29/03/2024
DidiMn Logo
Top

دەرەوە

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

نووسەری ئیسرائیلی ئێتگار کێرێت

ئێتگار کێرێت
لە ئینگلیزییەوە: ژیوار جەوهەر

سێ ڕۆژ دوای ئەوەی قەدەغەی هاتوچۆ هەڵگیرا، دیار بوو هیچ کەسێک پلانی چوونەدەرەوەی لە ماڵ نەبوو. لەبەر چەند هۆکارێک، خەڵکی حەزیان دەکرد لە ژوورەوە بمێننەوە، بە تەنیا، یان لەگەڵ خێزانەکانیان، ڕەنگە پێیان خۆش بووبێت لە هەموو کەسێکی دیکە دوور بن. دوای ئەم هەموو کاتە مانەوە لە ماڵەوە، هەموان ڕاهاتبوون: نەچن بۆ ئیش، نەچن بۆ بازاڕ، هاوڕێکانیان بۆ قاوەخواردنەوە نەبینن، باوەشێکی چاوەڕواننەکراو و نەویستراوی کەسێک وەرنەگرن کە لە خولی یۆگادا لەگەڵیان بووە.

بۆ ڕاهاتن لەگەڵ دۆخەکە، حکومەت بواری چەند ڕۆژێکی دیکەی دا، بەڵام دواتر کە ڕوون بووەوە شتەکان بە ئاڕاستەی گۆڕانکاریدا نەدەڕۆیشتن، هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نەبوو. هێزەکانی پۆلیس و سوپا کەوتنە دەرگالێدان و فەرمانیان بەسەر خەڵکیدا دەکرد بێنە دەرەوە.

دوای سەدوبیست ڕۆژ لە تەنیایی، ئاسان نییە دەقاودەق بیرت بێت بۆ بەڕێکردنی ژیان خەریکی چی بوویت. ئەوەش نییە بڵێی هەوڵت نەدابێت. بە دڵنیاییەوە ڕۆژەکانت پێک دەهاتن لە چەند کەسێکی تووڕە کە کێشەیان لەگەڵ دەسەڵاتدا هەبوو. ڕەنگە خوێندنگەیەک؟ یان زیندانێک؟ یادەوەرییەکی لێڵ و ناڕوونت هەیە دەربارەی منداڵێکی سیس و باریک کە تازە سمێڵی گووگرە بووبوو، بەردی تێدەگرتی. توێژەری کۆمەڵایەتی بوویت؟

لەسەر شەقامی بەردەم باڵەخانەکە دەوەستیت و ئەو سەربازانەی هێنایانیتە دەرەوە، بە ئاماژە پێت دەڵێن بکەویتە جووڵە. تۆش دەکەویتە جووڵە. بەڵام دڵنیا نییت بەرەو کوێ. سەیری مۆبایلەکەت دەکەیت و بە دوای شتێکدا دەگەڕێیت کە لە تێگەیشتنی دۆخەکە یارمەتیت بدات. چاوپێکەوتنەکانی پێشوو، پەیوەندییە وەڵامنەدراوەکان، ناونیشانەکانی نێو تیانووسی مۆبایلەکەت. خەڵکی لەسەر شەقام بە شپرزەیی و پەلەپڕوزێوە بە تەنیشتتدا تێدەپەڕن، هەندێکیان هەر بە ترسولەرز کەوتوون. ئەوانیش بیریان نایەت بەرەو کوێ بڕۆن، ئەگەر لەبیریشیان بێت، چیتر نازانن چۆن بڕۆنە ئەوێ و دەبێت لە ڕێگا چی بکەن.

بۆ جگەرەیەک خەریکە سوێت دەبێتەوە و پاکەتەکەی خۆشت لە ماڵەوە لێ بەجێ ماوە. کاتێک سەربازەکان بەژوور کەوتن و بەسەرتدا هاواریان کرد بڕۆیتە دەرەوە، هیچ کاتی ئەوەت نەبوو کلیل و جزدانەکەت هەڵبگریت، تەنانەت چاویلکەکەشت بیر چوو. دەتوانی هەوڵی چوونەژوورەوە بدەیت، بەڵام سەربازەکان هێشتا لەو ناوەن، بێپسانەوە دەرگای ماڵی دراوسێکانت دەکوتن. هەر بۆیە دەچیتە دووکانی سەرسووچەکە و سەیر دەکەیت تەنیا پێنج شێکڵت پێیە. کوڕە درێژەکەی سەر کاشێرەکە، کە بۆنی ئارەقەی لێ دێ، دەست بەسەر ئەو پاکەتە جگەرەیەدا دەگرێت کە کەمێک پێشتر داتە دەستی: ”لێرە بۆتی هەڵدەگرم.“ کاتێک پرسیاری لێ دەکەیت ئەگەر بتوانی بە کرێدت کارد پارەکە بدەیت، زەردەیەک دەکات وەک بڵێی نوکتەت بۆ کردبێت. کە پاکەتەکەی لێ وەرگرتی، دەستت بەر دەستی کەوت، تووکن بوو، وەک جرجێک. سەدوبیست ڕۆژ بەسەر ئەو کاتەدا تێپەڕیوە کە دوایین کەس لەمسی کردوویت.

دڵت پەلەپەل دەکات، هەناسەت توند دەبێت و دڵنیا نییت بتوانیت بەرگە بگریت. لە نزیک ئەی‌تی‌ئێمەکە پیاوێک کە جلوبەرگێکی شڕی لە بەردایە، دانیشتووە، پەرداخێکی ئاسنیشی لە تەنیشتەوەیە. بە خێرایی بە بەردەمیدا دەڕۆیت، کاتێک بە دەنگێکی لەرزۆکەوە پێت دەڵێت دوو ڕۆژە هیچی نەخواردووە، تۆش سەیری لایەکەی تر دەکەیت، لێزانانە نیگات دوور دەخەیتەوە. پێویست ناکات بترسیت. وەک لێخوڕینی پایسکیل وایە: جەستە هەموو شتێکی بیر دەکەوێتەوە، ئەو دڵەش کە لە کاتی تەنیابوونتدا نەرم بووە، بە زوویی ڕەق دەبێتەوە.

سەرچاوە: ماڵپەڕی نیویۆرک تایمز – 7\7\2020

کورتەفیلمی ’دەرەوە‘
(لە دەرهێنانی ئێتگار کێرێت و ئینبال پینتۆ) | ژێرنووسی کوردی

هاوبەشی بکە

DidiMnStory, Etgar, Etgar Keret,