26/07/2024
DidiMn Logo
Top

دوو باڵندەی سوور

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – چیرۆک
نووسینی: ڕێبین خدر

یەک

ئیڤا، بە هۆی مەمکە یەکجار گەورەکانی، بە ماوەی چەند ساڵێک ناو و ناوبانگێکی باشی لە شارەکە بۆ خۆی پەیدا کردبوو. بەمەش توانیبووی سەرنجی نەک هەر کڕیارەکانی (ماڵی باڵندە سوورەکان، بۆ ڕابواردن و مەساژ) بەڵکو میدیاکان و گۆڤارە ئیرۆتیکییەکانیش بۆ خۆی ڕاکێشێت، تا ئەوەی پەل یا باشترە بڵێم مەمک بهاوێت و ببێتە ئەستێرەیەکی دیاری تەلەڤزیۆنی. بەڵام لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان وا بڵاو بووبووەوە؛ چونکە ژنێکی بەوەفا و خاوەن قسەی خۆیەتی، چونکە بیری هاوڕێکانی خۆی دەکات و لە زەحمەتییەکانیان  تێدەگات، هەر بۆیە زوو زوو سەر لە هەواری کۆن دەداتەوە و پێشوازی لە کڕیارە دێرین و هەوادارە نوێیەکانی دەکات.

کاتێک ئیڤا بە ئۆتۆمبێلە پەمەیی و ناسکۆڵەکەی کە هەر دەڵێی گوڵێک بوو لەسەر چوار تایە دەڕۆیشت، دەهاتە گەڕەکی چیای ڕەش و لەوێش بۆ سەر شەقامی پیتەرمان، لێشاوی پیاوانت دەدیت چۆن وەک ئەوەی بۆ خۆپیشاندانێک یەک-یەک و دوو-دوو بەرەو یەک بچن، لە ماڵی باڵندە سوورەکان نزیک دەبوونەوە و لە چاوەڕوانی ئیڤادا کێچ دەکەوتە کەوڵیان و هەر لەوێوە سەرحاڵ دەبوون و ئاو بە لێوانیاندا دەهاتە خوارەوە. چونکە بەناوبانگ بوو، بۆ مەمکەکانی لە شارەکانی دیکەیشەوە خەڵک دەهاتن، خاوەنی ماڵی باڵندە سوورەکان بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی کۆمپانیایەکی هونەریی، ژوورێکی تایبەتیان لە قاتی سێیەم بۆ ئامادە کردبوو، پارەیەکی باشیشیان لە هەمبەر سەردانیکردنەکەی وەردەگرت. دیزاینی ژوورەکەی پارەی زۆری لێ خەرج کرابوو. دەرگای چوونە ژوورەوەی لە شێوەی مەمکێک دروست کرابوو. کڕیارەکە دەستی دەخستە سەر گۆی مەمکەکە و زەنگی دەرگاکەی لێی دەدا. کاتێک دەرگاکە دەکرایەوە، بۆن و بەرامەیەکی وا بە سەرتدا دەچوو گەلێک جیاواز لەو بۆن و بەرامەی لە قاتەکانی دیکە دەهات، کە ڕێکوپێک تێکەڵەیەک بوو لە بۆنی بنێشتی سووتاو و بەنزین. کاتێک بۆنە خۆشەکەی ژووری ئیڤا دەچوو بە سەرتدا یا بە دڵتدا، ئینجا گوێت لە گۆرانی ”Bailando”ی لوونا، یان ”Mujeres”ی رێکاردۆ ئارخۆنا دەبوو. کاتێکیش چاوت بە تەختی خەوەکەی دەکەوت، هەناسەت سوار دەبوو و چیتر نەتدەتوانی خۆت بە پێوە ڕابگریت. لەوە دڵنیا دەبوویتەوە ئەوە هەر تۆ نیت، بەڵکو زۆربەی پیاوەکان لەم ئانوساتەدا خۆیان بۆ ڕاناگیرێ و بێ ئەوەی هێشتا ئیڤایان دیتبێ، ڕەحەت دەبن.

من کڕیاری کۆن نەبووم، هەواداری نوێ بووم و کەوتمە داوی مەمکە گەورەکانی ئیڤا و خوم بە خۆیەوە گرت.

کاتێک من ئەو شەپۆلە وەزاڵەهاتووەی پیاوانم بڕی و گەیشتمە ژووری ئیڤا. لەرزێکی زۆر بە لەشمدا گەڕا و نەمتوانی سێکسی لەگەڵدا بکەم. زۆری پێ نەچوو سەری خۆمم لە نێوان پەنجە درێژکۆڵە و نازدارەکانی بینییەوە و بانگی دەکردم. من لە هۆش خۆم چووبووم. سەرم هەڵێنا، مەمکە زلەکانی ئاوساو بە چێژێکی شەیتانی، هەڵدەبەزینەوە و دەمبیست کە پرسیارم لێ دەکات.

”ناوت چییە؟”

من لە چاوەکانیم دەڕوانی. چاوەکانی کاڵ بوون، نا، چاوەکانی شین بوون، نا، چاوەکانی ڕەنگێک بوون لە نێوان ڕەش و شیندا، نا، چاوەکانی نەیان دەهێشت بیر لە ڕەنگیان بکەمەوە. من ڕوانیبوومە چاوەکانی و بە ئاستەم دەنگی خۆمم دەبیست. دەنگی خۆمم دەبیست شتێکم دەگوت، شتێک لەم بابەتانە.

”دەمەوێت بچمەوە ماڵەوە.”

ئیڤا بە ئانقەست مەمکەکانی لە دەموچاوم نزیک دەکردنەوە و پێدەکەنی. خۆمم توند گرت تا بە هۆی پێکەنینەکەیەوە دیسان لە هۆش خۆم نەچم.

”داماو وابزانم تۆ لە ژیانتدا هیچ ژنێکت نەبینیوە. پێم وایە هەر پەنجەت نا بە زەنگی دەرگاکەدا تەخت بووی!”

چاوە سەوزەکانی ئیڤا دوو پەتیان هەڵدابووە خوارەوە و پەتەکان لە دەست و قاچم ئاڵا بوون. پەتەکان بەرە و سەرەوە، بەرەو گلێنەکانی ڕایان دەکێشام. نا، چاوەکانی سەوز نەبوون. پەتی چاوەکانی لە ملم دەئاڵان و بەرەو شوێنێکی کەس پێ نەزان پاڵیان دەنام.

(تۆ و من بەرەو ئاهەنگ دەڕۆین / تۆ و من بە درێژایی شەو) گۆرانیی Bailando ئاوا هاواری دەکرد.

وردەوردە دەهاتمەوە سەر خۆم. ئیڤا وازی لێ هێنام تا خۆم کۆ بکەمەوە و هەستم و بڕۆم. بیرم لەوە دەکردەوە وەڵامی پرسیارەکەی بدەمەوە. بە دوای ئەوەدا دەگەڕام پرسیارەکەیم بیر بکەوێتەوە. پەتی چاوەکانی زمانمی گرتبوو. پەتی چاوەکانی لە مێشکم ئاڵابوون. تۆزێک پەتەکانم ڕاوەشاند و پرسیارەکەیم بیر هاتەوە. تۆزێکی دی پەتەکانم ڕاوەشاند و ئاوا دەستم بە وەڵامدانەوەی کرد.

”من ناوم، من ناوم____ە”

وەڵامەکەم هیچ مانایەکی نەدا. ئیڤا، دەستی بەزەیی یان دەستی توڕەیی یان دەستی بێزاریی بۆ درێژ کردم و لە ڕوومەتمی دا. هەر ئەو دەستەی بە شێوەیەکی دیکە هەڵسوڕاند و دووگمەیەکی لە نزیک تەختەخەوەکەی داگرت و پشتاوپشت خۆی هەڵدایە سەر تەختەخەوەکە.

بیرم لە ناوی ئەو کردەوە و تاوێک لە جێی خۆم چەقیم. چاوەڕێی ئەوەشم دەکرد ئەو دووگمەیەی ئەو دایگرتبوو، دوو-سێ پیاوی چوارشانەم بۆ بێنێتە ژوورەوە و تێر شەقم بکەن و هەڵم بدەنە دەرەوە.

”من ناوم ئادەمە”

ناوی درۆینەی خۆمم بە خێرایی دۆزییەوە.

ئەم ناوەم لە کوێ دۆزییەوە؟ ئادەم فیشەر خاوەنکارم بوو. لە هەموو کەس زیاتر تەنگی پێ هەڵچنی بووم. بە خۆی و ناوەکەیەوە بەردەوام لە ناو سەرمدا دەسووڕایەوە.

ئیڤا لەگەڵ بیستنی ناوەکە، دەستبەجێ ڕاست بووەوە و دووگمەیەکی دیکەی داگرت.

”دەزانم ئەو ناوە هی خۆت نییە. پیاوەکانیش لە ئێمە باشتر نین، کاتێک دێنە ئێرە هەریەکەیان و ناوێک بۆ خۆیان دەدۆزنەوە. بەڵام پێم بڵێ، پێم بڵێ هیچکات دەستت بەر هیچ ژنێک کەوتووە؟”

”من تا ئێستا دوو ژنم هێناوە و لە هەردووکیشیان جیا بوومەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ زۆر ژنی دیکەدا ڕامبواردووە.”

ئەمەشم هەر درۆ بوو.

بەڵام ئیڤا بە درۆی نەهێنامەوە. دەنگی گۆرانییەکەی نزم کرد و چاوەکانی خستنە سەر یەک. زۆری نەبرد، خەوی لێ کەوت.

بە هەلم زانی و بەرەو دەرگاکە چووم، بەڵام نەمتوانی دەرگاکە بکەمەوە. بە شڵەژاویی گەڕامەوە لای تەختە خەوەکە و سەرم بەسەر ئەو دووگمانەدا داگرت، ئەوانەی ئیڤا پێشووتر دوو دانەی لێ داگرتبوون. هەشت دووگمە بوون، ئەوانیش هەموویان لە شێوەی مەمک دروست کرابوون. هیچ شتێک لە یەکی جیا نەدەکردنەوە تا بزانم کامە هی کام شتەیە.

”پێم باشە کەمێکی دیکە چاوەڕێ بکەیت، دڵم بۆت دەسووتێت. ئەو پارەیەی داوتە حەقی ئەوەی هەیە مەمکێکی لە بەرانبەر پێ بگووشی.”

ئیڤا بە چاوی داخراوەوە گوتی، دەڵێی لەگەڵیشیدا خەونی دەبینی. من بیرم چووە سەر ئەو خەونە، بیرم چووە سەر ئەو خەونە و بیرم چووەوە ئیڤا گوتی چی. بێ ئەوەی مەبەستم بێ، دەستم کردەوە بە هەڵیت و پەڵیت.

”دەمەوێت بچمەوە ماڵەوە.”

ئیڤا، هەر بە چاوی داخراوەوە خۆی ڕاست کردەوە و دەستی بۆ یەکێک لە دووگمە شێوە مەمکەییەکان برد و دەرگای بەسەر مندا واڵا کرد.

دوو

لە هاتنەدەرەوەم لە ژووری ئیڤا، ژنێکی خەپەتۆڵە لە قاتی دووەم یەخەی گرتم و ڕای کێشام تا بمباتە ژوورەکەی خۆی. خۆم بە دیوارەکەوە نووساند و گوتم نایەم. گوتی خوێڕی منیش خۆ مەمکم گەورەیە. گوتم من حەزم لە مەمکی گەورە نییە. گوتی درۆ دەکەی. گوتی خۆ دەزانم بۆ مەمکی ئەو قەحپە ئەرژەنتینییەی قاتی سێیەم هاتووی. گوتم هیچم لەگەڵی نەکرد. گوتی وەک گەواد درۆ دەکەیت. گوتی با ئەو قەحپەیە بڕوات تەلەفۆنێک بۆ دوو منداڵە داماوەکەی خۆی بکات کە لای پوورێکی پیری بەستەزمان لە ئەرژەنتین جێی هێشتوون.

ژنە خەپەتۆڵەکە دەستی بە گریان کرد، من وەک ئەوەی لەسەرم بێ ژیری بکەمەوە، خۆمم لە ژوورەکەی بینییەوە. بۆنی ژوورەکەی ئەوەندە ناخۆش بوو، وەک ئەوە وا بوو ڕێکوپێک لەوێ بۆنی بنێشتە سووتاوەکە تێکەڵی بۆنی بەنزین بکەن. ژنەکە دەستێکی بەسەر چاوی چەپییەوە و گوتی لەوەتەی ئیڤای حیز بەناوبانگ بووە نانی هەموومانی بڕیوە. گوتم پارەت دەدەمێ کەمێکم لەو نهێنیانە بۆ باس بکە کە ئیڤا لە خەڵکیان دەشارێتەوە، کە ئیڤا نایەوێت ئەوانی دیکە بیزانن.

بزەیەکی کرد و دوو سەعات بێ بچڕان قسەی بۆ کردم.

سێ

ڕۆژی پاشتر بەیانییەکەی سێ بژاردەم لە بەردەم بوون، سێ کاری جیاواز:

یەکەم: وەک هەموو بەیانییەک و کاری هەمیشەیی خۆم؛ هەڵتەک هەڵتەک بچم لە بینای ڕۆژنامەیەک لە هامبۆرگ ڕۆژنامەکان بەستەبەستە بکەم و بیان پێچمەوە.

دووەم: بە هەر جۆرێک بێت درۆیەک بۆ خاوەنکارەکەم ڕێک بخەم، بچم بۆ یەکێک لە ئاهەنگە کوردییەکان لە هانۆڤەر و بە دەم گوێگرتن لە عەزیزی وەیسی هەڵپەڕم.

سێیەم: وێڕای ئەو زانیاریی و نهێنییانەی ژنە خەپەتۆڵەکەی قاتی دووەمی ماڵی باڵندە سوورەکان پێی دام، بێم لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەر خودی ئیڤا بکەم.

دەستبەجێ بیرم لە درۆیەک کردەوە و خاوەنکارەکەم ڕازی کرد ئەو ڕۆژە نەچمەوە سەر کار، بۆ ئەوەنا ڕێگای بەرەو هانۆڤەر ببڕم، بەڵکو بۆ ئەوەی لە ئیڤا بکۆڵمەوە.

پەتی چاوەکانی ئیڤا لە ماڵەوەش دەست و پێیان بەستبووم و نەیاندەهێشت جگە لە چوون بەرەو قوڵایی گلێنەکانیان، هیچ شتێکی دیکە بکەم.

چوار

ئیڤا خەڵکی ئەرژەنتین بوو. ئیڤا بە پێی قسەی ژنە خەپەتۆڵەکە، تەمەنی سیو‌هەشت ساڵ و بە پێی ڕۆژنامەکان و قسەی خۆی، تەمەنی بیستوچوار ساڵ بوو. ئیڤا دوو منداڵی هەبوون. ئیڤا لە مێردەکەی جیا بووبووەوە و بە پێی قسەی ژنە خەپەتۆڵەکە، لە ئەرژەنتین سێ بۆ چوار جار لەسەر دزیی گیرابوو. ئیڤا بە پێی قسەی ڕۆژنامەکان، تا سێی ناوەندیی خوێندبوو. بە پێی قسەی ژنە خەپەتۆڵەکە، دەرچووی بەشی فەلسەفە بوو. ئیڤا بە پێی قسەی ژنە خەپەتۆڵەکە، ناوی ڕاستینەی خۆی لووسیا بوو، بە پێی ڕۆژنامەکان ماریا. ئیڤا بە پێی قسەی ژنە خەپەتۆڵەکە، دەسکاری مەمکی و سمتیشی کردبوو، هەردووکی بە نەشتەرگەریی گەورە کردبوو. بە پێی قسەی ڕۆژنامەکان تەنها دەسکاری سمتی کردبوو. ئیڤا بە پێی ڕۆژنامەکان، پەیوەندیی لەگەڵ هونەرمەندێکی شێوەکار هەبوو، منداڵێکی لێی هەبوو. بە پێی قسەی ژنە خەپەتۆڵەکە، لەگەڵ بازرگانێک دەستی تێکەڵ کردبوو، لە سویسرا کۆشکێکی تایبەت بە خۆی هەبوو، لەوێ لەگەڵ هونەرمەندەکان کۆ دەبووەوە، زۆربەی جاریش هەر لەوێ چاوپێکەوتنە تەلەڤزیۆنییەکانی خۆی دەکرد. ئیڤا بە پێی قسەی ژنە خەپەتۆڵەکە، چەند ساڵێک لە ئیسپانیا ژیابوو، لەوێ دیوانێکی شیعریشی بڵاو کردبووەوە. بە پێی ڕۆژنامەکان لە ئیتاڵیا ژیابوو و جاروبار بە پارە تابلۆی بۆ خەڵک کێشابوو.

ئیڤا، بە پێی ڕۆژنامەکان بەختەوەر بوو، بە پێی قسەی ژنە خەپەتۆڵەکە نیوەشەوان بە دەنگی گریانی بەکوڵی خۆی، لە خەو ڕا دەبێ و تا بەرەبەیان هەنسک دەدات.

چوار و نیو

خۆمم لە کتێبخانەی گشتی بینییەوە و دەمدیت خەریکم نەک هەر لەسەر ئیڤا خۆی، بەڵکو لەسەر ئەرژەنتین و جوگرافیاکەی، لەسەر کلتوور و هونەرەکەیان دەمەوێت شارەزایی پەیدا بکەم. سەرەتا پەلاماری کتێبی (ژیانی من)ی دیگۆ مارادۆنام دا. لە نیوەی کتێبەکە زانیم، مارادۆنای ئەفسانەی تۆپی پێ هیچم لە بارەی ئیڤاوە پێ ناڵێت. خەریک بوو خۆم خەریک دەکرد بەو گۆڵەی مارادۆنا لە ساڵی ١٩٨٦ بەرانبەر ئینگلتەرا بە دەست تۆماری کرد. باشە بۆچی ناوبژیوانی تونسی عەلی بنناسر نەیتوانی ئەوە ببینێت کە مارادۆنا بە دەست گۆڵەکەی کرد؟ جا ئەوە چ جۆشوخرۆشێک بوو، ئەو ژنە مەمک گەورە ئەرژەنتینییە دابووی بە من؟ بێم لەسەر ژیانی مارادۆنا کتێب بخوێنمەوە و خۆم لە باسێکی وا سەیروسەمەرە بئاڵێنم؟ دەستم دایە ڕۆمانی (هەناسەدانی دەستکرد)ی ڕیکاردۆ پیگلیا و سەرم تێنا. نا، جا من لە هەموو ژیانمدا بە هەمووی سێ ڕۆمانم نەخوێندبووەوە، چۆن دەتوانم وەها ڕۆمانێک بخوێنمەوە؟ سەرەنجام کتێبێکم بە ناونیشانی (سەفەر بۆ ئەرژەنتین) بە دەستەوە هات و دڵم ئاسوودە بوو. بە درێژایی ئەو گەشتە کاغەزییەم بۆ ئەرژەنتین، وام هەست دەکرد ئیڤا لە تەنیشتمەوەیە و ئەوە ئەوە لە بارەی وڵاتی خۆی قسەم بۆ دەکات، نەک نووسەری کتێبەکە.

لەم چوونەم بەرە و کتێب و کاغەزان، بۆم دەرکەوت من دەترسم جارێکی تر سووک و ئاسان لە ئیڤا خۆی نزیک ببمەوە، بۆیە دەمەوێت لە ڕێگەی دیکە، لە ڕێگەی ژنە خەپەتۆڵەکەی قاتی دوو، لە ڕێگەی شتانێک کە هەر چۆن بێت پەیوەندییان بەوەوە هەیە، خۆم دڵخۆش بکەم.

 پەتی چاوەکانی ئیڤا تا دەهات زیاتر لە خۆی نزیکیان دەکردمەوە.

ئیتر من چیتر لە گۆڤارە ئیرۆتیکییەکان، لە ماڵپەرەکان بە دوای مەمکی ئیڤا و قوونی ئیڤادا نەدەگەڕام. چیتر نەمدەتوانی بچمە سەر ماڵپەڕی ماڵی باڵندە سوورەکان، سەیری تۆماری بەردەوام لە هەڵکشانی ئەو دەسپەڕانە بکەم پیاوان بە دیار مەمکەکانی ئیڤا لێیان دەدا. نەمدەتوانی دووبارە و سەدبارە لە هەموو وێنە ڕووتەکانی ئیڤا ڕامێنم، بە دیارییانەوە خەو بمباتەوە.

ئەدی ئەو شتە چیی بوو منی وا تەنگەتاو و ئاڵۆز کردبوو؟

 بڕیارم دا دووبارە سەردانی بکەمەوە.

پێنج

چوومەوە ماڵی باڵندە سوورەکان تا دووبارە ئیڤا ببینم.

ژنە خەپەتۆڵەکەی قاتی دووەم جگەرەیەکی لە نێو پەنجەکانی و بە دووکەڵەکەی یاریی دەکرد. کاتێک منی بینی، دەستەکەی دیکەی بەسەر سینگیدا هێنا و گوتی جاری پێشوو هەموو شتێکمان تەواو نەکرد لەسەر ئیڤا، دەزانی زۆر شتم لە بارەی نهێنییەکانی لە بیر چووبوو پێتی بڵێم. گوتم پێم وایە ئێستا زۆر شتی لە بارەوە دەزانم. گوتم لەگەڵ ئەوەشدا زۆر بۆم گرنگ نەماوە. ئەو کاتە سەرخۆش بووم و ئیتر خۆت دەزانی. ژنە خەپەتۆڵەکە جگەرەکەی فڕێدا و بە توندی دەستی ڕاستی گرتم و ڕای کێشامە ژوورەکەی خۆی. ڕووبەڕووی بوومەوە و گوتم تکایە وازم لێ بێنە. ژنە خەپەتۆڵەکە هاواری بە سەردا کردم و گوتی دانیشە و هەردوو چاوت دەربێنە. گوتی هەر ئێستا دەبێ لە بارەی ئیڤاوە شتت بۆ بگێڕمەوە، هەر ئێستاش دەبێ تۆ پەنجا یۆرۆم لە حەقی ئەوەدا بدەیتێ. هەستام پەلاماری بدەم. هەستام لە کۆڵ خۆمی بکەمەوە. لەناکاو قیژاندی و گوتی منیش خەڵکی ئەرژەنتینم، منیش دوو مەمکم هەیە و من هەر بەڕاستیش ناوم ئیڤایە. ناوم ئیڤایە و ناوم لە خۆم ناوە ئێریکا. ئەو قەحپەیەی تۆ دەچیتە لای ناوەکەی منی لە خۆی ناوە. بۆچی ناتەوێت لەگەڵ ئیڤا ڕاستەقینەکە ڕابوێریت؟ گوتم ناوەکان بۆ من گرنگ نین. ژنە خەپەتۆڵەکە پاڵێکی توندی پێوەنام و خۆی بەسەردا دام. من بیرم بۆ ئەوە چوو، دەیەوێت بە زۆر سێکسم لەگەڵدا بکات و دواتر پارەکەم پێ بژێرێت، بەڵام دەستی بۆ گیرفانەکانم برد. یان هێزی ئەوم نەبوو، یان لە پەشۆکاویدا نەمتوانی بەرگری بکەم. مۆبایلەکەی لێ بردم و هەموو ئەو پارەیەی بە دەستییەوە هاتبوو بە سەروچاوی دادامەوە و دەرگای لەسەر داخستم.

ژنە خەپەتۆڵەکە لە ژوورەکەی خۆی زیندانیی کردم. دوای تاوێک لەودیو دەرگاکەوە دەستی کرد بە قسەکردن.

ئینجا دەستی کرد بە باسی بەسەرهاتی ئیڤا و نهێنییەکانی. هەستم کرد ئەو شتانەی ئەم جارە دەیانڵێ لە بارەی خۆیەوەن نەک ئیڤا.

گوتم بە هیچ جۆرێک پارەت لە حەقی ئەم بەسەرهاتانەت نادەمێ. گوتی ئەوە شانزە ڕۆژە هیچ پیاوێک سەردانی نەکردووم، خاوەن کارەکە بە ناڕاستەوخۆ ئاگاداری کردوومەتەوە کارم لەنگە. ئەوڕۆ سەیرم کرد ناوم لەسەر ماڵپەڕی ماڵی باڵندە سوورەکان سڕدراوەتەوە. نە وێنەکانم ماون و نە ئادرێسەکەم.

گوتم من دەبێ بڕۆم.

قیژاندی و گوتی هەمووی خەتای ئەو حیزەیە کە تۆ و سەدانی وەک تۆ، بەر دەرگاکەیان گرتووە. گوتی با پێت بڵێم، ئەو قەحپە مەمک گەورەیەی وا شارەکەی بە تۆشەوە خرۆشاندووە، ناوەکەی لە من دزیوە. یەکەمجار من یارمەتیم دا و هەر لێرە جێم بۆ کردەوە، من فێری زۆر شتم کرد. هەرچی هەڵسوکەوت و جوڵەی هەیەتی لە لووسی دزیویەتی. لووسی فلیپینییە و لێرە لە هەموومان بەتەمەنترە. هەردوو گۆرانییەکەی لوونا و ڕیکاردۆی لە پاولا دزیون. شێوازی قسەکردنی لە لارا دزیوە. هاوارکردن و ناڵەناڵی کاتی سێکسی لە دیانا دزیوە. ئەوە هەوڵ و کۆششی ئێمە بوو بووە هۆی دروستبوونی ماڵی باڵندە سوورەکان. ئەوە ئێمە بووین یەکەمجار ناومان نرا باڵندەی سوور. کەچی ئەوەتا ئێستا ئەو سەرسەرییە، ئاوا ئێوەی وەباژۆر هێناوە و سەرمەستی خۆیی کردوون.

گوتم تکا دەکەم دەرگام لێ بکەوە، من کارم هەیە.

چەند جارێک پاڵم بە دەرگاکەوە نا، سوودی نەبوو. بیرم کردەوە خۆم لە باڵکۆنەکەوە فڕێ بدەمە ناو حەوشەکە. نە وێرام. نە دەکرا.

هاواری کرد و گوتی با بۆت باس بکەم.

پێنج و نیو

ژنە خەپەتۆڵەکە لەو ژوورە پیس و بۆگەنە، دەستبەسەری کردم و کاتێک خەو دەیبردمەوە، تیکە نانێکی لەودیو دەرگاکە بۆ دادەنام و دەرگای لەسەر دادەخستمەوە.

ژنە خەپەتۆڵەکە خۆی بەشی فەلسەفەی تەواو کردبوو. خۆی دیوانێکی شیعریی لە یانەیەکی نەناسراوی ئیسپانی بە تیراژی سێسەد دانە چاپ کردبوو. خۆی لە مێردەکەی جیا بووبووەوە و دوو منداڵی لای پوورەکەی لە ئەرژەنتین بەجێ هێشتبوو. خۆی لە کێشەکانی لەگەڵ مێردەکەی، خووی دابووە خواردنەوەی زۆر و کێشانی حەشیش. خۆی لەم لێشێوان و لێگۆڕانە کەوتبووە ناو ئەو کارە و خۆیشی شەوانە بە دەم گریانی بەکوڵەوە لە خەو ڕا دەبوو.

”شیعری پڵنگی ڕیلکەت خوێندووەتەوە؟” ژنە خەپەتۆڵەکە بە دەنگێکی هێمنتر لەودیو دەرگاکەوە پرسی.

”نا، نازانم ڕیلکە کێیە. من شیعر ناخوێنمەوە.” وەڵامم دایەوە.

”ئەدی چی دەکەیت تۆ؟ چۆن دەژیت کە نە خوێڕیت و نە خوێندەوار؟”

”خوێندەواریم هەیە، بەڵام بە دەگمەن دەخوێنمەوە.”

”ئەوەتا لێرە تاقێکی بچووکی کتێبم هەیە، گەر منیش ئەوەندە کەر نەبام و ڕیلکەم نەناسی با، ئێستا وەک ئیڤاکەی لە مەڕ تۆ ئۆتۆمبێلێکی پەمەییم لێ دەخوڕی، کۆتایی هەموو هەفتەیەکیش دەچووم لە چیاکانی ئەلپ لە نێوان هونەرمەندە خوێڕی و ئەستێرە گەوادەکانی سەر شاشەی تەلەڤزیۆنەکان، قوونم با دەدا.”

ئەوەی گوت و دەرگای بە ئاستەم کردەوە و کتێبێکی بۆ هەڵدام. جا دەرگاکەی داخستەوە.

”ئەو ڕۆمانە بخوێنەوە، بۆ ئەوەی لە ڕیشەی ئازارەکانی من و هەزارانی وەک من تێ بگەی.”

سەیرم کرد کتێبەکە ڕۆمانی (هەناسەدانی دەستکرد)ی ڕیکاردۆ پیگلیا بوو. هەمان ئەو ڕۆمانەی من لە کتێبخانە بە ڕێکەوت کەمێکیم لێ خوێندبووەوە و پێم تەواو نەکرابوو.

”لە هەر شتێک تێنەگەیشتی پێم بڵێ، با بۆت ڕوون بکەمەوە.”

سێ ڕۆژی پێ چوو تا ڕۆمانەکەم لە ناو ئەو بۆنە پیسە، لە زیندانە ناخۆشەکەی ژنە خەپەتۆڵەکە خوێندەوە. کاتێک سەری قورسم لە ناو لاپەڕەکانی ڕۆمانەکە دەرهێنا و ڕوانیم، دوای ئەو سێ ڕۆژە بۆ یەکەم جار وێنەیەکی گەورەی مارادۆنام لە سەرووی تەختەخەوەکە بینی. ئەو وێنەیەی مارادۆنا کە هەڵفڕیوە و بە دەست گۆڵ لە هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دەکات.

”گەر تۆپی پێ وەک فەلسەفەیەک سەیر بکەین، ئەوا مارادۆنا فەیلەسووفێکی مەزنە. بەم گۆڵەی چەکوشێکی گەورەی لە سیستمەکە دا. تۆ نیچە دەناسی؟” وەک ئەوەی هەستی بەوە کردبێت، من سەیری وێنەکەی مارادۆنا دەکەم، ژنە خەپەتۆڵەکە لەو دیو دەرگاکەوە گوتی.

”نا، نازانم کێیە.” من گوتم.

”باشە، لەوە گەڕێ، مارادۆنا پێ گوتین هەر چەند توانا و دەسەڵاتیشت زۆر بێت لە ناو سیستمێکدا و هێشتا پێویستیت بەوە دەبێت دەستکاری سیستمەکە بکەیت. ئەو، چ پێوستی بەوە بوو گۆڵێک بە دەست بکات، لە کاتێکدا دەیتوانی بە هەموو شێوازێک گۆڵ بکات؟ مارادۆنا بۆیە گرنگ بوو، چونکە هێز و ئیرادەی خۆی لە سیستمەکان خۆشتر دەویست.”

من سەرم لەو فەلسەفاندنە دەرنەدەچوو، وەکو ئەویش دەرچووی بەسی فەلسەفە نەبووم.  نەمتوانی هیچ وەڵامێکی ئەوتۆی بدەمەوە. گوتم ڕێم بدە بڕۆمە دەرەوە. گوتی دەرگاکەم کردووەتەوە و دەتوانیت بڕۆی. بە خێرایی هەستام و پەلاماری دەسکی دەرگاکەم دا. ژنە خەپەتۆڵەکە لە داڵانەکە ڕاکشابوو و هەردوو دەستی خستبوونە ژێر سەری.

”ئەوەتا مۆبایلەکەت، لەسەر ئەو کورسییەیە.”

کاتێک بینیم ئاوا هێمن بووەتەوە و ڕێگام دەدا بە ئاسانی بڕۆم و ئەوێ جێ بهڵێم، خاو بوومەوە. حەزم کرد زیاتر چاو بە دەوروبەرمدا بگێڕم و لەو کوڵانە پەڕپووتەی ورد ببمەوە. چاوم بە تاقی کتێبەکانی کەوت. چاوم بە وێنەیەک کەوت، وێنەیەک تێیدا دوو منداڵی بچکۆلە سواری هەسپێکی دارین بووبوون. لێ دڵنیا بووم ئەو دوو منداڵە هی خۆیەتی. چاوم بە خۆی کەوت. ئەوە یەکەم جار بوو سەرنج بدەمە ڕووخساری خۆی. چاوەکانی کاڵ بوون. دەستم دایە مۆبایلەکەم و بە تەنیشتیدا ڕەت بووم و وەدەر کەوتم.

لەبەر دەرگای دەرەوە ڕووخساری ژنە خەپەتۆڵەکەم هێنایەوە بەر چاوی خۆم. ئینجا بە دوای درەختێکدا گەڕام.

لە ژێر درەختەکە هەناسەیەکم هەڵکێشا و دامە پڕمەی گریان.

شەش

هەزار درۆم کرد تا لە کارەکەم وەریان گرتمەوە. چەند ڕۆژێک بوو بیرم دەکردەوە دیسان بچمەوە بەرەو ماڵی باڵندە سوورەکان، بەڵام دڵنیا نەبووم ئاخۆ گەر بچم دەچمە قاتی سێیەم بۆ لای ئیڤا و مەمکە گەورەکانی، بۆ لای ئیڤا و پەتی چاوەکانی یان دەچمە قاتی دووەم بۆ زیندانی ژنە خەپەتۆڵەکە؟

چەند ڕۆژێکی پێ چوو تەلەفۆنێکم بۆ کرا، ژنە خەپەتۆڵەکە بوو. گوتی بە شەق لە بینای باڵندە سوورەکان وەدەریان ناوم و کەلوپەلەکانمیان هەڵداوەتە سەر جادە. گوتی یارمەتیم بدە.

چوومە لای. لە تەنیشت چەند کتێبێک و جانتایەک، لە نزیک ئۆتۆمبێلە پەمەیی و شێوە گوڵەکەی ئیڤا ڕاوەستابوو. گوتی بمبەوە بۆ ماڵی خۆت.

بردمەوە.

گوتی هەر ماوەیەکی کەمیش بێ، جێم بکەوە.

جێیم کردەوە.

گوتی تکا دەکەم بەو شێوەیە لێم مەڕوانە. بەو شێوەیە لێم نەڕوانی.

زۆری نەبرد؛ من دەڵێم ساڵێک تۆ بڵێ ساڵ و نیوێک، منداڵێکم لە ژنە خەپەتۆڵەکە بوو.

زۆری نەبرد گوتی تکایە بە ناوی ڕاستەقینەی خۆم بانگم بکە. بە ناوی ڕاستەقینەی خۆی بانگم کرد.

زۆری نەبرد گوتی، تکات لێ دەکەم شیعری (پڵنگ)ی ڕیلکە بخوێنەوە. خوێندمەوە.

گوتی تکا دەکەم ڕۆمانی (شاخی جادوویی)ی تۆماس مان و (تونێل)ی ئێرنستۆ ساباتۆ بخوێنەوە، کتێبی (میتافیزیک)ی ئەرستۆتالیس بخوێنەوە، با هیچیشی لێ تێ نەگەیت. وام کرد، هەموویانم خوێندەوە، ئەوەی دوایشییان هەر هیچی لێ تێ نەگەیشتم.

زۆری نەبرد گوتی با پارە کۆ بکەینەوە. گوتم دەبێ تۆش کارێک بکەی، کردی.

زۆری نەبرد ژنە خەپەتۆڵەکەم گوتی بیری دوو منداڵەکەم دەکەم لە ئەرژەنتین. گوتم با سەفەرێک بکەین بۆ ئەرژەنتین. کردمان. لە ناو فڕۆکەی بەرەو ئەرژەنتین، ژنە خەپەتۆڵەکەم دەستی بۆ جانتاکەی برد و کتێبێکی بە ناونیشانی (سەفەر بۆ ئەرژەنتین)ی پێ دام. هەمان ئەو کتێبەی من لە کاتی لێکۆڵینەوە لە ئیڤا لە کتێبخانەی گشتی خوێندبوومەوە. گوتی با بەرچاوڕوونییەکی باشترت لە بارەی کلتووری ئەوێ و شتە ورد و درشتەکانی هەبێت.

هەفتەیەک پێش گەیشتنی ئێمە بە ئەرژەنتین، پوورەکەی مردبوو. منداڵەکانی درابوون بە خانەیەکی منداڵانی بێسەرپەرشت.

ژنە خەپەتۆڵەکەم بە منی گوت، نا، من بەوم گوت. نا، سەرەتا ئەو، با سەرەتا من بەوم گوت با کارێک بکەین منداڵەکان ببەین بۆ ئەڵمانیا بۆ لای خۆمان. کارێکی وامان کرد.

زۆری نەبرد کارەکەی ژنە خەپەتۆڵەکەم وای خواست ئۆتۆمبێل بکڕین. بە ئۆتۆمبێل دەچووە سەر کار.

زۆری نەبرد تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوو. لە سەردانیکردنی بۆ لای هاوڕێیەکی کۆنی لە ماڵی باڵندە سوورەکان، خۆی کێشابوو بە ئۆتۆمبێلە شێوە گوڵەکەی ئیڤای مەمک گەورە. دەمودەست هەردووکیان؛ هەم ژنە خەپەتۆڵەکەم، هەم ئیڤا گیانیان لەدەست دابوو.

شەش و نیو

مەراسیمی ناشتنی ئیڤای مەمک گەورە لە فێستیڤاڵ؛ لە ئاهەنگێکی گەورەی نەتەوەیی دەچوو.

تەرمەکەیان بە ناو مەیدانی گەورەی بازاڕدا گێڕا و تابووتەکەیان گوڵپۆش کردبوو. مۆسیقاژەنەکان ئەو ناوەیان لە زاقوزیقی خۆیان وەردابوو. بازرگانەکان، گۆرانیبێژەکان، ئەستێرەکانی تیڤی و سەر شاشەکان، تێکڕا؛ تاوێک گۆرانیی ”Bailando” و تاوێکیش گۆرانیی ”Mujeres”یان بە دەنگی بەرز دەگوتەوە و چین چین فرمێسکیان هەڵدەڕشت. تەختەخەوەکەیان وەک وێنەی کەژاوەیەک لێ کردبوو، خستبوویانە سەر دەستییان. لە کۆتایی پرسە و ماتەمە شکۆدارەکە، سەرۆک شارەوانیی وتارێکی دوورودرێژی پێشکەش کرد. سەرۆک شارەوانی چوو لەسەر تەختەخەوەکە دانیشت و پەرێشان و تێکشکاو کەوتە قسەکردن. دەتتوانی زۆر ئاسان وتارەکەی بەم شێوەیە چڕ و کورت بکەیەوە ”هاوشاریانی ئازیز، بە مردنی ئیڤا، دوو مەمکی جوامێر و پڕشنگدارمان لەدەست دا.”

ماڵپەڕی باڵندە سوورەکان هەموو کرا بە وێنەی ئیڤا. شەپۆلێکی گەورەی پیاوان، ڕۆژی دواتر هەڵڕژانە بەردەم ماڵی باڵندە سوورەکان و چەپک چەپک گوڵیان لە حەوشەکە بۆ دادەنا. شەپۆلێکی دیکەی پیاوان، هەڵڕژانە قاتی سێیەمی بیناکە و لە بەردەم دەرگاکەی ژووری ئیڤا وێنەیان دەگرت، دەشیانزانی کەس دەرگەیان لێ ناکاتەوە، کەچی خەمبار خەمبار دەستیان دەنایە سەر گۆی مەمکەکە، واتە سەر زەنگەکە و زەنگیان لێ دەدا. زەنگیان لێ دەدا و نەیان دەبڕاندەوە.

هەرچی ناشتنی ژنە خەپەتۆڵەکەی من بوو، جگە لە من و منداڵەکان و تاقە هاوڕێیەکی کۆنی خۆی، کەسی دیکە لە گۆڕستان نەدەبینرا.

هاوڕێیەکەی زوو گۆڕستانی جێهێشت و من و منداڵەکان بە تەنیا ماینەوە.

بانگم کرد ئیڤا. بانگی ژنە خەپەتۆڵەکەمم کرد، بەو ناوەی لێیان دزی بوو. بانگم کرد.

بانگم کرد ئیڤا.

ئیڤا.

ئینجا هەڵاتم و لە منداڵەکان دوور کەوتمەوە. دوور کەوتمەوە تا بە دوای درەختێکی دووردا بگەڕێم. سواری شەمەندەفەر بووم. سواری پاس بووم. دابەزیم، سەرکەوتمەوە. سەرکەوتمەوە و دابەزیم. سواری تاکسی بووم. تاوێک بە غاردان، تاوێک وەک خشۆکێک. لەگەڵ خەڵکی نەناس ئاشنا بووم. لەگەڵ چەندین کەس بەشەڕ هاتم. هەڵاتم، هەڵاتم. درەختێک لە شوێنێکی زۆر دوور لە گۆڕستانەکە چاوەڕێی دەکردم.

چوومە ژێر درەختەکە و هەناسەیەکم هەڵکێشا و

                                                              دامە پڕمەی گریان.

٢٠١٧

هاوبەشی بکە

DidiMnStory, rebeen xdr,