23/03/2024
DidiMn Logo
Top

وەشانی نووسیار کتێبێک دەربارەی فەلسەفەی کیەکەگۆرد بڵاو دەکاتەوە

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ڕاگەیاندنی وەشانی نووسیار

وەشانی نووسیار به‌م زوانه‌ کتێبی ”دەرگای بەختەوەری ڕووی لە دەرەوەیە” سەبارەت بە فەلسەفەی سۆرن کیەکەگۆرد چاپ و بڵاو دەکاتەوە، کە لە لایەن ئالان پەرییەوە کاری ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە دانیمارکییەوە بۆ کراوە.

ئامادەکار و وەرگێڕی کتێبەکە، ئالان پەری، لە بارەی گرنگیی زمانی دانیماریکی پەیوەند بەو فەیلەسووفەوە دەڵێت: ”لە ساڵانی سەرەتای هاتنم بۆ دانیمارک، هەوڵی خوێنندەوەی سۆرن کیەکەگۆردم دا، بەڵام ئەوکات کەمزانینی زمانی دانیمارکی تاکە هۆکار بوو بۆ ئەوەی زیاتر هەوڵ بدەم فێری زمانی دانیمارکی بم تاكو لە دنیابینی و ڕوانگەی ئەم نووسەرە دەگمەنە بگەم. ئێستا لەو قسە ناودارەی خەڵکانی دانیمارک دەگەم کاتێک دەڵێن، خەڵکانی تری گۆی زەوی بە مەبەست دێنە دانیمارک بۆ ئەوەی فێری زمانی دانیمارکی ببن، تا بتوانن سۆرن كیەكەگۆرد بە دانیمارکی بخوێننەوە. بەڵێ، ئەمە ئەوپەڕی ڕاستییە، ئەگەر بوار هەبێت ئەوا کیەکەگۆرد هەر بە زمانی دانیمارکی هەستێکی فراوان و پرچێژی قووڵبوونەوە لە ژیان و مەینەتی و بوون دەدات.  كیەكەگۆرد زمانێکی ئێجگار قورس و قووڵی هەیە، ڕات دەچڵەکێنێت، وات لێ دەکات بە دوایدا بگەڕێیت، وات لێ دەکات فێری زمانەکەی بیت. بۆ من کاتبەسەر بردن لەگەڵ جیهان و نووسینەکانی كیەكەگۆرددا ئاسوودەیی دەروونی و چێژی تایبەتیم پێ دەبەخسێت. ئەمە خەون و هەوڵێکی منە بۆ ئەوەی خوێنەری کورد لەم چێژ و دنیا فراوان و دیدە قورسە بێ بەش نەکەم.”

هەروەها سەبارەت بە ناوەڕۆکی کتێبەکە دەڵێت: ”ئەم کتێبە بەرهەمی چەندین ساڵی گەڕان و خولیای كات تەرخانكردنە بۆ كارەكانی كیەكەگۆرد و وەک پڕۆژەیەکی درێژخایەن دەبینرێت بۆ کارکردن لە وەرگێڕانی کتێبەکانی تریدا. ئەم کتێبە دەروازەیەک و تیشکخستنە سەر زیاتر ناسینی فەلسەفەی کیەکەگۆردە بە گشتی. لە بە شی یەکەمیدا باس لە چۆنێتیی ژیان و ڕەوانبێژی و تێگەیشتنەکانی بۆ ئایین و ڕەوشت و کۆمەڵگە و سیاسەت دەکرێت، لە بەشی دووەمدا گرنگترین چەمکە دیارەکانی بە زمانێکی ئاسان شی کراونەتەوە و لە بەشی سێیەمدا پایەکانی دۆزینەوە لە خۆ دەگرێت و لە بەشی چوارەمدا هەڵبژاردەیەکی فراوان لە وتە دێرین و ناودارەکانی كیەكەگۆرد وەرگێڕراون، كە دەکرێت لە ژیانی ڕۆژانە و لە کاری کارگێڕیی و بڕوا بە خۆبوون و گەشەی مرۆیی و خۆدۆزینەوە بە کار بهێنرێن. لە کۆتا بەشدا کاروانی پڕبەرهەم و ژیانی کیەکەگۆر بەپێی ساڵ ئامادە کراوە.”

ئالان پەری، شاعیر و وەرگێڕ، ساڵی ١٩٧٨ لە سلێمانی لە دایک بووە. بە هەرسێ زمانەکانی کوردی و عەرەبی و دانیمارکی شیعر دەنووسێ و کاری وەرگێڕانی ئەدەبی لە دانیمارکییەوە بۆ کوردی دەکات. ئەندامی کارای ” Danish PEN”ە و لە چەندین گۆڤار و ڕۆژنامەی کوردستان و دانیمارک شیعر و نووسین و وەرگێڕانی خۆی بڵاو دەکاتەوە. خاوەنی چوار کتێبە لە شیعر و وەرگێڕان: سەراپام خەونە، شیعر، ٢٠٠٩. شیعر بۆ ترسنۆکەکان نییە،-نیلس هاو، وەرگێڕان، ٢٠١٦. جەنگاوەرەکان پیشەیان مردنە، شیعر، ٢٠١٩. شاعیرەکان، پایک مالینۆڤسکی، شیعر، وەرگێڕان، ٢٠١٩. هەروەها ئەندامی دەستەی وەرگێڕانی پرۆژەی شیعری نوێی کوردی بە زمانی دانیمارکییە و لە ئایندەیەکی نزیکدا گەورەترین ئەنتۆلۆجیای شیعری کوردی بە زمانی دانیمارکی بڵاو دەکرێتەوە. ئێستا نیشتەجێی وڵاتی دانیمارکە.

پەرەگرافیک لە کتێبەکەوە:

”مرۆڤ کاتێک سەیری خۆی لە ئاوێنەیەکدا دەکات خۆی نابینێت، بەڵکو مرۆڤێکی تر دەبینێت. هەر بۆیە لەسەرەتای درووستبوونیەوە، مرۆڤ بەدحاڵ و نیگەرانە، چونکە لە گیاندەرکانی تر ناچێت، بەڵکو لە مرۆڤ دەچێت. تەنیا مرۆڤیش نییە، بەڵکو شتەکانی تری مرۆڤبوونیشە و دەبێت خۆی بێت. لێرەدا، ئەرکەکە بۆ مرۆڤ قوڕستر دەبێت. مرۆڤبوون خۆی لە خۆیدا ئەرکە، ئەو کاتەی مرۆڤ ناگاتە ئاستی ئەرکەکەی، تووشی بەدحاڵی و پەرتەوازەبوون دەبێت و لە نێو گرمۆڵەی خۆیدا چەق دەبەستێت. هەر بۆیە دەبێت بۆ بژاردەکانی تری ژیان بگەڕێتەوە.”

هاوبەشی بکە

Nusyar publication,