26/04/2024
DidiMn Logo
Top

ئێمیل سیۆران، ژیان بە تاسەی خۆكوشتنەوە

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

ئێمیل سیۆران

ئێمیل سیۆران

دیدی من

هاشم ساڵح
له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ شوان ئەحمەد

 

ئەگەر سەرت لێهاتەوە یەك و بەتەواوەتی بەتەنگ هاتیت، ئەگەر بارودۆخت بە شێوەیەكی ترسناك خراپ بوو، ئەگەر گەشتیتە ئەو ئاستەی بەزەییان پێدا بێتەوە، ئەوا ئامۆژگاریی تۆ و خۆیشم دەكەم بچین بۆ نۆرینگەكەی دكتۆر سیۆران. لەوێدا چارەسەری حازربەدەستی لێیە و فریامان دەكەوێت.

دكتۆر سیۆران پسپۆڕی نەخۆشییە دەمارییەكان و حاڵەتە زۆر ڕەش و قەترانییەكانە. ئەو تەنها ڕێنوێنیت ناكات تا فێر بیت چۆنچۆنی بەر بەو نەهامەتییانە بگریت كە یەخەت پێ دەگرن، بەڵكو فێریشت دەكات چۆن دڵخۆش بیت پێیان و چۆن ئارەزوویان بكەیت، بۆ ئەوەی (تەنانەت بەر لەوەشی ڕوو بدەن) خۆت هەڵبدەیتە ئامێزیانەوە.

وەك چۆن پزیشك ڕێنوماییت پێ دەدات دژ بە ئەنفلۆنزا و سیل و كۆلێرا، لە ڕێی ناردنی هەندێک ڤایرۆسی ئەو نەخۆشییانەوە بۆ نێو جەستەت، بەو شێوەیەش فەیلەسوفی ڕۆمانی ئێمیل سیۆران بە هۆی قاندانی ڕۆحت بە جۆرەها ڕەشبینی و شین و هاوار، وات لێ دەكات بەرگەی خەمۆكی بگریت و بیرۆكەی خۆكوشتن لە مێشكی خۆتدا لا بەریت، تەنانەت وات لێ دەکات توانای ئەوەشت هەبێت بەرگەی هەرنەهامەتییەك بگریت، ئەگەر بە ئاست و قەوارەی كارەساتێكی مێژووییش بیت، بۆ نموونە وەك كارەساتی گەلی سوریا. ئیتر لەوە زیاتر چیت دەوێت؟ بەڵام ئەگەر تۆ بەختەوەر و دڵخۆشیت و بە ڕەنگی پەمەیی بەولاوە زیاتر ژیان نابینیت، ئەوا بێگومان پێویست بەوە ناكات سیۆران بخوێنیتەوە.

ئەگەر تۆ لە عەبەسیەتی بوون تێناگەیت و لە هەستی تراژیدیانە لە بووندا بێئاگایت، ئەوا هەرگیز قەرەی مەكەوە، چونكە خۆشبەختانە ئەو بۆ تۆ دەست نادات. دەگوترێت دەیان گەنجی فەڕەنسی بە هۆی خوێندنەوەی كتێبەكانی سیۆرانەوە دەستبەرداری خۆكوشتن بوون.

ئەوانە دوای بێنەوبەردەیەكی زۆر لەگەڵ خۆیاندا گوتیان: ”ئەگەر كەسێکی زۆر ڕەشبینی وا، هەموو ئەو چركەساتە تۆقێنەرانەی ئەزموون كردبێت و هێندە قووڵ بووبێتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا هەرمابێت، كەواتە كێشەكانی ئێمەومان هیچ نین و شایەنی باسكردن نین. ئەگەر كەسێكی تیرۆرستی لەم چەشنە خۆی نەكوشتبێت، ئیتر بۆچی ئێمە خۆمان بكوژین؟“

جارێك لە جاران هاوسەری هاوڕێیەكی تەلەفۆن بۆ سیۆران دەكات و بە هاتوهاوارێكی زۆرەوە پێی دەڵێت: ”دەستم دامێنت، فریا بكەوە دەیەوێت خۆی بكوژێت! لە وەڵامدا دەڵێت: نەكەیت بارگیر، تەنها دە دەقە چاوەڕێ بكە تا پاركی لۆكسمبۆرگ دەبڕم و دەگەمە لات. بڕێك ڕەشبینیی خەست و خۆڵت پێ دەدەم و بۆ هەتا هەتایە چاك دەبیتەوە“؛ بەڵام هاوڕێكەی لە سێ‌ دەقە زیاتر چاوەڕێ‌ ناكات و لە قاتی دەیەمی یەكێك لە  باڵەخانەكانی مۆنبارناسەوە خۆی فڕێ‌ دەداتە خوارەوە. لێرەدا چارەسەرەكانی دكتۆر سیۆران بەكەڵك نەهاتن. ئاخر هەموو جارێك گۆزە بە ساغی لە كانی نایەتەوە.

بەڵام با بزانین ئەم ئێمیل سیۆرانە كێیە؟

نووسەرێكی بەئەسڵ ڕۆمانییە. بەر لە جەنگی جیهانیی دووەم دەگاتە پاریس، تا مردنی (لە تەمەنی هەشتاوچوار ساڵیدا(1911-1995)) لەوێ دەمێنێتەوە. كێ‌ بە خەیاڵیدا دەهات كارەكتەرێكی ڕەشبینی وا، ئەو هەموو ساڵە بژیی؟

بە درێژایی ئەو ماوە زۆرەی تەمەنی، هەر خەریكی بەنەفرەتكردنی ژیان و ئەو ڕۆژ و سەعاتە بووە كە تێیدا لەدایك بووە و لە بەرانبەردا خەریكی ستایشكردن و پێداهەڵدانی دێوانەیی و پووچگەرایی و خۆكوشتن بووە. لەگەڵ ئەوەشدا هیچ یەك لەو شتانەی لێ‌ ڕوو نادات. من دڵنیام ئەگەر سیۆران ژیانی خۆش نەویستایە و زۆر بە تاسەی زیندەگییەوە نەبوایە، ئەو هەموو ساڵە نەدەژیا.

ساڵی 1947 سیۆران بڕیار دەدات لە ڕووی زمانەوانییەوە خۆی بكوژێت، واتە بە یەكجارەكی دەستبەرداری زمانی ڕۆمانی بێت و بە فەڕەنسی بنووسێت. بڕیار دەدات واز لە زمانی دایك  و منداڵ خۆی و شەوە درێژەكانی زستان بهێنێت. دەستبەرداری زمانی چیرۆك و بەسەرهاتە كۆنەكان بێت. ئەو چیرۆك و بەسەرهاتانەی لەوێ‌ لە گوندێكی قەدپاڵی شاخەكانی ڕۆمانیادا گوێبیستیان دەبوو. لەوێدا خەرەندی قووڵ و خۆری زیوین و تۆپەڵە تەمومژ و بۆن و بەرامەی خودایی هەبوو.

ئەو بڕیارەی ئەو دای بڕیارێكی ترسناك بوو، تەنها سەرشێتەكان (واتە ئەوانەی كوشتەی ئەزموونكردنی ئەركە قورسەكانن) لە دەستیان دێت. دەڵێت: ”ڕۆژانە پێویستم بە كێشانی دەیان سیگار و فڕكردنی دەیان كوپ قاوە هەبوو، تا بتوانم ڕستەیەكی ڕاست و ڕەوان بەو زمانە زۆر سەخت و خانەدانە بنووسم“.

زمانگۆڕین كارێكی سەختە، بەتایبەت بۆ نووسەر. ڕەنگە ئابووریناسێك بێ‌ هیچ كێشەیەك زمانەكەی بگۆڕێت، هەروەها كۆمەڵناس، كیمیاناس، فیزیاناس و… تا دوایی، بەڵام شاعیر یاخود هونەرمەند چۆن دەتوانێت زمانەكەی بگۆڕێت، بێ‌ ئەوەی خۆی بكوژێت؟

چۆن دەتوانێت لە زمانی دایكی جیا بێتەوە (زمانی منداڵ و سەرەتای گەنجێتی)، ئاخر ئەو زمانە بە خوێن و دەمار و ناخیدا ڕۆ نەچووە؟

وەك چۆن ناپاكیی نەتەوەیی یان نیشتمانی هەیە، بەو جۆرە ناپاكیی زمانەوانییش هەیە و دەتوانم بڵێم: ”گۆڕینی زمان لە گۆڕینی ئایین قورسترە.“ ئەگەر بە زمانی عەرەبی بنووسیت، ئەوا بزانیت یان نا پێ دەنێیتە نێو كەلەپوورێكی پانوپۆڕ لە نووسینی شیعرئامێز و پەخشانئامێز.

هەر هێندەی بە عەرەبی دەستت بە نووسین كرد، ئیدی شیعری جاهیلی، قورئانی پیرۆز، جاحز، موتەنەبی، تەوحیدی، مەعەڕی، ئیبن زەیدون، تەها حوسێن، میخائیل نەعیمە، جوبران خەلیل جوبران، تەنانەت نزار قەبانی و بەدر شاكر سەیابیش لە پشت خۆتەوە دەبینیت…

خۆ ئەگەر بە زمانی فەڕەنسییش بنووسیت، ئەوا بە ناچاری ڤۆلتێر، ڕۆسۆ، ڤیكتۆر هۆگۆ، بەلزاك، ستاندال، فلوبێر، بۆدلێر، جان پۆڵ سارتەر، ئەلبێر كامۆ و ڕینێیە شار دەبینیت

ڕۆلان بارت هێندە وابەستەی زمانی فەڕەنسی بوو، هیچ زمانێكی دیكە فێر نەبوو. قبووڵی نەبوو هاوبەشی تری بۆ پەیدا بكات. فەڕەنسی بۆ ئەو هەر زمان نەبوو، بەڵكو ئەوینێكی دەگمەن و بەهاداریش بوو.

پەیوەندیی هونەرمەند بە زمانەوە، پەیوەندیی ئەوین و خۆشەویستییەكی سەرمەدییە. پەیوەندییەكی نەخۆشانەیە، بە مانای پڕواوپڕی وشەكە. نووسەر وەك چۆن دەردەداری ژنە، ئاوەهاش دەردەداری زمانە. لێرەدا مەبەستم نووسەرە بە مانا ڕاستەقینەكەی، نەك نووسەری هاكەزایی و خرتوخاڵی.

فلوبێر بەدیار گۆڕینی ڕستەیەكەوە، هەفتەیەكی ڕەبەق خەریك دەبوو. لەبەر ئەوەیە سیۆران پێی وایە تەنها نەخۆشە گەورەكان نووسەری گەورە و مەزنن. هەر بەڕاستی پێویستە نەخۆش بیت، بۆ ئەوەی ببیتە نووسەرێكی ڕاستەقینە. ئەگەر دووچاری ڤایرۆسی هزر و ئەدەب نەبووبیت، ئەوا ئیجاب ناكات بنووسیت.

ئەوانەی بێ‌ ئەو ڤایرۆسە دەنووسن، نووسەرانی پلەدوو و پلەسێ‌ و پلەدەن و هەرگیز حسابیان بۆ ناكرێت. ئایا دۆستۆیڤسكی نەخۆش نەبوو؟ نووسەرێك هەیە لە دنیادا لە دیستۆڤیسكی نەخۆشتر بێت؟ ئەی نیتچە، هەرچی دەرد و بەڵای ئەم دنیایەیە هەیە لەودا نەبوو؟ ئەی دەكرێت بڵێین بۆدلێر ساغ و سەلامەت بووە؟ لیستەكە زۆر دوورودرێژە. كەواتە هەموو بلیمەتێك نەخۆشە، بەڵام هەموو نەخۆشێك بلیمەت نییە.

سیۆران چۆن بوو بە نووسەرێكی بلیمەت؟ چ برینێكی تێ بوو؟ ئەو ڤایرۆسی نووسینە كامە بوو لێیدا؟ نهێنیی ئەو هەموو ڕەشبینییە قووڵە چییە كە بە چەند فرسەخێ‌ لەولای مەعەڕی و شۆپنهاوەرەوەیە؟

وەكو خۆی باسی دەكات، هۆكاری ئەوانە ڕووداوێكی ئاسایی و چاوەڕواننەكراو بووە و لەو بارەیەوە دەڵێت: ”تەمەنم نزیكەی بیستساڵان بوو كە گەورەترین تراژیدیا لە ژیانمدا ڕووی دا و بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەگەڵمدا مایەوە و تا هەتایە کاریگەریی لەسەر ڕۆحم بەجێ هێشت. هەرچییەكم نووسیوە و بیرم لە هەرچی كردووەتەوە و هەموو ئەوەی بەرهەمم هێناوە تێكڕای تێفكرین و ڕێنەكانم، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كاتە. ئەوەی ڕووی دا بەم جۆرە بوو: زۆر بە سادەیی نەمدەتوانی بنووم و خەوم لێ نەدەكەوت. بۆ یەك چركەش چییە چاوم لێك نەدەنا. بە درێژایی كات بەخەبەر بووم. دەتوانن مەزەندەی شتێكی وا بكەن؟ بە ئەقڵتاندا دێت كەسێك هەبێت بە درێژایی بیستوچواردانە سەعات بەئاگا بێت؟ لە كاتێكدا شار هەمووی لە خەودا بوو، من تەنها كەسێك بووم نەدەخەوتم. لەبەر ئەوە هەموو نیوەشەوێك لە ماڵ دەچوومە دەرەوە و بە شەقامە چۆڵەكاندا دەهاتم و دەچووم، ئەو شەقامانەی تەنها پشیلە و لەشفرۆشانی پێوە بوو. بە درێژایی شەو پێم دەكوتی و ئەملاو لام دەكرد تا دەمەوبەیان. پاشان دەگەڕامەوە بۆ ماڵەوە، نەك بۆ ئەوەی بنووم، بەڵكو بۆ ئەوەی نانی بەیانی بخۆم، وەك هەموو ئەوانەی بە درێژایی شەو نووستبوون. لەو سەروبەندەدا بوو یەكەم كتێبم نووسی: ترۆپكی نائومێدی (هەڵبەت بە زمانی ڕۆمانی). لەو كتێبەدا ئەو ئەزموونە تۆقێنەرەی خۆم و شۆكی ژیانم تۆمار كرد. ئەوە وەك وەسێتنامەی كۆتایی خۆم وەها بوو، چونكە لەو بڕوایەدا نەبووم دوای ئەوە بژیم. پێم وابوو بێچەندوچون خۆم دەكوژم و تەواو دەبم. ئاخر چۆن دەكرێت بە درێژایی تەمەنت بەبێ‌ خەو بژیت؟ بەڵام خواستی قەدەر وا بوو بژیم“.

بەم جۆرە دەبینین هەموو نووسەرێكی ڕاستەقینە كێشەیەكی تایبەت و برینێكی لە پشتەوەیە. ڕەنگە جۆری ئەو برینە لە نووسەرێكەوە بۆ نووسەرێكی دیكە جیاواز بێت، بەڵام هەقیقەتەكە یەك شتە، ئەویش ئەوەیە: نووسین قەرەبووكردنەوەی لەدەستدانی دنیایە. قەرەبووكردنەوەی گورزێكی ناهەقییە كە ڕۆژێك لە ڕۆژان و لەپڕێكدا بەرمان كەوتووە.

نووسین تەقەلایەكی شێلگیرانەیە بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ دنیادا، هەوڵێكە بۆ پڕكردنەوەی ئەو خەرەندە قووڵەی لە نێوان تۆ و دنیا (یان لە نێوان خۆت و خۆت)دا دروست بووە.

لەو كاتەوە سیۆران هەست بەوە دەكات ناكرێت متمانەی بە دنیا هەبێت و گومانێكی قووڵی لا دروست دەبێت. لەو ڕۆژە بەدواوە پاكی و بێگەردیی سیۆران بۆ هەمیشە لە بن دەچێت. پاشان گورزی تر و نائومێدیی دیكە بەرۆكی دەگرن و تا وای لێ دێت جێگەی بۆ گورزی دیكە پێوە نامێنێت.

لێرەوە ئیدی لای ئەو شۆپنهاوەر و نیتچە بەسەر كانت و هیگڵ و تەواوی ئەو فەیلەسوفە ئەقڵانییانەدا زاڵ دەبن كە بڕوایان بە داهاتووی مرۆڤایەتی دەبێت. لەبەر ئەوە سیۆران دەبێتە گەورەترین نووسەری ڕەشبین لە سەردەمی نوێدا و وەك نموونەیەك دەهێنرێتەوە. بەم جۆرە وێنە نێگەتیڤەكەی ژیان لای ئەو بەسەر وێنە پۆزەتیڤەكەدا زاڵ دەبێت.

ڕەنگە لەوەدا بەهەڵەدا چووبێت كە قەشمەری بە بیرۆكەی پێشكەوتن هاتبێت و ئەگەری باشتربوونی هەلومەرجی مرۆڤایەتی و دروستكردنی شارستانییەتەكانی بە لاوە پەشم بووبێت. بە ڕای من ئەو لەو شتانەدا هەڵە بووە و وەك خۆم لە هەوادارانی نیم، بە پێچەوانەی ئەوەی لەم وتارەدا هاتووە؛ بەڵام چی بكەین ئەگەر ژیان زیاد لە پێویست گەستبێتیت و متمانە بە هیچ نەکەیت:

”یا أم دفر لحاك الله والدة

فیك العنا‌ء وفیك الهم والسرف

لو أنك العرس أوقعت الطلاق بها

لكنك الآم مال عنك منصرف“

-المعري-

عەجیب و غەریب ئەوەیە سیۆران لە ژیانی ئاساییدا كەسێكی میهرەبان بووە و شەڕانگێز نەبووە، وەك ئەوەی بە كتێب و ئایدیاكانیەوە دیارە، بەڵام متمانەی بە مرۆڤ لەدەست داوە و ڕۆژێك لە ڕۆژان خراپ بریندار كراوە. كەواتە كێ‌ متمانە بۆ سیۆران دەگێڕێتەوە؟

بۆ ئەوەی بیرۆكەیەك دەربارەی ئەو ڕەچەتە پزیشكییە ئامادەكراوانەی دكتۆر سیۆران بەردەست بخەین، هێندە بەسە ناونیشانی چەند كتێبێكی بخەینە ڕوو: ”پوختەیەك دەربارەی داڕزان و داوەشان، واتە چۆن مرۆڤ خانە بە خانە لە ناوەوە دادەڕزێت و هەلا هەلا دەبێت‌ و پشوو دەدات. یان بەدیی و خراپییەكانی لەدایك بوون، واتە ئەو ماڵوێرانییانەی بە هاتنە دنیات بەسەرتدا دێت، دنیایەكی بێعاری پڕ لە قۆرت و نائومێدی و … تا دوایی. یاخود ترۆپكی نائومێدی، واتە چۆن نائومێدی لەپەلوپۆت دەخات و تارومارت دەكات؟“

هەر نووسەرێك دوا چۆڕی پێكی نائومێدی فڕ نەكات، هیچ داهاتوویەكی نابێت و چاكتر وایە بچێت لەبری نووسین كارێكی دیكە بكات. ئەوە بەو قسەیەی دۆستۆیڤسکی دەچێت كە ڕۆژێكیان بە نووسەرێكی لاوی گوتبوو. نووسەرە لاوەكە لێی دەپرسێت: ”كەسێك چۆن دەتوانێت ببێتە نووسەرێكی گەورە؟”، ئەویش لە وەڵامدا پێی دەڵێت: ”بەوەی ئازار بچێژێت، ئازار بچێژێت، ئازار بچێژێت“. ئەوەش نزیكە لەو گوتەیەی ڕانیا ماریا ڕێلكەوە كە گوتوویەتی: ”پێویستە هەزار جار بمریت، بۆ ئەوەی پیتێك بنووسیت”. پێویستە دابەزیت بۆ نێو ئەو پێچوپەنا و توناوتونانەی كەس پێی تێنەخستووە.

هەستكردنی ئێمیل سیۆران بە بەتاڵی و پوچێتیی بوون، مەگەر هەستكردنی نایلیستییە فەڕەنسییەكانی وەك ئادامۆف، یۆژین یۆنسكۆ و ساموێل بیکێت شان لە شانی بدات. واتە ئەوەی پێی دەڵێن ئەدەبی پوچگەرایی و نامەعقول.

ئەگەر لە ڕووی ڕەشبینیی بێقەیدومەرجەوە قسە بكەین، ئەوا دەتوانین بڵێین سیۆران بۆریی هەموو ئەوانەی داوەتەوە و ڕەشبینیی ئەو نەتروسكاییەك (نەک تۆزە هیوایەك)ی تێدا نییە. هەر ئەوەشە دەمترسێنێت و وام لێ دەكات تەرێزی لێ بكەم و تەنانەت ڕقیشم لێی بێتەوە، لەبەر ئەوەی زیاد لە پێویست لەو دەچم (تەنانەت لە ڕووی سەر و  سەكتیشەوە).

بەوپێیەی ڕقم لە حاڵی خۆم دەبێتەوە، ئەوا ڕقیشم لەوە. بە پێچەوانەی ئەوەی خوێنەری ئەم وتارە مەزەندەی دەكات، من بۆیە لەبارەیەوە دەنووسم تا قوتارم بێت لە دەستی. كە ئەمەش دەڵێم ددان بە كارایی میتۆدەكەیدا دەنێم، لەسەر ئاستی سایكۆلۆژی.

بیکێت سەرباری ئەوەی لە ناخی خۆیدا بڕوای بەوە هەبوو كە گۆدۆی فریادڕەس نایەت، بەڵام لەسەر هاتن و نەهاتنی نیشانەیەكی پرسیاری كراوەی جێهێشتبوو، بەڵام سیۆران هەموو ئەو نیشانەی پرسیارانەی بەیەكجاری داخست. نە گۆدۆ دێت و نە هیچ.

بەهەرحاڵ تاكە بابەتێك سیۆران لە بیستن و دووبارەكردنەوەی بێزار نابێت، ئەمەیە: ”چۆڵەوانیی دنیا و مۆڵەقی شتەكان و پوچگەرایی بوون و بێسەمەریی ژیان، بەتایبەت ژیانی خۆی، هەرگیز لە خۆم نابوورم كە هاتمە دنیاوە، ئای لەو نەگبەتی و ماڵوێرانییە! خوا ئەو ساتەوەختە بە نەفرەت بكات، بڕوا و نەیەتەوە“.

هەموو ئەوانە لەبەر ئەوەیە سیۆران بە قووڵی هەست بە بێسەمەریی خۆی دەكات لەم ژیانەدا و دەزانێت چەند بە خەستی پەراوێز كەوتووە و توانای ئەوەی نییە لەگەڵ هیچ سیستمێكی كۆمەڵایەتیدا هەڵبكات. هەست دەكات لە یەك كاتدا بارە بەسەر شانی خۆی و ئەوانی دیكەشەوە: ”تەنها مەگەر لەشفرۆشێكی بێکڕیار، لە من بێكەڵكتر بێت!“.

دە كەی ئەو ڕووداوە مەزنە ڕوو دەدات و ئەو مەرگە پڕچێژە دێت، تا چەكوچەوێڵەكەی فڕێ‌ بدات و پشوو بدات؟

سیۆران سەروەختێك هاوڕێیەكی دەمرێت، خەمی بۆ ناخوات، بەڵكو ئیرەیی پێ دەبات و بەرەو ئەوە دەچێت ڕقی لێ هەڵبگرێت، لەبەر ئەوەی ئەو خەڵاتە دەستگیری ئەو بووە ئەم لێی بێبەشە. بەوپێیەی زۆربەی هاوڕێكانی (بە ساموێل بیكێتیشەوە) بەر لەو مردن، ئەوا ئەوە وەك جۆرێك لە ناپاكی و فریودان دادەنێت و پێی وایە ئەوان زۆر لەو بەختدارتر بوون.

نەكەیت، هەرگیز نەكەیت سیۆران لەو تەنیاییە پانوپۆڕەیدا جاڕس بكەیت، بۆ نموونە لەبارەی خۆشەویستییەوە قسەی بۆ بكەیت! چونكە ڕەنگە چاوت لێ زەق بكاتەوە یان دەمی داپچڕێت و بحەپەسێت، یاخود لەوانەیە گومان لە ئەقڵ و ژیریت بكات. ئەوە ئەگەر داوا نەكات دەستبەجێ‌ ڕەوانەی نەخۆشخانەیەكی دەروونیت بكەن.

لە هەموو حاڵەتێكدا بە كەسێكی گژۆژەت دادەنێت، كە هیچ شتێک كەڵكی نابێت لەگەڵتدا و بە هیچ ڕێك نابیتەوە. لەوانەشە وا بزانێت سەر بە چاخە دێرین و سەردەمە بەسەرچووەكانیت.

هەتا بۆت دەكرێت دەتوانیت باسی ڕەوشی عەرەب بۆ سیۆران بكەیت: باس لە داڕزان و داوەشان و گلۆربوونەوە و نوچدان“ و ڕەنگە هەندێک ئامۆژگاریی بەسوودیشت پێ بدات بۆ ئەوەی بارودۆخەكە زیاتر و زۆرتر خراپ بێت و دیوار و بنمیچەكان دابڕمێت و داری بەسەر بەردەوە نەمێنێت.

ئەوكات دەتوانیت لەگەڵیدا چێژ لەو دیمەنی وێرانە گەورەیە وەربگریت كە لە زەریاوە درێژ دەبێتەوە تا كەنداو، لەسەر داروپەردوی ئەو وێرانەیەش داهاتوو لە خاڵی سفرەوە ڕا دەبێت. با بەخێر بێت داروپەردو و بەسوتماكبوون! با بەخێر بێت ماڵوێرانی و نوچدانەكان!

”الآرض للطوفان مشتاقة

لعلها من درن تغسل“

المعري

دواجار ”نەكەیت، هەرگیز نەكەیت“ باسی هاوسەرگیری و خێزان دروستكردن و منداڵخستنەوە لای سیۆران بكەیت، لەبەر ئەوەی وەها لێت مۆڕ دەبێتەوە، سەرپێی خۆت نەگریت. ئەوە ئەگەر دەستبەجێ‌ بە گۆچانەكەی نەكەوێتە گیانت. ئەو لە سوكایەتیپێكردنێكی وەها بێدەنگ نابێت. ڕەنگە وا بزانیت سیخوڕیی بەسەرەوە دەكەیت، چونكە ئەو منداڵخستنەوە بە گەورەترین تاوان ئەژمار دەكات لە دنیادا.

نهێنیی سەرسامبوونیشی بە ئەبوعەلای مەعەڕی لەبەر ئەوەیە و پێی وایە مەزنترین كارەكتەری فیكری-ئەدەبییە كە مێژووی عەرەب بەرهەمی هێنابێت:

هذا جناه أبي علي

وما جنیت علی أحد!

                   

هاوبەشی بکە

Emil Cioran, Shwan Ahmad, Wtari Kteb,