23/07/2024
DidiMn Logo
Top

فيلمى سينەمايى دارگوێز و كارەساتى كيميابارانى سەردەشت

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

ديدى من – خەبەرگۆزاریی میهر، ئيمنا
لە فارسییەوە: ڕێبوار هەورامی

 فیلمی سينەمايى دارگوێز، لە دەرهێناى محەمەد حسێن مەهدەويان، دەرهێنەر و  سيناريستى ئێرانه، لە ساڵى ٢٠١٩دا بەرهەم هاتووە، كه باس له كارەساتى كيميابارانى شارى سەردەشت دەكات له ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەمەش دەكاته پێنجەمين فيلمى سينەمايى ئەو دەرهێنەرە، هەروەها یەکێکە لەو بەرهەمانەی کە له سيوهەشتەمين خولى فیستیڤاڵی فيلمى فەجر نمایش کرا، توانی خەڵاتی باشترین دەرهێنەر و باشترین ئەکتەر بەدەست بهێنێت.  

پەیمان مەعادی ئەكتەرى ناسراوى ئێران، ڕۆڵی كارەكتەرێكى سەرەكیی بە ناوی قادر مەولانپور دەگێڕێت لەو فيلمەدا، كە له کاتی کیمیابارانی شاری سەردەشت ماڵباتەكەى ڕووبەڕووى گرفت و کێشەگەلێک دەبنەوە. لە بەشێكى ئەو فیلمەدا قادر له وەڵامی پرسيارێكى دادوەری دادگای لاهایدا، کاتێك كە  پێي دەڵێت بۆچی ئەوەندە هیوادار و ئومێدواریت؟ لە وەڵامی ئەو دادوەردا دەڵێت: ئەگەر ئێمەی کورد ئەوەندە گەشبين و ئومێدەوار نەبووینایە، دەمێک بوو لەناو چووبووین.

ئەو ئەکتەرانەی کە ڕۆڵیان لەو فیلمەدا بینیوە پێكهاتوون له، پەیمان مەعادی له ڕۆڵی قادر مەولان، مینو شەریفی لە ڕۆڵی مریەم، مینا ساداتی ڕۆڵی هوما و ميهران موديرى له ڕۆڵى ئەحمەددا.

سیناریۆی فیلمى دارگوێز لە لايەن ئيبراهيم ئەمينى و حوسەين حوسەينيیەوە نووسراوە، كە گێڕانەوەیەکی پڕ لە هەست و سۆزى تراژيدییە سەبارەت بە کارەساتی كيميابارانى شاری سەردەشت. ئەو هێرشەى کە لە ڕۆژى ٢٨\٦\١٩٨٧ لە لايەن ڕژێمى بەعسى عێراقییە ئەنجام درا.

ڕۆژى یەکشەممە ٢٨\٦\٢٠٢٠ سەعات پێنج تا هەشتی ئێوارە بە کاتی ئێران، کۆمەڵێک فۆتۆى فیلمی سینەمایی دارگوێز کە مەجید تاڵبی وێنەى گرتوون، لە پێشانگەيەكى فۆتۆگرافەرى نمايش کران. ئەوەش به ئامادەبوونى چەندين هونەرمەند، فيلمساز و تيمى بەرهەمهێنەرانى فيلمى دارگوێز. هەروەها نمايشى ئەو فۆتۆيانه هاوكات بوو لەگەڵ ساڵوەگەڕى كيميابارانى شارى سەردەشت.

لە لايەكى ديكەوە پەیمان مەعادی ئەکتەری سەرەكیی فیلمى ناوبراو، لە پۆستێكيدا لە هەژمارى تايبەتى خۆى لە تۆڕى كۆمەڵايەتیی ئینستاگرام، نووسیویەتی:

”وێنەگرتنی سینەمایی وەکو بەرهەمێکی سەربەخۆ قورس، ئاڵۆزو فرەڕەهەندە. ئەگەر فۆتۆ بەشێك بێت له گێڕانەوەی كارەساتەكان کە چی تێیدا ڕووی داوە، بە تايبەتى له بەڵگەفيلمە مێژووييەكان، ئەوا دەكرا زۆر شتى ديكە تێيدا ئاشكرا بكرێت. بەڵام لەم گۆشەنيگايەوە ئەم فۆتۆيانە بە بيرمان دەهێننەوە كە ئێمە لەوێدا بوونمان نەبووە، ئەمەش پێمان دەڵێت كە زۆر شتى ديكە بەجێ ماوە. واتا تۆمارکردنی ئەم ساتانە ڕووبەڕووى كاردانەوە و هەڵوێستەكردنمان دەكاتەوە كە چۆن بە يادمانی بهێنينەوە؛ كە بە بيرهێنانەوە ئەركى ئەوانەيە كە لەوێ بوونيان نەبووە، ئەوانەى نەيان بينيوە، ئەوانەيشى كە نەيان بيستووە. كەواتە بە بینینی ئەو فۆتۆيانە چەند چرکەیەک چاومان دابخەین، گوێمان بگرین و زمانمان دابخەين؛ مەگەر خەیاڵ، كەمێك ڕەهەندە تاريك و كارەساتبارەكانمان بۆ ڕوون بکاتەوە.”

هاوبەشی بکە

Persian Cinema,