24/04/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی کیشلۆڤسکی: گفتوگۆ لەگەڵ پرایزنەر، ئاوازدانەری ناوداری فیلمەکانی کیشلۆڤسکی

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ڤیلەیج ڤۆیس، بی بی سی ڤۆیس
لە ئینگلیزییەوە: لێوەند بەناز
سەرپەرشتیاری پەڕاو: ساڤان عەبدولڕەحمان

دەکرێت لە ڕێگەی کارکردنی نزیکەوە لەگەڵ ئاوازدانەرێکدا، کاریگەرییەکی درێژخایەن و تۆکمە لەسەر دید و تێڕوانینی فیلمسازێک دروست ببێت. پەیوەندییە پڕ سیمبولیکییەکانی نێوان ئالفرێد هیچکۆک و بێرنارد هێرمان، فێدریکۆ فێلینی و نینۆ ڕۆتا، ئاکیرا کورۆساوا و فومیۆ هایاساکا دەرخەری ئەوەن کە میوزیک و وێنە ناتوانن لە یەکدی جودا بکرێنەوە، کاتێک دەرهێنەر و ئاوازدانەر لە بەرزترین ئاستی بەهرەمەندی خۆیاندا بە یەکەوە کار دەکەن. یەکێک لە گرنگترین هاوبەشەکانی کریستۆڤ کیشلۆڤسکی لەگەڵ موزیسیانی پۆڵەندی زپیگنیەڤ پرایزنەردا بووە، کە یەکەم کاری لەگەڵ دەرهێنەرەکدا لە فیلمی ”ناکۆتا”ی ١٩٨٥دا بووە، دواتریش لە هەموو فیلمێکی کیشلۆڤسکیدا بەشداری کردووە. زیپیگنیەڤ پرایزنەر ئاوازدانەری میوزیکی فیلمە. لە پێنجی مایسی ١٩٥٥دا لە بیلسکۆ بیالا لەدایک بووە. لە ئێستادا زپیگنیەڤ پرایزنەر بەردەوامە لە دانانی ئاوازی میوزیکی سەربەخۆ و میوزیکی فیلم. سکۆرە سیمفۆنیکەکانی پرازینەر، هەر لە ئۆپێرا مەزنەکەی سێینەی سێ ڕەنگەکانەوە تاوەکو دەنگە خەمگین و دژوارەکانی زنجیرەی دێکەلۆگ، توانیویانە سروشتی شاراوەی ڕۆحانیبوونی چیرۆکخوانییەکانی کیشلۆڤسکی دەربخەن و لەوێشەوە زیاتر پەرە بە ستایلەکەی بدەن.

پارچەکانی پڕایزنەر بە سادەیی هەڵناستن بە دروسکردنی هەستی کارەکتەرەکان، بەڵکو هەست دەکەیت کە میوزیکەکە بەڕاستی بەشێکە لە چیرۆکخوانی فیلمەکە. ئەمە بە ئاشکرا لە فیلمی ”شین”دا دەبینرێت، کە دەربارەی بێوەژنێکە کە هاوژینەکەی کۆمپۆزەرێک بووە و لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا گیانی لەدەست داوە. سکۆرەکانی پڕایزنەر هەرگیز میوزیکێکی باکگراوند نین کە تەنها فیلمەکە جوان بکەن. دیارە هەر لەبەر ئەمەشە پارچەکانی لێهاتویانە لە کۆنسێرتەکاندا دەژەندرێت.

پرایزنەر لە نوێترین چاوپێکەوتنی لەگەڵ ماڵپەڕی ڤیلەیج ڤۆیسو بی بی سی ڤۆیس دا فەلسەفەکەی خۆی ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت ”میوزیکی فیلم نابێت خەریکی ڕونکردنەوەی ئەو شتانە بێت کە ئێمە لەسەر شاشەکە دەیانبینین، بەڵکو دەبێت ڕۆڵێکی مێتافیزیکی هەبێت. میوزیکی فیلم ڕەهەندێکی درامی فیلمەکەیە.”

پرایزنەر و کیشلۆڤسکی لەکاتی کارکردندا

هەر لە فیلمی ناکۆتای ساڵی ١٩٨٥ەوە، پرایزنەر تاوەکو مەرگی کیشلۆڤسکی لە ساڵی ١٩٩٦دا هاوکارێکی نزیکی کیشلۆڤسکی بووە. پرایزنەر لە هەموو فیلمێکی دەرهێنەرەکەدا کاری کردووە و هەندێک لە کارەکانیان وەک وەرچەرخانێکی جیهانیی میوزیکیش ڕۆڵیان بینیوە. (تەنانەت بەیەکەوە هەڵساون بە دروستکردنی کەسایەتی ئاوازدانەرێکی ئەڵمانیی ساختە. بۆ ئەوەی لە ژێر ناوی ئەودا پرایزنەر میوزیکە گەورە و سیمفۆنییەکانی بنووسێت)

زیپیگنیەڤ پرایزنەر ئاوازدانەری میوزیکی فیلمە. لە پێنجی مایسی ١٩٥٥دا لە بیلسکۆ بیالا لەدایک بووە. لە ئێستادا زپیگنیەڤ پرایزنەر بەردەوامە لە دانانی ئاوازی میوزیکی سەربەخۆ و میوزیکی فیلم.

بۆچی ئاوازدانەری فیلمت هەڵبژارد نەک جۆرێکی دیکەی ئاوازدانەری؟
پرایزنەر: ساڵی ١٩٧٨ دەستم کرد بە کاری ئاوازدانەری فیلم. هەرگیز پلانم بۆ دانەنابوو، شتێک نەبووە بە هەڵبژاردنی خۆم بووبێت، بودجەش؛ بودجە تەنیا لە پیشەسازی فیلمدا دەست دەکەوێت. ڕاستییەکەی بە ڕێکەوتیش بوو. جارێکیان لە شاری کراکۆف بووم، دەرهێنەر ئاندرێی پاپۆژینسکی، کە دەرهێنەرێکی بەناوبانگی دۆکیۆمێنتەری ئێرە [پۆڵەندا] بوو، داوای لێ کردم کە ئاوازی میوزیکێک بۆ فیلمەکەی دابنێم. ئەوەش یەکەم میوزیکم بوو بۆ کورتەفیلمێک. دواتریش کیشلۆڤسکیم ناسی. (هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەمژێت) خۆت دەزانیت!.

وا قسە دەکەیت هەمووی زنجیرە ڕووداوێکی بە ڕێکەوت بووبێت. بەڵام دەبێت لە شوینێکدا بڕیاڕ و هەڵبژاردنی خۆتی تێدا بووبێت، دەبێت شتێک لەو دەرهێنەرانەدا هەبووبن کە کارت لەگەڵ کردوون بۆ ئەوەی وات لێ بکەن کە وەک ئاوازدانەرێکی فیلم بمێنیتەوە.
پرایزنەر: ڕاستییەکەی، بەڕای من، هەندێک شت بە ڕێکەوت ڕوو دەدەن. لە ژیانی مندا ڕووداوی بە ڕێکەوت بەڕاستی گرنگە. گەر لێم بپرسیت بۆ لێرەم، نازانم. گەر لێم بپرسیت بۆ لە کراکۆف بووم، نازام، تێدەگەیت، هەموو شتێک بە ڕێکەوت ڕوو دەدات. ئەستەمە بتوانیت هەموو ڕووداوێک ڕوون بکەیتەوە.

کەواتە دروستبوونی پەیوەندیت لەگەڵ کیشلۆڤسکیدا چۆن بوو؟ ئایا ئەوەش رێکەوت بوو؟
پرایزنەر: بەڵی، ڕێکەوت بوو. چونکە یەکەم ئاوازدانانی فیلمم لە هەمان ستۆدیۆدا بەرهەم دەهێنرا کە کیشلۆڤسکی تێیدا کاری دەکرد. کیشلۆڤسکیش ئەم فیلمەی بینی، هات و پێی وتم ”سەیرکە دەزانم تازە هاتوویت بۆ کراکۆف، بەڵام میوزیکەکەت شتێکی نوێی تێدایە و کارم لەگەڵدا بکە.” بیرمە فیلمی ناکۆتا یەکەم فیلمم بوو، ساڵی ١٩٨٤ بوو. ڕاستییەکەی ئەو کاتە سەردەمێکی قورس بوو، چونکە پۆڵەندا هیچ ئازادییەکی نەبوو، فەرمانی سەربازی جێبەجێ دەکرا.

کیشلۆڤسکی داوای لێ کردم ئاوازی فیلمەکەی دابنێم، بەڵام کێشەکە ئەوە بوو کە ئەو لە وارشۆ (پایتەختی پۆڵەندا) دادەنیشت، منیش لە کراکۆف. هیج کاتمان نەبوو. وەک ئێستا نەبوو بتوانین فیلمەکە بەرینەوە ماڵەوە [مەبەستی لە ڕێگای فلاشەوە] لەو کاتەدا من لە وارشۆ فیلمەکەم بینی، گەڕامەوە بۆ کراکۆف، دەبوایە فیلمەکەم لە بیر بمێنێت، دەبوایە هەموو خاڵ و ساتەکانم لەبیر بمینێت. دواتر میوزیکەکە کۆمپۆز بکەم، بگەڕێمەوە بۆ وارشو و ببینین میوزیکەکە چۆن لەگەڵ فیلمەکەدا کار دەکات.

ئەم ڕێگای کارکردنە لە لایەکەوە زۆر داهێنەرانەیە، بەڵام لە لایەکی تریشەوە تەواو مەترسیدارە بۆ کۆمپۆزەریک. تۆ دەبوایە تەواوی خاڵەکانی فیلمەکەت لە بیر بوایە، بتزانیایە میوزیکەکە دەبێت چەندێک درێژ بێت، دواتر لەگەڵ فیلمەکەدا لێی بدەیتەوە بۆ ئەوەی بزانیت چەندێک سەرکەوتووانە دەرچووە. ئەم ڕێگایە مەترسیدارانە ئەزمونگەرییە.
پرایزنەر: تا ئاستێک. ڕاستیەکەی زۆر جار هەست دەکەم میوزیکەکانی ئێستا زیاد لە پێویست لەگەڵ فیلەمەکانیاندا دەگونجێن…

زیاد لە پێویست؟
پرایزنەر: بەڵی، زیاد لە پێویست! هەست دەکەم ئێستا زیاد لە پێویست دەگونجێن. هیچ شتێکی میتافیزیک لە میوزیکەکاندا نییە، هیچ دڵێک بوونی نییە. لە ئێستادا کە میوزیک بۆ فیلم دروست دەکەم، قورسە هەڵەیەک بکەم. ئەستەمە هەڵەیەک بکەم!

لە ماڵەوە فیلمەکەت پێیە، دەتوانیت بە سەدان جار تەماشای بکەیتەوە. دەتوانیت میوزیکەکەت بە دەیان ڤێرژنی جیاواز کۆمپۆز بکەیت. ئەستەمە هەڵە بکەیت. بەڵام لە هەمان کاتدا بە هۆی ئەمەوە میوزیکەکە پێکهاتەی میتافیزکی خۆی لە دەست دەدات. ڕاستییەکەی ژیان بە ڕێکەوتەوە مانادارتر و گرنگتر دەبێت. هەمان شتیش ڕاستە بۆ فیلم و میوزیک. یەکەم هەست [کە لە لایەن فیلمەکەوە بۆ ئاوازدانەر دروست دەبێت] زۆر گرنگە.

هەستت بەرامبەر فیلمەکانی کیشلۆڤسکی چی بوو؟ چونکە دواتر حەڤدە فیلمتان بەیەکەوە دروست کرد، لە ١٩٨٤ەوە تاوەکو مەرگی، تۆ تاکە کۆمپۆزەری بوویت. ئایا ئەو شتە میتافیزیکییەت لەگەڵ کیشلۆڤسکیدا دۆزییەوە؟
پرایزنەر: ڕاستییەکەی بڕوامان بە یەکتر هەبوو. من بڕوام بە کریستۆف هەبوو، ئەویش بڕوای بە من هەبوو، چونکە من، کوڕێکی زۆر گەنج بووم. ژیانمان لە هەمان فەزادا بوو، تێدەگەیت؟ هەمان کتێبمان دەخوێندەوە، هەمان فیلممان دەبینی، هەمان ئارەزوومان هەبوو، وەک خلیسکێنەی سەر بەفر. هەوڵیشمان دەدا بە هەمان ڕێگادا بڕۆین. هەر ئەوەندە.

کەواتە دەتوانیت پێناسەی ئەو ڕێگایە بکەیت؟ بۆ نموونە بەناوباگترین کار کە بە یەکەوە کردبێتتان سێینەی ڕەنگەکان بووە. بۆ نموونە لە یەکەم فیلمی سێینەکەدا، فیلمی شین، کە دەربارەی هاوژینی ئاوازدانەرێکە لە ڕووداویکی هاتوچۆدا دەمرێت، هەست دەکەیت کە میوزیکەکە کارەکتەرێکە بۆ خۆی و شانبەشانی کارەکتەرەکانی دیکە بەشداری درامای فیلمەکە دەکات. ئایا کیشلۆڤسکی بەم جۆرە ڕۆڵی میوزیکی دەویست لە فیلمەکەدا، یاخود تۆ؟
پرایزنەر: با شتێکت پی بڵێم. میوزیک لە فیلمدا ڕۆڵی هاوبەشێک دەبینێت. بە تەنها سیناریۆ، ئەکتەر، یان چوزانم ئیفێکتی سینەمایی ڕۆڵی هاوبەش نابینن، بەڵکو میوزیکیش ئەم ڕۆڵە دەبینێت و دەبێت بە بەشێک لە فیلمەکە. تەنیا بەشە کە بتوانێت میتافیزیکبوونی فیلمەکە لە دروستبوون تەواو بکات؛ تۆ هەرگیز میوزیکەکە نابینیت، بەڵکو هەست بە میوزیکەکە دەکەیت.

بۆ کریستۆڤ، هەرچەندە گەر گوێیشی زۆر میوزیکی نەبووبێت، بەڵام بڕوای بە من هەبوو. بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەو پرسیارەی دروست دەبێت ئەمەیە: چی دەبوو گەر ئەو میوزیکەی ئاوازم بۆ دانا خراپ بوایە؟ نازانم، لەوانەیە ئاوازدانەرێکی تری هەڵبژاردایە، یاخود لەوانەیە فیلمەکە خراپ دەرچووبا. ڕاستییەکەی من بەردەوام ئاوازی میوزیک بۆ خۆم دادەنێم، دەبێت دوای ئارەزووی خۆم بکەوم. نازانم…

ڤیرۆنیک لە فیلمی دوانە ژیانی ڤیرۆنیکدا، گوێ لە ئاواز دەگرێت

بەڵام سەیرکە، ئەو خاڵەی لێرەدا سەرنجڕاکێشە ئەمەیە، ئەو میوزیکەی تۆ دەتەوێت بۆ خۆتی بنووسیت، دەبێت هاوبەشێکی زۆر چاک بێت بۆ فیلم و دراماکانی کیشلۆڤسکی.
پرایزنەر: بەڵێ! ڕاستە. لەوانەیە هۆکارەکەشی ئەوە بێت کە هەردووکمان بە هەمان زمان قسەمان دەکرد. با شتێکت پێ بڵیم، کاتێک لەگەڵ کیشلۆڤسکیدا کارم دەکرد، پەیوەندیمان وەک دەرهێنەر و ئاوازدانەر نەبوو، بەڵکو پڕاوپڕ وەک ژیانی خۆمان بوو. ژیانی ئێمە بریتیی بوو لە دروستکردنی فیلم، بیرمە لە سەرەتاکانی ١٩٩٠دا [ئەو ماوەیەی کیشلۆڤسکی واز لە دەرهێنان دەهێنێت] نەمدەزانی لە دنیادا چی دەگوزەرێت، چونکە ئێمە بەیەکەوە یەکتریمان تەواو دەکرد، بەیەکەوە تیشکمان دەخستە سەر فیلمەکەمان و هونەرەکەمان. زۆر بە سادەیی.

چۆن میوزیکی دیکالۆگت درووست کرد، لە کاتێکدا دەکرێت پرۆژەکە وەک دە کورتەفیلمی سەربەخۆ تەماشا بکرێت؟ ئایا گرنگ بوو بە درێژایی زنجیرەکە یەکگرتوویی میوزیک بهێڵیتەوە؟
پرایزنەر: بیرۆکەکەی من بریتی بوو لە دروستکردنی میوزیکێکی جیاواز بۆ هەر ئەڵقەیەکی زنجیرەکە. ئەو بابەتەی لە سەرەتای هەموو ئەڵقەیەکیشدا دووبارە دەبووەوە، وەک لکێنەری میوزیکەکان کاری دەکرد. کارێکی ئاسان نەبوو، چونکە وینەگرتنی زنجیرەکە لە یەکەم ئەڵقەوە تاوەکو کۆتایی نەبوو. بۆیە ئەمە وای لێ کردم میلۆدییەک دروست بکەم کە بە درێژایی زنجیرەکە بگونجێت، بەڵام هەر ئەڵقەیەکیش میوزیکێکی ڕۆحانی هەبوو کە ڕێنوێنی ئەڵقەکەی دەکرد و لە ڕێگەیەوە کەشێکی میوزیکی تایبەتی بۆ دروست دەکرد.

دەتوانیت پڕۆسەی کارکردن لەگەڵ کیشلۆڤسکیدا باس بکەیت؟ دیارە دوای ناسینی تۆ میوزیک ڕۆڵیکی گەورەتری وەرگرت لە فیلمەکانیدا.
پرایزنەر: کارکردنم لەگەڵ کیشلۆڤسکیدا زۆر نزیک و شەخسی بوو. لە جیهانی فیلمدا نموونەی زۆرتر لەم جۆرە کارکردنە هەن؛ فێلینی و نینۆ ڕۆتا، سێرجیۆ لیۆنێ و مۆریکۆن، هیچکۆک و هێرمان. هەموو دەرهێنەرێکی باش دەزانیت میوزیک لە فیلمەکەیدا ڕۆڵی چی دەبینێت، دەزانێت چاوەڕوانی چی لە میوزیک بکات و پێویستی بە زانینی شێوازی کارکردنی ئاوازدانەرەکەش نییە. هەمووی کەوتۆتەوە سەر متمانە، هەروەها دەشکەوێتەوە سەر ئەو هەستانەی دەرهێنەرەکە دەیەوێت لە فیلمەکانیدا بە دەستی بهێنێت. بە ڕای من میوزیکی فیلم نابێت خەریکی ڕوونکردنەوەی ئەو شتانە بێت کە ئێمە لەسەر شاشەکە دەیانبینین، بەڵکو دەبێت ڕۆڵێکی میتافیزیکی هەبێت. [میوزیکی فیلم] ڕەهەندێکی درامی فیلمەکەیە.

ئاوازی پرایزنەر لە ساوندتراکی دێکەلۆگی شەشدا

بەڕاستی دێکەلۆگ چاک بێدەنگی بەکار دەهێنێت. لەو دیمەنانەی کە ترۆپکی ئەلقەکەن، میوزیک زۆر بە کەمی بەکار دێت. بۆ نموونە، دێکەلۆگی پێنجەم ”کورتەفیلمێک لەسەر کوشتن” بە شێوەیەکی سامناک بێدەنگە.
پرایزنەر: گرنگترین میوزیکی فیلم بریتییە لە بێدەنگی. بەڵام بۆ ئەوەی گوێمان لە بێدەنگی بێت، دەبێت لە پێش و پاشی بێدەنگییەکەدا شتێک بژەنین. بێگومان ئەم قسەیە بۆ فیلمە ئەمەریکییەکان ئیش ناکات. هەتا فیلمی ئەمەریکی زیاتر ببینم، زیاتر بۆم دەردەکەوێت کە دەرهێنەرەکان لە بێدەنگی دەترسن، چونکە لە بیریان کردووە کە بێدەنگی باشترین میوزیکە. دەڵێیت خۆیان بڕوایان بەو کارە نییە کە دەیکەن. گەر لە فیلمێکدا کەسەکان خۆشەویستی بکەن، ئەوکات میوزیکەکە خۆشەویستییەکەیان دەژەنێت؛ گەر بکوژن، ئەو کات میوزیکەکەش دەکوژێت. هەندێک جار پێنج چرکە بێدەنگی هەیە و هیچی تر. من و کیشلۆڤسکی بە ڕێگایەکی تەواو جیاواز کارمان دەکرد. بڕوامان وا بوو میوزیک دەتوانێت جۆریک لە هەست ببەخشێت کە دوای بیستنی بتوانین ئەزموونی ئەو شتە بکەین کە سیمۆن ڤایڵ پێی دەڵیت ”بێدەنگی تەواو” ئەمە مەزنترین میوزیکی فیلمە.

ئەو کاریگەریانە چی بوون کە کاریان لەسەر میوزیکەکانت هەبووە؟ ئایا پۆڵەندا لە کاتی گەورەبوونتدا بەرامبەر میوزیکی ڕۆژئاوایی کراوە بوو؟
پرایزنەر: لە کاتی گەوربوونمدا تا ئاستێک میوزیکی ڕۆژئاوایی لە پۆڵەندادا بەردەست نەبوو. بەڵام ئایڕۆنیکیانە فیلمەکانی فێلینی لە پۆڵەندادا زۆر بەناوبانگ بوون، چونکە فیلمەکانی ئەو دەربارەی سیاسەت نەبوون. لەوێوە بۆم دەرکەوت میوزیک دەتوانێت چ ڕۆڵێکی گرنگی لە فیلمدا هەبێت. کەواتە دەتوانم بڵیم کارکردنی نێوان فیلینی و نینۆ ڕۆتا هاندەر بووە بۆم. مەبەستم لە ستایلی میوزیکەکە نییە، بەڵکو ئەو ڕیگایەی میوزیکی تێدا بەکار هێنراوە، لەگەڵ هێزەکەیدا. دێکالۆگیش بەرهەمی ئەو هاندانە بووە.

سەرسامم بەو سروشتە ئاینی و کۆرسییەی میوزیکەکانت هەیانە. پیم وا بێت پۆڵەندا زۆر کێشەی لەگەڵ ئایین و میوزیکی ئایینی نەبووە بە بەراورد، بۆ نموونە، بە یو ئێس ئێس ئار.
پرایزنەر: ئو ئێس ئێس ئاڕ هیچ پەیوەندیی بە میوزیکی ئایینییەوە نەبوو، بەڵام میوزیکی کۆرسی لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا زۆر بەکار دەهێنرا بۆ بەرزکردنەوەی ورەی سەربازەکان. دەنگی مرۆڤ باشترین ئامێرە. گەورەترین کەسایەتی و هێزی هەیە. یەک تایبەتمەندێتی زیاتریشی هەیە: هۆنراوە (شیعر). گەر دەنگ بە دروستی و بێ زیادەڕۆیی لە فیلمێکدا بەکار بێت، هەستێکی مەزن دەبەخشێت. بە گشتی لە فیلمەکانی ئێمەدا دەنگ وەک چیرۆکخوان کاری دەکرد، وەک لە فیلمی دووانە ژیانی ڤیرۆنیک و سێ ڕەنگەکە: شین.

https://www.youtube.com/watch?v=k5UvFeGEGhQ
ئاوازی پرایزنەر لە دیمەنی کۆتایی “کورتە فیلمێک دەربارەی عەشق”

ئایا مۆسیقای ”مەرگ بۆ هاوڕێکەم” [ئەلبومێکی پرایزنەرە] کە دوای مەرگی کیشلۆڤسکی بۆ ڕێزلێنانی بڵاوت کردەوە، لە سەرەتاوە بۆ کیشلۆڤسکیت نووسیبوو؟ بیستوومە کە لە ڕاستیدا بۆ چیرۆکێکی نوێ نووسراوە کە تۆ و کیشلۆڤسکی بەتەما بوون کاری لەسەر بکەن.
پرایزنەر: ئەلبومی میوزیکی مەرگ بۆ هاوڕێکەم لە دوو بەش پێک هاتووە. بەشی یەکەم -میوزیکی مەرگ- چەند ڕۆژیک دوای مەرگی کریستۆڤ ئاوازی بۆ دانراوە و لە کاتی کۆتا گەشتیدا ژەنراوە. بەشی دووەم، کۆنسێرتێکە بە ناوی ژیان. کریستۆڤ هەندێک جوڵەی ئەم بەشەی دەزانی، چونکە بەشێک بوون لەو کۆنسێرتەی بەتەما بووین لە ئەسینا سازی بکەین. دوای ئەوەی کریستۆڤ بڕیاری دا واز لە دەرهێنانی فیلم بهێنێت، دەیویست دەرهێنان بۆ کۆنسێرت بکات. خەفەت لە ڕوونەدانی دەخۆم.

هەست دەکەم ئاوازدانەری فیلم، وەک پیشەیەک، خەریکە لەناو دەچێت. دەکرێت ئەم ساڵانەی داهاتوو کۆتا ساڵی تەمەنی بێت…

ئایا بەگشتی قسە دەکەیت یاخود تەنها لە هۆڵیوددا؟
پرایزنەر: بەگشتی، بەڵێ، بەڵی، بەگشتی، تەماشاکە چی دەگوزەرێت. لەمڕۆدا هیچ کەس گرنگی بە میوزیکەکە نادات. بیرم دێت ئاوازی میوزیکم بۆ فیلمی ”ژیان”ی لویی مانێڵ ئامادە دەکرد، چەند فیلمێکی تریش. من ئەم دەرهێنەرانە دەناسم، ئاگاداری سیناریۆکەم، زۆر پێش وێنەگرتن و زانینی شوێنی وێنەگرتن من کاتی خۆم هەیە بتوانم بچمە نێو فیلمەکەوە، بیر لە میوزیکەکە بکەمەوە. لەم ڕۆژگارەدا هەندێک بەرهەمهێنەر دێن و پێم دەڵێن: ئۆو تازە فیلمەکەمان تەواو کرد و هیچ ئاوازدانەرێکمان نییە. خێرا، لیستێک ئاوازدانەرم بەرێ، با هەوڵ بدەین ئاوازدانەرێک بدۆزینەوە لە ئێستادا کاتی هەبێت و بەردەست بێت.

شتێکی تریش، ڕاستییەکەی ئێستا خەڵک بە باشتری دەزانن میوزیکێکی کۆنت لی بکڕنەوە. با پێت بڵیم، من هەست دەکەم شتەکان بەرەو پوچبوونیان دەڕۆن. پڕۆسەکە تەواو خێرا بووە، بەڵام هەموو شتێکی تر پوچ بووە، فیلمەکە پوچە، میوزیکەکە پوچە، تێدەگەیت، تەلەفیزیۆن پوچە…

مەبەستت پوچێتییەکی وجودییە وانییە؟ چونکە گەر تەماشای فیلمێکی بلۆکبەستەری هۆڵیودی بکەین، دەبینین بودجەکەی سەدقاتی بودجەی ئەو فیلمانەن کە تۆ کارت تێدا کردوون. تۆ زیاتر باس لە پوچێتی هەست دەکەیت وەک لە پوچێتی تێچوو؟
پرایزنەر: پوچێتی لە ڕووی هونەرییەوە، تێدەگەیت؟ با شتێکت پی بڵێم، گەر لەمڕۆدا کریستۆڤ کیشلۆڤسکی زیندوو بێت، بچێت بۆ تەلەفیزیۆنێکی پۆڵەندی و پێشنیاری زنجیرەی دیکەلۆگ بکات، هیچ کەس پارەی بۆ تەرخان نەدەکرد، چونکە کەس بڕوای پێی نەدەبوو، چونکە بەرنامەیەکی کۆمیدیی نییە. ئەستەمە لە ئێستادا بتوانیت پێشنیاری شتێکی نوێ بکەیت.

ئایا ئەو میوزیکانەی بۆ فیلمیان نانووسیت هەمان هەستت پی دەدەن لەگەڵ ئەو میوزیکانەی بۆ فیلمیان دەنووسیت، یاخود شتێکی تەواو جیاوازە؟
پرایزنەر: ڕاستییەکەی زۆر ئارەزوو دەکەم هەندێک جار لە دەرەوەی فیلم ئاوازی میوزیک دابنێم، تێدەگەیت؟ واتە گەر بمەوێت شتێک بە خەڵک بڵێم. شتێکی جیاوازە. من کەسێکی ئازادم، کەس ناتوانێت پێم بڵێت دەبێت بۆ چ شتیک ئاواز دابنێم و بۆ چ شتێک نەیکەم. بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت خۆم هەموو شتیک بکەم، دەبێت بەرهەمی بهێنم، بودجەی بۆ پەیدا بکەم… هتد، بە تایبەت کە لە ئێستادا بێهیوایی هەموو شتێکی تەنیوە. ئینتەرنێت لە کۆتاییدا هونەرمەندی کوشت! چونکە گەر بۆ نموونە گەڕان بۆ ناوی من بکەیت، بە هەزاران سەرچاوەت بۆ دێت کە لە ڕێگەیەوە بتوانیت بەرهەمەکانی من بەریت، دایانبەزێنت، بەگشتی بە خۆرایی، یان لە ڕێگای کۆمپانیایەکەوە پارەی پێ بدەیت کە بۆ چەند ڕۆژێک کراوەیە و لە پڕ دادەخرێت، منیش هیچم لێیانەوە دەست نەکەوتووە. سەیرکە! من شتێکم بەرهەم هێناوە، خەڵک شەکر بەرهەم دەهێنن، خەڵک بیرە بەرهەم دەهێنێت، من میوزیکم بەرهەم هێناوە. زۆر ئارەزوو دەکەم ئاوازی میوزیکێکی باش دابنێم، شتێک دەربارەی ژیانم بڵێم، ئارەزووش دەکەم خەڵک گوێی لێ بگرێت. بۆچی ئاوازدانەر و هونەرمەند هەمان توانای ئەو پارە پەیداکردنەیان نییە؟

پێم وا بێت کاری میوزیکیشت بۆ فیلمێکی بۆڵیوودی کردووە. هێندەی شارەزای میوزیکەکانت بم، هەرچەند کەمیش بێت، لەگەڵ ئەوەی پارچەی دیمەنی تانگۆی فیلمی شینیشت نووسیوە، بەڵام ئەو میوزیکە بەرزانەی لە فیلمە بۆڵیودەکاندا دەبیسترێن تەواو لەگەڵتدا ناگونجێن. ئایا ئەو پارچانەش دەنووسیت؟
پرایزنەر: نا نا نا، گەر داوام لێ بکەیت ئاوازی فیلمێک دابنێم دەبێت ڕازیم بکەیت. هەست دەکەم نزیکم لە ئاوازدانەرەکەی فیلمی ”شین”ەوە کە دەیەوێت ئاوازی پارچەیەکی ڕاگا دابنێت. من پێم وت [بە دەرهێنەرە هیندییەکە] کە نامەوێت ببم بە ئاوازدانەری فیلمی بۆڵیودی [مەبەستی میوزیکە خێرا و بەرزەکانە] لە وەڵامدا پێی گوتم ”نا نا، من دەمەوێت تۆ بە شێوازی خۆت ئاواز دابنێیت، من دڵنیام پارچەکەی تۆ شتێکی تەواو نوێ و جیاواز دەبێت بۆ فیلمی هیندی.” کیشلۆڤسکی بە بەردەوامی دەیگوت ”گەر بڕیارە جیاواز جیاواز بێت، کەواتە جیاواز دەبێت جیاواز بێت.”

هاوبەشی بکە

Cinema, krystof kishlovsky,