24/04/2024
DidiMn Logo
Top

ژانری فیلم چییە؟

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منویكیپیدیا
وه‌رگێڕان و ئامادەکردنی: هێرش سەعید

 

ژانری فیلم: پۆلێنکردنی وێنەی جوڵاوە بەپێی لێکچوون، پشتبەست بە ڕەگەزەکانی گێڕانەوەی فیلم یاخود کاردانەوەی بینەران.

زۆربەی ئەو تیۆرییانەی لە ژانری فیلم دەدوێن، لە ڕەخنەی ئەدەبییەوە وەرگیراون. سەرەکیترین ژانری فیلم، خه‌یاڵ (Fiction) و بەڵگەنامەیی(Documentary)یە. لەمانەوە نیمچەژانری تر سەریان هەڵداوە، لەوانە: بەڵگەنامەی-هەڵبەستی و بەڵگەنامەی-درامی. جۆرەکانی خه‌یاڵ (کە لەوانەیە ناپەیوەندیداریش دەربکەوێت) دەشێت یەک بگرن بۆ پێکهێنانی ژانرە ئاوێتەکان (Hybrid) وەک یەکگرتنی ترسناک (Horror) و کۆمیدیا (Comedy) لە فیلمەکانی مردووی بەدکار (Evil Dead )دا. یەکگرتنە باوەکانی تر بریتین لە کۆمیدیای ڕۆمانسی و کۆمیدیای ئاکشن.

هەروەها دەکرێت فیلمەکان بەگوێرەی ژینگە (Setting)، تێما (Theme) یان مژار (Topic)، کەش (Mood)، فۆڕمات، بینەری مەبەست، یاخود تێچوون پۆلێن بکرێن.

ژینگە: ئەو شوێنەیە کە چیرۆکەکە و جووڵەکانی تێدا ڕوو دەدەن. بۆ نموونە فیلمی جەنگی (War Film)، ڕۆژئاوایی (Western Film)، فەزایی (Space Film). بابەت یان مژار: بۆ ئەو ئاریشە و چەمکانە دەگەڕێتەوە کە فیلمەکە لە دەوریان دەخولێتەوە، بۆ نموونە فیلمی خەیاڵیی زانستی (Science-Fiction)، فیلمی وەرزشی (Sports Film)، یان فیلمی تاوان (Crime Film).

کەش: بریتییە لە تۆنی هەست و سۆزی فیلمەکە، بۆ نموونە فیلمی کۆمیدیا (Comedy Film)، فیلمی ترسناک (Horror Film) یان گریێنەر (Tearjerker Film).

فۆڕمات: بۆ ئەو شێوازی تۆمارکردنە دەگەڕێتەوە کە فیلمەکەی پێ گیراوە. بۆ نموونە شاشەی پان یان شێوەی پیشاندان بۆ نموونە 35 ملیم.

بینەری مەبەست: ئەمەیان لەجیاتی فیلمەکان، بینەرەکان پۆلێن دەکات و فیلمەکە ئاڕاستەی کەسانێکی تایبەت دەکات، بۆ نموونە فیلمی منداڵان (Children Film) یان فیلمی خێزانی (Family Film)، فیلمی هەرزەکار (Teenage Film) یان فیلمی ژنان (Women’s Film).

تێچووی بەرهەمهێنان: ئەمیش فیلمی بودجەی بەرز (Blockbuster) و بودجەی نزم دەگرێتەوە.

ژانری پوخت و ئاوێتە

مێژوونووسی فیلم جانێت ستایگەر دەڵێت: ژانری فیلمەکان دەکرێت بە چوار شێواز پێناسە بکرێن: مێتۆدی ئایدیاڵی بە پێوەرە پێشتر دیاریکراوەکان بڕیار لەسەر فیلمەکان دەدات. مێتۆدی ئەزموونی بە بەراوردکردنی فیلمەکان بە لیستی ئەو فیلمانەی کە کەوتوونەتە ناو ژانرێکی دیاریکراوەوە فیلمەکان دەناسێنێت. مێتۆدی ئەنجامگیری ڕەگەزەکانی ئەو ژانرە باوانە بەکار دەهێنێت کە پێشتر ناسێنراون. نەریتی کۆمەڵایەتی بەو شێوەیە ژانری فیلمەکان دەناسێنێت کە لە ناو کۆمەڵگەدا باوەوە و کۆدەنگیی لەسەرە.

مارتین لووپ پێداگریی لەوە دەکات کە فیلمەکانی هۆڵیود ژانری پووخت نین، چونکە زۆربەیان بابەتی خۆشەویستیی فیلمە ڕۆمانسییەکان تێکەڵ بە ژانرەکانی تر دەکەن.

جیم کۆڵینز، بانگەشەی ئەوە دەکات لە ساڵی 1980کانەوە فیلمەکانی هۆڵیود کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی مۆدێلی ئاوێتەبوونەوە، دەرهێنەرەکان ڕەگەزی ژانرە جیاوازەکان پێکەوە گرێ دەدەن، وەک تێکەڵکردنی فیلمی ڕۆژئاوایی بە خەیاڵی زانستی، وه‌ك له‌ فیلمی گەڕانەوە بۆ داهاتوو 3دا.

هەندێک لە فیلمەکان بەناو چەند ژانرێکدا تێدەپەڕن. بەم دواییانە تیۆرسازی فیلم ڕۆبەرت ستام، ئالنگریی ئەوەی کرد کە شتێک هەبێت بە ناوی ژانرەوە. ئەگەر هەشبێت تەنها دەستکردی ڕەخنەگرەکانە. ستام دەپرسێت کە ئاخۆ: ”ژانرەکان لە ناو ژیاندا هەن، یاخود لەڕاستیدا شیکەرەوەکان سازاندوویانە؟“ هەروەها دەپرسێت: ”ئایا ژانرەکان پۆلێنبەندییەکی کۆتاییهاتوویان هەیە یاخود لە بنەمادا بێکۆتایین؟“ “ئایا جەوهەرێکی کاتبڕیان هەیە، یان گرێدراوی کاتن؟“ و ”ئایا ژانرەکان پەیوەستن بە کولتوورەکانەوە یاخود کولتووربڕن؟“.

لە کاتێکدا هەندێک لە ژانرەکان پشت بە ناوەڕۆکی چیرۆکەکان دەبەستن، وەک فیلمی جەنگی (War Film)، ئەوانی تر لە ئەدەبەوە وەرگیراون (کۆمیدیا، میلۆدراما) یاخود لە میدیاکانی ترەوە، موزیکی musical، هەندێکیان پشت بە نواندن (performance) دەبەستن و هەندێکی تریشیان فیلمی هونەریی (art film)ن، هەروەها فیلمی نەژادی Race Films) و ڕەگەزی (Queer).

جۆن تروبی دەڵێت: ”پێویستە بزانیت چۆن فۆڕمەکان (ژانرەکان) تێدەپەڕێنیت، بۆ ئەوەی هەستی ڕەسەنایەتی و سەرسوڕمان بدەیت بە بینەرانەکانت.“ هەندێک سکریننووسیش ژانرەکان وەک ئامڕازی دیاریکردنی ئەو ناوەڕۆک و بابەتانە بەکار دەهێنن کە دەیانەوێت بیخەنە سەر شاشە. لەوانەیە بۆ وەرگرتنی نموونە فیلمەکانی ژانرێکی تایبەت ڕاڤە بکەن، بەڵام ئەم کارانە لە ڕەسەنایەتیدا کورت دەهێنن. وەک تروبی دەڵێت: ”نووسەرەکان دەزانن چۆن دەقی ژانرێکی تایبەت بنووسن، بەڵام هێندەش چیرۆکەکە ناشکێننەوە بە لای ژانرەکەدا کە ڕەسەنایەتیی خۆی لەدەست بدات.“

ژانرەکان و گرووپەکان

بەدەر لە ژانرەکان شێوازی تریشمان هەیە بۆ جیاکردنەوەی فیلمەکان. بۆ نموونە (Auteur) کە بریتییە لە کۆکردنەوەی فیلمەکان بەگوێرەی دەرهێنەرەکانیان. هەندێک گرووپیش ڕەنگە وەک ژانر بناسێنرێن، ئەگەرچی پێناسەکەیان جێی پرسیارە. بۆ نموونە فیلمە سەربەخۆکان (Independent Films) هەندێک جار وا باس دەکرێن وەک ئەوەی ژانری سەربەخۆ بن، لە کاتێکدا دەشێت سەر بە هەر کام لە ژانرەکانی تر بن. یان فیلمە هونەرییەکان (Art Films) بە ژانر دادەنرێن لە لایەن دەیڤید بۆردوێڵەوە کە دەڵێت: ”سینەمای هونەری هەر لە خۆیدا ژانری فیلمە، بە نەریتی تایبەتیی خۆیەوە.“ فیلمی هونەری دەکرێت لە ژمارەیەک ژانر پێک بێت وەک: دراما، فیلمی ئەزموونی (Experimental Films)، کۆمیدیای ڕەش…تا دوایی.

پۆلێنکردن

لەبەر ئەوەی ناسینەوەی ژانرەکان ئاسانترە لە پێناسەکردنیان، ئەکادیمیستەکان سەبارەت بەوە هاوڕان کە ناتوانرێت بە شێوەیەکی سەختگیر جیا بکرێنەوە. هەروەتر، وڵات و کولتوورە جیاکان بە شێوەی جیاواز ژانرەکان دەناسێنن. نموونەیەکی بەرچاو فیلمە جەنگییەکانە. لە ئەمریکادا مەبەست لێی دوو جەنگە جیهانییەکەیە، کەچی لە وڵاتانی تردا مەبەست لە هەر فیلمێکە کە باس لە هەر شەڕێکی مێژوویی بکات.

ژانری فیلمەکان وا دەردەکەون کە بە هۆی ژینگەکەیانەوە پۆلێنکردنیان ئاسان بێت. کەچی فیلمی وا هەیە هەمان ژینگەی هەیە و زۆر جیاوازیشە، بە هۆی جیاوازیی بابەت و کەشەکانیانەوە. بۆ نموونە هەردوو فیلمی شەڕی نیوەی ڕێگە (The Battle of Midway) و بەرەی ڕۆژئاوا ئارامه‌ (All Quiet on the Western Front) دیمەنی شەڕ پیشان دەدەن و ڕەنگە وەک ژانری فیلمی جەنگی پۆلێن بکرێن، لە کاتێکدا ئەوەی یەکەمیان بابەتەکانی شکۆ و قوربانی و جوامێری دەخاتە ڕوو، ئەوەی دووەمیان فیلمی دژەشەڕە کە جەخت لە ئازار و ترسناکیی شەڕ دەکاتەوە.

لیندا ویلیامس، بەڵگە دەهێنێتەوە بۆ ئەوەی فیلمی ترسناک و میلۆدراما و پۆرنۆگرافی هەموویان سەر بە ژانری جەستەن. لەبەر ئەوەی هەموویان بە مەبەستی بزواندن و کاردانەوەی جەستەی بینەران دروست کراون. فیلمی ترسناک بۆ ئەوە دروست کراوە کە گیانت بهێنێتە لەرزین و مووی لەشت بەرز بکاتەوە و خورپە بە دڵتدا بهێنێت. میلۆدراما بۆ ئەوە دروست کراوە کە بینەرەکان حەسرەت بکێشن و بیانخاتە گریان ئەو کاتەی بەدبەختییەکانی کەسایەتیی سەر شاشەکە دەبینن. پۆرنۆگرافییش بۆ ئەوەیە کە هەستی سێکسی لە بینەرەکانیدا ببزوێنێت. ئەم ڕێبازە دەکرێت درێژتر بکرێتەوە، کۆمیدیا خەڵک دەخاتە پێکەنین، گریێنەرەکان دەمانخەنە گریان و فیلمە شادیبەخشەکان مەعنەویاتی مرۆڤ بەرز دەکەنەوە و فیلمە سروشبەخشەکان هیوا بە مرۆڤەکان دەبەخشن.

بۆیە ژانری فیلمەکان (چ مەبەستی دانەرەکەی تێدا بووبێت یان نا) هەمیشە بە شێوەیەک لە شێوەکان فیلمەکان دەخەنە ناو چوارچێوەوە.

هاوبەشی بکە

Cinema, Film Genre, History of Cinema,