14/09/2024
DidiMn Logo
Top

خه‌ڵاتی نووسیار: وته‌ی دیدی من له‌ ڕێوڕه‌سمی بڵاوبوونه‌وه‌ی خه‌ڵاته‌كانی نووسیاردا

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردن

ماڵپەڕی کلتووریی دیدی من سپۆنسەری میدیایی خەڵاتی نووسیار و ڕێوڕه‌سمی بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبه‌كانی نووسیار بوو بۆ ساڵی ٢٠٢٠ و به‌شێوه‌ی نووسراو، بینراو و بیستراو كاری له‌سه‌ر ڕووماڵكردنی تەواوی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ كرد. له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا ساڤان عه‌بدولڕه‌حمان، وه‌ك سه‌رنووسه‌ری ماڵپه‌ڕی كلتووریی دیدی من وته‌ و په‌یامی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی خوێنده‌وه‌.

ده‌قی وته‌كه‌:

دیدی من ماڵپەڕێکی کلتووریی کوردییە، چه‌ند ساڵێكه‌ له‌بواری كلتووردا هه‌وڵی داوه‌  ببێته‌ زه‌مینه‌یه‌ك بۆ په‌خشكردنی كاروپڕۆژه‌ی كلتووریی چ له‌ڕێی ماڵپه‌ر و سۆشیاڵ مێدیاكانییه‌وه‌ و چ له‌ڕێی چالاكییه‌ كردارییه‌كانییه‌وه‌.

ماڵپه‌ڕه‌كه‌ له‌ ڕۆژی ده‌ستبه‌كاربوونییه‌وه‌ تاكو ئێستا توانیویه‌تی زیاد له‌ هه‌زار و دووسه‌د بابه‌به‌تی نووسراو، وه‌رگێڕدراو و ئاماده‌كراو له‌خۆ بگرێت و به‌ كوالێتییه‌كی به‌رزه‌وه‌ بیخاته‌ به‌رده‌م خوێنه‌رانی. بابه‌ته‌كان سه‌رجه‌میان وه‌ك بابه‌تگه‌لێكی ئه‌رشیڤی ماونه‌ته‌وه‌ و هه‌موو كه‌س ده‌توانێت وه‌ك سه‌رچاوه‌ی نووسین و توێژینه‌وه‌كانی سوودیان لێوه‌ربگرێت.

دیدی من لە لایەن چەند گەنجێكه‌وه‌ بەڕێوە دەبرێت و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی کارکردنی ڕۆژنامەوانی لە بابەتەکانی وەرگێڕان، ڕەخنە، چاوپێکەوتن و هەواڵی ڕۆژانە، بە شێوازێکی نوێ و بابەتییانە لە کایەی کلتووردا کار بکات، بە ئامانجی کاریگەریدانان لە کاری ڕۆژنامەوانیی کلتووریی کوردی

ئێمه‌ وه‌ك ستافی دیدی من پێماننوایه‌ كه‌ پانتاییه‌كی ئێجگار گه‌وره‌ دراوه‌ به‌و میدیایانه‌ی كاریگه‌رییه‌كی زۆر نه‌رێنییان داوه‌ته‌ كۆی كایه‌كانی ژیانكردن له‌م هه‌رێمه‌ بچووكه‌دا و زیانێكی یه‌كجار گه‌وره‌یان له‌ كایه‌ی كلتوور به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی داوه‌. به‌داخه‌وه‌ ده‌بێت بیڵێین ئه‌م كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌ كاریگه‌رییه‌ك نییه‌ كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كورتخایه‌ن بمێنێته‌وه‌ به‌ڵكو كاریگه‌ریگه‌لێكی دوورمه‌ودای هه‌یه‌ و بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ به‌‌سه‌ر نه‌وه‌یه‌ك یان چه‌ند نه‌وه‌یه‌كی دیاریكراوه به‌دره‌وام ده‌بێت ئه‌گه‌ر بێت و به‌مجۆره‌ی ئێستا بمێنێته‌وه‌.

بۆیه‌ ئێمه‌ له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا ده‌مانه‌وێت جه‌خت له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌ر جۆره‌ جوڵه‌و چالاكییه‌كی كلتووری كه‌ به‌ هێز و نه‌فه‌سێكی جددی بهێنرێته‌ به‌رهه‌م. جێی خۆیه‌تی ستایش و پاڵپشتی بكرێت.

له‌كۆتاییدا هیوای به‌رده‌وامی و سه‌ركه‌وتنی زیاتر بۆ نووسیار ده‌خوازین و جێی خۆشحاڵییه‌ كه‌ ڕووماڵی ته‌واوی چالاكییه‌كه‌مان له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌ و به‌ قزه‌یه‌كی هاوڕێیانه‌ كارمان تێداكردووه‌. هیوادارین ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ساڵ به‌ ساڵ له‌رووی كوالێتی و ناوه‌ڕۆكه‌وه‌ به‌رزتر و به‌رزتر بێت و ساڵ له‌دوای ساڵ به‌ شێوازێكی دیكه‌ و كوالێتییه‌كی دیكه‌ خۆی نوێ بكاته‌وه‌.

هاوبەشی بکە

DidiMn, Nusyar publication,