06/10/2024
DidiMn Logo
Top

گفتوگۆ لەگەڵ بێللا تار: نێوانی من و سینەما تەواو بوو

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ئەلنەهار ٢٥/٣/٢٠٢٠
سازدانى: هۆڤيك حه‌به‌شيان
له‌ عه‌ره‌بيیه‌وه‌: توانا باران

كاتژمێر ئاماژه‌ ده‌كات بۆ يازدەی پێشنيوه‌ڕۆ، ئێمه‌ له‌ ميوانخانەی ساڤوا-ين له‌ به‌رلينى ڕۆژئاوا. بێللا تار ده‌رهێنه‌رى هه‌نگارى به‌رامبه‌رم دانيشتووه‌ و هه‌ردوو ده‌ستى له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ داناوه‌. ئه‌و پياوه‌ بۆ ئه‌ركێك لێره‌يه‌، نمايشكردنى ڤێرژنه‌ نوێكەی فيلمى (تانگۆى ئه‌هريمه‌ن) به‌ بۆنەی تێپه‌ڕبوونى چاره‌که‌ سه‌‌ده‌يه‌ك به‌سه‌ر يه‌كه‌م نمايشيدا له‌ به‌رلين. ماندوو دياره‌، هه‌ستێكى تايبه‌تت پێ ده‌دات كه‌ هيچى له‌م جيهانه‌ ناوێت. نيگا تيژه‌كانى داواى قسه‌ و توانجى درێژ ناكات. غه‌مگين دياره‌. هه‌ستم به‌وانه كرد‌ به‌ر له‌وەی چه‌ند وێنه‌يه‌كى بگرم، كاتێك له‌ به‌رده‌م هۆڵى سينه‌ماكه‌ وه‌ستاوه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌وبه‌رى شه‌قامى ميوانخانه‌كه‌وه‌، جگه‌ره‌ ده‌كێشێت، بير له‌ بوون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ چه‌ند بۆش و به‌تاڵه‌.

سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش به‌ درێژايى كاتژمێرێك ته‌نيا پرسيارى لێ ده‌كه‌م، سه‌باره‌ت به‌ ڕابردوو و ئێستا، سينه‌ما و ژيان، پرسيارى تايبه‌ت و گشتیی، لاپه‌ڕه‌كانى به‌رده‌مم له‌ ياد ده‌كه‌م و ئيكتيفا ده‌كه‌م به‌وەی ته‌نيا سه‌ردێڕه‌كان بگرم.

دواين جار له‌ تۆرنتۆ چاوم پێى كه‌وت، ئه‌وكات فيلمى (پياوێك له‌ له‌نده‌ن)ى ته‌واو كردبوو. دواى چوار ساڵ دواين فيلمى نمايش كرد (ئه‌سپى تۆرێن) له‌وساوه‌ بێده‌نگ بووه‌، هيچ كارێكى سينه‌مايى نوێى نييه‌. وازهێنانى نيمچه‌يى ڕاگه‌ياند له‌ ته‌مه‌نى په‌نجاوشه‌ش ساڵيدا. چه‌ند پێشانگايه‌كى كردووه‌ لێره‌وله‌وێ، به‌ڵام ئه‌و بێللا تار-ەى كه‌ له‌ نۆ فيلمى سينه‌مايى ناسيمان، كه‌ بووه‌ به‌ ئايكۆنێكى سينه‌مایی له‌ هه‌موو جيهان، ئه‌و كه‌سەی لادێكانى ئه‌وروپاى بێڕه‌نگ كرد، ئه‌و كه‌سه‌ بووه‌ به‌ پارچه‌يه‌ك له‌ مێژوو، بوونێكى ڕاسته‌قينەی نييه‌ له‌ يادگەی دوورمه‌ودادا نه‌بێت. هه‌رچه‌ند نيگه‌رانى خۆت ده‌ربڕى له‌ بڕياره‌كەی ئه‌و ته‌نيا يه‌ك وەڵامى ده‌بێت: ”نێوانی من و سینەما ته‌واو بوو.”

تار به‌ وشەی ساده‌ قسه‌ ده‌كات، كه‌ هه‌ڵگرى بيركردنه‌وەی قووڵیەتی، به‌ ئارامى له‌گه‌ڵت ده‌دوێت كاتێك له‌ چاوه‌كانت ده‌ڕوانێت. ئينگليزيیه‌كەی زۆر باش نييه‌ به‌ڵام كيفايه‌ته‌، هه‌ندێک شت هه‌يه‌ پشتى پێ ده‌به‌ستێت كه‌ له‌ ده‌ره‌وەی زمانه‌، به‌ ڕاده‌يه‌ك كاتێك به‌رامبه‌ر شاشه‌ دانشتبووم و ئه‌م چاوپێكه‌تنه‌م ده‌كرده‌ نووسين، هه‌ندێک ڕسته‌ ڕای ده‌گرتم له‌به‌ر ڕه‌وانبێژيیه‌كەی، ديسانه‌وه‌ گوێم لێ ڕا ده‌گرتنه‌وه‌، پرسيارم له‌ خۆم ده‌كرد: چۆن پێشتر له‌سه‌ر ئه‌و بيرۆكه‌يه‌ كارم نه‌كردووه‌؟

ڕه‌نگه‌ له‌به‌ر ئه‌وەی گه‌وره ته‌مه‌نه‌كان هه‌ندێک شتت بير ده‌هێننه‌وه‌ كه‌ نێشته‌جێ بوون له‌ ناخت به‌ڵام پێت نه‌زانيبوو، يان ڕه‌نگه‌ تێڕوانينت بۆ ژيان پێگه‌يشتوو نه‌بووبێت بۆ تێگه‌يشتن لێى، بۆيه‌ وه‌كو شه‌پازله‌يه‌ك به‌رت ده‌كه‌وێت.

له‌ (تانگۆى ئه‌هريمه‌ن) تاوه‌كو (هارمۆنيیه‌كانى وركمايسته‌ر) فيلمه‌كانى بێللا تار هه‌وڵ و ماندووبوونێكى زۆر تايبه‌تى ده‌وێت له‌ بينه‌ر، ئه‌زموونى داگيركردنى كات و شوێنه‌. سه‌مه‌ره‌يى، شێوەی نييه‌ له‌م ده‌رهێنه‌ره‌دا، ئه‌و هيچ نازناوێكى سه‌ر ڕووى زه‌وى بۆ گرنگ نييه‌، ئه‌و هه‌ميشه‌ جنێوى زۆر پيسى پێ دراوه‌ له‌به‌ر تێڕوانينه‌ ئه‌هريمه‌نيیه‌كەی، هاوكات هه‌ندێک له‌ دڵسۆزانى پێيان وايه‌ سه‌ركردەی سينه‌ماى بيركردنه‌وەیه‌ كه‌ شيرينترينى له‌ سينه‌مادا ده‌رهێناوه‌. هه‌ندێک جاريش هاوڵاتى خۆى (ميكلۆس يانچۆ) كه‌ ده‌ڵێت: له‌ ڕێره‌وى ئه‌ودا شتێك له‌ خه‌مگينيیه‌كى خۆكوژى هه‌يه‌ كه‌ نه‌فرەت له‌ هه‌موو ڕووكه‌شيیه‌كان ده‌كات.

 له‌ فيلمى يه‌كه‌ميیه‌وه‌ (لانەی خێزان، ساڵى ١٩٧٩) خه‌مى هه‌نگارياى كۆمۆنيستى ئه‌وكات، ئه‌و سه‌ربازگه‌يه‌ بوو كه‌ هه‌ڵيبژاردبوو. داڕوخانى كۆمه‌ڵگەى وێنه‌ ده‌گرت، كه‌مێك له‌سه‌ر شێوازى (جۆن كازاڤيتس) به‌ڵام ئه‌و شێوازه‌ له‌سه‌ر جوڵەی پانۆڕاما و تڕاڤلينگى خاو بونياد نرابوو له‌ پێناو ئه‌وەی زه‌مه‌نى سينه‌مايى كاتى خۆى وه‌رگرێت له‌ بوون، كه‌ هه‌ست ده‌كرێت به‌ وردبينى سه‌عاتچييه‌ك دروست كراوه‌، له‌ نه‌فره‌تدا خۆى ده‌بينێته‌وه‌ ته‌نانه‌ت‌ له‌ دواى ده‌ ساڵ له‌ نمايشكردنى. ڕۆشنبيریی ئه‌و له‌ هۆڵه‌ تاريكه‌كانەوه دروست نه‌بووه، به‌ڵكو له‌ شه‌قام و ئازاره‌كانى ڕۆژگار سه‌رچاوەی گرتووه‌. هه‌ر بۆيه‌ ئه‌م پياوه‌ به‌ ساده‌يى مايه‌وه‌، له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ و بچووك ده‌دوێت، سه‌ره‌ڕاى ناوبانگه‌ نێوده‌وڵه‌تيیه‌كەی.

له‌ تۆرنتۆ پێش ١٢ ساڵ پێى گوتم: له‌ سه‌ره‌تاكانم وزەی كۆمه‌ڵايه‌تى پاڵنه‌رم بوو، به‌ڵام هه‌نگاو ‌دواى هه‌نگاو، فيلم ‌دواى فيلم، ئێستا دانى پێدا ده‌نێم كه‌ كێشه‌كه‌ دووره‌ له‌وەی كۆمه‌ڵايه‌تیی بێت، ڕه‌نگه‌ كێشه‌يه‌كى ميتافيزيكى بێت، ئێستاش ده‌توانين بڵێين بووه‌ به‌ كێشه‌يه‌كى گه‌ردوونى. ئه‌وه‌ بۆچوونى خۆمه‌ نايسه‌پێنم به‌سه‌ر كه‌سدا، ئاوها بير ده‌كه‌مه‌وه‌، ئاوها كار ده‌كه‌م. لەو‌ بڕوايه‌دام كه‌ ئێمەی مرۆڤ هيچ نين جگه‌ له‌ به‌شێكى بچووك له‌م گه‌ردوونه‌، به‌ واتاى ئه‌وەی شتێكى تر هه‌يه‌ له‌ قه‌بارەی ئێمه‌ گه‌وره‌تره‌. له‌ ڕاستيدا، گرنگى به‌ فيلم ناده‌م، سينه‌ما به‌كار ده‌هێنم وه‌كو چۆن په‌يكه‌رتاش چه‌كوشه‌كەی به‌كار ده‌هێنێت، چه‌كوشه‌كه‌ گرنگه‌ نييه‌، به‌ڵام په‌يكه‌ره‌كه‌ گرنگه.

بێلا تار لەسەر سێتی وێنەگرتنی فیلم دەخوێنێتەوە

ئێستا ئێمه‌ له‌ ميوانخانەی به‌رامبه‌ر ئه‌و هۆڵەی يه‌كه‌مجار و ڕێك پێش چاره‌که‌ سه‌ده‌يه‌ك، فيلمى (تانگۆى ئه‌هريمه‌ن)ى تێدا نمايش كرا دانيشتووين. ئه‌و پرسيارەی كه‌ به‌ هزرم دێ و ده‌مه‌وێت ئاراستەی بكه‌م:

حه‌به‌شيان: هه‌ستت چۆنه‌ له‌م ساته‌دا سه‌باره‌ت به‌و کاتەی‌ كه‌ تۆ دانيشتووى له‌ دوورى ٢٥ ساڵى مێژووى كه‌سێتيت كه‌ به‌رجه‌سته‌يه‌ له‌و هۆڵەی به‌رامبه‌ر؟
بێلا تار: ده‌بێت دانى پێدا بنێم که‌ هه‌ستێكى سه‌يرم هه‌يه‌ (بێده‌نگيیه‌كى درێژ) شتى زۆر ڕوويان داوه‌ له ٢٥ ساڵى ڕابردوودا، ياده‌وه‌ريیه‌كى زۆر داگيريان كردووم، سه‌يره، به‌ڵێ، ئه‌وه‌ هه‌ستى منه‌.

حه‌به‌شيان: زۆر شت له‌ ژيانى خۆت؟ يان له‌ جيهان ڕوويان داوه‌؟
بێلا تار: هه‌ردووكیان پێكه‌وه‌، به‌ خۆم ده‌ڵێم: پێش ٢٥ ساڵ ئه‌و فيلمه‌م ته‌واو كردووه‌، هێشتا به‌ كه‌ڵكى بينين دێت. بينه‌ر له‌ نه‌وەی ئێستا هه‌وڵێكى زۆر ده‌ده‌ن تاوه‌كو بچن له‌ سينه‌ما ته‌ماشاى بكه‌ن، ئه‌وه‌ش بۆ من كه‌م نييه‌. ئه‌و كاره‌ چوار ساڵى پێ چوو تاوه‌كو ته‌واو بوو، دوو ساڵى ته‌نيا سه‌فه‌ركردن بوو بۆ دۆزينه‌وەی شوێنى وێنه‌گرتن. وام لێ هاتبوو هه‌موو ئه‌و ماڵانه‌م ده‌ناسييه‌وه‌ كه‌ پێيدا تێپه‌ڕ بووبووين، هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌م ده‌ناسى كه‌ له‌و ماڵانه‌دا نيشته‌جێ بوون. به‌و چه‌شنه‌ زانين به‌ده‌ست ده‌هێنیت بۆ ئه‌وەی دواتر له‌ فيلمه‌كه‌ت به‌كارى بهێنتەوه. ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ره‌ ئه‌گه‌ر ويستت ده‌ست له‌ جه‌وهه‌رى ڕاستى بده‌یت.

حه‌به‌شيان: نمايشى يه‌كه‌مت له‌ ياده‌ به‌ باشى؟
بێلا تار: ئه‌و ڕۆژه‌ زۆر ماندوو بووم، تازه‌ فيلمه‌كه‌مان ته‌واو كردبوو. ئه‌مويست هه‌موو شتێك به‌ زوويى كۆتايى پێ بێت بۆ ئه‌وەی پشوويه‌ك بده‌م.

حه‌به‌شيان: به‌ دزييه‌وه‌ ته‌ماشاى بينه‌رت كرد له‌ دواوه،‌ ئه‌و كاتەی ته‌ماشاى فيلمێكيان ده‌كرد كه‌ حه‌وت سەعات درێژه‌؟
بێلا تار: به‌ڵێ، له‌گه‌ڵ دوو جار پشوو وه‌رگرتن. بينينى ئه‌و فيلمه‌ هێنده‌ سه‌خت نييه‌، به‌شى يه‌كه‌م دوو سەعات و بيست خوله‌كه‌، به‌شى دووه‌م دوو سەعات و ده‌ خوله‌كه‌ و به‌شى سێيه‌م دوو سەعات و نيوه‌. خراپ نييه‌، ده‌كرێت به‌ ئاسانى ته‌ماشای بكرێت. ئۆپراى ڤاگنه‌ر شه‌ش سەعات و نيو درێژه. ئايا ده‌زانيت ئه‌گه‌ر هاملێت وه‌كو ده‌قه‌كه‌ بکرێت به‌ شانۆ، ئه‌وه‌ كاته‌كەی ده‌گاته‌ شه‌ش سەعات و نيو؟ بەڵام هه‌ميشه‌ كورت ده‌كرێته‌وه‌، كه‌س وه‌كو خۆى نەیکردووه به‌ شانۆ.

حه‌به‌شيان: وه‌كو دياره‌ كه‌س گله‌يى نه‌كردووه‌ له‌وەی پارچه‌ ميوزيكێك دوورودرێژه‌، به‌هانەی درێژى كات له‌وه‌ ده‌چێت ته‌نيا قۆرخ كرابێت له‌سه‌ر سينه‌ماكاره‌كان…
بێلا تار: نازانم چ گه‌مژه‌يه‌ك وتوويه‌تى فيلم ده‌بێت ٩٠ خوله‌ك بێت. وه‌كو ئه‌وه‌يه‌ بڵێیت (جه‌نگ و ئاشتى) تۆڵستۆى دوورودرێژه‌. من پێشتر فيلمێكى پێنج خوله‌كيم دروست كردووه‌ به‌ ناونيشانى (پرۆلۆگ) و زۆريش شانازى پێوه‌ ده‌كه‌م. به‌ هه‌مان چه‌شنى دروستكردنى ‌فيلمى تانگۆى ئه‌هريمه‌ن. هه‌ندێک جار پێويستم به‌ پوختكردنه‌وه‌يه‌، هه‌ندێک جاريش حه‌ز ده‌كه‌م كاتى خۆم وه‌رگرم له‌ گوزارشتكردن.

حه‌به‌شيان: هێشتا وتارى سياسیی تانگۆى ئه‌هريمه‌ن زيندووه‌؟
بێلا تار: پێم وايه‌ وتاره‌كەی گه‌ردوونيیه‌، دووره‌ له‌ هه‌موو چه‌نه‌بازييه‌كى سياسى. ئايا ده‌زانيت چه‌نه‌بازى سياسى كاتييه‌؟ هێشتا كه‌سانێك هه‌ن بڕوايان به‌و چه‌نه‌بازييه‌ سياسيیه‌ هه‌يه‌، به‌ ئومێدى دۆخێكى باشتر. هه‌رگيز گوێ له‌و چه‌نه‌بازييه‌ سياسيیه‌ ناگرم، دێت و ده‌ڕوات، بێ هۆكار دێت و هه‌روه‌ها بێ هۆكاريش ده‌ڕوات. گرفتى ئێمه‌ له‌ شوێنێكى تره‌: ئه‌و ژيانەی كه‌ ده‌ژين، چ شكۆدارييه‌ك له‌ ژيانى سه‌ر گۆی زه‌وى هه‌يه‌… ئه‌وه‌ بۆ من گرنگه‌، هه‌ر ئه‌وه‌يه‌ هه‌موو كات گرنگى پێ ده‌ده‌م، هه‌موو شتێك له‌ ده‌ره‌وەی ئه‌وه‌ كاتييه‌ و نامێنێت.

حه‌به‌شيان: دۆخى سياسى هه‌رگيز ئيلهامى پێ نه‌به‌خشيویت له‌ فيلمه‌كانت؟
بێلا تار: نه‌خێر. خه‌م له‌ نه‌هامه‌تى كۆمه‌ڵايه‌تیی ده‌خۆم. چۆن خه‌ڵك به‌رگه‌ ده‌گرن له‌ سه‌ختيیه‌كان و ڕووبه‌ڕووى ده‌بنه‌وه‌. هه‌ميشه‌ بير له‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ پێويست ناكات چيرۆك بگێڕمه‌وه‌، چونكه‌ هه‌موو چيرۆكه‌كان له‌ كۆندا باس كراون و نووسراون، هه‌مووى، هيچ چيرۆكێكى تازه‌ بوونى نييه‌. دواتر ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ و پرسيار ده‌كه‌م كه‌ ديسانه‌وه‌ گێرانه‌وه‌ بكه‌ين بۆ ئه‌و چيرۆكانه‌؟ چۆن يارمه‌تيمان ده‌دات له‌ بوونيادنانه‌وەی په‌يوه‌نديیه‌كانى نێوانمان؟ چۆن له‌ ڕێگەى ئه‌وه‌وه‌ تێكه‌ڵ بين؟ چۆن له‌گه‌ڵ يه‌كتر بدوێين؟ ئه‌وه‌ سه‌رنجى من ڕاده‌كێشێت له‌ سينه‌مادا.

حه‌به‌شيان: پێت وايه‌ فيلمێكى وه‌كو تانگۆى ئه‌هريمه‌ن له‌م سه‌رده‌مەدا‌ دروست بكرێت؟
بێلا تار: نازانم، لێم مه‌پرسه‌، من پێش ٢٥ ساڵ دروستم كرد. (پێكه‌نين)

حه‌به‌شيان: له‌ ڕابردوو پێت دەگوترا له‌ تاركۆڤسكى ده‌چیت…
بێلا تار: (قسه‌كان دەبڕێت) نه‌خێر، نه‌خێر…

حه‌به‌شيان: ببوره‌، ئه‌وه‌ گوتراوه‌، من نه‌م گوتووه‌… ئێستاش له‌ گفتوگۆكان دەگوترێت فڵان له‌ بێللا تار ده‌چێت…
بێلا تار: من و تاركۆڤسكى له‌ يه‌ك ناچين. به‌ به‌ڵگەی: باران لاى تاركۆڤسكى ئه‌ركى پاكژكردنه‌وه‌يه‌. باران لاى من قوڕاوه‌، ڕێگره‌ له‌ ڕۆيشتن، جه‌سته‌ت پيس ده‌كات. هه‌موو كه‌سێك جياوازه‌ له‌وەی تر، ئه‌گه‌ر كه‌سانێك له‌‌ يه‌كتر بچن ڕه‌نگه‌ به‌ هۆكارى باگراوندى كلتورييه‌وه‌ بێت، يان چوارچێوەی مێژوويى هاوبه‌ش، يان ئاين… بۆچى ده‌بێت لێكچوون له‌ نێوان هه‌مووان بدۆزينه‌وه‌؟ نا، نه‌خێر، هاوڕا نيم.

حه‌به‌شيان: ناتوانیت ئينكارى ئه‌وه‌ بكه‌یت كه‌ زۆر كه‌س كه‌وتوونەته‌ ژێر كاريگه‌رى تۆوه‌.
بێلا تار: بڵێم چى سه‌باره‌ت به‌وه‌؟ هيچ. گرنگه‌ هه‌موو سينه‌ماكارێك له‌وه‌ تێ بگات كه‌ جيهان زۆر فراوانه‌، شێوازى زۆر هه‌ن بۆ دروستكردنى فيلم، ته‌نيا يه‌ك شێواز نييه‌. پێويسته‌ بزانیت من قوتابخانه‌يه‌كى سينه‌ماييم له‌ ساراييڤۆ دامه‌زراند، چوار ساڵى ته‌مه‌نم بوو… ئه‌زموونێكى زۆر تايبه‌ت ژيام. بيست فێرخوازم هه‌بوو له‌ هه‌موو جيهانه‌وه‌ هاتبوون، ژاپۆن، كۆريا، سه‌نگاپوور، هيندستان، كۆڵۆمبيا، به‌ڕازيل، مه‌كسيك، ئيسپانيا، پۆڵۆنيا، پورتوگال، هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان ئاماده‌ييان هەبوو له‌وێ. فێرم كردن هێزى ئێمه‌ له‌ جياوازيمانه‌ له‌ يه‌كتر، نه‌م ويست په‌روه‌رده‌يان بكه‌م. دروشمێكم هه‌بوو: نه‌خێر بۆ په‌روه‌رده‌، به‌ڵێ بۆ ئازادى، حه‌زم كرد ئاشتى و ئازادیيان پێ ببه‌خشم، يارمه‌تيیان بده‌م خوودى خۆيان بدۆزنه‌وه‌.

له‌ ساراييڤۆ، بيرۆكه‌كه‌ پشتبه‌ستوو بوو به‌ ئه‌زموونى قوتابخانەی باهاوس- ى ئه‌ڵمانى: دابينكردنى شوێنێك بۆ به‌يه‌كگه‌يشتنى ده‌رهێنه‌رى لێزان به‌ ده‌هێنه‌رى فێرخواز، پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن له‌سه‌ر بنه‌ماى يه‌كسانى، بێ بوونى په‌يوه‌ندیی نێوان مامۆستا و فێرخواز. به‌داخه‌وه‌ نه‌بوونى بودجەی پێويست نه‌يهێشت به‌رده‌وام بين، ئه‌كاديمياى فيلم له‌ ساراييڤۆ داخرا، به‌ڵام شاره‌كه‌ ده‌رفه‌تى زۆرى تێدايه‌، ڕه‌نگه‌ باشترين شارى ئه‌وروپا بێت بۆ وێنه‌گرتنى ژيان.

ده‌زانیت بۆ ڕقم له‌ په‌يمانگاكانى سينه‌مايه‌؟ چونكه‌ مامۆستا به‌رامبه‌ر فێرخواز ده‌وه‌ستێت و پێيان ده‌ڵێت چی ڕاسته‌ و چى هه‌ڵه‌يه‌. له‌ سه‌دەی بيستويه‌ك، ئه‌گه‌ر بته‌وێت فيلمێك دروست بكه‌یت، به‌لايه‌نى كه‌مه‌وه‌ ده‌بێت پابه‌ند نه‌بیت به‌ ياساكانه‌وه‌. هيچ ڕێگايه‌كى ڕاست بوونى نييه‌، تۆ هه‌یت و هيچى تر! بڕوا به‌ چاوه‌كانت بكه‌، گوێ له‌ دڵت بگره‌، بێگه‌رد به‌. چاوه‌ڕوانى هيچ مه‌به‌ له‌ به‌رامبه‌ردا. له‌ حه‌فتاكانى سه‌دەی ڕابردوو، گه‌نج بووم، ڕۆحى ئايارى ٦٨م تێدا نيشته‌جێ بوو، من و ئه‌وانەی تر كۆمه‌ڵه‌ گه‌نجێكى تووڕه‌ بووين، ئامانجمان گۆڕينى كۆمه‌ڵگه بوو. نه‌م ئه‌ويست له‌ ده‌رگه بده‌م به‌ڵكو ئه‌م ويست ده‌رگەكه‌ ده‌ربهێنم له‌ بنه‌وه‌. ئه‌م ويست فيلمێكى پيس و توندوتيژ دروست بكه‌م، به‌رجه‌ستەی خه‌ڵك و ژيان بكات به‌و شێوه‌یەى كه‌ ئێمه‌ ده‌مانبينى، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه گۆڕانكارى ڕه‌ت ده‌كرده‌وه‌، سوور بوو له‌ وه‌ستان له‌ شوێنى خۆيدا، تاوه‌كو ئه‌مڕۆ. هێشتا زۆر تووڕه‌م، ناتوانم جيهان وه‌كو خۆى په‌سه‌ند بكه‌م، به‌ڵام من ئێستا زياتر كراوه‌م له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى، هه‌وڵ ده‌ده‌م تێ بگه‌م له‌وەی بۆچى به‌و چه‌شنه‌ ڕه‌فتار ده‌كه‌ن.

حه‌به‌شيان: ده‌كرێت بتبينين بۆ نموونه فيلمێك‌ به‌ كامێراى مۆبايل دروست بكه‌یت؟
بێلا تار: ئه‌گه‌ر به‌مه‌وێت به‌ڵێ، هيچ ڕێگرييه‌ك نابينم، به‌ڵام له‌ ئێستادا نامه‌وێت هيچ فيلمێك دروست بكه‌م.

حه‌به‌شيان: سه‌خته‌ بۆ من بتبينم په‌نا بۆ كاميراى مۆبايل ببەیت!
بێلا تار: ئه‌گه‌ر ئامێرێكت هه‌بوو بۆ پێكهێنانى وێنه‌يه‌كى سينه‌مايى بۆ نا؟ دواتر وێنه‌كه‌ ئه‌گوازيته‌وه‌ بۆ سه‌ر شاشەی گه‌وره‌. من ناڵێم به‌ مۆبايل ته‌ماشاى فيلم بكه‌. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌‌ ڕقم له‌وه‌يه‌ كاتێك سينه‌ماكاره‌ لاوه‌كان‌ گله‌يى ده‌كه‌ن كه‌ره‌ستەی پێوستيان نييه‌ بۆ دروستكردنى فيلم. پێيان ده‌ڵێم: فەك! هه‌سته‌ و بڕۆ وێنه‌ بگره‌!

حه‌به‌شيان: ئه‌گه‌ر ويستت فيلمێكى نوێ دروست بكەیت، هه‌ر به‌ ڕه‌شوسپى ده‌بێت؟
بێلا تار: مه‌يلم بۆ ڕه‌شوسپى هه‌يه‌ چونكه‌ پله‌كانى ڕه‌نگى خۆڵه‌مێشى زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندن تيايدا. ئه‌زانى، ته‌ماشاى فيلمى (ڕۆما)ى ئه‌لفۆنسۆ كوارۆن-م كرد، پێم وايه‌ ئه‌وەی ئه‌و كردى به‌ ڕه‌شوسپى زۆر جياواتر بوو له‌وەی من كردبووم. ئازاد بووم له‌ ڕه‌فتاركردندا، به‌ خۆم دەگوت، به‌شێكى وێنه‌كه‌ به‌ ته‌واوى تاريك ده‌كه‌م، چونكه‌ چاوه‌كانت ڕاسته‌خۆ به‌ره‌و خاڵه‌ ڕوناكه‌كه‌ ده‌ڕوات. له‌ وێنەی ڕه‌شوسپيدا مه‌ودايه‌كى فراوانترت هه‌يه‌ له‌ گه‌مه‌كردن، به‌ تايبه‌ت له‌ شاردنه‌وه‌ و ده‌رخستنى ئه‌وەی ده‌ته‌وێت. دواى ورده‌كارى، فيلمه‌كانم زياتر به‌ ڕه‌نگنترن له‌و‌ فيلمه‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگانەی له‌ پلاستيك ده‌چن.

حه‌به‌شيان: هه‌روه‌ها  ڕه‌شوسپى يارمه‌تيت ده‌دات له‌ ڕياليزم دوور بكه‌ويته‌وه‌، چونكه‌ زياتر له‌ جيهانێكى خه‌ياڵى ده‌چێت، جيهانى هونه‌ر و وێنەی فۆتۆگرافى…
بێلا تار: ده‌كرێت به‌ پێچه‌وانه‌شەوە بێت، هاوكات به‌ واتاى ئه‌وەی زياتر ڕياليستيیه‌.

حه‌به‌شيان: باڕ ده‌بينين له‌ زۆربەی فيلمه‌كانتدا.
بێلا تار: باڕه‌كان جۆرى ژيانى مرۆڤه‌كان ئاشكرا ده‌كه‌ن. ئه‌و نيگه‌رانيیەی له‌ ئه‌نجامى خۆشيیه‌كانى ژيان دروست بووه‌، بنه‌مايه‌ بۆ وێنه‌گرتنى مرۆڤ.

حه‌به‌شيان: يه‌كێك له‌ كۆڵه‌كه‌كانى كاره‌ سينه‌ماييه‌كانت پێكگه‌يشتنى نێوان كات و شوێنه‌، كه‌ له‌ ئێستادا زۆر ده‌گمه‌نه‌ چونكه‌ زياتر جه‌خت ده‌كرێته‌ سه‌ر جووڵه‌…
بێلا تار: هه‌موو ژيانمان له‌ كات و شوێندا گه‌شه‌ ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌و خاڵه‌ پشتگوێ بخەیت له‌ سينه‌مادا، ئه‌وه‌ تۆ هيچ نيت له‌ گه‌مژه‌يه‌ك زياتر، ژيان نابينى. سينه‌ما چييه‌؟ تۆ وه‌كو ده‌رهێنه‌رێك ژيانى خۆت ده‌ژيت، چاودێرى ئاڕاستەی ڕووداوه‌كان ده‌كەیت، دواتر كورتەی خۆت پێشكه‌ش و هاوبه‌ش ده‌كەیت له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر، ئه‌وه‌ هه‌موو شتێكه‌! ئه‌گه‌ر بژيت، بێگومان هه‌ست به‌ كات و شوێن ده‌كەیت، ئه‌گه‌ر هه‌ستت به‌ گرنگييه‌كەی كرد، ئه‌وه‌ ده‌بێت بينه‌ريش هه‌ستى پێ بكات، به‌ تايبه‌ت ئه‌گه‌ر بكه‌ويته‌ نێو ته‌مه‌نه‌وه‌.

حه‌به‌شيان: هه‌موو شتێك به‌ خێرايى به‌ڕێوه‌ ده‌چێت له‌م سه‌رده‌مه‌دا، هاوڕایت؟
بێلا تار: نه‌خێر، نا هاوڕا نيم كه‌ هه‌موو شتێك به‌ خێرايى به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، هه‌ندێک جار، هه‌ست ده‌كه‌م ژيان زۆر خاوه‌، به‌ ڕاده‌يه‌ك كه‌ هێشتا له‌ جێگاى خۆمانين. چيتر بۆ من گرنگ نييه‌ ڕۆژنامه‌ بكه‌مه‌وه‌ و بخوێنمه‌وه‌ كه‌ تڕامپ چى كرد و ئه‌ردۆگان چى وت و پۆتين چى ڕاگه‌ياند، چونكه‌ سه‌ره‌ڕاى هه‌موو شتێك ئێمه‌ هێشتا له‌ جێگاى خۆمانين. بۆ من گرنگه‌ ڕۆژنامه‌ بكه‌مه‌وه‌ و ده‌ربارەی ژيانى خه‌ڵك بخوێنمه‌وه‌. ده‌ربارەی ئه‌و خه‌ڵكه‌ هيچ ناخوێنينه‌وه‌ چونكه‌ ته‌نيا هه‌واڵى گه‌مژه‌كان ده‌گوازرێنه‌وه‌. به‌ئاگام له‌وەی ئه‌و كه‌سايه‌تيیه‌ سياسيیانه‌ ده‌سه‌ڵاتێكى زۆريان له‌ ژێر ده‌سته‌ و ده‌توانن ژيانمان وێران بكه‌ن، بۆيه‌ سه‌رزه‌نشتى مرۆڤه‌كان ناكه‌م، ئێمه‌ ئه‌وانمان گه‌يانده‌ سه‌نته‌رى ده‌سه‌ڵات. ئۆكەی، من نا، به‌ڵام كه‌سانێكى تر.

حه‌به‌شيان: سه‌ره‌تاكانت هاوكات بوو له‌ كريستۆف كيشلۆڤيسكى، هه‌ردووكتان به‌ جيا فيلمى به‌ڵگه‌يى سياسيتان دروست كرد. دواتر گواستنه‌وه‌ بۆ سينه‌مايه‌ك كه‌ شكۆى مرۆڤ ده‌خاته‌ لوتكه‌. بۆچى له‌ سينه‌مايه‌ك چووى بۆ سينه‌مايه‌كى تر؟
بێلا تار: كاتێك فيلمێك دروست ده‌كەیت، يان دواى ئه‌وەی ته‌واوى ده‌كەیت، پرسيارى نوێت له‌ لا گه‌ڵاڵه‌ ده‌بێت، ناتوانیت هه‌مان وەڵامه‌ كۆنه‌كان به‌كار بهێنیت بۆ وەڵامدانه‌وەی ئه‌و پرسيارانه‌. ئه‌مه‌ به‌ ماناى ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ده‌بێت به‌ره‌و خاڵى دوورتر بڕۆیت، ده‌بێت قووڵايى هه‌ڵكۆڵیت، بير بكه‌يته‌وه‌ له‌ بوون. فيلم له‌ دواى فيلم، زياتر بيگه‌رد و ساده‌ و ڕوون و شيرين ده‌بیت، له‌ كۆتاييدا هه‌ر ده‌گه‌يته‌ شوێنێك. به‌ ڕاشكاوى، كريستۆڤم ده‌ناسى، پڕۆژه‌يه‌كمان هه‌بووه‌ پێكه‌وه‌، پێم وا بێت ئه‌و زياتر له‌ من پابه‌ندبوونى سياسى هه‌بوو.

حه‌به‌شيان: كوڕانى نه‌وەی تۆ ده‌يانگوت هه‌موو شتێك سياسه‌ته‌…
بێلا تار: هه‌موو شتێك به‌رژه‌وه‌ندييه‌، نه‌وه‌ك سياسه‌ت. خه‌ڵكى زياتر تامه‌زرۆى يه‌ك شتن: چۆن باشتر بژين؟ سياسه‌ت ڕووكه‌شه‌، به‌شێكه‌ له‌ شه‌ڕه‌ گه‌وره‌كه‌. تۆ وه‌كو مرۆڤێك په‌يوه‌نديت پێوه‌ نييه‌، تۆ بير له‌ مانه‌وه‌ و ئاسووده‌يى، باشتركردنى دۆخى ژيانت و كۆكردنه‌وەی پاره‌ ده‌كه‌يته‌وه‌. به‌داخه‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگەكانى ڕۆژئاوادا ئاسووده‌يى بووه‌ به‌و بڕه‌ پاره‌يەی كه‌ هه‌ڵیگرتووه‌.

حه‌به‌شيان: چ قۆناغێك له‌ دروستكردنى فيلم خۆشتره‌ لاى تۆ؟ نوسين، وێنه‌گرتن، مۆنتاژ؟
بێلا تار: سه‌ره‌تا ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێم كه‌ من هيچ نانووسم. فيلمه‌كان پێكهاتوون له‌ وێنه‌، ڕيتم، ده‌نگ. هه‌رگيز له‌ ژيانمدا سيناريۆم دانه‌ناوه‌. نه‌هامه‌تى من هه‌موو شتێكى پێش وێنه‌گرتنه‌ دۆزينه‌وەی شوێنى وێنه‌گرتن و ئه‌كته‌ره‌كانه‌، كه‌ ئه‌وانه‌ ده‌دۆزمه‌وه‌ ئيتر هه‌ست به‌ دڵنيايى ده‌كه‌م. هيچ نامێنێت جگه‌ له‌وەی بڕۆم و وێنه‌ بگرم، هه‌ندێک جار تووشى كێشەی سه‌خت ده‌بوومه‌وه‌ له‌ كاتى وێنه‌گرتن.

حه‌به‌شيان: شوێنه‌كان به‌شێكى گرنگن‌ له‌ فيلمه‌كانت…
بێلا تار: شوێنه‌كان ڕوخساريان هه‌يه‌، خۆيان له‌ خۆياندا كاره‌كته‌رن.

حه‌به‌شيان: به‌ڵام، چۆن بوودجه‌ په‌يدا ده‌كەیت ئه‌گه‌ر هيچ سيناريۆيه‌كت له‌ باخه‌ڵدا نه‌بێت؟
بێلا تار: ئه‌كه‌ر به‌ لۆژيكى سينه‌مايى بدوێم، ئه‌وه‌ كاره‌كه‌ سه‌خت ده‌كات‌ له‌و‌ حاڵه‌ته‌دا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سێكى ئازا بیت و گرنگى به‌ هيچ شتێك نه‌دەیت، ئه‌وه‌ ده‌توانیت به‌ ئه‌نجامى بگه‌يەنیت. فيلمى تانگۆى ئه‌هريمه‌ن پێش ٢٥ ساڵ دروستمان كرد، بيهێنه‌ پێش چاوت خه‌ڵك چه‌ند تووشى شۆك بوون! له‌و كاته‌وه‌ ئه‌و فيلمه‌ به‌ جيهاندا ده‌گه‌ڕێت. به‌ كورتى: ده‌بێت ئازا بیت. ده‌بێت هه‌موو شتێكى پووچى ده‌وروبه‌رت پشتگوێ بخەیت و ته‌نيا له‌و كاته‌دا، ده‌كرێت شتێك ڕوو بدات.

حه‌به‌شيان: ئازايه‌تى كيفايه‌ت نييه‌، ده‌بێت بێللا تار بیت!
بێلا تار: كاتێك ده‌ستم پێ كرد هێشتا ئه‌و بێللا تار-ەى ئێستا نه‌بووم، ئه‌وكات ته‌مه‌نم ٣٩ ساڵ بوو كه‌ فيلمه‌كه‌ لێره‌ نمايش كرا، گوێم به‌ هيچ نه‌ده‌دا. به‌ خۆم وت: ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بكه‌م و كردم.

حه‌به‌شيان: خۆت كارى مۆنتاژ ده‌كەیت؟
بێلا تار: نه‌خێر، مۆنتاژ له‌ كاتى وێنه‌گرتن دەكرێت (مۆنتاژى مه‌يدانى) وێنەی گرتەی درێژ ده‌گرين، كاتێك وێنه‌گرتن ته‌واو ده‌بێت هاوكات فيلمه‌كه‌ش ته‌واو ده‌بێت. هه‌موو شتێك ئاماده‌ ده‌بێت، گواستنه‌وه‌ له‌ گرته‌يه‌كى فراوان بۆ گرته‌يه‌كى نزيك خۆى له‌ خۆيدا مۆنتاژه‌. جياوازيه‌كه‌ ئه‌وه‌يه‌ بڕين له‌ هه‌مان گرته‌دا ئه‌نجام ده‌درێت نه‌وه‌ك له‌ سه‌ر مێزى مۆنتاژ. گرتەی درێژ هه‌ميشه‌ هاوڕێم بووه‌، له‌ سه‌ره‌تاكان هه‌رگيز به‌كارم نه‌هێناوه‌. له‌گه‌ڵ كات، فيلم له‌ دواى فيلم لێزان بووم تێيدا، ئيتر وه‌كو ئيمزاى خۆمى لێ هات. گرتەی درێژ بۆ من به‌رجه‌ستەی شڵه‌ژان ده‌كات، هانى بينه‌ر ده‌ده‌م له‌ ڕووداوه‌كانى نێو ديمه‌نه‌كه‌ بڕوانێت، نه‌وه‌ك به‌ شێوه‌يه‌كى تێپه‌ڕ ته‌ماشاى بكات. كێشەی زۆربەی فيلمه‌كان ئه‌وه‌يه‌ پارچه‌پارچه‌ كراون له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌كشن– كه‌ت، ئه‌كشن– كه‌ت.

حه‌به‌شيان: بيستوومه‌ كه‌ حه‌زت له‌ تابلۆكانى (بڕۆييل)ه‌ كاريگه‌رى چييه‌ له‌ سه‌ر فيلمه‌كانت؟
بێلا تار: هونه‌رى ئه‌وم خۆشده‌وێت، سروشم لێى وه‌رگرتووه‌، كاتێك وێنەی تانگۆى ئه‌هريمه‌نم گرت ته‌ماشاى تابلۆكانى ئه‌وم نه‌كرد، به‌ڵام هاوڕيى هه‌ستم بوو. بۆ نموونه تابلۆى (سه‌ماى جوتياره‌كان) ئێستاش كه‌ من له‌ ڤييه‌نا كار ده‌كه‌م، له‌ نزيك شوێنى كاركردنم، مۆزه‌خانه‌يه‌كى لێيه‌ كه‌ ئه‌و تابلۆيه‌ نمايش ده‌كات، باز ده‌ده‌م بۆ ئه‌وبه‌رى شه‌قامه‌كه‌، هه‌ر كاتێك بمه‌وێت چاوم خاوێن بكه‌مه‌وه‌.

حه‌به‌شيان: چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌رى ناپڕۆفيشناڵ كار ده‌كەیت؟
بێلا تار: به‌ هه‌مان شێوەی ئه‌كته‌رى پڕۆفيشناڵ. بۆ من گرنگ نييه‌ چۆن نواندن ده‌كه‌ن، ده‌مه‌وێ هه‌مووان وه‌كو خۆيان بن، كه‌سايه‌تى خۆيانم به‌لاوه‌ گرنگه‌، هه‌وڵى ڕاوكردنى كه‌سايه‌تى خۆيان ده‌ده‌م. ڕاوى كاردانه‌وەی مرۆيى خۆيان ده‌كه‌م له‌ فيلمه‌كانم، به‌كارهێنانى خه‌ڵك بوونى نييه‌، ته‌نيا بانگهێشتيان ده‌كه‌م، ئه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌م.

حه‌به‌شيان: له‌م‌ ساڵانەی دوايدا هيچ ڕۆمانێك سه‌رنجى ڕاكێشاویت كه‌ ئاره‌زوو بكەیت بیکەیت بە فیلم‌؟   
بێلا تار: له‌ دواى (ئه‌سپى تۆرين) هيچم نه‌ما بۆ وتن. ده‌بێت بڵێم چى؟ پێشانگايه‌كم له‌ ئه‌مستردام كرده‌وه‌، هه‌ندێک وێنه‌م گرت بۆ ئه‌و پێشانگايه‌ ئێستاش له‌ ڤييه‌نا كار ده‌كه‌م، پڕۆژه‌يه‌كه‌ له‌ نێوان شانۆ و وێنەی جوڵاو و ميوزيك، پێى ده‌ڵێن (شۆ) چيتر فيلم دروست ناكه‌م، به‌ڵام هێشتا قسه‌م ماوه‌ ده‌ريبڕم بۆ جيهان، ده‌بوايه‌ شێوازێكى نوێ بدۆزمه‌وه‌ بۆ وتنى. هه‌رگير له‌و بڕوايه‌دا نه‌بووم پێشانگا بكه‌مه‌وه‌، ئه‌مڕۆ زۆر چێژى لێ ده‌بينم.

حه‌به‌شيان: ئاگات له‌ جووڵەی سينه‌ماى هاوچه‌رخ هه‌يه‌؟
بێلا تار: هه‌ندێک جار. ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێم زۆر جار ته‌ماشاى فيلمى هاوڕێكانم ده‌كه‌م كه‌ (ئه‌پيچانت ڤيراسيتاكوڵ) فيلمێكى نوێ دروست ده‌كات ده‌ڕۆم ته‌ماشاى ده‌كه‌م. پيدرۆ كۆستا يان كاڕڵۆس ڕيگاداس كه‌ له‌ ئێستادا من به‌ يه‌كێك له‌ سينه‌ماكاره‌ ئازاكان ده‌يبينم، چونكه‌ به‌ ڕاشكاوى ئه‌وەی به‌م دواييه‌ كردى تووشى سه‌رسوڕمانى كردم، به‌ڵام من له‌ سينه‌مايه‌ك بۆ ئه‌وەی تر باز ناده‌م به‌ به‌رده‌وامى ته‌ماشاى زۆرى و بۆرى بكه‌م. هه‌ندێک فيلم كه‌ ده‌يبينى، دواى سێ مانگ به‌ ته‌واوى له‌ بيرى ده‌كەیت.

حه‌به‌شيان: ديمه‌نى سينه‌مايى هه‌نگارى چۆن ده‌بينیت له‌ ئيستادا‌؟ نموونەی لازلۆ نيمش؟
بێلا تار:
لازلۆ ياريده‌ده‌رى خۆم بوو. ئه‌وانەی تر، هه‌ندێک كارى باش هه‌يه‌ و هه‌ندێكى تر زۆر باش نين. حوكم له‌ سه‌ر فيلمى هاوڕێكانم ناده‌م، وه‌كو پێشتر وتم هه‌موو كه‌سێك جياوازه‌ له‌وەی تر. ئه‌وان شێوازى خۆيان هه‌يه‌، هه‌ڵوێستى مرۆييان هه‌يه‌، بۆيه‌ ده‌بێت ڕێزيان بگرم.

حه‌به‌شيان: ئێستا به‌ چييه‌وه‌ سه‌رقاڵیت؟ فێركردن؟
بێلا تار:
ماوەی جارێك وۆركشۆپ ئه‌نجام ده‌ده‌م به‌ شێوه‌يه‌كى تيۆرى، من مامۆستام له‌ ئه‌كاديمياى هونه‌ر سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تى فه‌ڕه‌نسا (لۆ فرينوا) هه‌ندێک جار بۆ مه‌به‌ستى فێركارى له‌وێ ده‌بم. ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌م، هه‌رچه‌نده‌ قوتابخانه‌ و ئايدياى من نييه‌.

حه‌به‌شيان: ده‌زانم كه‌ حه‌زت له‌م ميوانخانه‌یەیە‌ و لێره‌ ده‌مێنيته‌وه‌. ئايا سۆز و نۆستالژيايه‌ هه‌موو جارێك تۆ بۆ ئێره‌ ده‌گێڕێته‌وه‌؟
بێلا تار:
من مرۆڤێكى نۆستالژى نيم، من ته‌نيا كه‌سێكى ته‌مه‌ڵم دڵم به‌م شوێنه‌ ده‌كرێته‌وه‌. ميوانخانه‌يه‌كى زۆر باشه‌ پێشتر له‌ به‌رلين ژياوم. زۆركات له‌وێم بۆ من به‌رلينى ڕۆژئاوا به‌رلينه‌. له‌ چاڕلۆتنبۆرگ هه‌ست ده‌كه‌م له‌ نيشتيمانم، له‌ به‌رلين بووم ئه‌و كاتەی ڕژيمى كۆمۆنيستى هه‌ڵوه‌شايه‌وه‌. شه‌وانى ڕوخانى ديوارى به‌رلين له‌ شه‌قامه‌كان ده‌ژيام، هه‌رگيز پێشبينى ئه‌وه‌مان نه‌ده‌كرد به‌و ئاسانييه‌ بڕوخێت. ئه‌وەی له‌وێ ده‌ژيا هه‌رگيز بڕواى نه‌ده‌كرد كه‌ گۆڕانكارى مومكينه‌، به‌ڵام ده‌بێت له‌وه‌ تێبگه‌ين كه‌ له‌ خۆيه‌وه‌ ڕووخا. شۆڕش ڕووی نه‌دا، ده‌ستى خه‌ڵكى تێدا نه‌بوو له‌ ڕوخانى، ڕووخا چونكه‌ له‌ ناوه‌وه‌ گه‌نى بوو، ژه‌نگى هه‌ڵهێنابوو. بۆيه‌ له‌و بڕوايه‌دام كه‌ هيچ شتێك نه‌گۆڕاوه‌ له‌وساوه‌. ڕووكه‌شه‌كانى ژيان باشتر بوون، به‌ڵام له‌ قوڵاييدا ئێمه‌ هێشتا له‌وێين. ئه‌و فيلمانەی ئه‌وكات دروستم كرد ده‌توانم ئه‌مڕۆش دووبارەی بكه‌مه‌وه، هه‌مان وتار به‌ پێوه‌يه‌. نه‌خێر ئه‌و فيلمانەی ئه‌وكات به‌ خه‌ياڵى ئه‌ژمار ده‌كرا، ئه‌مڕۆ زۆر ڕياليستى ده‌رده‌كه‌ون. ئه‌وه‌ش نيگه‌رانم ده‌كات.

دیمەنێک لە فیلمی ئەسپی تۆرین

حه‌به‌شيان: كه‌وايه‌ نۆستالژى نيت بۆ سه‌رده‌مى كۆمۆنيسته‌كان؟
بێلا تار:
بۆچى وا ده‌ڵێیت؟ ئه‌وان ٤٠ ساڵى ته‌مه‌نى منيان دزى! بۆچى ده‌بێت سۆزم هه‌بێت بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌. يه‌كه‌م ده‌بێت ڕوون بين، ئه‌وه‌ كۆمۆنيستى نه‌بوو، ڕژێمێكى فيوداڵى پيس بوو. ئه‌وان ته‌نيا كۆمۆنيزميان به‌كار ده‌هێنا. كۆمه‌ڵگەيه‌كى كرۆستى بوو.

حه‌به‌شيان: ئه‌وەی ئێستا تێيدا ده‌ژين زۆر باشتر نييه‌؟
بێلا تار:
(هاوار ده‌كات) ئه‌وه‌م پێ مه‌ڵێ، باش ده‌زانم كه‌ ئێستا له‌ دۆخێكى باشتردا نين.

حه‌به‌شيان: كەی ده‌گه‌ڕێيته‌وه‌ بۆ سينه‌ما؟ ئێمه‌ تامه‌زرۆين.
بێلا تار:
(دواى بێده‌نگى) زۆر تامه‌زرۆ ده‌بیت، ڕه‌نگه‌ تا كۆتايى ته‌مه‌نت. به‌ دڵنياييه‌وه‌ تا كۆتايى ته‌مه‌نم. وه‌كو وتم، ئێستا به‌ شتى ديكه‌وه‌ سه‌رقاڵم، شانۆ، پێشانگا، بێزار بووم له‌ فۆرمى فيلمى درێژ، جگه‌ له‌وه‌ش من هه‌موو شتێكم وت، چى بڵيم له‌ دواى ئه‌سپى تۆرين؟ باسى مردنم كرد. هيچم نييه‌ زيادى بكه‌م.

حه‌به‌شيان: ئيكتيفات كرد به‌ ٩ فيلم؟
بێلا تار:
كيفايه‌ته‌. جگه‌ له‌وه‌ش واى دابنێ تانگۆى ئه‌هريمه‌ن پێنج فيلمه.

حه‌به‌شيان: له‌گه‌ڵ بينينى له‌سه‌ر ئه‌نته‌رنێت، مردنى سينه‌ما هاته‌وه‌ به‌رباس…
بێلا تار:
داهێنان له‌ سروشتى مرۆڤدا هه‌يه‌، به‌شێكه‌ له‌ ئێمه‌، ئه‌گه‌ر دارسازى ئه‌وه‌ ده‌بێت مێز دروست بكەیت، ئه‌گه‌ر هه‌ستێكى سينه‌ماييت هه‌يه‌، ده‌بێ فيلمێك دروست بكەیت. هه‌موو مرۆڤێك به‌هرەی هه‌يه‌ له‌ شتێكدا، به‌ڵام ده‌بێ خۆت بدۆزيته‌وه‌، بۆ ئه‌وەی هه‌ست به‌ ئاسووده‌يى بكەیت. ئه‌گه‌ر به‌ پێى هه‌سته‌كانت كار نه‌كەیت، دڵخۆش و ئاسووده‌ نابیت. كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌يه‌ كاتێك ده‌توانیت هونه‌ر بخوڵقينیت به‌ڵام ناتوانیت ئه‌وه‌ ئه‌نجام بدەیت كه‌ ده‌ته‌وێت، له‌به‌ر ياساكان و تواناكان و ئه‌و تووڕه‌هاتانه‌.

هاوبەشی بکە

Bela Tarr, Cinema, Movie,