29/03/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی گونەی: چاوپێکەوتنێک لەگەڵ هۆبشمید، هاوڕێ ڕزگارەکەی یەڵماز گونەی

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

ئەم پەڕاوە، لە چوارچێوەی ئیڤێنتی دەرهێنەرێک لە زیندانەوەدایە، کە بە هاوبەشی لە لایەن ماڵپەری کلتووریی دیدی من، ڕێکخراوی کلتووریی کەشکۆڵ و سینەما سالم ڕێک خراوە

دیدی من ڕووداوی ئینگلیزی
سازدانی: کامەران سوبحان
لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

 

یەڵماز گونەی، فیلمساز، پڕۆدیوسەر و نووسەرێکی کورد بوو، سیناریۆی فیلمی براوەی خەڵاتی کان، ڕێگەی نووسیوە. دوای زیندانیبوونی ئەو فیلمسازە، ئیدی هوبشمیدی هاوڕێی، یارمەتیی گونەی داوە تا لە زیندان هەڵبێت و بەرەو ئەورووپا بڕوات. هوبشمید کتێبێکی نوسیووە بە ناوی ڕێگە: ڕێگەیەک بەرەو مەنفا، هیواش دەخوازێت فیلمێکی بەڵگەنامەیی دەربارەی ژیانی نائاسایی ئەم هاوڕێیەی دروست بکات.

ئەم چاوپێکەوتنە لە پێشانگەی کتێبی فڕانکفۆرتی ساڵی ٢٠١٦ ساز دراوە.

ئێدی هۆبشمید، کامەران سوبحان

یەکەم جار لە کوێ چاوت بە یەڵماز گونەی کەوت؟
فیلمی مێگەلی یەڵماز گونەیم لە ساڵی ١٩٧٩دا لە فێستیڤاڵی کان بینی، دەمانویست فیلمەکە لە سویسرا نماییش بکەین، هاوڕێیەک چووە تورکیا بۆ بینینی گونەی، گرێبەستێکی لەگەڵ ئیمزا کرد بۆ فیلمەکەی تاوەکو لە سویسرا نماییشی بکەن. کاتێک لە ئۆکتۆبەری ١٩٨٠دا سەردانی گونەیمان کردەوە، ئەو هێشتا لە زینداندا بوو. لەگەڵیدا بە چاودێریی پۆلیس لە زینداندا دانیشتین. باسمان لەو ڕێگەیانە کرد کە پێکەوە ئیشی تێدا بکەین. لەو کاتەدا زۆر غەمبار بوو، بەڵام دڵخۆش بوو بە بیستنی ئەوەی ئێمە کاری لەگەڵ بکەین. ئەو ڕێگە، مێگەل و دوژمنی لە تورکیا بەرهەم هێنابوو. گونەی بە کوالیتیی فیلمی دوژمن خۆشحاڵ نەبوو، بە هۆی ئەو کوالیتییە نزمە هونەرییەی کە لە فیلمەکەدا بەکار هاتبوو. داوامان لێ کرد کەرەستەکانی فیلمەکەیمان بۆ بنێرێت، تاوەکو ئێمە جارێکی تر سیستمی دەنگ و مۆنتاژ و ڕەنگ بگۆڕین، ئەویش ڕازی بوو. پاشان بووە فیلمێکی زۆرباش.

چۆن دەستتان کرد بە کارکردن لەگەڵ یەڵماز گونەی؟
لە ماوەی ساڵانی ١٩٨٠ بۆ ١٩٨٤دا، کارم لەگەڵ گونەی کرد. ئەو دە ساڵ لە من گەورەتر بوو. ئەزموونێکی زۆری هەبوو لە بواری فیلمسازیدا. زیاتر لە سەد فیلم وەک ئەکتەر، بەرهەمهێنەر و سیناریست کاری کردبوو. ئەزموونی من لەو کاتەدا دیاریکراو بوو. بەو شێوەیە دەستمان کرد بە کاری هاوبەش. لە سەرەتادا، هەموو کەرەستەکانمان لە تورکیاوە گواستەوە بۆ سویسرا، بە فیلمی ڕێگەشەوە، لە کاتێکدا فڕۆکەخانەکان جمەیان دەهات لە پۆلیس. هەروەها ویستیشمان خۆی ببەین بۆ ئەورووپا، کە ئەمە گونەیی زۆر بێزار کرد.

ئێدی هۆبشمید -یەڵماز گونەی

چۆن ئەوت لە تورکیاوە بردە ئەورووپا؟ چۆن لە زیندان ڕزگارت کرد؟
ئەمە چیرۆکێکی دوورودرێژە. چەند ڕۆژێکی پێ درا تاوەکو لە ماوەی جەژندا، لە ئۆگەستی ١٩٨٠دا لەگەڵ خێزانەکەی بێت. ئەو هەلەمان قۆستەوە، بە ئیجەدا ئەومان برد، ژن و دوو منداڵەکەشی بە سەیارەیەک، کە ژمارەی سویسرای پێوە بوو، هەموو ئەمانە لە یەک ڕۆژدا ئەنجام دران.

ڕۆژێک پاش گەیشتنمان بە سویسرا، دەستمان کرد بە کارکردن لە فیلمی ڕێگەدا. بەڵام کێشەمان هەبوو. گونەی لە لایەن ئینتەرپۆڵەوە داوا کرابوو، بۆیە زۆر بە نهێنی کارمان دەکرد. لە ڕێگەی ڕۆژنامەنووسە تورکەکانەوە ئێمەیان دۆزییەوە، وایان کرد بە شاراوەیی کارەکانمان بکەین. لەم کتێبە دۆکیومێنتەریەدا، باس لەوە دەکەم بە تەواوی کە چۆن گونەیمان لە تورکیا هێنایە دەرەوە و ئازادمان کرد.

کەواتە بردتە ئەورووپا پاشان چۆن دەستتان بە کارکردن کرد؟
لە ماوەی چەند ڕۆژی سەرەتای گەیشتنی گونەی بە سویسرا، دەستمان کرد بە کارکردن لە فیلمی ڕێگەدا. بەڵام کارەکەمان نهێنی و پچڕپچڕ بوو. تەواوکردنی کارەکە نزیکەی حەوت مانگی پێ چوو، لە ئۆکتۆبەری ١٩٨١ەوە تا مانگی مایسی ١٩٨٢.

لە ژیانی خۆی نەدەترسا کاتێک لە ئەورووپا بوو؟
بەڵێ، دەترسا، چونکە ئینتەرپۆڵ بەدوایەوە بوو. بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی کانیش گوتی کە ئەو تەنها دەتوانێت گونەی لە ماوەی فێستیڤاڵەکەدا بپارێزێت، لەڕاستیدا لەو ماوەیەدا پاراستی.

پۆستەری فیلمی ڕێگای گونەی

باشە کەواتە خۆی و خێزانەکەی چۆن لە ئەورووپادا ژیانیان بردە سەر؟
کەیسەکەیمان بردە بەردەم سەرۆکی فەڕەنسای ئەوکات فڕانسۆ میتەران و چەند بەرپرسێکی تری سیاسیی فەڕەنسا. پشتگیرییان کرد، هەلێکیان پێدا تا لە فەڕەنسا بژی.

ئایا دۆکیومێنتەرییەکەی تۆ چۆن دەڕوات؟ تەواو بووە؟
نەمتوانی دۆکیومێنتەریەکە بەرهەم بهێنم بە هۆی کەمیی بودجەوە. بەڵام خواستی بەرهەمهێنانەکە هێشتا ئامادەیی هەیە، تاوەکو شتێک لەبارەی گونەیەوە بکەم، کە دواتر بووە کتێبێکی بەڵگەنامەیی، کە چیرۆکەکانی خۆم لەگەڵ گونەی بە وردی باس کردووە. ساڵێک پێش ئێستا کتێبەکەم تەواو کرد. ناوی ڕێگە: ڕێگەیەک بەرەو مەنفایە.

بۆچی بیرت لە بەرهەمهێنانی فیلمەکە نەکردەوە لەگەڵ کۆمپانیایەک یاخود بەرهەمهێنەرێکی تورک کە لە ئەورووپا دەژی؟
لەڕاستیدا هەموو ڕێگەکانمان تاقی کردەوە، بەڵام نەگەیشتین بە هیچ کوێ. زۆر گەڕاین بۆ بەدەستهێنانی بودجە لە فەڕەنسا، سویسرا و ئەڵمانیا، بەڵام هیچمان دەست نەکەوت. دەستم لە فیلمەکە هەڵگرت بە هۆی نەخۆشییەوە. هەواڵی فیلمەکە ڕۆژێک لە ڕۆژنامەیەکی ئەڵمانیا بڵاو بووەوە. پاشان لە لایەن پڕۆدیوسەرێکی تورکەوە پەیوەندیم پێوە کرا، کە پاشتر هەموو شتێکم دەربارەی فیلمەکە بۆ نارد. بەڵام تا ئێستاش هیچ دەنگێکی نەبووە.

کەواتە لە کۆتاییدا دەستت لە فیلمەکە هەڵگرت، وایە؟
نا. ساڵی ڕابردوو تەماشای ئەرشیفەکانم کردەوە و وێنەکانم کۆ کردنەوە، کە لەگەڵ ئەودا گرتبووم کاتێک پێکەوە کارمان دەکرد. کردمنە چیرۆک بەو شێوەیەی لە کتێبەکەمدا نووسیبووم. هەشتا وێنەی سەرنجڕاکێشم جوێ کردەوە، کە دواتر بوونە هەشتا چیرۆک. پاشتر لە زیورخ، کە هێشتا سەرقاڵی کردنی ئەو کارە بووم، چاوم بە یەکێک کەوت کە سیناریست بوو. لەبارەی کتێبەکەوە قسەم بۆ کرد، کە خەریکی ئیشکردنم تیایدا، بەڵێنی دا یارمەتیم بدات. پاشان کارەکەی خۆم بۆ نارد، ئەو پێیدا چووەوە و تێبینیی خۆی پێ گوتم. ئەو لە ئەپڕیلی ٢٠١٦دا تەواوی کتێبەکەی بینی. لە سێپتەمبەری ٢٠١٦دا کتێبەکەم تەواو کرد. لە ئەڵمانیا لە لایەن دەزگایەکی سویسرییەوە بڵاو دەکرێتەوە. لە ٢٨ جەنیوەری ٢٠١٧دا لە ئینستوتی کەلەپووری کورد لە پاریس سیمینارێک ڕێک دەخرێت سەبارەت بەم کتێبە.

یەڵماز گونەی لە کاتی وەرگرتنی چڵە خورمای ئاڵتوونی

ئایا کتێبەکە دەتوانێت هەمان ئەو پەیامە بگەیەنێت کە فیلمەکە دەیخواست بیگەیەنێت؟
نەخێر، ناتوانێت. بیرۆکەکەم کردە کتێب، چونکە هیچ هەڵبژاردەیەکی ترم نەبوو. کتێبێکی ئینفۆگرافییە کە دەمویست بە زمانەکانی ئەڵمانی، ئینگلیزی و کوردی بڵاو بکرێتەوە. لە دوو ڕێگەوە سوودمەندە: یەکەم، گەشتێکە بە مێژووی تورکیادا، کە دەمەوێت پیشانی بدەم چی لەو وڵاتەدا گۆڕاوە لە ڕووی ئازادیی تاکەوە. دووەم، ئەو کاتەی گونەی تیایدا دەژیا لە تورکیا هەر وەک ئێستا وایە. مێژوویەکە خۆی دووبارە دەکاتەوە.

چۆن بڕیارت دا بێیت بۆ دیداری کتێبی نێودەوڵەتیی فڕانکفۆڕت؟
بیستم دیدارێک هەیە کە بەشی کوردییشی تیادا دەبێت. هاتم تا بەدوای ئینستیتوتێکی کوردیدا بگەڕێم تا ئەم کتێبە مێژووییە بڵاو بکاتەوە دەربارەی بەشێکی ونبوو لە مێژووی سینەمای کوردی.

هیچ یەک لە بڵاوکەرەوە کوردییەکانت بینی؟
بە داخەوە، بینیم بەشی کوردی هەژار و چۆڵە. قسەم لەگەڵدا کردن دەربارەی بەشداریکردنیان لە دیدارەکەدا، گوتیان کە نەیانتوانیوە زیاتر ئیش بکەن لە دیدارەکەدا بە هۆی قەیرانی دارایی لە کوردستاندا. هیچ دەزگایەکی کوردی نەبوو کە کتێبەکە وەربگێڕیت و بڵاو بکاتەوە.

هاوبەشی بکە

A Director From Prison, Edi Hubschmid, Yilmaz Guney,