14/09/2024
DidiMn Logo
Top

فرانسوا مارگۆلا كێیه‌

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

ديدى من – ويكيپێديا
له فەڕەنسييەوە: سەليم جەمال

فرانسوا مارگۆلا دەرهێنەر، بەرهەمهێنەر و سيناريۆنووسى ديارى فەڕەنسييه، له ساڵى ١٩٥٥ له پاريسى پايتەختى وڵاتى فەڕەنسا لەدايك بووە. فرانسوا لە دواى خوێندنى له بەشى بيركارى و ئەندازياريدا لە ساڵى ١٩٧٤دا دەچێته پەيمانگەى سينەماتۆگرافى و لە ساڵى ١٩٧٧ بڕوانامەى ديبلۆم لەو بەشەدا بەدەست دەهێنێت. يەكەم كورتەفيلمى ئەو وەكو دەرهێنەر بە ناوى عەشقى لەيادنەكراو بوو، كە بە هۆيەوە توانى ببێته خاوەنى خەڵاتى ژان ڤيگۆ له ساڵى ١٩٨٦دا. له دواى ئەوە مارگۆلا دەستي كرد بە نووسينى سيناريۆ بۆ چەند فيلمێكى سينەمايى، ئەويش بە هاوبەشى لەگەڵ چەند دەرهێنەر و ئەكتەرێك لەوانەش؛ هو شياو-شين، ئارييێل دۆمباسل و زيمۆن زالێسكى.

فرانسوا مارگۆلا وەكو دەرهێنەر توانى يەكەم فيلمى سينەمايى خۆى بە ناوى درۆ بەرهەم بهێنێت و ببێته خاوەنى خەڵاتى فێستيڤاڵى شيكاگۆ – تۆكيۆ. هەروەها له چەندين بەڵگەفيلمى جياجياشدا هاوكار بووە و كارى دەرهێنانى بۆ ئەنجام داون لەوانەش؛ بەزەيى مەترسيدار، فەلەشاس (باس لە جوەكانى ئيتۆپيا دەكات) تلياكى تاڵيبانەكانى ئەفغانستان (براوەى خەڵاتى فيپا ٢٠٠١) سەربازه بچووكەكان ٢٠٠٥ (باس لەو سەربازە كەمتەمەنانە دەكات كە له وڵاتى ليبێريا چالاكى دەكەن) و بەڵگەفيلمى سەلەفييەكان.

ئەو بێجگە لەوانەيش وەكو بەرهەمهێنەر كارى لەگەڵ چەندين دەرهێنەر كردووە وەكو؛ ڕائوول ڕووييز بۆ فيلمى بە پێچەوانەى شەو، هو شياوو- شين بۆ فيلمى گەشتى باڵۆنە سوورەكە، ئۆليڤيەر ئاساياس بۆ فيلمى دەروازەى سواربوونى فڕۆكە و عەباس كياڕۆستەمى، هەروەها لە ساڵى  ٢٠١٦دا هاوشانى بێرنارد هێنرى لێڤى هەستان بە بەرهەمهێنانى بەڵگەفيلمى پێشمەرگە كە باس لە نەبەردى پێشمەرگەكان دەكات بەرانبەر بە دەوڵەتى ئيسلامى داعش، لە هەمان كاتدا ئەو بەڵگەفيلمە له فێستيڤاڵى فيلمى كانيش نمايش كرا.

فرانسوا مارگۆلا لە نێوان ساڵەكانى ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٦ توانى بڕوانامەى ديبلۆمى باڵا و ماستەر لە بەشى بەڵگەفيلم لە زانكۆى پانتێئۆن- سۆربۆنى وڵاتى فەڕەنسا بەدەست بهێنێت. ئەو يەكێك بووە له ئەندامى داوەرانى فێستيڤاڵە جۆراوجۆرەكان وەكو؛ فێستيڤاڵى مۆنترێئال، سان فرانسيسكۆ، كلێرمۆن فێراند، لەندەن، ڕۆما، پيونگيانگ و گەلێكى ديكەيش.

هاوبەشی بکە

Cinema, director,