26/04/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی گونەی: فاتیح ئاکین دەربارەی فیلمی ڕێگەی یەڵماز گونەی ده‌دوێت

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

فاتیح ئاكین

ئەم پەڕاوە، لە چوارچێوەی ئیڤێنتی دەرهێنەرێک لە زیندانەوەدایە، کە بە هاوبەشی لە لایەن ماڵپەری کلتووریی دیدی من، ڕێکخراوی کلتووریی کەشکۆڵ و سینەما سالم ڕێک خراوە

دیدی من – تەلەگراف
شێیلا جۆنستن
لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

فاتیح ئاکین یەکێکە لەو کەسانەی لە هامبۆرگ لە خێزانێکی نەوەی یەکەمی ئاوارەی تورکی، لە ئەڵمانیا لەدایک بووە. ئەو دوور لە ڕەگی کلتووریی خۆی گەورە بووە، بەڵام شێتگیرانە چیرۆکی هاونیشتمانییانی دەگێڕێتەوە و بە شێوەیەکی دونیابینیانە. فیلمە تراژید-کۆمیدییەکەی دەربارەی هاونیشتمانییە تورکە-ئەڵمانەکان، ورچی ئاڵتوونیی لە ساڵی ٢٠٠٤دا بردەوە و ناوی فیلمی ئەورووپای ئەو ساڵەی پێ بەخشرا. چیرۆکی فیلمەکانی ئاکین، بە هەمان شێوەی یەڵماز گونەی، فیلمسازی کورد، لە دەوری مەسەلە مرۆیی و مافی کەمەنەتەوەکان و میللەتی خێرلەخۆنەدیوی تورکیا دەسووڕێتەوە. ئاکین دەربارەی یەڵماز گونەی دەڵێت: ”ئەو پاڵەوان بوو؛ ئەو پاڵەوانە. ئێمە بە جۆرێک لە جۆرەکان نەوەی ئەوین.“

کەسایەتیی ناسراوی تورکیا، یەڵماز گونەی، لە زیاتر لە سەد فیلمدا ڕۆڵی گێڕاوە، بەتایبەتییش لە فیلمە ئەکشن و عەسابەکاندا. ئەو ڕووپەڕی زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی تورکیای داپۆشیووە و بە پادشای ناحەز ناوبانگی دەرکردووە. ئەم دەرهێنەرە کوردە، دواتر بە هۆی چەندین کەیسی سیاسییەوە دەخرێتە زیندان و زۆرینەی تەمەنی خۆی لە زینداندا بەسەر دەبات، لەگەڵ ئەوەشدا توانیویەتی خۆی وەک دەرهێنەرێکی جیهانی بناسێنێت. فیلمی ڕێگەی گونەی، لە ساڵی ١٩٨٢دا توانی خەڵاتی چڵەخورمای ئاڵتوون بەدەست بهێنێت و دوای دوو ساڵ لەو فیلمە، بە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد، لە تەمەنی چلوحەوتساڵیدا، کاتێک لە غوربەتدا دەژیا و لە وڵاتی خۆی دوور بوو، مافی هاووڵاتیبوونیشی لێسەندرابووەوە. ڕەخنەگرەکان بە هەردوو کەسایەتیی ڕۆژئاوایی چێ گیڤارا و جەیمس دین بەراوردیان کردووە، بەڵام هێشتا تا ئەمڕۆش، زۆر خەڵک لە دەرەوەی تورکیا نایناسن. ئاکین دەیەوێت ئەمە بگۆڕێت.

یەڵماز گونەی

سەرەڕای کەسایەتییە کاریزماییەکەی، گونەی لە زۆر ڕووەوە خۆشەویست نەبوو، هەروەها قورسیش بوو مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت. ”ئەو دوژمنی زۆر بوو. زۆر خەڵکی نزیک لە ئەوم ناسیوە، لە ئەکتەر و بەرهەمهێنەر و ژن و منداڵەکانیشی. پەیوەندیی ئەوان لەگەڵ گونەی زۆر خراپ بووە.“ ئاکین لە زاری کوڕەکەی گونەیەوە، ئەوەی بیستووە کە چۆن هەفتەیەکی لەگەڵ باوکیدا لە زیندان بەسەر بردووە، کە زۆری لێ کردووە گوتەکانی ماو بە دڵ فێر ببێت. ”ئەگەر هەڵەی تێدا بکردنایە، بۆکسی دەخوارد.“

پارادۆکسە گەورەکە ئەوەیە، کە ئەو فیلمانەی گونەی بەرهەمی هێناون، پڕسۆز و مرۆیی بوون. ئەو لە زینداندا بوو بە تۆمەتی کوشتنی قازییەک، بەڵام لە زینداندا سیناریۆی فیلمی ڕێگەی نووسی.

ئاکین دەڵێت: ”لە زیندانێکی گەورەدا بوو، کە سەد و بیست پیاوی تێدا بووە. هەموان قسەیان دەکرد، ئەویش نەیدەتوانی کار بکات، چونکە زۆر ژاوەژاو بووە. بۆیە دەستی کردووە بە نووسینەوەی چیرۆکەکانی ئەوان و پێنج لەو چیرۆکانەی هەڵبژاردووە بۆ بناغەی سیناریۆکەی.“

فیلمی ڕێگە

فیلمی ڕێگە چیرۆکی پێنج کەسایەتیی جیاواز دەگێڕێتەوە، کە بۆ ماوەی هەفتەیەک پشوو دەدرێن لە زیندان و دەگەڕێنەوە بۆ لای خێزانەکانیان بۆ چوار جێگەی جیاواز. لە چیرۆکە جیاوازەکانیانەوە، گونەی دێت پۆرترەیتی وڵاتێکی بەسەربازیکراوی دیکتاتۆریمان پیشان دەدات، وەک ئەوەی پێمان دەڵێت، ئەوەی لە زیندانە بچووکەکەدا دەگوزەرێت، هەمان شتە کە لە دەرەوەی زیندانەکە دەگوزەرێت، واتە وڵاتەکە بەگشتی زیندانێکی گەورەیە. لە فیلمەکەوە ئەو چەوساندنەوەیەمان پیشان دەدات، کە لە ناوچە کوردنشینەکان هەیە: هەژارییەکی سەخت، نەبوونی خوێندەواری و هەروەها عەقڵی فیوداڵی دەربارەی ژن، گشتیان لە یەک فیلمدا کۆ کراونەتەوە و پرسیار لە مرۆڤبوونی ئێمە دەکات.

گونەی کەسێکی زۆر توندوتیژ بووە سەبارەت بە کارکردن و بەرهەمهێنانی وێنە بۆ فیلمەکانی، ئەو پێش ئەوەی لەگەڵ شەریف گورین دەست بە کار بکات، لەگەڵ ئێردن کێڕاڵ کاری کردووە، بەڵام چونکە کارکردنی بەدڵ نەبووە، هاتووە ئەو فیلمەی ئەو بەرهەمی هێناوە سووتاندوویەتی. ئەمە کارێکی زۆر ناخۆش دەبێت بۆ کیراڵ، کە بۆ دروستکردنی ئەو فیلمە، بە ڕێگەوە، نزیکەی بیست دەیەی پێ چووە.

دواتر گونەی دێت شەریف گورین هەڵدەبژێرێت، کە وەک دەرهێنەری هاوبەشی فیلمی ڕێگە ناوی دەرکردووە. پرسیارەکە ئەوەیە، کە تا چەند گونەی کۆنترۆڵی فیلمەکانی کردووە لە پشتی زیندانەکانەوە؟ بەڵام بە دڵنیاییەوە، کێشەکە ئەوەیە کە نە کیراڵ و نە گورین، فیلمی سەربەخۆیان دروست نەکردووە، تا ئێمە بێین بەراوردیان بکەین بە گونەی.

شەریف گورین

”دیمەنی فیلمەکان لەسەر دیوارێکی سپی، بەرانبەر زیندانەکە بۆ گونەی نماییش دەکرا و زیندانییەکان گشتیان پێکەوە سەیری دیمەن بە دیمەنی فیلمەکەیان دەکرد. لەو کاتەی کە دەبوو مۆنتاژی فیلمەکەی بکات، گونەی لە زیندان هەڵهات و بەرەو سویسرا ڕۆیشت. کاتێک لە کان نماییش کرا، کۆمەڵێک کەسی بۆ دابین کرابوو تا بیپارێزن لەدەست خزمەتکارانی نهێنیی تورکی.“

لە سەرەتای تەمەنی هەرزەکاریدا، دایکی ئاکین نماییشی فیلمی ڕێگەی بۆ کۆمەڵێک لە هاوڕێکانی لە ماڵەکەی کردووە، دواتر مشتومڕ و قسە دەربارەی فیلمەکە کراوە. ئاکین سەرسام بووە بەو کەشە دڵتەنگەی لە فیلمەکەدا هەیە. یەکێک لە زیندانییەکان کە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، دەبینێت ژنەکەی ڕۆیشتووە و بووەتە سۆزانی. ئەرکی ئەو ئەوەیە بیهێنێتەوە، تاوەکو سزای بدات.

هەست دەکەین کە ڕەنگە لێی خۆش بێت، بەڵام تەقلید و خۆبەزلزانین ڕێگریی لێ دەکەن لەوەی یارمەتیی بدات و دواتر لە سەرمادا لەسەر چیا بەفراوییەکە، ژنەکە ڕەق دەبێتەوە، لە هەمان ئەو جێگەیەی پێشتر ئەسپی مێردەکەی تیایدا ڕەق دەبێتەوە.

ئەوان منداڵەکەشیان لەگەڵدایە، کە تەمەنی دوازدە ساڵە، هەمان ئەو تەمەنەیە کە ئاکین بۆ یەکەم جار فیلمەکەی تیادا بینیوە. ئەو دەڵێت بیرمە کە بە تەواوەتی تووشی شۆکی کردم. ئەمە سینەمایەکی زۆر فیزیکییە: ڕێک دەبەسترێیت بە شاشەی نماییشی فیلمەکەوە. ئەو ئازارەی کارەکتەرەکان هەستی پێ دەکەن، تۆش هەستیان پێ دەکەیت. شتێکە هەرگیز لەبیری ناکەیت.

هاوبەشی بکە

A Director From Prison, Fatih Akin, Serif Goren, Yilmaz Guney,