20/04/2024
DidiMn Logo
Top

خواردنی زەیتوون لە کۆتاییی دونیادا

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

ئێتگار کێرێت
لە ئینگلیزییەوە: ژیوار جەوهەر

دونیا خەریکە کۆتایی پێ دێت و من وا زەیتوون دەخۆم. سەرەتا ویستم پیتزا بخۆم، بەڵام کە چوومە سوپەرمارکێتەکەوە و بینیم هەموو ڕەفەکان بەتاڵن، هەستم کرد باشترە هەویری پیتزا و سۆسی تەماتە لە بیری خۆم ببەمەوە. هەوڵم دا قسە لەگەڵ کاشێرەکە بکەم، کە ژنێکی بەتەمەن بوو و لە مۆبایلەکەیەوە بە سکایپ بە ئیسپانی قسەی لەگەڵ کەسێکدا دەکرد، هەرچۆنێک بێ وەڵامی منی دایەوە، بێ ئەوەی سەر هەڵبڕێت. تەواو تێک شکابوو.

لە بەر خۆیەوە گوتی، ”هەموو شتێکیان کڕی. بەس سانتی و ترشیاتی لێ ماوە.“

تاکەشتێک لە بەشی ترشیاتەکە مابوو شووشەیەک زەیتوونی ناواخنراو لە بیبەری شیرین بوو، دڵخوازترین جۆری زەیتوون لای من.

کە چوومەوە لای کاشێرەکە، ژنە دەگریا. ”هەر دەڵێی سەموونی گەرمە،“ وای گوت، ”ئەو نەوە چکۆلە و شیرینەم. هەرگیز جارێکی تر نایبینمەوە، قەت بۆنی ناکەمەوە، جارێکی تر ناتوانم بچکۆلانەکەم لە باوەش بگرمەوە.“

لەجیاتی وەڵامدانەوە، شووشە زەیتوونەکەم لەسەر مێزەکەی دانا و پەنجایییەکم لە گیرفانم دەرهێنا. ”ئاسایییە،“ وام گوت کاتێ هەستم کرد پارەکە وەرناگرێت، ”باقییەکەم ناوێت.“

”پارە؟“ بە گاڵتەپێکردنێکەوە ئەمەی گوت، ”دونیا وا خەریکە کاول ببێت و تۆش پارەم دەدەیتێ؟ چی لەو پارەیە بکەم؟“

شانەکانم هەڵتەکاند. ”من ئەو زەیتوونانە دەبەم. ئەگەر پەنجا بەس نییە زیاتر دەدەم، هەر چەندێک بێ…“

”باوەشێک،“ ژنەی کاشێر بە چاوی پڕ گریانەوە قسەکانی پێ بڕیم و ئامێزی کردەوە، ”باوەشێک دەکات.“

ئێستا لە بالکۆنیی ماڵەکەم دانیشتووم، سەیری تەلەڤزیۆن دەکەم و پەنیر و زەیتوون دەخۆم. سەخت بوو تەلەڤزیۆنەکە بێنمە دەرەوە، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرە بێ، هیچ ڕێگەیەکی باشتر نییە بۆ ئەوەی کۆتایی پێ بێنیت، جگە لە تەماشاکردنی ئەستێرەکان و زنجیرەفیلمێکی خراپی ئەرجەنتینی. بەشی ٤٣٦ـە و هیچ کام لە کاراکتەرەکانیش ناناسم. جوانن، بەهەستن، بە ئیسپانی بەسەر یەکتریدا دەقیڕێنن. ژێرنووسی نییە، بۆیە قورسە بزانیت بۆچی دەقیڕێنن. چاوەکانم دەنووقێنم و بیر لە ژنەی کاشێری سوپەرمارکێتەکە دەکەمەوە. کاتێک یەکترمان لە باوەش گرت هەوڵم دا بچووک بم، گەرموگووڕتر بم. هەوڵم دا وا دەربکەوم تازە لە دایک بووم.

ئێتگار کێرێت، چیرۆکنووس، دەرهێنەر و سیناریۆنووسێکی خاوەنخەڵاتی ئیسرائیلییە. خاوەنی نۆ کۆمەڵەچیرۆک، دوو کۆمیک، کتێبێکی منداڵان و کتێبێکی یادەوەرییە. کتێبەکانی بۆ ٤٨ زمان وەرگێڕدراون. براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانە مەدالیای هونەر و ئەدەبیاتی وڵاتی فەڕەنسا، خەڵاتی ساپیر بۆ ئەدەبیات، کە ناودارترین خەڵاتی ئەدەبییە لە ئیسرائیل، هەروەها خەڵاتی کامێرای زێڕینی فێستیڤاڵی فیلمی کان. یەکەمین کۆمەڵەچیرۆکی ئێتگار کێرێت بە زمانی کوردی لە داهاتوویەکی نزیکدا لە لایەن وەشانخانەی پەیک بڵاو دەکرێتەوە.

هاوبەشی بکە

DidiMnStory, Etgar Keret,