10/07/2026
DidiMn Logo
Top

چۆن بچینە ڕیزی شاعیران؟

لە لایەن دیدی من 1 حەفتە پێش ئێستا

دیدی من – ئیسماعیل سابیر

هەندێک سەرنج دەربارەی دونیای شاعیران
یەک:
ڕەنگە سەمەرەترین هەستی شاعیربوون بریتی بێت لە فڕین و بوون بە باڵندەی سەیر سەیری وەک قەقنەس، ئینجا نقومبوون لە دۆخی کەوتن و خۆڵەمێشی شکستدا. شاعیر کاتێک لە واقیع دووچاری بەربوونەوە و ڕەتکردنەوەی ناوەڕۆک دەبێ، پێچەوانەی هەر بوونەوەرێکی تر ئەو نائومێدبوونە چەشنی کەوتنی سێوەکەی نیوتن، توانای هێزی ڕاکێشان لەلای دروست دەکات. وەک ئەوەی ئەم هێزە گڕکانێک بێ لە ناخیدا دەست دەکەن بە تەقینەوەی هەست و دەربڕین. وشەکان ئاسوودەیی و خەوی لێ تاڵ دەکەن، وەک گژوگیای بەهارە یەک لەدوای یەک سەر دەردەهێنن و بەپەلە داوای چوونە سەر تێکستی لێ دەکەن.

دوو: ڕەنگە بەچێژترین هەستی شاعیربوون بریتی بێ لە ڕوانین و وەستان لەو دیوی پەنجەرە، وابزانم ئەمەیان من لە شیعرێکدا خوێندوومەتەوە یان گوتوومە کە ئەمە ئیشی لە مێژینەی شاعیرانە. لەبەرئەوەی دەتوانن لەودیو شووشەی پاس و جامخانەی ماڵ و کافێیەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لە درەخت و شەقام و تێپەڕینی ئۆتۆمبێل و مرۆڤەکان بڕوانن؛ وەک ئەوەی ئەمانە بێجگە لە کەرەستەی شیعریی بە هاوڕێ و دۆستی هەرە نزیکی شاعیر هەژمار بکرێن.

سێ: گرنگترین بڕگەی شاعیران بریتییە لە پیاسە، هەڵبەت مەرج نییە هەموو جارێک بارانی لەگەڵدا بێ. ئەگەرچی بارانبارین هەستێکی گشتگیری مرۆڤایەتی و شیعریییە، بەڵام لە هەندێک کاتدا ئەو بارانە ڕەنگە ببيتە لافاو و ڕێگری ژوان. ئەمەش شاعیران تووشی شەرمەزاری دەکات. بۆیە کەمنین ئەو شاعیرانەی سەرەڕای لەشگرانی و تەمبەڵیی، بە قاچ و تێڕامانەکانیان تەنانەت لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانەکاندا گوێیان لە دەنگی بارانیش نەبێ دەتوانن فەنتازیا بهێننە ئاراوە و پیاسە بەناو خەیاڵ و بووندا بکەن. زۆرجار خودی پیاسە، دەکرێ وەک سەرمایەکی ڕۆحی و شیعریەتێکی قووڵ، لەناو تێکست سەیری بکەین.

چوار: گەشتیارترین بوونەوەر شاعیرەکانن، چونکە هەمیشە بە چێژ و کەسەرێکی قووڵەوە باس لە شاخ و شەقام و شار و هەر کۆڵانێک دەکەن کە پێیدا تێپەڕیون. بایەخی هەر دیمەنێکی پەڕگیر و هێشتنەوەی هەر یادەوەرییەکی تەنانەت بچووک بە درەوشاوەیی، دەکرێ وەک هەستی شاعیربوون بە گرنگییەوە هەڵوەستەیان لەسەر بکەین.

پينج: گوێگرتن لە میوزیک و گۆرانی، نقوومبوونی ڕەنگ لەنێوان وشە و گوزارشتەکان یەکێکە لە خۆراکە تایبەتمەندەکان. دەکرێ ڕیتم و ئاوەز زۆر بە قووڵیی وەک نەشتەرێکی تیژ بەر دڵی هەندێک شاعیر بکەون و لە هەندێک دۆخدا، لە چەشنی جەنگاوەرێکی دۆڕاو، وەک ئەگەرێک لە ئەگەرەکانی خۆبەدەستەوەدانی هەست و دەنگ، بیانهێنێتە سەرچۆک.

شەش: چونکە شیعر نزیکە لە ژان، بۆیە زۆرترین بڕگەی لە ناڕەزاییی و یاخیبوونەوە سەرچاوە گرتووە. لەگەڵ بوونی بچووکترین نادادیی و نایەکسانیی ڕۆژگار یان دروستکردنی پەرژین و مەودای نەگەیشتنی خۆزگەکان، دەبێ ئەم ویستە شاعیرانی ڕاستەقینە وەک شۆڕشگێڕێک بێنێتە سەر خەت و پڕ بە ناوەکانیان بڵێ ئەزیەت نەبێ ئادەی کەمێک هاوار بکەن.

حەوت: پێچەوانەترین تایبەتمەندی شاعیران ئەوەیە تەماعکاری ژیان نین، بەڵام چێژی لێ دەبینن، چونکە لە زۆر حاڵەتدا حەزی خاوەنداریەتی لە خۆیاندا کپ دەکەنەوە. بۆیەش تەنیا بە ڕەخساندنی کەشێکی ئازاد بۆ لکاندنی وشە، بیرکردنەوەیەک لەلایان دروست دەکات تا بەدیار کوڵەمەرگیی خۆیانەوە دابنیشن و ڕەزامەند بن. تەنانەت بێ ڕادە شانازی بەو سەرمایە و کەرەستە گرانبەهایانە دەکەن کە نەبوونەتە خاوەنی!

هەشت: ستایشکردنی بێدەنگی و تەمبەڵی یان «هیچنەزانین» یەکێکە لە ئەگەرەکانی نزیکبوونەوە لە شاعیربوون. بەڵام هەموو کەسێک شەرت نییە ئەمەی لەلا گرنگ بێ. بۆیە پێناسەکردن و دانەپاڵی تۆمەتانێکی وەک بوونەوەری نامۆ و دەستوپێ سپی لە بۆنە کۆمەڵایەتیی و خێزانییەکاندا تەنانەت لەناو ئەندامانی خێزانیشدا وەک ئاماژەی گاڵتە و سەرگەرمی، دەکرێ خەڵکەکە وەک ڕووداوێکی گەورە یان ئاسارێکی مێژووی نەیبینن و باش نرخی نەزانن.

نۆ: ئەگەر ڕۆژێک بیرت لە بەخشین کردەوە، باشترین دیاری بیدەیتە هەر شاعیرێک، بریتییە لە هەندێک زەردەخەنە و مقەستێک؛ یەکەمیان بۆ بەرەڵاکردنی وشە و هەستە پەنهانەکان، عەنتیکە ئیشی خۆی دەکات. من ئەمەم چونکە بە چاوی خۆم زۆر جار دیوە.

دووەمیان بۆ بڕینەوەی لقوپۆپی گژوگیای باخ و چیمەنەکانی باخچە، کە ئەم ئۆفەرە لەمڕۆدا بەهۆی گرانیی و کەمی زەوییەوە لە شارەکاندا بە زەحمەت بەردەست دەبێت.

دە: تەمی سەر شاخ و هەوری چیاکان یان کەفی سەر کوپی قاوەی سەر مێزە بە گوڵداپۆشراو و بەڵەکۆنەکان، لە بنچینەدا کەشێکی ڕۆمانتیکین بۆ شیعرێکی ئەڤینداری دەست دەدەن. بەڵام لەبەر ئەوەی زۆر کەم درکیان پێ کراوە، مرۆڤەکان چونکە بێ ئۆقرەن، بۆیە تەنیا شاعیرەکان نرخیان دەزانن و چەندین کاتژمێر لەگەڵیاندا دەمێننەوە.

هاوبەشی بکە

Book, Poetry,