24/04/2024
DidiMn Logo
Top

فەرامۆشكردنی خوێنەر

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

سیامەند هادی

خوێنەر مرۆڤێكە مێژووی نییە و ژیان و سایكۆلۆژیایەكی تایبەتیی نییە، ئەو كەسێكە لە هاوكێشەی نووسەر-دەق- خوێنەردا بوونی پەیوەست بووە بە ئامادەبوونی دوالیزمی ئەو هاوكێشەیەوە. ئەم نادیارییەش وێنەی خوێنەری لە شتێكی ئامادەبووی بەرجەستەوە، گۆڕیوەتە سەر وێنەیەكی هەبووی نادیار. نائامادەبوونی چەمكی خوێنەر وەك پێكهاتەیەكی لەبەرچاو، ئەوەندەی تر خوێنەری بەرەو فەرامۆشكردن بردووە و زیاتر نووسەر و دەق بەهەند وەرگیراون. لەگەڵ ئەوەشدا كاتێك دەق بە خوڵقێنەرێكەوە گرێ دەدرێت، ئەوا نووسەر دەبێتە چەقی تێڕوانین و گرنگیپێدان.
لە ڕەخنەی كلاسیكیدا خوێنەر بە هیچ شێوەیەك جێی گرنگیدان نەبووە و لەو شێوە ڕەخنەیەدا جگە لەو كەسەی كە دەنووسێت، هیچ مرۆڤێكی دیکە لە ئارادا نییە. گەڕانەوەی بەردەوامیش بۆ نووسەر لەو جۆرە ڕەخنەیەدا، ئەوەندەی تر دەقی لە نووسەر نزیك دەكردەوە، بەڵام لە ڕەخنەی نوێدا تەواوی هاوكێشەكە پێچەوانە كرایەوە و خوێنەر وەك چەق تەماشا كرا، ئەوەش بە هێنانەخوارەوەی پلەی نووسەر بە ئاكام گەیشت، بەپێی ئەو وتەزایەی كە لەدایكبوونی خوێنەر بەندە بە مەرگی نووسەرەوە. بە بڕوای ڕۆلان بارت دەق لە كۆمەڵێك نووسینی جیا پێك دێت، كە لە كۆمەڵێك كەلتووری جیاوە سەرچاوە دەگرن و لەگەڵ یەكدا دەكەونە دیالۆگەوە و لاسایی یەكدی دەكەنەوە. لەگەڵ یەكتردا ناكۆك دەبن، بەڵام خاڵێك هەیە كە تێیدا كۆ دەبنەوە، ئەو خاڵەش نووسەر نییە وەك ئەوەی لەسەری ڕاهاتووین، بەڵكو خوێنەرە. لە ڕەخنەی نوێدا خوێنەر كەسێكی بێ پرسیار و بێ بیركردنەوە نییە، بەڵكو ئەویش لە قاڵبگرتن و ڕاڤەكردنی دەقدا بەشدارە. سەرهەڵدانی چەمكی خوێنەر لە ڕەخنەی نوێدا گفتوگۆی زۆری لێ كەوتەوە و ڕەخنەی كلاسیكی بە فەرامۆشكەری سەرەكیی ئەم چەمكە تاوانبار دەكرا.
ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە كە بە تەنها ئەوە ڕەخنە نییە دوای فەرامۆشكردنێكی درێژخایەن دواتر دێت ئاوڕ لە خوێنەر دەداتەوە، بەڵكو ئەو فەرامۆشكردنە بە پلەی یەكەم دەگەڕێتەوە بۆ دەق. كاتێك دەق هەموو شتێك بە شێوەیەكی سادە و ئاشكرا دەدات بە خوێنەر، ئەوا لە ماهیەتی خوێنەر دەهێنێتە خوارەوە. ئەو شێوە دەقانەی هەموو شتێك بە ئاشکرا و سانایی دەدركێنن، لە دیكتاتۆرێك دەچن كە قسە بۆ هاووڵاتیانی خۆیان بكەن، خۆیان پرسیار دروست دەكەن و هەر خۆیشیان وەڵامی دەدەنەوە. ئەوە دەقە كە خوێنەری بێپرسیار و بێجووڵە دروست دەكات، چونكە لە پێكهاتە و چوارچێوەی خۆیدا هیچ مەودایەك بۆ تێڕوانینی خوێنەر ناهێڵێتەوە. خوێنەری بیركۆڵ و بێپرسیار، ئەو خوێنەرانەن كە ناگەڕێن بەدوای مانا و دەلالەت و ڕاڤەی جیاوازدا، ئەویش لەو كاتەدا كە دەق لە نێو خۆیدا هەموو ئەوانەی بە ئاشكرا و سادەیی خستبێتە ڕوو. ئەو فەرامۆشكردنە لە ئێستاشدا بوونی هەیە و ئاستەنگیش لە بەردەم ڕەخنەدا دروست دەكات، چونكە جگە لەوەی كە ڕەخنەگریش بۆ خۆی پێش هەموو شتێك خوێنەرە، كردنەوەی هەموو كۆدەكان و ئاشكراكردنی دەلالەت و ماناكان لە نێو دەقدا، ئیشی ڕەخنە بەرتەسك دەكاتەوە. لێرەشەوە دوو جۆر لە دەق دەردەكەون، كە هەر یەكە و بە شێوەیەكی جیاواز ڕۆڵێكی تایبەت دەبەخشنە خوێنەر. هەر ئەوەش بوو وای كرد ڕۆلان بارت ناوی دەقی خوێنەرانە (readerly text) و دەقی نووسەرانە (writerly text) وەك دوو جۆر دەق لە بەرانبەر خوێنەرادا بخاتە ڕوو، كە دواتر ئیمبرتۆ ئیكۆ لەسەر هەردوو چەمكی دەقی كراوە و دەقی داخراودا ئیشی لەسەر كردن.
كەواتە دەكرێت بڵێین دەق خۆی ئەوە دیاری دەكات كە تا چەند ڕۆڵی خوێنەر بەهەند وەردەگرێت و وەك هەڵسوڕاوێك لێی دەڕوانێت بۆ گەڕان بە نێو پانتاییەكانی دەقدا. ئەوەش بەو مانایە نییە كە نووسەران لە كاتی نووسیندا بەردەوام خەیاڵیان لای خوێنەر بێت و بەپێی ئاستی ئەوان بنووسن، بەڵكو چۆنێتیی مامەڵەكردن و سەلیقەی نووسەر لەگەڵ دەقدا، وا دەكات خوێنەر جێگەی خۆی لە پێكهاتەی ئەو دەقەدا بدۆزێتەوە و بە وردی بە دووی نادیار و دەلالەتەكاندا بگەڕێت. ئەگەرنا هەموو دەقێكی داخراو، كۆمەڵێك خوێنەری بێ پرسیار و تەمەڵ دروست دەكات.

هاوبەشی بکە

Syamand Hadi, Wtari Kteb,