22/04/2024
DidiMn Logo
Top

چه‌سپی شێتانه‌

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

چه‌سپی شێتانه‌ 

ئێتگار كێرێت
له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: ژیوار جه‌وهه‌ر

گوتی،’ده‌ستی لێ مه‌ده‌،‘ منیش پرسیم، ’ئه‌وه‌ چییه‌؟‘
گوتی،’چه‌سپه‌. جۆره‌ چه‌سپێكی تایبه‌ته‌. باشترین جۆری چه‌سپه‌.‘
پرسیم، ’بۆچی كڕیوته‌؟‘
’چونكه‌ پێویستم پێیه‌تی،’ وای گوت.  ‘له‌م ماڵه‌دا زۆر شت هه‌ن كه‌ پێویستیان به‌ چه‌سپ هه‌یه‌.‘
بە تووڕەییەوە گوتم، ’لێره‌ هیچ شتێك پێویستی به‌ چه‌سپ نییه‌. خۆزگه‌ تێده‌گه‌یشتم بۆچی ئه‌م هه‌موو شته‌ ده‌كڕیت.‘
’له‌به‌ر هه‌مان هۆكار كه‌ شووم به‌ تۆ كرد،‘ وەڵامی دامەوە. ’بۆ تێپه‌ڕاندنی كات.‘
من نه‌مویست شه‌ڕ بكه‌م، هه‌ربۆیه‌ بێده‌نگ بووم، ئه‌ویش بێده‌نگ بوو. پرسیم، ’ئەی هیچ باشه‌، ئه‌م چه‌سپه‌؟‘ وێنه‌ی سه‌ر پاكه‌ته‌كه‌ی پێشان دام، كوڕێك بوو به‌ سه‌ره‌وژێریی به‌ بنمیچێكه‌وه‌ نووسابوو دوای ئەوەی کەسێک هەندێ چەسپی لە بنی پێڵاوەکانی هەڵسویوە.
گوتم، ’هیچ جۆره‌ چه‌سپێك به‌م شێوه‌یه‌ كه‌س چه‌سپ ناكات. ته‌نیا وێنه‌كه‌یان به‌ سه‌ره‌وژێریی گرتووه‌. کوڕەکە لەسەر ئەرزەکە وەستاوە. تەنیا گڵۆپێكیان له‌سه‌ر ئه‌رزه‌كه‌ داناوه‌ بۆ ئەوەی لە بنمیچ بچێت. هەر سەیری پەنجەرەکە بکەیت، ڕێک دەزانی. تەختەی پەردەکەیان بە پێچەوانەوە داناوە. ئەها سەیری کە.‘ ئاماژه‌م بۆ په‌نجه‌ره‌كه‌ كرد. سه‌یری نه‌كرد.
گوتم، ’سه‌عات هه‌شت بووه‌. ده‌بێت په‌له‌ بكه‌م.‘ دەستم دایە جانتاکەم و ماچێكی ڕوومه‌تیم كرد. ’دره‌نگ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌. سەرم—‘
’ده‌زانم،‘ بە تووڕەییەوە وای گوت. ‘کاتی سەرخوراندیشت نییە.’

  له ئۆفیسەوە‌ ته‌له‌فۆنم بۆ ئابی كرد.
گوتم، ’ئه‌مڕۆ ناتوانم بێم. ده‌بێت زوو بگه‌ڕێمه‌وه‌ ماڵێ.‘
ئابی پرسی، ’بۆچی؟ شتێك ڕووی داوه‌؟‘
’نا… مه‌به‌ستم، له‌وانه‌یه‌. پێم وابێ هه‌ستی به ‌شتێك كردووه‌.‘
بێده‌نگییه‌كی درێژخایه‌ن هاته‌ ئاراوه‌. ده‌متوانی گوێبیستی هه‌ناسه‌كانی ئابی بم.
’نازانم تۆ بۆچی لەگەڵ ئه‌ودا ده‌مێنیته‌وه‌،‘ چرپاندی. ‘هیچ شتێك پێكه‌وه‌ ناكه‌ن. ته‌نانه‌ت شه‌ڕیش. هه‌رگیز له‌وه‌ تێ ناگه‌م.‘ وچانێكی كورت و دواتر ئه‌مه‌ی دووباره‌ كرده‌وه‌، ’خۆزگه‌ تێ ده‌گه‌یشتم.’ ده‌گریا.
’ببووره‌. ببووره‌، ئابی. گوێ بگره‌، كه‌سێك هات،‘ درۆم كرد. ’ده‌بێت دای بخه‌مه‌وه‌. سبه‌ی دێم بۆ لات. به‌ڵێن بێ. ئه‌وكات باسی هه‌موو شتێك ده‌كه‌ین.‘

زوو گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵ. هه‌ر كه‌ پێم نایه‌ ژووره‌وه‌ گوتم ’سڵاو،‘ به‌ڵام هیچ وه‌ڵامێك نه‌بوو. هه‌موو ژووره‌كانی ماڵه‌كه‌ گه‌ڕام. له‌ هیچ كامێكیان نه‌بوو. له‌ سه‌ر مێزی مه‌تبه‌خه‌كه‌، لووله‌یه‌كی چه‌سپم دۆزییه‌وه‌، به‌ته‌واوه‌تی به‌تاڵ بوو. هه‌وڵم دا یه‌كێك له‌كورسییه‌كان بجووڵێنم، بۆ ئه‌وه‌ی دابنیشم. له‌شوێنی خۆی گینگڵی نه‌دا. دووباره‌ هه‌وڵم دایه‌وه‌. ته‌نانه‌ت ئینجێكیش. به‌ ئه‌رزه‌كه‌وه‌ چه‌سپی كردبوو. ده‌رگای سه‌لاجه‌كه‌ نه‌كرایه‌وه‌. چه‌سپی كردبوو. تێ نه‌گه‌یشتم چی ڕووی ده‌دا، چی شتێك وا ده‌كات كارێكی له‌م جۆره‌ ئه‌نجام بدات. ته‌نانه‌ت نه‌شم ده‌زانی لە کوێ بوو. چوومه‌ ژووری دانیشتنه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ته‌له‌فۆن بۆ دایكی بكه‌م. نەمتوانی ده‌سكی ته‌له‌فۆنه‌كه‌ به‌رز بكه‌مه‌وه‌؛ ئه‌ویشی چه‌سپ كردبوو. شه‌قێكم له‌مێزه‌كه‌دا و كه‌مێكی مابوو په‌نجه‌كانی پێم بشكێنم. ته‌نانه‌ت گینگڵیشی نه‌دا.

پاشان گوێم لێی بوو پێده‌كه‌نی. ده‌نگه‌كه‌ له‌ شوێنێكه‌وه‌ له‌ سه‌رووی منه‌وه‌ ده‌هات. سه‌رم به‌رزكرده‌وه‌، له‌وێ بوو، به‌ پێخاوسی له‌ سه‌ر بنمیچی ژووری دانیشتنه‌كه‌ وه‌ستابوو.
ده‌م داپچڕاو لێی ڕامام. دوای ماوه‌یه‌ك توانیم شتێ گۆ بكه‌م، ته‌نیا توانیم بپرسم، ’ئاسمانەکە ئه‌وه‌ چییه‌… ئه‌وه‌ تۆ شێت بوویت؟‘
وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌، ته‌نیا پێكه‌نی. پێكه‌نینه‌كه‌ی زۆر سروشتی بوو، كه‌ ئه‌وا به‌م شێوه‌یه‌ سه‌ره‌وژێر هه‌ڵواسرابوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی لێوه‌كانی به‌هۆی هیزی كێشكردنی زه‌وه‌ییه‌وه‌ لێك كشابن.
’بێخه‌م به‌، ده‌تهێنمه‌ خواره‌وه‌،‘ به‌ ده‌م گوتنی ئه‌مه‌وه‌ چوومه‌ لای كتێبخانه‌كه‌وه‌ و كتێبه‌ ئه‌ستووره‌كانم هێنان. تاوه‌رێكم له‌‌ به‌شه‌كانی ئینسایكلۆپیدیا دروست كرد و چوومه‌ سه‌ر لوتكه‌كه‌ی.
له‌كاتێكدا هه‌وڵم ده‌دا باڵانسی خۆم ڕابگرم، گوتم، ’له‌وانه‌یه‌ كه‌مێك ئازاری هه‌بێ.‘ ئه‌و له‌ پێكه‌نینه‌كه‌ی به‌رده‌وام بوو. هه‌تا توانیم ڕامکێشا، به‌ڵام بێسوود بوو. به‌وریاییه‌وه‌، هاتمه‌ خواره‌وه‌.
گوتم، ’بێخه‌م به‌. ده‌چم دراوسێكان بانگ ده‌كه‌م یان شتێكی له‌و بابه‌ته‌. ده‌چم له ‌ده‌رگای دراوسێكان ده‌ده‌م و داوای یارمه‌تییان لێ ده‌كه‌م.‘
’باشه‌،‘ دڵخۆش بوو. ’من بۆ هیچ شوێنێك ناڕۆم.‘
منیش دڵخۆش بووم. ئه‌و زۆر جوان بوو، هه‌روه‌ها زۆر نه‌گونجاویش، كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌ بنمیچه‌كه‌وه‌ هه‌ڵواسرابوو. به‌م قژه‌ درێژه‌یه‌وه‌ كه‌ بۆ خواره‌وه‌ شۆڕ بووبووه‌وه‌، مه‌مكه‌كانیشی كه‌ له‌ژێڕ تیشێرته‌ سپییه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌ر له‌ دوو دڵۆپه‌فرمێسك ده‌چوون. خراپ جوان بوو. به‌ كتێبه‌كاندا سه‌ركه‌وتمه‌وه ‌و ماچم كرد. هه‌ستم به ‌زمانی كرد له ‌سه‌ر زمانم. كتێبه‌كان له‌ژێر پێیه‌كانم په‌رشوبڵاو بوون، به‌ڵام من له ‌ناوه‌ڕاستی هه‌واكه‌دا مامه‌وه‌، ته‌نیا به‌ لێوه‌كانی ئه‌وه‌وه‌ هه‌ڵواسرابووم.

هاوبەشی بکە

DidiMnStory, Etgar Keret,