17/08/2018
DidiMn Logo
Top

ئەرشیف، شۆڕش و یادەوەری

لە لایەن دیدی من 2 مانگ پێش ئێستا

دیدی من
ساڤان ئاکۆ

 

ئەرشیف، واتە کۆکردنەوە؛ کۆکردنەوەی هەر بابەتێکی بایەخدار لە چوارچێوەیەکدا و پاراستنی بە درێژایی ماوەیەکی نادیار و ناکۆتا. ئەرشیف زاراوەیەکی گریکییە و لە ئەرشیۆن (Archion)ەوە هاتووە. لە ڕوانگەی مێژووییەوە ئەرشیف و کۆکردنەوە شتێکی دەگمەن یان تازە نییە، کۆکردنەوە ڕەگی لە غەریزەکانی مرۆڤی سەرەتاییدایە. ئەرشیف بەگشتی ئەو جێگەیەیە بەڵگەنامە و دەستاوێژی مێژوویی تێدا هەڵدەگیرێت و دەپارێزرێت. لە بنکەکانی ئەرشیفدا بەڵگەنامەکان و دەستاوێژی گرانبەها کۆ دەکرێنەوە و دەپارێزرێن، لەوانە: بەرگرییە بەناوبانگەکەی سوکرات کە بە دەستخەتی خۆی نووسیویەتیەوە.

ئەوروپا (بەتایبەتی پاش شۆڕشی فەڕەنسی ساڵی 1789 زایینی)، ڕابوونێکی گەورەی لە بواری دامەزراندنی خانەی ئەرشیف و گرنگیدان بە بەڵگەنامە و بڵاوبوونەوەی هۆشیاریی نەتەوایەتی و بایەخدان بە کەلەپووری نیشتیمانیی بە خۆیەوە دیوە. هەروەها ئینگلتەرا ساڵی 1838 زایینی یاسای ڕێکخستن و کۆکردنەوەی بەڵگەنامەی دەرکرد و خستیە ژێر سەرپەرشتیی قازییەک، بەردی بناغەی خانەی گشتیی بەڵگەنامە لە ساڵی 1851 لە لەندەن دانرال؛ لە ئێستادا لە سلێمانی بنکەی ئەرشیفی ژین هەیە کە لە ساڵی 2004ەوە دامەزراوە. ژین کە ناوی بنکەکەیە، لە ناوی ڕۆژنامەی ژین و ژیانی پیرەمێردی شاعیرەوە وەرگیراوە، کە گرنگییەکی تایبەت بە ئەرشیفکردن و دەوڵەمەندکردنی مێژووی کوردی دەدا. پیرەمێرد، لە یاداشتەکانیدا کە هەر زنجیرەیەکی لە هەریەکێک لە ڕۆژنامەکانیدا بڵاو کردووەتەوە، باس لە نەخوێندەواریی تاکەکان و بێباکییان بەرانبەر بە ڕۆژنامەکەی دەکات و لە شوێنێکدا دەڵێت: ”بۆ خوێندنەوەش نەبوایە، تەنها ژمارەکانیتان وەک کۆلێکسیۆن کۆ بکردایەتەوە، لەوسەرەوە ئیسفادەیەکیشی بۆتان دەبوو، بەڵام ئێوە تەنانەت بۆ کاغەزی پاقلەش ناتانەوێت و فلسی پێ نادەن“ لێرەدا پیرەمێرد بە جۆرێکی ڕاستەوخۆ درکی بە گرنگیی کۆکردنەوە و کۆلێکسیۆنەکان کردووە و هەوڵ دەدات خەڵکی لەوە تێبگەیەنێت ئەرشیفکراوەکان بۆ داهاتوو گرنگن و ئێوە ئەوەشتان بۆ گرنگ نییە، هەر هیچ نەبێت پارەیەکتان بۆ دەکات لە سبەینێدا.

ئەرشیفکردن و کۆکردنەوە وەک ڕەفیق ساڵح (بەڕێوبەری بنکەی ژین) دەڵێت، پێویستی بە کەسانی شارەزا و پسپۆڕی ئەو بوارە هەیە، کەسانێک بتوانن مامەڵەی تەندروست لەگەڵ کۆکراوەکاندا بکەن و بە پارێزراوی بیهێڵنەوە. کۆکردنەوە وەک پڕۆسە پێویستی بە کەسی کۆکەرەوە هەیە، کۆکەرەوەش کەسێکە دەگەڕێت، ئەوە نییە وەستابێت؛ هەروەها بە بڕوای بەڕێوبەری بنکەی ژینەوە ئەرشیفکردن، دروستکردنی یادەوەرییە بۆ نەتەوەیەک، هەمیشە ئەوە دەڵێتەوە کە نەتەوە بەبێ یادەوەری و مێژوو نەتەوەیەکی بێدەسەڵاتە، چونکە هەر ئەو مێژووەیە یارمەتیدەر دەبێت لە هەنگاونان بەرەو بونیادنان و بڕیاری نوێ و گۆڕینی دۆخی چەقبەستوو. ئەرشیف پیشانمان دەداتەوە کەسان و بیرمەندانی پێشوەختەمان چۆن بیریان کردووەتەوە و مامەڵەیان کردووە و بڕیاریان داوە. ڕاستەوخۆ و بێخەوش بەڵگەکان دەخاتە بەردەست و هەر ئەمەشە هاوکار دەبێت لە دەستخستن و ناساندنی ڕێبازەکانی پێشوو و گۆڕانکاریکردن تێیاندا بەرەو باشتر. لە سەرتاسەری کۆمەڵگەدا چەندین بوار هەن کە جیاوازن لە یەکتر، بەڵام گشتیان هاوکاری یەکترن لە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی شایستەدا لە ڕووی مەعریفەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەوە. ئەرشیفکردنیش یەکێکە لەو لقە سەرەکییانەی کە جێپەنجەی هەیە و هاندەرە بۆ دروستکردنی ئەو گۆڕانکارییانە.

بێئاتا فریدریزاک دەڵێت: کۆکردنەوە فاکتەرێکی دینامیک یان بزۆکی کەلتوورە، فاکتەرێکە لە لایەکەوە یارمەتیی کەلتوور دەدات کەلەپووری خۆی بپارێزێت و شوناسێکی کۆیی یان تاکەکەسیی دابڕێژێت کە خۆی دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ناوەکیی کەلتوور؛ هەروەها کۆکردنەوە کەوتنەفریای ئەو شتانەیە کە تەواوکەری ڕزگاری مرۆڤن. فریدریزاک لە لێکۆڵینەوەییەکەیدا نووسیویەتی: کەسی کۆکەرەوە لە پڕۆسەیەکدا کە بریتییە لە دوو قۆناغ، مانا وەردەگرێت: یەکەمیان، چرکەیەکی نەرێکار (negative)، ئەویش لە ڕووخاندن و تێکداندا خۆی دەبینێتەوە، واتە ئەو کاتە کە کۆکەرەوە ئەو دەقە دەڕوخێنێت کە ئەو شتەی مەبەستێتی جارێک تێیدا لەتێک بووە لە بوونێکی زیندووی گەورەتر و لە هەموو ئاسەوارێکی ئەو ڕەوتەی پێشوو دایدەماڵێت. قۆناغی دووەمی پڕۆسەکەش چرکەیەکی ئەرێکارە (Positive)، ئەویش بریتییە لە جۆرێک پێکهێنان، واتە دانانی ئەو شتە تازەیە لە دەقی دەستوور و ڕێکێتییەکی تازەی شتەکاندا و بونیادنانی داهاتوویەکی نوێ و جیاوازتر لەسەری.

واڵتەر بنیامین، فەیلەسوف و ڕەخنەگری ئەڵمانی، کۆکەرەوە بوو، ئەمەش بە ئاشکرا لە ژیاننامەکەیدا دەبینرێت. کۆکەرەوەی کتێب بوو و شەیدای کۆکردنەوەی تەمبر و کارت و پۆستاڵ و وتار و هەر چەشنە مینیاتۆر (نموونەی بچووک)ی واقیع بوو. بە لەبەرچاوگرتنی بیری بنیامین کەسایەتیی کۆکەرەوە چەندین ڕەهەندی هەیە و هەریەک لەم ڕەهەندانە دەبێت جیاواز سەیر بکرێن؛ جارێک وەک چالاکی و خاڵێکی سەودایی، واتە چالاکییەک کە دەبێت تێیدا کاری بیرەوەریمان وەک هەرێمی تایبەتیی تاکەکەسی و فەزای ڕزگاری بیر بێت، جارێکیش وەک بەشداریکردنێکی تازەگەرانە (داهێنەرانە) لە جیهاندا. بنیامین کاتێک دەڵێت: ”میتۆدی ڕاستەقینەی دروستکردنی شتە هاوچەرخەکان، وێناکردنیانە لە فەزای خۆماندا” دوابەدواشی ڕایدەگەیەنێت کە “ئەمە ئەو کارەیە کە کۆکەرەوە دەیکات.“ هەروەها چالاکی و بزوتنی کۆکەرەوە تین و توانێکی شۆڕشگێڕانەی تێدایە: ئەم تایبەتمەندییە شێوە و فۆڕمێکی یۆتۆپیایی وەردەگرێت کە وا دەکات پێویست بێت کۆکردنەوە وەک جۆرێک ئەزموون کە ئەگەری ڕوودانی هەیە، وەربگیرێت، ئەزموونێک کە هەڵگری هەندێک نیشانەیە لە ڕابردوو و بەدیکردنی خولێکی باشترە.

 

 

سەرچاوکان:

  • کتێبی نەرێکار، وتاری ئایدیای کۆکردنەوە وەک ڕێگەی پاشمۆدێرنی بەشداری لە کەلتووردا. نووسینی بێئاتا فریدریزاک، وەرگێڕانی هۆشیار وەیسی.
  • یاداشتەکانی پیرەمێرد، کۆکراوەی ژیان و بەرهەمەکانی لە لایەن ئومێد ئاشناوە، کە لە لایەن دەزگای ئەرشیفی کەشکۆڵەوە بەم زوانە بە وەرگێڕانی ئینگلیزی بڵاو دەکرێتەوە.
  • چەمکی مێژوو و پۆڵێنکردنی ئەرشیف، نووسینی ڕەفیق ساڵح.
  • واڵتەر بنیامین وتاری کردنەوەی کتێبخانەکەم.

Archive, piramerd, Walter Benjamin,