26/04/2024
DidiMn Logo
Top

دەرگای شەو و پێڵاوەكەی فردریكۆ فیللینی

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

به‌رگی ڕۆمانی «ده‌رگای شه‌و»ی وەحید ئەلتەویلە

شوان ئەحمەد

 

میسر یەكێكە لەو وڵاتانەی هەرگیز حیكایەتخوانی لێ نابڕێت. نەجیب مەحفوز بڕوات عەلا ئەسوانی دێت، ئەسوانییش بێدەنگ بێت، گوێ‌بیستی وەحید ئەلتەویلە دەبین،

بەڵام زۆر جار ئەو قەڵەمە جدییانەی بە بێدەنگی لە پەراوێزدا كار دەكەن، میدیا و ڕەخنەگران وەك پێویست بەسەریان ناكەنەوە، درەنگ دەناسرێن و خوێنەران بە ئاسانی بە تێكستەكانیان ئاشنا نابن.

وەحید ئەلتەویلە ڕۆماننووسێكی بەهرەمەندی وڵاتی میسرە و لەدایكبووی ساڵی 1960ە. یەكێكە لەوانەی بە شێنەیی كار دەكەن و بە ستایلێكی تایبەت دەنووسن.

ئەزموونی نووسینی ئەم پیاوە هەمووی بیست ساڵێكە، بەڵام لەو ماوەیەدا كۆمەڵێك بەرهەمی جوان و تایبەتی نووسیوە: ”دوو كۆمەڵە چیرۆك و چوار ڕۆمان“.

كۆمەڵە چیرۆكەكانی بریتین لە: خلف النهایة بقلیل – 1997، كما یلیق برجل قسیر – 2000. لەگەڵ چوار ڕۆماندا ألعاب الهوی، أحمر خفیف، باب اللیل، خذاء فیللینی.

دوابەرهەمی ”دەرگای شەو و پێڵاوەكەی فیللینییە، كە هەردووكیان دوو ڕۆمانی سەرومڕ سیاسین. یەكەمیان بە زەقوزۆپی و ڕاستەوخۆیی قسە لە سیاسەت و پرسی فەڵەستین و فەڵەستینییەكانی ناو تونس دەكات، دوای گواستنەوەی ڕێكخراوی فەتح و دەستەودایرەكەی عەرەفات لە بەیروتەوە بۆ تونس.

بەڵام لە پێڵاوەكەی فیللینیدا کە چواردە دیمەنە و دەربارەی سیستمە سەرکوتکەرەکانە، پێچكردنەوەیەك هەیە و سیاسەت بەو زەقوزۆپی و ڕاستەوخۆییەوە نایەتە ناو ڕۆمانەكەوە. ئەلتەویلە وەك مورید و عاشقێكی شاعیر و نووسەر و فیلمسازی ئیتاڵی فردریكۆ فیللینی دەیەوێت بە سوودوەرگرتن لە فیلمەكانی ئەو داهێنەرە مەزنە ڕاستەوخۆ دەربارەی سیاسەت قسە نەكات، بەڵكو هەوڵ بدات وەك شاكارە سینەماییەكانی ئەو، گوتاری سیاسی بە دنیای خەون و ئەندێشە و فانتازیا بگۆڕێت.

لە پێڵاوەكەی فیللینیدا سیاسەت لە بەرگەوە بۆ بەرگ بە چڕی ئامادەیە، بەڵام نەك بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ و ڕاپۆرتئامێزانە، بەڵكو لە قاڵبێكی هونەریی ئاستبەرزدا ئەوە دەخاتە ڕوو. هەر ئەوەشە خوێنەر وا لێ دەكات سەرباری كەشی تاقەتپڕوكێنی ڕۆمانەكە بەردەوام بێت و بە چێژەوە بیخوێنێتەوە.

هەڵبەت زۆر ڕۆمانی عەرەبی هەن كە زیندان و دنیای زیندانیكراوانیان كردووەتە بابەتی سەرەكی و وردەكاریی ناو ئەو جوگرافیا جەهەنەمییەیان باس كردووە. ڕەنگە عەبدولڕەحمان مونیف یەكێك بێت لەوانەی زۆر هونەرییانە لەسەر ئەو بابەتە نووسیبێت، بە دوای ئەویشدا نووسەرانی دیكە دەستیان بۆ هەمان بابەت بردبێت و ڕووە ناشرین و تاریكەكانی سیستمی حوكمڕانیی وڵاتانی عەرەبییان نیشان دابێت.

ئەم هەوڵەی وەحید ئەلتەویلەش درێژەدانە بەو ڕەوتە و دەیەوێت لە ڕێی متاعی كارەكتەری سەرەكیی ڕۆمانەكەیەوە دڕندەیی و مەرگدۆستیی ئەو بوونەوەرانەمان بەردەست بخات كە بە ناوی یاسا و پاراستنی ئەمن و ئاسایش و خۆشویستنی گەل و نیشتمانەوە گەورەترین تاوان و بێحورمەتی لە دژی هاووڵاتیانی خۆیان ئەنجام دەدەن.

متاع هاووڵاتییەكە وەک نووسەر خۆی عاشقێكی گەورەی كار و بەرهەمەكانی فردریكۆ فیللینیی دەرهێنەری بەناوبانگی ئیتاڵییە و بینەرێكی بەردەوامی فیلمەكانێتی. وەختێک دەگیرێت و دەكەوێتە دەست پیاوانی ئاسایش، یەكێك لەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی دەكرێتەوە و لێپێچینەوەی لێ دەكەن خودی فردریكۆ فیللینییە.

ئەویش ناچار دەبێت ئەو هونەرمەندە بەو پیاوە دڵڕەق و بێبەزەییانە بناسێنێت كە بە بۆنی خوێن مەست دەبن و چێژ لە ئازاردانی زیندانیكراوەكان وەردەگرن. پیاوانێك كە نە دەزانن سینەمای ئیتاڵی چییە و نە فردریكۆ فیللینییش كێیە.

متاع بە کزۆڵەییەکەوە وەڵامیان دەداتەوە و دەڵێت: ”ئاخر گەورەم، هەموو عالەم مسیۆ فیللینی دەناسن. ئەو هاوڕێیەكی نێونەتەوەییە و ئێمەش فیلمەكانی دەبینین و تاوتوێی كارەكانی دەكەین، كە چۆنچۆنی نەك تەنها وەك دەرهێنەرێك، بەڵكو وەك شاعیرێك مامەڵە لە تەك كارەكتەرەكاندا دەكات… ئاوا گەورەم مەسەلەكە بەو جۆرەیە“.

متاع یەكێكە لەو هەزاران هەزار قوربانییانەی جەلادەكان تا ئەوپەڕی سوكایەتی و بێحورمەتییان پێ دەكەن، لەسەر تاوانگەلێك كە نە كردوویانە و نە دەشزانن چییە… ئەو قوربانییەكی تازەیە و لەژێر پێلەقەی یاساپارێزەكانی وڵاتدا پیاوەتی لە دەست دەدات و بە لەدەستدانی پیاوەتییش دەنگی دەگۆڕێت و ناسك دەبێتەوە.

ئەو حاڵەتە وای لێ دەكات بیر لەوە بكاتەوە تۆڵەی خۆی لەو ئەفسەرە بكاتەوە كە وای لێ كردووە (تۆڵەیەكی هاوشێوە، هەوڵ بدات چووكی ببڕێت).

لێرەدا وەحید ئەلتەویلە ئەو پرسیارە قوت دەكاتەوە: ”ئاخۆ مرۆڤ كاتێك پیاوەتی لە دەست دەدات، لەگەڵیدا مرۆڤبوونیشی دەدۆڕێنێت؟“.

ئایا ئەوە وا دەكات قوربانی ببێتەوە بە جەلاد و بە هەمان دڵڕەقیی ئەوان هەڵسوكەوت بكات؟

مرۆڤ وایە، کە کەرامەتی پێشێل کرا و مرۆڤبوونی ژێر پێ خرا، ئیدی دەبێتە دڕندەیەک و بە دوای تۆڵەدا دەگەڕێت. لە وڵاتانی ئێمەدا شتە بەد و ناچیزەکان بە بەردەوامی ڕوو دەدەن، بەڵام کەم کەس دەزانێت لە ژوورە تاریک و داخراوەکاندا، لە ژێرزەمینە نووتەکەکاندا چی دەگوزەرێت.

ئەم ڕۆمانە بە تەكنیكێكی جوان و بە شێوازێكی هونەرییانە دەمانباتە نێو ئەو پرس و باسانەی بۆ ئێمەومانان شتێكی سەیر نییە و ڕەنگە ڕۆژانە لە بن دەستماندا ڕووداوگەلێكی دڵتەزێنی لەو جۆرە بقەومێت و بێدەنگیی لێ بكرێت.

پێڵاوەكەی فیللینی، ئاوێنەیەكە مەرگەساتی هاووڵاتیانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دزێویی دەسەڵات و دڕندەیی یاساوڵ و جەللادەكانی نیشتمانی تێدا دەبینین.

دوا جار ئەم ڕۆمانە پێشکەشە بەوانەی هاواریان کرد و کەس گوێی لە دەنگیان نەبوو، وەک چۆن پێشکەشە بەوانەشی نەیانتوانی هاوار بکەن.

هاوبەشی بکە

Federico Fellini, Wahid Al-tawila, Wtari Kteb,