20/04/2024
DidiMn Logo
Top

دیمانە لەگەڵ عەبدۆ شێخۆ، وەرگێڕێک لە ڕۆژئاڤاوە

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

عەبدۆ شێخۆ – ٢٠١٩، سلێمانی

(٢١ـی نۆڤەمبەری ٢٠١٩ – سلێمانی)
دیمانەوان: ژیار ھۆمەر 

ژ. ھ.: کاک عەبدۆ، بە ئەرک نەبێ خۆتان بناسێنن.  
ع. ش.: من ناوم عەبدۆ شێخۆیە. ساڵی ١٩٨٧ لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاڤای کوردستان لە دایک بووم. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیم هەر لەوێ تەواو کردووە و پاشان ئامادەییم لە حەلەب و بەشی مافم لە شام خوێندووە. ماوەیەکیش بیرازکەری وەشانخانەی «لیس»ـی ئامەد بووم. لەم چەند ساڵەی دواییەوە لە قامیشلۆ دەژیم و خەریکی کاروباری چاندی و وێژەییم.

لە کەیەوە دەستتان کردووە بە وەرگێڕان؟
لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە دەستم بە وەرگێڕان کردووە. سەرەتا ڕۆمانی «شکەفتێن هایدراهۆداهۆس»ـی «سەلیم بەرەکات»ـم وەرگێڕا بەڵام ڕۆژئاڤا و سووریا هیچ وەشانخانەیەکی لێ نەبوو کە پەڕتووکی کوردی بڵاو بکاتەوە، بۆیە ساڵی ٢٠١٣ لە وەشانخانەی لیس لە ئامەد بڵاو بووەوە.

ئەو بەرھەمانەی نووسیووتانن و وەرتانگێڕاون چین؟
بەرهەمێکی پەخشانیم نووسیوە و بە ناونیشانی «بۆغەیێ بریڤایێ» بڵاوم کردووەتەوە. لە بواری وەرگێڕانیشدا، حەوت بەرهەمم لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، چواریان هیی سەلیم بەرەکاتن: «شکەفتێن هایدراهۆداهۆس، مرییێ سادە، هەر دوو ژیاننامە و نێرگز»، پەڕتووکێکی عەلی ئەلموقری بە ناوی «جهوویێ خوەشکۆک»، پەڕتووکێکی عەباس مووسا بە ناوی «ژنەکە لاشقۆت» و پەڕتووکێکی شیار عیسا بە ناوی «هن پرسیار دەر بارێ دەمۆکراسییێ دە». هەروەها بە هاوکاریی هاوڕێم ئیبراهیم خەلیل ڕۆمانی «دواهەمین هەناری دنیا»ـی «بەختیار عەلی»ـم لە کوردییەوە بۆ عەرەبی وەرگێڕاوە. ئێستایش خەریکی وەرگێڕانی پەڕتووکێکی حسێن جمۆم بە ناوی «دیرۆکا سیاسی یا نەقشبەندیتییا کوردی» و پڕۆژەیەکم هەیە بۆ وەرگێڕانی سێ پەڕتووکی کوردی بۆ عەرەبی.

 پتر باسی وەرگێڕانی سەلیم بەرەکاتمان بۆ بکەن. بەتەمان کتێبەکانی تری وەربگێڕن؟
هەر وەک پێشتر ئاماژەم پێ دا، چوار بەرهەمیم وەرگێڕاوە: سێ ڕۆمان و پەڕتووکێکی منداڵان. وەکو تر، دڵم پێوەیەتی «دیلەژنێن شنگالێ»ـیش وەربگێڕم بۆ کوردی. سەلیم بەرەکات نووسەرێکی کوردی عەرەبینووسە. پێگەیەکی بەرزی لە وێژەی هاوچەرخی عەرەبیدا هەیە. زمانەکەی سەیر و سەرنجڕاکێشە، خەیاڵی بۆ ڕۆماننووسین زۆر دەوڵەمەند و بەدیهێنەرە. پێم وایە پێویستە هەموو بەرهەمەکانی بکرێنە کوردی. هەڵبەت نەک لەبەر کوردبوونەکەی، بەڵکو لەبەر ئاستە وێژەییە بەرزەکەی.

وەک دەزانین عەرەبییەکەی سەلیم بەرەکات ئاسان نییە، ئەو ئاستەنگ و کۆسپانەی لە کاتی وەرگێڕاندا بەرەڕووتان دەبووەوە چی بوون؟
بێگومان، وەرگێڕانی بەرهەمەکانی زۆر ئاستەنگ و بەربەستیان تێدایە. زمانی کوردییش پێویستی بە وەرگێڕانی چڕوپڕە تا ئەزموونی کوردی گەشە بسەنێ و خۆی لە هەموو بوارەکاندا بسەلمێنێ. وەرگێڕان ئاسۆی بەرینتر لە بەردەم زماندا دەکاتەوە و زمان خەستوخۆڵ دەکات. سا مەرامی سەرەکیم لە وەرگێڕانی بەرهەمەکانی سەلیم بەرەکاتدا هەر ئەوەیە. پێویستە زمانەکەمان لە چوارچێوەی خۆدووپاتکردنەوە بترازێ و لە ئاسمانە نەبڕانەوەکاندا بفڕێ.

ئایا سەلیم بەرەکات خۆی وەرگێڕانەکانی ئێوەی بینیوە؟ گەر بەڵێ، سەرنجی چی بوو؟
بەڵێ، من بۆ وەرگێڕانی هەر بەرهەمێکی ئیزنم لێ وەرگرتووە و بۆیشم ناردووە. بەڵام نازانم سەرنج و هەڵسەنگاندنی ئەو چۆنە، چونکە تا ئێستا بە زاریدا نەهاتووە و خۆیشم نازانم ئاستی کوردییەکەی لە نووسینەکیدا تا چ ڕادەیەکە و داخۆ دەتوانێ بەرهەمەکانی خۆی بە کوردی بخوێنێتەوە یاخود نا!

 دواھەمین ھەناری دنیاتان وەرگێراوە بۆ عەرەبی، لە کورمانجییەکەیەوە وەرتانگێڕاوە یان سۆرانییەکەی؟ کەمێک باسی ئەو وەرگێڕانەمان بۆ بکەن.
ئەو بەرهەمە لە لایەن من و هاووەرگێڕەکەم ئیبراهیم خەلیل وەرگێڕدراوە. ئێمە لە کورمانجییەوە وەرمانگێڕاوە، لەو کورمانجییەی بەڕێز بەسام مستەفا ئامادەی کردووە. بەڵام گەڕاوینەتەوە سەر دەقە ڕەسەنە سۆرانییەکەی، دەقە کورمانجی و سۆرانییەکەیشیمان بەراوردی یەکتر کردەوە، بەتایبەت جێگە ئاڵۆزەکان. ئەوپەڕی هەوڵمان خستە گەڕ تا بە ئەمانەتەوە وەریبگێڕین.

کاتێک دەقە کورمانجی و سۆرانییەکەتان بەروارد دەکردەوە، ئاستی وەرگێڕانە کورمانجییەکەیتان پێ چۆن بوو؟
وەرگێڕانەکەی بەڕێز بەسام مستەفا زۆر باش و بێ‌گرێوگۆڵ بوو، بەڵام دیسانەوە هەر دەمانویست بگەڕێینەوە سەر دەقە سۆرانییەکەی بۆ ئەوەی هێزی دەقە ڕەسەنە سۆرانییەکە بەسەر وەرگێڕانەکەماندا بسەپێنین.

پاش بڵاوبوونەوەی وەرگێڕانەکەتان، پرسیارێک لەمەڕ ناونیشانەکەی ورووژا و دەگوترا «آخر رمانات العالم» گونجاو نییە و نەپێکراوە، سەرنجتان چییە؟
بە گوێرەی مەنتیقی عەرەبی سەداسەد ڕاستە و لە لایەنی ڕاستنووسی و ڕێزمانیشەوە هیچ کێشەیەکی نییە. لە وەرگێڕاندا، پێویستە کراسی زمانی ئامانج (لێرەدا عەرەبییە) بکرێتە بەری دەقە ڕەسەنەکە (لێرەدا کوردییە). ناچار نیین وشەبەوشە و بێگیان و پڕگرێوگۆڵ وەریبگێڕین! دەمانتوانی هەر بە سانایی بڵێین «آخر رمانة في العالم» یان «آخر رمان الدنيا»، بەڵام ئەو ناونیشانە لە عەرەبیدا سەرنجڕاکێش نییە و زۆر سادەیە، یان لەگەڵ زمانی عەرەبیدا نایەتەوە. بوارێکی بەرین بە ناوی «تیۆریی ناونیشان» هەیە، پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێ. خۆ دەمانتوانی سەرلەبەری ناونیشانەکەی بگۆڕین -وەرگێڕ دەتوانێ ئەوە بکات- بەڵام پێویستی نەدەکرد، لەبەر ئەوەی ناونیشانە کوردییەکەی زۆر سەرنجڕاکێش و خۆش بوو، تەنێ پێویست بوو کراسی عەرەبیی بکرێتە بەر. ئێمە پەیوەندییشمان لەگەڵ بەڕێز بەختیار عەلیدا هەبوو و وەرگێڕانەکەی خۆمانمان بۆ نارد، زۆر پەسنی وەرگێڕانەکەمانی دا و گوتی تا ئێستا وەرگێڕانێکی ئەوەندە جوان و بەپێزی بۆ بەرهەمەکانی نەبینیوە. ئێمەیش شانازی بەو هەڵسەنگاندنەیەوە دەکەین. هەڵبەت ئەوە بەو واتا نایەت کە چیدی ئەو وەرگێڕانە هەڵنەسەنگێندرێ و ڕەخنەی لێ نەگیرێ، گرنگە ئەوەیە ڕووبەری ڕەخنە و هەڵسەنگاندنەکان فراوان بن و مەنتیقیان لە پشتەوە بێت و هەر ناونیشانەکەی نەگرێتەوە!

بە گشتی بارودۆخی وێژەیی و چاندی لە ڕۆژئاڤای کوردستان چۆنە؟
ڕۆژئاڤا لە هەموو بوارێکدا ساوایە. بزاوتی هاوچەرخی وێژەییی ڕۆژائاڤا دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی هاوارەکەی میر جەلادەت بەدرخان، زۆر کۆن و دەوڵەمەندە، بەڵام هەمیشە چەوسێندراوەتەوە و زەوت کراوە. تەنانەت تا پێش شۆڕشی ڕۆژئاڤایش، زمانی کوردی قەدەغە بوو و تێکڕای بزاوتی چاندی بە دزی و لە پشت پەردە و دەرگای داخراوەوە بەڕێوە دەچوو. لەم ٨ ساڵەی ڕابوردوودا، دۆخەکە -تا ڕادەیەک- گۆڕاوە و بزاوتێکی چاندی هاتووەتە ئاراوە، کەچی هێشتاکە شەڕی بەردەوام و هێرشەکانی دژی ڕۆژئاڤای کوردستان، ڕێ لە بەردەوامیی و بەرەوپێشچوونی و گۆڕانکاریی دەگرێ. بزاوتی چاندی پێویستیی بە ئۆقرە و هێمنییەکی بەردەوام و سەقامگیر هەیە.

بارودۆخی وەرگێڕان لە ڕۆژئاڤا چۆنە؟
دەتوانم بڵێم بزاوتێکی وەرگێڕانی ڕێکوپێک و چالاک هەر نییە، تا ئێستا ئەوەی هەیە هەوڵدانی تاکەکەسییە و هەروەها هەوڵدانی کرچوکاڵی هەندێک ڕێکخراوە. بەر لە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر سەرێ کانی و گرێ سپی، هەوڵی دامەزراندنی ڕێکخراوێکی تایبەتیی وەرگێڕان لە ڕۆژئاڤای کوردستان هەبوو، بەڵام نازانم بە کوێ گەییشتووە. هەر وەک پێشتر گوتم، شەڕی بێ‌بڕانەوە و بێ‌هەدان هەمووشتێک لێوانلێوی پشێویی و ئاڵۆزی دەکات.

مخابن! زۆرێک لە بەرھەمە وێژەییەکانی جیھان، لە زمانی دووەم و سێیەمەوە وەردەگێڕدرێنە سەر سۆرانی! داخۆ ئەو کتێبانەی وەردەگێڕدرێن بۆ کورمانجی، لە زمانی چەندەمەوەن؟
خۆی لە خۆیدا شەپۆلی وەرگێڕان لە کورمانجیدا بەگوژم نییە، وەرگێڕان بۆ سۆرانی بەپێزترە، بەڵام باشییەکەی ئەوەیە زۆرینەی ئەو بەرهەمانەی وەردەگێڕدرێنە سەر کورمانجی، لە زمانی یەکەمەوەیە وەردەگێڕدرێن. بە بڕوای من، ئەو خاڵە هەر زۆر گرنگە، چونکە وەرگێران لە زمانی دووەم و سێیەمەوە زۆر ترسناکە. پێویستە بەرهەمەکان ڕاستەوخۆ لە زمانی یەکەمەوە وەربگێڕدرێن. بەڵام کێشەی سەرەکیی وەرگێڕانی کورمانجی ئەوەیە زمانی وەرگێڕەکان لاوازە، وەرگێرانەکانیان لە لایەنی داڕشتنەوە و ڕێنووس و ڕێزمانەوە نەمەییوە!

لەم ساڵانەی دوایدا، بڕێک بەرھەمی نووسەرانی ڕۆژئاڤا بە سۆرانییش بڵاو بوونەوە، بۆ نموونە ژان دۆست و حەلیم یووسف. گەلۆ! داخۆ خوێنەرانی ڕۆژئاڤا، تا چەندێک ئاگاداری وێژەی سۆرانین؟
لەم دە ساڵەی دوایدا، زۆر بەرهەمی شێوەزاری سۆرانی کورمانجێندران و گەلەک خوێندرانەوە. هەوڵی کەسانی وەک بەڕێز بەسام مستەفا لەو بوارەدا فرەیە. ئێمە بە هۆی ئەو و جوامێرانی دی ئاگاداری وێژەیەکی ئاستبەرز بووین. بەرهەمەکانی بەختیار عەلی، عەتا نەهایی، فەرهاد پیرباڵ، ماردین ئیبراهیم و نووسەرانی تری شێوەزاری سۆرانی لای خوێنەری کورمانجی سەرسامکەرە، سا ڕەدوویان دەکەون و حەزیان لێ دەکەن. پێم وایە نووسینی سۆرانی باش پێش کەوتووە و کاریگەرییەکی باش لەسەر نووسینی کورمانجییش دادەنێت. پێویستە ئەو بڕە پیتگواستنەوەیە (بەکورمانجیکردن و بەسۆرانیکردن) لە نێوان هەردوو شێوازەرەکەدا بە شێلگیری بەردەوام بێ و خۆی بگەیەنێتە زازاکی، هۆرامی و لوڕییش.

 هەلومەرجی زمانی کوردی لە ڕۆژئاڤا چۆنە؟
بارودۆخی زمانی کوردی لە ڕۆژئاڤا ڕۆژ بە ڕۆژ باشتر دەبێ. ئیدی زمانی کوردی لە هەرێمە سەربەخۆکانی ڕۆژئاڤا زمانێکی فەڕمییە، بە سەدان هەزار منداڵ و لاوی کورد فێری زمانی دایکییان دەبن، ڕێکخراو و دەزگا و زانکۆ دادەمەزرێ. کەموکوڕی و کۆسپ زۆرە، بەڵام ئەو پڕۆسەیە پڕۆسەیەکی ماوەدرێژە و چەندین لەمپەڕ و کۆسپ و ئاستەنگ تێدەپەڕێنێ تا بەرێکی سوودمەند بگرێ. ئەوەی گرنگە ئەوەیە بارودۆخەکە هێور ببێتەوە و دابمرکێتەوە و هەڕەشەی قڕکردنی دەستکەوتەکانی کورد بڕەوێتەوە.

 کاریگەریی عەرەب و عەرەبی بەسەر ڕۆژئاڤاوە چییە؟
ڕۆژئاڤا بە دەیان ساڵ لە ژێر زەبروزەنگی تواندنەوە و داگیرکارییەکانی چاندیی عەرەبی ماوەتەوە. سیاسەتی بەعەرەبکردنی ڕێژیمی بەعسی سووریا کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر زمانی کوردی، هۆشیاری و وێژەی زارەکیی کوردانی ڕۆژئاڤای کوردستان داناوە. ناوی هەزاران گوند، شار، ناوچە و شوێنەواری کوردان عەرەبێندراون، چاند و زمانی کورد ڕەش کراوەتەوە، قەدەغە کراوە و پشتگوێ خراوە. ئەوە گورزێکی جەرگبڕی لە کیانی کوردی داوە. لەبەر ئەم هۆکارانە، کوردانی ڕۆژئاڤا پێویستییان بە گڕوتین و خەباتێکی مەزنی چاندی و زمانی هەیە تا هزری کوردی پاکتاو بکرێتەوە. بنچینەی بەرەوپێشچوونی زمان و چاندی کوردی ڕۆ بنرێن و دیسان ئەو چاندە بگەشێتەوە.

داخۆ پەیوەندیی نێوان ڕۆژئاڤا و باکوور بە گشتی چۆنە؟
ھەم لە ڕووی وێژە و زمان و چاندەوە؟ ئاستەنگانەکانیش چین؟ وەک هەموو پارچەکانی کوردستان، ڕۆژئاڤا و باکوور وەک گۆشت و ئێسقان گرێدراوی یەکترن. چاند، زمان، ڕابوردوو و داهاتووی هەموو پارچەکانی کوردستان یەکن. ئەمڕۆ ئەو هێرشە قورسانەی لەسەر ڕۆژئاڤای کوردستانن هەر زۆر گرێدراوی دۆخی باشوور و باکووری کوردستانن. ئێمە بەرەنگاری ئەو هێرشانە دەبینەوە لەبەر ئەوەی داگیرکەرانی خاکەکەمان نایانەوێ ڕۆژئاڤایش وەک باشوور بگاتە مافەکانی خۆی، تاکوو پاشتر باکووریش نەگاتە هەمان ئەو مافانە. ڕۆژئاڤا و باکوور بنسوور و سەرسنوورن. نێوان قامیشلۆی بنسنوور و نسێبینی سەرسنوور تەلبەند کراوە و دیوارێکی داگیرکاریی تورکیای لێیە. لە لایەنی چاندییەوە، تێکەڵاویییەکی پتەو لە نێوان ڕۆژئاڤا و باکووری کوردستاندا هەیە. تا نهۆ، زۆرینەی نووسەرانی ڕۆژئاڤا بەرهەمەکانیان لە باکوور چاپ دەکەن و خوێنەرانی باکوور پتر دەیانناسن. هەروەها نووسەرانی باکوور وەک محەمەد ئوزون، ڕێناس ژیان، حەسەنی مەتێ، ئارژەن ئاری… هتد لە ڕۆژئاڤای کوردستان زۆر ناسراون و خۆشەویستن. بێگومان پردی چاندیی نێوان ڕۆژئاڤا و باشووری کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ پتەوتر دەبێت. ئەوەیش هیوایەکی گەش بە کورد دەبەخشێت.

 ئێوە وەک وەشانخانەی نەقش و پەڕتووکخانەی بندارۆک لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی سلێمانی بەشداریتان کردووە، سەرنجتان لەسەر پێشانگاکە چییە؟ خوێنەرانی باشوور، پێشوازی لە کتێبە کورمانجییەکان دەکەن؟ گەلۆ! بەنیازن ساڵانی داھاتوو بەشدار ببنەوە؟
ئەمە بۆ یەکەمین جارە ئێمە وەک وەشانخانەی نەقش و پەڕتووکخانەی بندارۆک لە پێشانگایەکی نێودەوڵەتیدا بەشدار دەبین. ئەوەیش لە بەشێکی کوردستانە، بۆ ئێمە جێی دڵخۆشی و شانازییە. هەروەها ئەمە یەکەمین جارە پێشانگایەکی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت. ڕاستە کەموکوڕی هەیە، بەڵام هێشتا دەرفەتێکی باشە و پێشوازییەکی باشی پەڕتووکی کورمانجی لە سلێمانی هەیە. لەوانەیە ئێمە لە بواری داراییدا سەر نەکەوتبین، بەڵام پەیوەندییەکی توندوتۆڵمان لەگەڵ نووسەر و وەشانگەڕانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان داناوە، ئێمە بەرهەمی کورمانجیی لاتینیمان گەیاندە پایتەختی ڕۆشنبیریی باشووری کوردستان، ئەوە بۆ خۆی ئەوپەڕی سەرکەوتنە. هیواداریشین بەشداریی پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بکەین و پردی چاندی لە نێوان کوردستانیاندا پتەوتر بکەین.

زۆر سوپاس بۆ ئەم ھەڤپەیڤینە، دیسان بەخێرھاتن بۆ سلێمانی.
شایەنی نییە. ماڵتان ئاوا بێ.

  • بیرازکەر: Editor. – ژ
  • چاندی: کولتوری
  • تواندنەوە: بشافتن، ئاسیمیلاسیۆن، Assimilation

دیمانە بە شێوەزاری کورمانجی لە RiaTaza

https://krd.riataza.com/2019/12/16/hevpeyvina-li-gel-evdo-sexo/
هاوبەشی بکە

Abdo Shexo, Kurdish, Rojava, Translation,