06/05/2024
DidiMn Logo
Top

دۆکیۆمێنتاریی “کۆیە، شاری شوێنەواران”

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

‎كۆمەڵێك خوێندكاری بەشی تەلارسازیی شاری كۆیە، هەڵدەستن بە سازدانی دۆكیۆمێنتارییه‌كی كورت به‌ناوی “کۆیە، شاری شوێنەواران”. سه‌رهه‌ند خالید خوێندكاری ته‌لارسازی له‌ زانكۆی كۆیه‌ و ده‌رهێنه‌ری دۆكیۆمێتارییه‌كه‌ له‌باره‌ی كاره‌كه‌وه‌ بۆ دیدی من دوا:

“سەرەڕای ئەو هەموو ئاستەنگ و گیروگرفتەی لە تاقیكردنەوەكان و  ئەو نائومێدییە زۆرەی لە خوێندن، لە کۆی مانگەکانی ڕابردووەوە تووشمان ھاتووە، ھێشتایش هەوڵمانداوە هەر بەردەوام بین و کاری ورد و باش بكەین. هەر جارێك بەنێو ئەو خانووە كۆنانەدا تێدەپەڕیین و گوزەرمان دەكرد، ھەستمان بەوە دەکرد کە بەرپرسیارییەتیەکمان لەسەر شانەو دەبێ جێبەجێی بکەین یاخود ئەم خانووە کۆنانە شتێكیان پێیەو دەیانەوێت پێمانی بڵێن، یان دەیانەوێت پەیامێك بگەیەنن، ئێمە خۆمان وەک نێوەندگیرێك دەبینی لەنێوان خەڵك و ئەم خانوانەدا.

بۆیە هەوڵماندا ئەم دۆكیۆمێنتارییە ھەرچەندە  كورتیش بێت ھەر ئامادە بكەین و دواتر وەک پەیامێک بگەیەنین، چونکە سەردەمانێک ئەم جۆرە خانوانە جێگەو لانەو شوێنگەی کەسایەتیی و شاعیرانی گەورەو نێودار وەک «دڵدارو حاجی قادر و مەلای گەورە» بووە. ھەر بۆیە پێویستە بە گرنگییەوە لەم خانووە دێرینانە بڕوانین و وەک دیوێکیتری بوونمان پیشانی بدەین.

هەر كاتێك گەشتیارێك دێتە وڵاتەكەتەوە وا ھەست مەکە ئەو بیەوێت ڕاستەوخۆ ئۆتێلێكی پێنج ئەستێرەیی یاخود باڵەخانەیەکی بیستنھۆمی ببینێت، ئەمانەو دەیان شتی دیکە لەوڵاتی خۆیدا هەیە، بەڵکو ئەو تامەزرۆیە ئەو جیاوازییە قووڵەی ببینێت كە كلتوورو نەریتی جودا دروستی كردووە. تەلارسازیی و کارسازیی پیشەیی و بازرگانی ناسنامەی كۆمەڵگە بنیات دەنێن و لەو ڕێگەیەوە پێمان دەڵێت؛ ئەم كۆمەڵگەیە چۆن ژیاوەو چۆن مامەڵەی لەگەڵ سروشت و ژینگەو دەوروبەری خۆیدا كردووەو چۆن خۆی گونجاندووە لەگەڵ بارودۆخدا.

ھەر لەم ڕێگەی دەستسازیی و زەریفکارییەوە دەردەکەوێت کە مرۆڤی ئەم ناوچەیە ئاست و توانای پیشەییان چۆن بووەو چەند بووە. نزیکترین و بەرچاوترین نموونەیش ئەوەیە کە چۆن لەو وەرزی هاوینەگەرمەدا ئەم خانوانە درووست كراون و، وا ھەڵچنراون کە هەواکێش و ھەواڕاکێشیان بە سانایی بێت و بچێت.  ئەمەیش لەکاتێكدابووە کە دووربوون لە ھەموو تەكنەلۆژیایەک. ھەروەھا گەر سەرنج بدەین هەندێک ئلێمێنت بەدی دەكرێت ئێستایش لە تەلارسازیی و خانوو و باڵەخانەی ئەم سەردەمەدا نییە.

بۆیە زۆر گرنگە بەدواداچوون و ڕێکاریی زیاترو زۆرتر بکرێت و بگیرێتەبەر بۆ زیاتر ئاشناکردن و ناساندنی ئەم جۆرە شوێنگەیانە.

جێی خۆیەتی ئاماژە بەوەیش بکەین کە ئەم کارەی ئێمە تەواو خۆبەخشیی بووەو ھیچ لایەن و کەسایەتییەک و گرووپێک پاڵپشتیی نەکردووین و، تەنیا لەسەر ئەرک و ھەوڵی خۆمان بەجێمان گەیاندووە.

لەکۆتاییشدا ئێمە ئامانجمان ئەوەیە ئەم دۆكیومێنتارییە ببێتە ھۆکاری زیاتر ناساندن و بگاتە لای خەڵكیی و ژێرنووس بکرێت بۆ زمانەکانی دیکەو بڵاوبکرێتەوە.

سه‌رهه‌ند خالید
هاوبەشی بکە

Documentary, sarhand khalid,