێیوایە وەرگێڕان دەق بەرز دەكاتەوە، وای لێ دەكات قسە بكات، بچێتە ئاستێكی دیكەوە؛ وا دەكات ناوكی زمانی پەتی لە هەموو دەقێكی قابیلی وەرگێڕاندا ئاشكرا بكرێت كە پێشتر شاردرابووەوە، ئەمەش حەقیقەتێكی ناگەیاندنە.

بۆیە بنیامین دەڵێت: ”ئەرك و پەیامی وەرگێڕ بریتییە لەوەى لە بوار و مەیدانی زمانی خۆیدا، ئەو زمانە پەتییە ئازاد و ڕەها بكات كە لە نێو زمانە بێگانەكاندا دوور خراوەتەوە و ئەسیر كراوە، زمانێكی زیندانیكراو لە بەرهەمێكدا لە كۆمەكی دووبارە خوڵقاندنەوەى ئەو بەرهەمە، ئازاد بكات. وەرگێڕ بە هۆى گەیشتن بە زمانی پەتی، بەربەستە خراپ و بەسەرچووەكانی زمانی خۆی تێك دەشكێنێت: لۆتەر، ڤۆس، هۆڵدەرلین و گیۆرگە سنوورەكانی زمانی ئەڵمانییان فراوان كردووە.“

بۆ پیادەكردنی وەرگێڕان، شتێك هەیە لە دەقەكەدا دەبێت لێی تێبگەین، بنیامین خۆی دەنووسێت: ”ئەگەر لەژێر ئەم ڕۆشناییەدا سەیری ئەرك و پەیامی وەرگێڕ بكەین، پێدەچێت ڕێگەكانی بەرەو بەدیهاتن و چارەسەركردنی ناڕوونتر و ناقابیلی دزەكردن بن، وەفاداری و ئازادی (Treue undFreiheit) لە وەرگێڕاندا بە شێوەیەكی نەریتی، وەك ڕەوتگەلێكی دژبەرخواز سەیر كراون. لە ڕواڵەتدا ئەم تەفسیرە قووڵترە، دەربارەى یەكێكیان ناكرێت هەردووكیان بەیەكەوە ئاشت بكاتەوە؛ لەڕاستیدا پێدەچێت سەرجەمی ماف و ڕەوایەتیی ئەویدیكەیان ڕەت بكاتەوە و ژێرپێی بخات.” بەڵام لانیكەمی ئاڕاستەى پراكتیكیی بنیامین دەكرێت لەم فۆڕمولەیەدا ببینینەوە: ”ڕێك بەو جۆرەى پارچەكانی گۆزەیەك بۆ لكاندنیان بە یەكترییەوە دەبێت لە بچووكترین پێكهێنەرەكانیاندا لەگەڵ یەك بگونجێن، ئەگەرچی پێویستیش ناكات تەواو وەك یەك بن، وەرگێڕانیش دەبێت بە شێوەیەكی عاشقانە و تا دواین وردەكاری، شێوازی دەلالەتی دەقی سەرەكیی ئاوێتەى زمانی خۆی بكات، تا بەم شێوەیە هەردووكیان (هەم وەرگێڕان و هەم دەقی سەرەكی) هاوشێوەى پارچە پێكهێنەرەكانی گۆزەیەكی تەواو وەك پارچەكانی زمانێكی گەورەتر بناسرێنەوە.“

ئەوەش جێگەی پرسیارە، ئایا ئەم تیۆرییە دەتوانێت بەشداری لە ڕوونكردنەوە و لێكدانەوەى وەرگێڕانەكانی داهاتوودا بكات، یان ئایا دیدگایەكی ئاوها پێشتر لە لایەن هیچ یەكێك لە نووسەرەكانی دەقە سەرەكییەكانەوە بیری لێ كراوەتەوە؟ یان جێگەی مەبەستیان بووە؟ لانیكەم ئەوە جێگەی تێڕامانە كە نووسینی پێشەكییەكەى بنیامین بۆ كتێبەكەى بودلێر هیچ گەڕانەوەیەكی بۆ بڕگە شیعرییەكانی ئەو تێدا نییە، واتا یەك نموونەى شیعریی بودلێر ناهێنێتەوە، تا زیاتر ڕوونكردنەوە لەسەر دیدگاكەى خۆی بدات، كە ئایا بۆچی ئەم پێشەكییەى نووسیوە بۆ كتێبێكی بودلێر كە خۆى وەریگێڕاوە؟

لەڕاستیدا وەرگێڕانی تابلۆ پاریسییەكانی بودلێر لە لایەن بنیامینەوە، لە مانا عورفییەكەیدا زیاتر وەرگێڕانێكی حەرفییە، بەگشتی فۆڕمی كێش و سەروا و دووەم هەروەك ڕێی تێدەچێت، بە مانا حەرفییەكەى وشەكە.

ئەگەرچی بنیامین بە پێچەوانەى ئەوەى بانگەشەى بۆ دەكات، لە وەرگێڕانی شیعری سەفەری بودلێر بۆ ئەڵمانی لە مانا لای نەداوە، چونكە شیعرەكەى بودلێر دەستوپەنجە لەگەڵ ”نامۆبوون و شكست، ئەزموونی گۆڕانی شار و پەیوەندیی بە دۆخی مێشك و ئەدەبیات و ئیگۆوە نەرم دەكات، شیعرەكە باسی ئەفسانە و نەریتی ئەدەبیات دەكات (ئەندرۆماخۆس، هۆمەر، ڤیرجیل و لە سەرووی هەموویانەوەڕاسین)، شیعرەكە دژوەستانەوەیەكە بەرانبەر بە شكستی شۆڕشی 1848 و چارەنووسە شكستخواردووەكەى شۆڕشەكە“، بەتایبەت یەكەم دێڕی وەرگێڕانی شیعرەكە، بەبێ هیچ لادانێك هەمان دەربڕینی بودلێرە، دواجار وەرگێڕان تیۆری و پراكسیسی مۆدێرنەیە، وەك شۆڕشێكی سیاسی، هونەری و ئەدەبی.

لە كۆتاییدا پرسیاری ئەوە دێتە پێشەوە ئایا ئایدیاكانی بنیامین لەمڕۆدا قابیلیەتی پیادەكردنیان هەیە؟ ئەگەر پیادە بكرێن دەبێت چۆنچۆنی پیادە بكرێن؟ بە بۆچوونی من بنیامین زیاتر ڕەهەندێكی سیاسی بە دیدگاكەى خۆى دەبەخشێت، كە یەكەم دەیەوێت پرۆسەى بەردەوامیی مێژوویی بوەستێنێت و هەلومەرجێكی ناسیاسی بەسیاسی بكاتەوە، من لە كتێبەكەمدا بە ناوی وەرگێڕان وەك ئەكتی سیاسیی: دەربارەى پەیامی وەرگێڕانی بنیامینی و سیاسەتی هاوچەرخ، كە چەند ساڵێك پێش ئێستا دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بڵاوی كردووەتەوە، بە وردی لەسەر ڕەهەندە سیاسییەكانی ئەم ئایدیایانە قسەم كردووە و خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئەم كتێبە.

 

 

سەرچاوەكانی ئەم نووسینە:

  1. واڵتەر بنیامین، ئەركی وەرگێڕ، وەرگێڕانی: پێشڕەو موحەممەد.
  2. پێشڕەو موحەممەد: وەرگێڕان وەك ئەكتی سیاسی: دەربارەى پەیامی وەرگێڕانی بنیامینی و سیاسەتی هاوچەرخ، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی، 2015.
  3. Wolfgang Klein, Was kann sich die Übersetzungswissenschaft von der Linguistik erwarten? Zeitschrift für Literaturwissenschaft und Linguistik 84, 104-123. (Vgl. II.23 oben).
  4. Andrew Benjamin, Walter Benjamin and Art, Continuum, London and New York, 2005.

 

Walter Benjamin, Wtari Kteb, په‌ڕاوی وه‌رگێڕان,