20/04/2024
DidiMn Logo
Top

بێئومێدی

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

نووسینی: ئیسحاق ئەسیمۆڤ
له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: سۆکار مسلح

هێرمان گێڵب لای کردەوە تا ئەو کەسە ببینێ کە چووە دەرەوە، دواتر گوتی، ”ئەرێ ئەوە سکرتێرەکە نەبوو؟”
”بەڵێ، ئەوە سکرتێری کاروباری دەرەوە بوو، هارگرۆڤی پیرەپیاو. ئایا تۆ ئامادەی بۆ نانی نیوەڕۆ؟”
”بەدڵنیاییەوە. هارگرۆڤ لێرە چ کاری هەبوو؟”

پیتەر جۆنزبێک یەکسەر وەڵامی نەدایەوە، بەڵکو تەنیا هەستا و ئاماژەی بۆ گێڵب کرد بە دوایدا بێت. ئیدی هەردووکیان بە ڕاڕەوەکەدا تێپەڕین و بەرەو ژوورێک چوون کە هەڵم و بۆنوبەرامەی خواردنی بە بەهاراتی لێ دەهات.

جۆنزبێک گوتی، ”فەرموو، هەڵبەت تەواوی ژەمەکە بە کۆمپیوتەر ئامادە کراوە، مرۆڤ دەستی بەرنەکەوتووە، بە تەواوی ئۆتۆماتیکییە و خۆم پرۆگرامەکەیم داناوە. بەڵێنی دەعوەتێکم پێ دابووی، ئێستاش فەرموو.”

خواردنەکە خۆش بوو، گێڵب نەیدەتوانی و نەیشیدەویست نکۆڵی لێ بکات. لە کاتی شیرینیی خواردن گوتی، ”بەڵام هارگرۆڤ لێرە چی دەکرد؟”

جۆنزبێک خەندەیەکی کرد، ”ڕاسپاردنی من بۆ پرۆگرامێک، مەگەر من بۆ شتێکی تر باشم؟”
”بەڵام بۆچی؟ یاخود ئەمە شتێکە ناتوانیت لە بارەیەوە بدوێیت؟”
”پێم وایە ئەمە شتێکە پێویستە باسی نەکەم، بەڵام ئێستا ئەمە نهێنییەکی کراوەیە. هیچ پسپۆڕێکی کۆمپیوتەر لە پایتەختدا نییە نەزانێت ئەم پیاوە حەپۆلە نائارامە بەنیازی چییە.”
”کەواتە هارگرۆڤ خەریکی چییە؟”
”شەڕکردن لە جەنگەکان”

چاوەکانی گێڵب ئەبڵەق بوون، ”لەگەڵ کێ؟”
”ڕاستییەکەی لەگەڵ هیچ کەس. ئەو لە ڕێگەی شیتەڵکردنی کۆمپیوتەرییەوە لەگەڵیاندا دەجەنگێت. نازانم لە کەیەوە خەریکی ئەم کارەیە”
”بەڵام بۆ؟”
”دەیەوێ هەموو جیهان بە شێوەی ئێمە بێت. جوامێر، ڕاستگۆ، لێهاتوو، ڕێزی تەواویان بۆ مافەکانی مرۆڤ هەبێ، زۆر شتی تریش”
”منیش ئەوەم دەوێت، هەموومان ئەوەمان دەوێت. هەموو ئەوەی پێویستە بکرێت هێشتنەوەی فشارە لەسەر خراپەکاران”
”ئەوانیش بە هەمان شێوە فشار لەسەر ئێمە دەهێڵنەوە. پێیان وا نییە ئێمە بێخەوش بین”
”منیش پێم وایە کە ئێمە بێکەموکوڕی نین، بەڵام لەوان باشترین، تۆش ئەمە دەزانی”

جۆنزبێک شانی هەڵتەکاند، ”جیاوازی بیروڕا هەیە، بەڵام ئەوە کێشەکە نییە. ئێمە جیهانێکمان هەیە تاوەکو بەڕێوەی ببەین، بۆشایی ئاسمان هەیە تاوەکو گەشەی پێ بدەین، پڕۆگرامسازیمان هەیە تاوەکو فراوانی بکەین، کاری هەرەوەزی بەخششێکە بەردەوامی بە پێشکەوتنە لەسەرخۆکەمان دەدات. دەتوانین بە یەکەوە هەڵبکەین، ئەوە تەنیا هارگرۆڤە کە نایەوێت چاوەڕێ بکات، ئارەزووی بەرەوپێشچوونێکی خێرای هەیە بە زەبری هێز. تۆ دەزانی ئێمە هێزی پێویستمان هەیە تاوەکو وا لە مووشەکەکان بکەین ئامانج بپێکن.”

”بە زەبری هێز؟ مەبەستت شەڕە؟ بەڵام ئێمە چیتر شەڕ ناکەین.”

”ئەمە تەنیا لەبەر ئەوەیە کارەکە زۆر ئاڵۆز بووە، مەترسیی زۆرە. ئێمە هەموومان زۆر بەهێزین. تۆ دەزانی مەبەستم چیە؟ تەنیا هارگرۆڤ نەبێ، پێی وایە دەتوانێت ڕێگەیەک بدۆزێتەوە تاوەکو پەنجە بە چەند مەرجێکی سەرەتایی و دیاریکراو لە کۆمپیوتەرەکەدا بنێت و وای لێ بکات بە شێوەیەکی بیرکارییانە شەڕ بکات و ئەنجامەکان بەدەستەوە بدات”

”چۆن هاوکێشەی شەڕ دادەڕێژن؟”

”باشە پیرەپیاو تۆ هەوڵ بدە. چەکەکان، کردە لەناکاوەکان، هێرشە پێچەوانەکان، پاپۆڕەکان، نیشتنگە ئاسمانییەکان، کۆمپیوتەرەکان. پێویستە کۆمپیوتەرەکان لەبیر نەکەین. بە سەدان هۆکار و هەزاران زیادکردن و ملیۆنان کۆمەڵە هەیە. هارگرۆڤ پێی وایە کە دەکرێ چەند زنجیرەیەک لە مەرجە سەرەتاییەکان و کۆرسەکانی بەرەوپێشبردن بدۆزینەوە تاوەکو ئەنجامی سەرکەوتن بۆ خۆمان دەستەبەر بکات و زیانێکی ئەوتۆ بە جیهان نەگەیەنێ. بۆ ئەم مەبەستە، هارگرۆڤ هەمیشە بە نیگەرانییەوە کار دەکات”

”ئەی چی ئەگەر هارگرۆڤ ئەوەی دەستکەوێت کە دەیەوێ؟”

”باشە، ئەگەر هارگرۆڤ ئەو زنجیرەیە بدۆزێتەوە، ئەگەر کۆمپیوتەرەکە بڵێ ”ئەوە خۆیەتی” پێم وایە ئەوکات هارگرۆڤ دەتوانێ گەنگەشەی ئەو شەڕە لەگەڵ حوکومەت بکات کە کۆمپیوتەرەکە ئیشی لەسەر کردووە. کەواتە ئێمە دەتوانین ئەوە بەدەست بهێنین کە دەمانەوێت کاتێک ئەنجامە نەرێنییەکانی پڕۆسەکە بەلاوە دەنێین.”

”ئایا زیانی گیانی دەبێت؟”

”بەڵێ، بێگومان. بەلام کۆمپیوتەرەکە زیانە گیانییەکان و زیانەکانی تری وەک ئابوریی و ژینگەیی بەراورد دەکات بەو سوودانەی جیهان لە هێزی ئێمەدا دەستی دەکەوێت، ئەگەر کۆمپیوتەرەکە بڕیار بدات سوودەکان لە زیانە گیانییەکان زیاترن، ئەوکات ئاماژەی ”تەنیا شەڕ” دەدات. لە کۆتاییدا، لەوانەیە وڵاتە شکستخواردووەکانیش سوود لە ئابوریی و بەڕێوبردن و ئاکاری بەهێزتری ئێمە ببینن.”

گێڵب بە ناقایلییەوە سەیری کرد و گوتی، ”هەرگیز نەمدەزانی ئێمە لە لێواری بورکانێکی لەم شێوەیەدا دانیشتووین. ئەی چی دەربارەی ”ئەنجامە نەرێنییەکان” کە پێشتر ئاماژەت پێ کرد؟”

”پڕۆگرامە کۆمپیوتەرییەکە هەوڵ دەدات ڕێگە بە حاڵەتە پێشبینینەکراوەکان بدات. بەڵام بە دڵنیاییەوە هیچ کات ناتوانێت، لەبەر ئەوە پێم وا نییە ئاماژەی دەستپێکردنی شەڕ هیچ کات دەرکەوێت. تاوەکو ئێستا ئەو ئاماژەیە نەدراوە، مەگەر ئەوەی هارگرۆڤی پیرەپیاو بتوانێ شەڕێکی کۆمپیوتەری دروستکراو پێشکەش بە حکومەت بکات کە بە تەواوی باوەڕپیکراو بێت. باوەڕ ناکەم هیچ چانسێکی هەبێت بتوانێت شتێکی وا بکات.”

”کەواتە بۆ چ مەبەستێک دێتە لای تۆ؟”
”بێگومان بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆگرامەکە.”
”تۆش یارمەتیی دەدەی؟”
”بەڵێ، بە دڵنیاییەوە. هێرمان، ئەم کارە پارەی باشی تێدایە.”
گێڵب سەری ڕاوەشاند، ”پیتەر، ئایا تۆ بەنیازی تەنیا لەبەر پارە شەڕ ڕێک بخەی؟”

”هیچ شەڕێک ڕوو نادات. هیچ داتایەکی ڕاستەقینەی ڕووداوەکان لە بەردەستدا نییە وا لە کۆمپیوتەرەکە بکات بڕیاری شەڕ بدات. ئەو بەهایەی کۆمپیوتەرەکان بۆ ژیانی مۆرڤەکانی دادەنێن زۆر زیاترە لەوەی مرۆڤەکان بۆ خۆیانی دادەنێن. ئەوەی سکرتێر هارگرۆڤ و تەنانەت من و تۆش دەتوانین بەرگەی بگرین، هەرگیز بەسەر کۆمپیوتەرێکدا تێپەڕ نابێت.”

”چۆن دەکرێ تا ئەو ڕادەیە دڵنیا بیت؟”

”چونکە شارەزای پڕۆگرامەکانم، هیچ شتێک شک نابەم وا لە پڕۆگرامێکی کۆمپیوتەریی بکات بڕیاری دەستپێکردنی شەڕێک، زۆردارییەک، یان کارێکی شەیتانی بدات و هەموو ئەو زیانانە بەلاوە بنێت کە دەکرێ لەو پڕۆسەیەدا ڕوو بدات. لەبەر ئەوەی پڕۆگرامەکە ئەو شتەی نییە کە پێویستییەتی، کۆمپیوتەرەکان هەموو کات بە هارگرۆڤ و ئەوانەی وەک ئەو ئارەزووی شەڕ دەکەن هیچ شتێک نادات تەنیا بێئومێدی نەبێت.”

”کەواتە کۆمپیوتەر چ شتێکی نییە؟”
”ئەرێ گێڵب تۆ بۆ تێناگەی؟ ئاخر کۆمپیوتەرەکان خۆیان ژێردەستەی مرۆڤەکانن.”

_____

سەرچاوە: Asimov, I. (1995) Gold: The Final Science Fiction Collection. Harperprism, New York. PP. 35-37.

هاوبەشی بکە

Astimov, DidiMnStory,