04/12/2025
DidiMn Logo
Top

لە دارستاندا ڕاوەستاوم؛ ئەمەوێ نەپچڕێم، نەڕژێم و کۆبکرێمەوە

لە لایەن دیدی من 3 مانگ پێش ئێستا

دەریا سەڵاح

دیدی من – دەریا سەلاح

ئەزانم مردویت، چیتر لێرە نیت، تۆ ئەزانیت من چەن دڵڕەق و بێباکم، زۆر سەردانی زیندوەکان ناکەم چ جای مردووەکان، بیرم نایەت ڕۆشتبێتم بۆ گۆڕستان، بۆلای مردوەکان، بۆلای ئەو گڵە وشک و تاک و تەرا درەختانەی پەنا گۆڕەکان کە دۆستەکانیان بۆ دڵدانەوەو فێنک کردنەوەی ئەو ژانەی بەربووەتە هەناویان، بۆ کەمکردنەوەی ئەو ئازارە کەڵەکەکردووە چین چینەی لەسەر ڕۆحیان قەتماغەی بەستووە چاندویانەوە.

دڵم نایەت سەرێکت لێبەم، دەست لە ئەو خۆڵ و وردە زیخ و پوش پەڵاشەی نیشتوەتە سەر جەستەت بدەم، ئەزانم لەوێ نەماویت، ڕۆشتوویت، شیبویتەتەوە، تێکەڵ بە زەوی بوویت. زەوی وەکو من بێ ڕەحم و سارد نیە، نا ، ئەو ئەتگرێتە خۆی، لە ئامێزت ئەگرێت و بەجێت ناهێڵێت.

شەوە، درەنگە، ئەوەندە تاریکە هیچ شتێک ڕەنگی خۆی نیە، هەموو شتێک ڕەش ئەنوێنێت، هیچ شتێک ناناسمەوە، مەگەر دەست بەسەر درەخت و دیوار و پەرژینەکەدا بهێنم و هەستی پێ بکەم، کە چی لە دەوروبەرمن، تەنها گوێم لە دەنگە، دەنگی جۆراوجۆر، دەنگی شەو، دەنگی هاژەو هوژەی دارستانەکە، ئەزانم جوڵەی لقی درەختەکانە، خشەی گەڵا دێت، گەڵاکان هەڵئەپەڕن، دەنگ و خوڕەی ئاوی ڕوبارەکە، جریوەی چۆلەکە، غمە غمی کۆتر، قاڕە قاڕی قەلەڕەش، دەنگی پێکەنینی دور، خشە و تەقەی پێی ڕێبواران، ناڵەی نەناسێک، کە تاریکی شەو ڕێگەم نایا بیبینم، دەنگی ترپەی دڵی خۆم کە لێرە نەبوونی تۆی بیردێتەوە.

ئۆتۆمبێلێک تێپەڕی و هەموو ئەوەی نەئەبینرا بەهۆی ڕووناکی گڵۆپی ئۆتۆمبیلێکەوە بەدیارکەوتن، دیسان تاریک بوویەوە، دەرگایەکی ئاسنینی بچوک لە پێشمەوەیە، بە هێواشی دەستم بۆ برد و کرایەوە، وامزانی باخچەیە بەڵام گۆڕستان بوو، مردوی زۆری لێ بوو. ئەڵێن بەدرەنگانی شەو نابێت بڕۆی بۆلای مردوەکان بەڵام من کوا هەرگیز گوێم بە ئەڵێن یاوە، گۆڕ بە گۆڕ ئەگەڕام و ڕوناکیەکی زۆر کز لەو سەرەوە ڕووەو گۆڕەکان بوو، چەپکە گوڵی ڕەنگاو ڕەنگ و سەوزایی و درەختی زۆر لە پەنا گۆڕەکانن، بەڵام تۆ لێرە نیت، تۆ لەم گۆڕستان و لەم شارەش نیت. زۆر جار هاتووم بۆ شارەکەت بەلای ئەو گۆڕستانەی تۆی لێیت ڕۆشتووم و ئاوڕم نەیاوەتەوە، تێئەپەڕم و ئاوڕ نایەمەوە تۆش بەلای خەیاڵمدا بڕۆ و تێپەڕە و ئاوڕ مەیەرەوە.

نامەوێت ئاوڕ بەیتەوە، ئەزانم گەر بێم بۆلات خۆم لەدەست ئەدەم، خۆمم بۆ ناناسرێتەوە، ئەمەوێت کاتێک بێم بۆلات بتوانم ئەو قیژە ترسناکەی ئەو ئێوارەیە، ئەو پیاسانەی پێکەوە ئەمانکرد، گەرمی دەستت، هەواڵپرسینە بەردەوامەکانت، گڕی دەنگت، ڕووناکی چاوت، دەنگی ئەو تەقەیەی بە پەنجەکانت ئەتکێشا بە دەرگاکەدا، بۆنی جگەرەکەت، یادگاریەکانت، خۆم لەگەڵ تۆ، هەموو شتێکم بیربچێتەوە، وێنەمان هەیە پێکەوە بەڵام بۆچی ڤیدیۆمان نیە، خۆ ئێمە زۆر پێکەوە بووین، دەنگتم بیرچووەتەوە، دەنگتم بۆ وێنا ناکرێتەوە، ناوی خۆم بە دەنگی تۆ. دەنگت ڕۆشت، هەر دەنگت نا بەڵکو تۆ لە من ڕۆشتی.

جارێکیان چاوت لە چاوم زۆر نزیک کردەوە و وتت ئەمەوێت سەرکەوتنەکانت ببینم، زۆر سەرکەوتم و هیچت نەبینی، ئەوکات من بیرم لای ئەو دێڕەت نەبوو، لە چاوەکانتم ئەڕوانی، چاوت سەوز بوو، ئەوەندە چاوت نزیک بوو هەستم کرد لە دارستاندا ڕاوەستاوم، چاوت زۆر نزیک کردەوە ، چاوت لە چاوما ڕوا. هەندێک جار پێم ئەڵێن شتێک لە چاوتایە، شتێکی نەوتراو، چاوت ئەیەوێت شتێک بڵێت، لە ڕاستیدا تۆ لە چاومدایت، چاوم ئەیەوێت تۆ بڵێت. بەڵام ئەمەوێت چیتر چاوم تۆ نەڵێت.

گەر چیتر بێڕەحم و سارد و بێباک نەبم دێم، دێم بەڵام بۆلای تۆ نایەم ، بۆ ئەوە دێم خۆمم لەگەڵ تۆ بیرچێتەوە، ئەمەوێ کاتێک بێم چیتر ئەم گۆرانییە نەڵێمەوە (تاماوم مەیلت ئازیم دەرناکەم لە دڵ، مەگەر ئەو ڕۆژەی ئازیز بمنێنە ژێر گڵ). ئەمەوێ لەبری ئەوە ئەم گۆرانیە بڵێمەوە (با بچێ، با بچێ، با بە شنەی باوە بچێ، لێگەڕێن تا پەڕوباڵی هەمووی نەڕژاوە بچێ) ئەمەوێیت بڕۆیت، پێش ئەوەی وەک ڕستەی ملوانکەیەکی چنراو بپچڕێت و دەنکە هەڵڕژاوەکانی کە لە زەوییەکەدا پەرش و بڵاو ئەبێتەوە بپچڕێم و بڕژێم و کۆنەکرێمەوە، ئەمەوێ نەپچڕێم، نەڕژێم و کۆبکرێمەوە. لەو گۆڕستانە هاتمە دەرەوە کە تۆی لێ نەبوویت، بە ئەسپایی دەرگاکەم کڵۆم کرد و بە ناو دڵی تاریکی شەو و شاردا بەرەو ماڵەوە بەڕێکەوتم.

شەوێکی مانگی مای ساڵی ٢٠٢٣

هاوبەشی بکە

DidiMnStory,