21/11/2024
DidiMn Logo
Top

چوارشه‌ممه‌ی خۆڵه‌مێش

لە لایەن دیدی من 5 ساڵ پێش ئێستا

تی ئێس ئیلیۆت | 1911

تی ئێس ئیلیۆت
له ئینگلیزیه‌وه: ماردین ئیبراهیم


I
چونکه ئومێده‌وار نیم جارێکی دی وه‌رسوڕێم
چونکه ئومێده‌وار نیم
چونک ئومێده‌وار نیم وه‌رسوڕێم
ئاره‌زووی دیاری فڵان پیاو و ئامانجی فیسار پیاو بکه‌م
من چیدی هه‌وڵ ناده‌م بۆ هه‌وڵدان به‌رامبه‌ر ئه‌و شتانه
(پیره‌هه‌ڵۆ بۆچی ده‌بێت باڵه‌کانی ئاوه‌ڵا بکات؟)
بۆ ده‌بێت من ماته‌مباری ده‌سه‌ڵاتی پایه‌ماڵکراوی سه‌رده‌می عاده‌تی بم؟
..
چونکه من ئومێده‌وار نیم جارێکی دی
شکۆی ئوفتاده‌ی ساتی ئه‌رێنی بزانم
چونکه من پێم وانییه
چونکه من ده‌زانم که ده‌سه‌ڵاتێکی ڕاگوزه‌ری حه‌قیقی ناناسم
چونکه ناتوانم فڕ بکه‌م، له‌وێ، که دره‌ختی گوڵه‌کانی لێیه و کانیاوه‌کان هه‌ڵده‌قوڵن، ئیدی شتێکی دی نابێت

چونکه ده‌زانم ئه‌و کاته هه‌میشه هه‌ر کاته
شوێنیش هه‌میشه هه‌ر ئه‌و شوێنه‌ و ته‌نیا شوێنه
وه ئه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه‌یه ته‌نیا بۆ یه‌ک جار ڕاسته‌قینه‌یه
وه هه‌ر بۆ یه‌ک شوێن
من ئاهه‌نگ بۆ شته‌کان ده‌گێڕم وه‌ک ئه‌وه‌ی که هه‌ن و
ده‌ستبه‌رداری سیمای ته‌به‌ڕوککراو ده‌بم
هه‌روه‌ها ده‌ستبه‌رداری ده‌نگیش ده‌بم
چونکه ناتوانم ئومێده‌وار بم جارێکی دی وه‌رسوڕێم
پاشان ئاهه‌نگ ده‌گێڕم بۆ ئه‌وه‌ی که شتێکم بنیاد ناوه ئاهه‌نگی بۆ بگێڕم
….
با دوعا بکه‌ین خوا ڕه‌حممان پێبکات
دوعای ئه‌وه‌ش که ڕه‌نگه من له یادیان بکه‌م
ئه‌و شتانه‌ی له‌گه‌ڵ خۆمدا زۆر زۆ تاوتوێیان ده‌که‌م
زۆر لێکیان ده‌ده‌مه‌وه

چونکه من ئیدی ئومێد ناخوازم جارێکی تر وه‌رسوڕێم

با ئه‌و وشانه وه‌ڵام بن
بۆ ئه‌وه‌ی که ڕوویداوه، جارێکی دی ڕوو نه‌داته‌وه
با حوکمه‌که زۆر قورس نه‌بێت له‌سه‌رمان

چونکه ئه‌و باڵانه چیدی باڵ نین بۆ فڕین
به‌ڵکو ته‌نیا په‌روانه‌ن به‌ر هه‌وا ده‌که‌ون
هه‌وایه‌ک که ئێستا زێده بچووک و وشکه
بچووکتر و وشکتره له وه‌سیه‌تێک
فێرمان ده‌کات بایه‌خ بده‌ین و نه‌ده‌ین
فێرمان ده‌کات له‌جێی خۆمان ڕۆنیشین

دوعا بۆ ئێمه‌ی گوناهبار بکه‌ن، ئێستا و کاتی مردنمان
دوعامان بۆ بکه‌ن ئێستا و کاتی مردنمان

II

خانمه‌که‌م، سێ به‌وری سپی له‌ژێر داری عه‌رعه‌ردا وه‌رکه‌وتن
له فێنکایی ڕۆژدا، دوای ئه‌وه‌ی هه‌تا تێربوون خواردیان
له قاچه‌کانم، له دڵم، له جگه‌رم و له‌و شته‌ش که له‌ناو خڕایی جومجومه‌م دابوو. خواش وتی
ئه‌و ئێسقانانه ده‌ژین؟ ئه‌و ئێسقانانه
ده‌ژین؟ وه ئه‌و شته‌ی له‌ناو ئێسقانه‌کانمدا بوو (که پێشتر وشک ببۆوه) به چرپه‌وه وتی:
له‌به‌ر چاکه‌ی ئه‌و خانمه، له‌به‌ر له‌به‌ردڵانیه‌که‌ی، وه چونکه
له ڕامانه‌کانیدا پاکیزه‌ ستایش ده‌کات،
ئێمه له‌ ڕه‌ونه‌قدا ده‌دره‌وشێینه‌وه. وه ئه‌وه‌تام لێره پارچه پارچه‌م
چاکه‌کانم به له‌بیرچوونه‌وه ده‌سپێرم، عه‌شقیشم
به زوڕیه‌تی بیابان و به‌ری کوله‌که.
چاک ده‌بێته
هه‌ناوم ڕیشاڵه‌کانی چاوم و ئه‌و به‌شانه‌ی که هه‌رس ناکرێن
له لایه‌ن به‌وره‌کانه‌وه وه‌لا ده‌نرێن. خانمه‌که به فستانێکی سپییه‌وه، خۆی خزاندۆته
ناو ڕامانه‌کانه‌وه، به فستانێکی سپییه‌وه.
با سپیایه‌تی ئێسقانه‌کان تۆبه‌ی بیرچوونه‌وه بکه‌ن.
زینده‌گیان تێدا نییه. وه‌ک ئه‌وه‌ی له یادکرابم
وه له یاد بکرێم، له یاد ده‌که‌م
به‌مه‌ش سه‌رنج ده‌ده‌مه مه‌به‌سته‌که‌م و خۆمی بۆ ته‌رخان ده‌که‌م. خواش وتی
پێشگۆیی با بکه‌ن، ته‌نیا با چونکه ته‌نیا
با ده‌ژنه‌وێت. ئێسقانه‌کانیش جریوه جریو گۆرانیان گوت
به قورسایی کوله‌یه‌ک ده‌ڵێن

ئه‌ی خانمی بێده‌نگییه‌کان
په‌شۆکاو و هێمن
پارچه‌پارچه و ته‌واو
ئه‌ی گوڵی یاده‌وه‌ری
ئه‌ی گوڵی فه‌رامۆشی
ئه‌ی ماندوو و ژیانبه‌خش
قه‌له‌قێکی دڵنیا
گوڵێکی ته‌نیا
ئێستا باخچه‌یه‌که
که عه‌شق تیایدا کۆتایی دێت
که ژانی عه‌شقێکی ناکام تیایدا ته‌واو ده‌بێت
ژانێکی گه‌وره‌تری عه‌شقێکی به ئاکام گه‌یشتوو
کۆتایی ناکۆتا
سه‌فه‌ر به‌ره‌و کۆتایی
کۆتایی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی
کۆتاییان نایات
قسه‌ی بێ وشه و
وشه‌ی بێ قسه
ستایش بۆ دایک
بۆ باخچه‌یه‌ک
که عه‌شق تیایدا کۆتایی دێت.

له‌ژێر دره‌ختی عه‌رعه‌ردا ئێسقانه‌کان گۆرانیان گوت، پارچه‌پارچه و دره‌وشاوه
ئێمه شادین که پارچه‌پارچه بین، ئێمه زۆرکه‌م چاکه‌مان به‌رامبه‌ر یه‌کتر کرد
له‌ژێر دره‌ختێکدا له فێنکایی ڕۆژدا، له‌گه‌ڵ به‌ره‌که‌تی لمدا
خۆیان و یه‌کدی له‌یاد ده‌که‌ن، ئاوێته‌بوو
له سکوونی بیاباندا. ئه‌مه ئه‌م خاکه‌یه که ئێمه
به قورعه دابه‌شی ده‌که‌ین. وه نه یه‌کبوون و نه پارچه‌پارچه بوون
ئیدی مه‌سه‌له‌یه‌ک نین. ئه‌مه خاکه‌که‌یه. ئێمه میراتی خۆمان هه‌یه.

III
له پێچی یه‌که‌می پله‌ی دووه‌مدا
وه‌رچه‌رخام و ژێر خۆم بینی
هه‌مان ئه‌دگار به‌سه‌ر محەجه‌ره‌که خۆی شۆڕکردبۆوه
له‌ژێر هه‌ڵم و له‌ناو هه‌وایه‌كی كه‌‌سکووندا
له ململانێدایه له‌گه‌ڵ شه‌یتانی پلیکانه‌که که
سیمایه‌کی گومڕاکه‌ری هیوا و ىێهیوایی پۆشیوه

له پێچی دووه‌می پلیکانه‌ی دووه‌مین
لێیان گه‌ڕام بچه‌مێنه‌وه و به‌ره‌و خوارێ خۆیان شۆڕ بکه‌نه‌وه؛
چیدی ئه‌دگاری دیکه‌ی لێ نه‌بوو و پلیکانه‌که تاریک بوو،
شێدار، دادڕاو، وه‌ک ده‌می پیاوێکی پیر لیکی لێبێت و
چا‌ک نه‌بێته‌وه،
یاخود وه‌کو دا‌نه که‌لوکۆمه‌کانی قرشێکی پیر.

له پێچی یه‌که‌می پلیکانه‌ی سێیه‌م
په‌نجه‌ره‌یه‌کی که‌لێندار هه‌بوو که وه‌کو هه‌نجیر ورگی دابوو
وه له پشت شکۆفه‌ی دڕک و دیمه‌نی له‌وه‌ڕگایه‌ک
فیگه‌رێکی پان سه‌وز و شین پۆش
به فلووتێکی دێرین زه‌مه‌نی گوڵانی ژه‌نی
پرچی په‌رێشان شیرینه، پرچی قاوه‌یی به‌سه‌ر ده‌مدا په‌رش‌وبڵاوه
لیلاک و پرچی قاوه‌یی؛
که‌یف‌وسه‌فا، سه‌دای فلووته‌که ده‌وه‌ستێت و هه‌نگاوه‌کانی عه‌قڵ به‌سه‌ر پلیکانه‌ی سێیه‌‌مدا
دیار نامێنێت، دیار نامێنێت؛ هێزی ئه‌ودیو هیوا و بێهیوایی
به پلیکانه‌ی سێیه‌مدا سه‌رده‌که‌وێت.

خوداوه‌ندا، من شایسته نیم
خوداوه‌ندا، من شایسته نیم
به‌ڵام ته‌نیا وشه‌كه بڵێ.

IV

ئه‌وه‌ی له نێوان وه‌نه‌وشه و وه‌نه‌وشه‌دا ڕێی کرد
ئه‌وه‌ی به نێوان چینه جیاوازه‌کانی سه‌وزیه جیاوازه‌کاندا ڕۆیشت
به جلی سپی و شینه‌وه، ڕه‌نگی مریه‌م
ده‌رباره‌ی شتگه‌لی ناپێویست ده‌دوێت
به جه‌هل و زانینی خه‌می ئه‌به‌دیه‌وه
ئه‌وه‌ی به‌نێوان ئه‌و که‌سانه‌دا ڕابرد که ڕابردبوون
ئه‌وه‌ی که ئیتر وایکرد فواره‌کان به‌هێز بن و کانیه‌کان بژیێنه‌وه

وایکرد به‌رده‌ وشکه‌کان سارد بن و لمه‌که تۆکمه بێت
به جلی شینی عایقیه‌وه، شینی ڕه‌نگی مریه‌م،
سۆفێگنافۆس

ئه‌مه ئه‌و ساڵانه‌ن که به نێواندا ده‌ڕوات،
له‌گه‌ڵ خۆیدا که‌مانچه و فلووته‌کان هه‌ڵده‌گرێت
له‌گه‌ڵ خۆیدا ژنێک ده‌گێڕێته‌وه که له کاتدا،
له نێوان خه‌و و بێداریدا ده‌جووڵێت،
ڕووناکیه‌کی سپی پێچراوه
..
..
ساڵه‌کان ده‌گێڕێته‌وه له ڕێگای هه‌ورێکی ڕوونی فرمێسکه‌کان،
سه‌روا کۆنه‌کان له شیعری تازه‌دا ده‌گێڕێته‌وه

قوربانی بۆ زه‌مه‌ن
قوربانی بۆ دیدی نه‌خوێنراوه‌ی خه‌ونه باڵاکه
له‌کاتێکدا یه‌کقۆچی به زێڕ و زه‌مبه‌له‌ک ڕازاوه
که‌ژاوه‌ی زێڕینی مردوان ڕاده‌کێشێت

خوشکی بێده‌نگ به سپی و شین خۆی داپۆشیوه
له‌نێوان دره‌ختی ته‌قسووس، له‌پشت خووای باخچه‌وه
که بێهه‌وایه فلووته‌که‌ی، سه‌ری دانه‌واندووه و ئاه
هه‌ڵده‌کێشێت به‌ڵام قسه‌یه‌ک ناکات
به‌ڵام فواره‌که ته‌قیه‌وه و باڵنده‌که گۆرانی چڕی
قوربانی بۆ زه‌مه‌ن، قوربانی بۆ خه‌ون
میرنشینی قسه‌ی نه‌بیستراو و نه‌وتراو

تاکو با هه‌زار چرپه له دره‌ختی ته‌قسووس ده‌ته‌کێنێت
ئینجا مه‌نفای ئێمه‌ی به‌دوودا دێت

V
ئه‌گه‌ر وشه‌ی ونبوو، ون بوو، قسه‌ی سه‌رفکراو سه‌رف کرا
ئه‌گه‌ر قسه‌ی نه‌بیستراو و نه‌وتراو
نه‌وترا و نه‌بیسترا
وشه‌ی نه‌وتراو و نه‌بیستراو
وه‌ک وشه‌ی بێ وشه ده‌مێننه‌وه،
وشه له جیهاندا و بۆ جیهان
وه ڕووناکایی له تاریکیدا دره‌وشایه‌وه
وه له‌به‌رامبه‌ر وشه‌دا جیهانی پڕ هه‌یه‌جان ده‌خولێته‌وه
به ده‌وری سێنته‌ری وشه‌ی بێده‌نگدا

ئاه ئه‌ی قه‌ومی من، چیم له‌ ئێوه کرد

له‌ کوێ وشه بدۆزرێته‌وه، له‌ کوێوه وشه ده‌گه‌ڕێته‌وه
لێره نا، بێده‌نگی کافی لێ نییه
له‌سه‌ر ڕووی ده‌ریا یاخود له دورگه‌کان نا،
له‌سه‌ر وشکایی نا، له بیابان یاخود خاکی
باراناوی نا،
بۆ ئه‌وانه‌ی له تاریکیدا ڕێ ده‌که‌ن
له ڕۆژدا بێت یان شه‌و
کاتی دروست و شوێنی دروست لێره نییه
شوێنی ناز و نیعمه‌ت بۆ ئه‌و که‌سانه‌ نییه که خۆیان له ‘سیما’ لاده‌ده‌ن
کاتی گوشاد نییه بۆ ئه‌وانه‌ی به‌ناو ژاوه‌ژاودا
ده‌ڕۆن و ئینکاری ده‌نگه‌که ده‌که‌ن

ئایا خوشکی په‌چه‌پۆش دوعا ده‌کات بۆ
ئه‌وانه‌ی به‌ناو تاریکیدا ده‌ڕۆن، ئه‌وەی تۆ هه‌ڵده‌بژێرێت و دژت ده‌وه‌ستێت،
ئه‌وانه‌ی له ته‌پڵی سه‌ره‌وه دابه‌ش بوون له نێوان وه‌رزێک و وه‌رزێکی تردا، نێوان کات و کاتدا، نێوان
کاتژمێر و کاتژمێردا، وشه و وشه‌دا، هێز و هێزدا، ئه‌وانه‌ی چاوه‌ڕێن
له تاریکیدا؟ ئایا خوشکی په‌چه‌پۆش دوعا ده‌کات
بۆ منداڵانی به‌رده‌م ده‌روازه‌که
ئه‌وانه‌ی ناڕۆن و ناتوانن دوعا بکه‌ن:
دوعا بکه‌ن بۆ ئه‌وانه‌ی هه‌ڵده‌بژێرن و دژ ده‌وه‌ستن

ئۆه قه‌وموقیله‌ی من، چیم له ئێوه کرد.

ئایا خوشکی په‌چه‌پۆشی نێوان دره‌خته زراڤه‌کانی
ته‌قسووس دوعا ده‌کات بۆ ئه‌وانه‌ی ئازاری ده‌ده‌ن
وه تۆقیون و ناتوانن ته‌سلیم بن
وه پێداده‌گرن له‌به‌رامبه‌ر دنیا و له نێوان تاوێره‌کاندا ئینکاری ده‌که‌ن
تاوێره‌کانی دوواهه‌مین سه‌حرا پێش دواهه‌مین باخچه‌ی بیابان له بیابانی
وشک و برنگدا، ده‌نکه سێوه کۆنه‌که تف ده‌که‌نه‌وه.

ئۆه قه‌وموقیله‌ی من.

VI

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من هیواخواز نیم جارێکی دی وه‌رسوڕێم
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من هیواخواز نیم
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من هیواخواز نیم وه‌رسوڕێم

له نێوان قازانج و زه‌ره‌ردا دێم و ده‌چم
له‌م ڕێگوزه‌ره کورته‌دا که خه‌ونه‌کان پێیایدا تێده‌په‌ڕن
ئێواره‌یه‌کی خه‌ونگرتوو له نێوان له‌دایکبوون و مردن
(موباره‌کم بکه باوکه) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که من حه‌ز ناکه‌م دڵم بۆ ئه‌و شتانه بچێت
له په‌نجه‌ره‌ی کراوه به‌ڕووی که‌ناری به‌ردیندا
هێشتا چارۆگه سپییه‌کان ڕووه‌و ده‌ریا ده‌ڕۆن
ڕووه‌و ده‌ریا ده‌ڕۆن به‌ باڵی نه‌شکاوه‌وه
وه دڵی ونبوو ڕه‌ق ده‌بێت و گوشاد ده‌بێت
له ئه‌رخه‌وانی ونبوو و ده‌نگی ونبووی ده‌ریا
وه ڕۆحی لاواز به پرتاو ڕاده‌په‌ڕێت
چون تووڵی چه‌ماوه‌ی زێڕین و بۆنی ونبووی ده‌ریا
ڕاده‌سێن بۆ ده‌ستخستنه‌وه‌ی
گریانی قه‌تێ و سووڕانه‌وه‌ی زیقاوڵه
وه چاوانی کوێر ده‌یخولقێنێت
دیمه‌نگه‌لی خاڵی له نێوان ده‌روازه‌گه‌لی عاجی
وه بۆن تامی نمه‌کینی زه‌وی لماوی نوێ ده‌کاته‌وه ئه‌مه کاتی گرژی نێوان
مردن و ژیانه شوێنی دووره‌په‌رێزیه ئه‌و شوێنه‌ی سێ خه‌ون له نێوان تاوێرگه‌لی شیندا تێده‌په‌ڕن به‌ڵام
کاتێک ئه‌و ده‌نگانه‌ی له دره‌خت ته‌قسووسه‌وه ده‌که‌ونه خوارێ، ده‌له‌رزن
لێ گه‌ڕێ دره‌خته‌ ته‌قسووسه‌کانی دی بله‌رزن و وه‌ڵام بده‌نه‌وه

ئه‌ی خوشکی موباره‌ککراو، دایکی پیرۆز، ئه‌ی ڕۆحی ڕه‌وان، ڕۆحی باخچه،
مه‌هێڵه خۆمان به زه‌یف و درۆ داپۆشین
فێرمان بکه به ڕه‌حم بین، فێرمان بکه ئه‌رخه‌یان بین
فێرمان بکه به هێمنی دابنیشین
ته‌نانه‌ت له‌ناو ئه‌و تاوێرانه‌شدا،
ئاشتیی ئێمه له ئیراده‌ی ئه‌ودایه
وه ته‌نانه‌ت له‌ناو ئه‌و تاوێرانه‌شدا
خوشکێ، دایه
وە ڕۆحی ڕووباره‌که، ڕۆحی ده‌ریاکه،
مه‌هێڵه داببڕێم

وه ڕێگه بده گریان و فوغانم بۆ لات بێت

هاوبەشی بکە

DidiMnPoetry, T. S. Eliot,